شوێن: ئێرە گەندەڵستانە كات: زەمەنى بۆرەپیاوانە
Monday, 19/07/2010, 12:00
((لە زەمەنى بۆرەپیاواندا،
ژیان بۆ گەندەڵكارانەو نانەڕەقەش بۆ مرۆڤى مەزن)) س.ئیزابێل
{ئەگەر نانێك هەیە، با وەك یەك بیخۆین
ئەگەر نیشە، با هەموو برسی بین} سەمەدی بەهرەنگی
(1) بەگشتى:
ئاشكرایە كە كۆمەڵگا لە چین و توێژى جیاواز پێكدێت، لەنێو ئەو چین و توێژانەشدا چەند كەسانێك هەڵئەكەون و دەبنە رێبەرو پێشەنگ، دەبنە بەرپرس و بۆرەپیاوان، كە مەبەستیش لەوان، ئەو كەسانەن كە پلەو پایەومێزو كورسى داگیر كردووەو بڕیارو بەڕێوەبردنیان بەدەستەوەیە، بەرپرسەكان بریتین لە وەزیرو بەڕێوەبەرو سەركارى شوێن و دامودەزگاكانى ئەو كۆمەڵگایە، لە وڵاتە كراوەو پێشكەوتووەكاندا كەسى شیاو لە شوێنى شیاو دائەنرێت، كەسانى خاوەن پلەو پایەو ئاستى بەرزى بڕوانامەو رۆشنبیرى و ئیدارەكردن و ئەزموونى دوورودرێژ، بە زۆرینەى دەنگ لەو دەزگایانەدا دەبنە بەڕێوەبەرى لێهاتوو، چونكە زەمینەو توانستى ئەو كەسە شایانى ئەو شوێن پایەیە. ئەو كەسە دەبێتە خزمەتكارو هەڵسوڕێنەرى كارو خزمەتگوزارى ئەو دەزگایە، بەبێ جیاوازى و بەیەك تەرازوو كار بۆ هاووڵاتیان راییدەكات و ئەویش مەمنوونیانەو سوپاسگوزارە كە گلەیى و گازندەیان نەبێت..
لەم نووسینەمدا ئەمەوێت، كۆمەڵناسانە، خوێندنەوەیەك بۆ رێژەیەكى زۆرى ئەو توێژو دەستەبژێرەى كوردستان بكەم كە بوونەتە سەركارو كەللەى گەورەى دایرەو دەزگاو شوێنە گشتییەكان كە خەڵكانى ئاسایى و حزبى و ناحزبى رووى تێدەكەن و بەوەش زەمەنێكیان وەگەڕ خستووە كە زەمەنى بۆرەپیاوەو ئەوان تیایدا دێن و دەچن و لەسەرووى یاساو رێساى ژیانەوەن و ژیانیان لە زۆرینەى خەڵك كردۆتە جەهەننەم..
مەرجیش نییە هەر وەزیرو بەرپرسی حزبى بن، بە پێچەوانەوە لە پێشدا، بەڕێوەبەرى دەزگا و دایرەكان و بەرێوەبەرى ناحییەو قایم مەقامى قەزاكان و پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییە زۆرەكانى وەزارەتەكانیش ئەگرێتەوە، هەروەها سەرنووسەرى رۆژنامەو گۆڤارو دەزگا رۆشنبیرییەكان ئەگرێتەوە كە بەندە مامەڵەى رۆژانەم لەگەڵیاندا هەیە، بێگومان زۆرینەى زۆرى ئەو كەسانە ئەگرێتەوە كە كورسیان داگیر كردووەو چەندان تەلەفۆن و ئیمەیل و سكرتێرى شۆخ و شەنگیان هەیەو چەندان دەڵاڵ و خزمەتكاریان لەبەردەستایە.
كەسێتى ئەو بۆرە پیاوانە، بە رێژەیەكى زۆر، زۆرینەیان كەسێتییەكى نائاسایین چونكە زۆرینەى ئەوانە بە هەقیانەت و بە خزمەت و ئەزموون نەچوونەتە ئەو جێگایانە.. زۆرینەى ئەوانە حزبین و بە مەحسوبییەت و واستەو خزمایەتى و بەرتیل و ماستاو كردن و پاڕانەوە چوونەتە سەر ئەو كورسیانە، ئەو كەسانە زۆربەیان ئاستى رۆشنبیریان بەرز نییەو تەنیا ئەوەیە كە زمانیان لووسەو ماستاو سارد ئەكەنەوەو ملكەچى لە خۆیان گەورەترن و گوێڕایەڵ و دەمبەستراوو كەڕو لاڵن و نەفس نزمن و پارەپەرست و ئینتیهازى و هەلپەرست و خۆپەرست و بێهەڵوێستن..
زۆرینەى ئەم كەسانە دەست پیسن و داوێن پیسن، لەگەڵ كەسدا راست و دروست نین و خوێندنەوەیان بۆ كەسى بەرامبەر لەسەر ئەساسى بەرژەوەندى و خۆبەزلزانینە، خۆیان بە مۆبایل و تەلەفۆنات و كۆنتڕۆڵى تەلەفزیۆن و سەتەلایتەوە خەریك ئەكەن و گوێیەكى زۆر كزۆڵیش بۆ هاووڵاتى و كەسانى سەردانكەر رائەگرن.. بەفیزەوە ئەدوێن و خۆیان ئەتەكێنن، چونكە بڕوایان بەو جێگەو مەقامە نییە كە لەپڕێكداو بە تەلەفۆنێك بۆیان مەیسەر بووەو باوەڕیش ناكەن هەتا سەر بێت بۆیە لە ماوەیەكى كەمدا بە ماشینەوەو لف لێدانى پارەى تەندەرو شت كڕینەوەو بە هاوكارى دزو درۆزنەكانى دەوروبەرى خۆى دەبێتە كوڕى باوكى خۆى و ئیدى كەس ناناسێتەوە، زوو زوو ژمارەى مۆبایلەكەى ئەگۆڕێت بۆ ئەوەى هاووڵاتى رەشوڕووت و هەژاران ئیزعاج و بێزارى نەكەن، ئەگەر زەنگیشیان بۆ چوو وەڵامى ژمارەى نەناس و هاووڵاتى هەشبەسەر نادەنەوە.. وەڵامى نامەو مەسیجیش نادەنەوە، خۆیان لە پەیمان و گفت پێدانى خەڵكانى رەشوڕووت ئەدزنەوە..
بەڵام بۆ هەموو كەس وەكو یەك نییە، بۆ كچان و ژنانى شۆخ و رازاوەو چاوباشقاڵ مەسەلەكە ئەگۆڕێت، بەڕێوەبەرى ژنیش وەڵامەكانى بۆ ئەو كەسانەیە كە ئەحباب و دۆستن و لەبەر دڵاندا شیرینن، رێژەى ژنانى چالاك و زیتو وریا لەمبوارەدا زۆرترن لە پیاوان و ئەمێستا لە سایەى مافى ژنانەوە ژنە حزبییەكان زۆرترن لە پیاوان، هەر بۆیەشە ئەوانیش بوونەتە شت و كورسى و مێزیان لە پیاوى كوردستان كەمتر نین..
بەداخەوە ئەوانیش لە وەڵامدانەوەى تەلەفۆن و نامەو كار راییكردندا هەمان مۆراڵ و ئاكارى پیاوانیان هەیەو پەروەردەى دەستى هەمان پێڕەو بەرنامەى حزبین و ئەوان دڵیان بە هاووڵاتى هەشبەسەرو هەژار ناكرێتەوە.. حەزیان لە پیا هەڵدان و ستایش كردنى خۆیانە، گوێیان شلە بۆ ئەو كەسانەى بە نوكتەو ستایش و قسەى ختووكەهێنەر ئەكرێتەوە..
بەكورتى و بەكوردى، گەندەڵى رێژەى بەرزەو هۆكارى سەرەكیش هەبوونى ئەو جۆرە بۆرە پیاوانەن، كە لەنێو ئەو دەزگایانەدا كە زوو دەبنە شت و كورسى و مێزى چەورو چاك وەدەست دێنن، ئەمانە زۆربەیان دوو بۆ سێ بۆ چوار مووچەى مفت و بەلاش و نیوە دەوام و چارەكە دەوام وەرئەگرن و مووچەكانیش هیچیان لە پێنج و شەش و حەوت سەد هەزار كەمتر نین.. ئەمانە چەندانجار سوودمەند ئەبن و خۆیان خزم و خەزوورو خەسوویان و رۆڵەكانیان چەندان جار زەوى و ئەرزەى چاك و لە سێنتەرى شاردا وەرئەگرن، هەموو كەسوكارەكانیان ئەگەر بە خوێى چێشتیش بیانگەنێ دائەمەزرێن و خەڵكى هەژارو ناحزبى و بێكەس و بێ پشوپەناش با بۆ خۆى بیخولێنێتەوە.. سەفەركردنى دەرەوەى وڵاتیان بۆ ئیستجمام و گەشتوگوزارو شەوانى سوور بەسەر بردنیان لەسەر قاسەى وەزارەت و بەڕێوەبەرو دەزگاكانە. پارەى مەشروب و ویسكى سكۆتلەندى و جگەرەى ئاخر مۆدێل و سەماكەران و نانخواردن و خواردنەوەو هاتووچۆو بەنزین و چاككردنەوەى سەیارە زۆرو زەوەندەكانیان عایدى بارچاوەش و ئەبو شواربە..
ئیتر بۆیە عیجزو هەڵاوسان و كەمبوونەوەى پارەى قاسەكان و دارایى ئەم دەزگایانە تووشى ئیفلیجى و ئیفلاس و نابووتبوون دەبنەوە.. پاشان ئەوەى باجەكەش دەدات هاووڵاتى و كەسانى بێ پشتوپەنان.
ئەم حاڵەتە درێژەى دەبێت و كوردستان لە جەهەندەمى گەندەڵى نزیكتر دەكاتەوەو دەیكاتە مۆڵگەى گەندەڵى و داوێن پیسى و دەست پیسى و نەفس نزمى و چەندان نەخۆشى توندو بەزەبرو كوشندە كە سەدان ساڵى دیكەش چارەسەر ناكرێن.. هەتاكو لێپرسینەوەو بردنە بەر دادگاى گەندەڵكاران و بۆرە پیاوان نەهێتە مەیدانى پراكتیكەوە، هەتا واستەو حزبایەتى و خزمایەتى و مەحسوبییەت لە ئارادا بێت و بنەبڕ نەكرێت، هەتاكو یاساو دادگاكانى كوردستان سەروەر و سەربەخۆ نەكرێت، هەتاكو دادوەریى كۆمەڵایەتى لە دابەشكردنى داهات و بوودجەى كوردستاندا نەخەمڵێت، هەرگیز گەندەڵى لەم نیشتمانە هەتیوەدا چارەسەر ناكرێت و ژمارەى بۆرەپیاوان و گەندەڵكاران كەمتر نابێتەوە.
نەوەكو چاودێرییەكى دارایى كە هەمان حزبى دەسەڵاتدار دروستى كردووەو ناتوانێت هیچ گەندەڵێك دادگایى بكات هەرچەندە دۆكومێنت و بەڵگەنامەى زۆر وردیشیان لەلا بێت.. یان ئەو لیژنەى نەزاهەیەى كە دەسەڵات خۆى دروستى كردووەو ئیفلیجەو ناتوانێت هیچ گەندەڵێك یان گەندەڵییەك ئاشكرا بكات و تەسلیمى دادگاى بكات چونكە سەركردەكانمان گەورەترین داكۆكیكارن لەو گەندەڵانەو ستایشیان دەكەن و هەتا سەر ئێسقان دەیانپارێزن..
بەكورتى رەوشێك لە ئارادایە تەنیا گەندەڵى هەموو كایەكانى كۆمەڵگاو تاكى كوردى گەندەڵ بەرهەم دەهێنێت و دە ساڵێكى دیكە ژیانمان بە تەواوەتى دەبێتە گەندەڵى و نیشتیمانمان دەبێتە گەندەڵستان، ژیانیشمان هیچ رەنگێكى دیكەى نامێنێ و باخچەكانمان بۆر بۆر دەچنەوە..
(2)بەتایبەتى:
ئەوەندەى لەبارەى گەندەڵى حزبەكانى كوردستانەوە نوسراوە، هێندە سەبارەت بە سەدامى دیكتاتۆر نەنوسراوە، بەڵام نوێترین گەندەڵى نێو شارو دەزگاكانى ئەم دەسەڵاتى كوردییە، لەم رووداوانەى ئەم دوواییەدا كورت دەكەمەوە كە یەكێكیان بریتى بوو لە تراژیدیاى سووتانى هۆتێل سۆما، كە خاوەنەكەى بەرپرسێكى گەورەى یەكێتییەو هیچ خەسڵەتێكى چوار ئەستێرەى لە بیناسازى و ئاگاداركردنەوەو هەبوونى كەرەستەى ئاگر كوژاندنەوەى نەبووەو نەبوونى و قاتوقڕى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى و ئاگركوژاندنەوەش لەولاوە بووەستێت. هەروەها دامەزراندنى دەرچووان و گەنجان بە واسیتە و خزم خزمێنە كە لەم مانگى شەش و حەوتەدا لە ئارادابوون و زۆرینەى كەسانى بێ پشتوپەناش بۆ خۆیان با بیخولێننەوە.
گەندەڵییەكى دیكە، كۆنگرەى بنووسە پیرەكانى كوردستان بوو كە تەنیا چەند ژنێكى هەناسەسارد و یەك تاقە گەنجى تیانەبوو، بە بیرو بۆچوون و خشتەى حزبەكان بەڕێوەچوو، ئەنجوومەنى هەڵبژێردراوى تازەش گشتییان حزبى و نیوەیان لێچووەوە بوون لە داهێنان و نووسین و نازانم بۆ بەڕێوەبردنى كارى بێشوومارى ئەو یەكێتییەش،چییان لەدەست دێت.؟!
گەندەڵى لە بەرەكەتدایەو رۆژانە وەكو شێرپەنجە دەتەنێتەوە، چونكە پارەكەش هەڵڕژاوەو تاكى كوردى هەشبەسەر لەو بوغراكردنە بێسنوورەدا خۆى پێڕاناگیرێت و لە گۆمى پارەپەرستى و شەهوانییەت و كورسی پەرستندا نوغرۆبووە. لەبەرئەوە دەبێت ئێمەومانان زوو زوو لایەكى خێرا لەم دیاردەو نەخۆشییە ئەزەلییە بكەینەوە كە وەكو قەیرانى بێكارەبایى و بێئاوى و بێسووتەمەنى وایە، شێرپەنجەو ئایدز تێكەڵاوەو هیچ ڤاكسینێك چارەى ناكات.. هەرچەندە بنووسە بەرژەوەنخوازو زوڕناژەنەكانیش بەردەوام خەریكى واڕنیشكردن و ئارایشت كردنى دۆخەكەن، بەڵام بەرى خۆر بە بێژنگ و زوڕنا ناگیرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست