کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كارەباو كرێنشینى و كاردۆزینەوەو كەوتنەوەى ئاگر،(4 كافى) شەرمەزارین..

Monday, 02/08/2010, 12:00


دەسپێك: دیارە باسكردن لە كەموكوڕى و هەموو كافە پڕ لە كەمتەرخەمى و خەمساردى و گوێپێنەدانێك لە لایەن حزب و حكومەتەوە، چەند ساڵێكە بۆتە وێردى سەر زمانى هەموو ئەو رۆشنبیرو نووسەرو رەخنەگرو هاووڵاتییە بوێرو ئازادو ئازایانەى كوردستانى باشوورو هەندەران، ئەوان بەوەلانانى بەرژەوەندى شەخسى و كورسى و پلەوپایەو بگرە سەربارى نانبڕانیشیانەوە، بێهەدادان و بێوچان قەڵەم و بیرو مەبدەئو هەڵوێستیان بۆ ئەوە تەرخانكردووە كە كەمتازۆر لەسەر ئەو كەمى خزمەتگوزارى و كەمتەرخەمى و خەمساردى و گەندەڵییانە شرۆڤەو لێكۆڵینەوە بەئەنجام بدەن و حكومەت هۆشیار بكەنەوەو ئەو برین و كون و كەلەبارەیان نیشان بدەن كە لە حوكمڕانى و ئیدارەكردنیاندا بێشومار هەیانە، زۆرحاریش وەدەرخستنى ئەو كەموكوڕییانە دەگاتە ئەوەى كە لە لێكدانەوەى وشەو دەستەواژەكاندا، داهێنان و فانتازیا بڕەخسێت، وەك ئەوەى كە زۆرێك لە وشە كوردییەكان لە قەیراندان، بۆ وێنە ئەم كافانەى بۆ تایتڵى ئەم نووسینە بەكارمهێناوە، هەر بۆ نموونە: وشەكانى درۆ..دزى.. دەسپیسى..داوێن پیسى.. دەمپیسى..دراوپەرستى..دابەشكردنى ناشەفافانەو نادادوەرانەى داهاتى بودجە.. ئەم وشانە و زۆرى دیكە هەن كە بە پیتى (دال) دەستپێدەكەن و رەشبینى لاى تاكى كورد دروستكردوون، هەروەها وشەى گەندەڵى و پیتى (گاف) و پیتى (ح) بۆ حزب و حكومەت و حاكم و پیتى (ن) وەك هێما بۆ ناخۆشى و نادادوەرى و ناعەدالەتى و نەدارى و نەخۆشى و نەخوێندەوارى و .....تاد.
بە كورتى لەمەودوا كەمتازۆر ئاوڕ لەو پیتانە ئەدەمەوە كە خۆیان فانتازیاو تراژیدیاو كۆمیدیان بۆ ئێمەى هاووڵاتى و زۆرینەى خەڵكى هەژارى كوردستان و بوونەتە هێماو رەمزێك و دەلالەت لە حاڵەت و دیاردەیەكى تایبەت بە ژیان و گوزەرانى دژوارى زۆربەمان ئەكەن.
یەكەم: كافى كارەبا/ لە كۆتایى ساڵى 2008بوو كە وەزیرى كارەبا رایگەیاند كە گوایە لە ساڵى 2009دا شتێك نییە بەناوى قەیرانى كارەباوە، بەڵام راست دەرنەچوو،كارەبا هێشتا یاریدەكات و باش نییەو لە ترافیك لایت ئەچێت. ئەوەى كە حكومەتەكەمان شانازى پێوە ئەكات، شكستى خواردووە. ئێمەى هاووڵاتى بەدەست قەیرانى كارەباو هیستیریاى كرێو تێچوونى كارەباوە دەناڵێنین، پارەى تێچوونى كارەباى نیشتمانى و موەلیدەى ئەهلی كە كەسێك نییە لە خراپى پێدانى كارەباكەیان بەرپرسیارێتى بگرێتە ئەستۆ لە نەخۆشى هیستیریا دەچێت، نرخ و تێچوونى ئەم دوو كارەبایە لە شێتى و بێمانایى و ناماقووڵى نزیك بۆتەوە، ماڵى وا هەیە كە ئامێرى كارەبایى كەمیشیان هەیەو پارەى خەیاڵیان بۆ هاتۆتەوەو ئەگەر دەمودەست لەبەر دەرگا نەیدەن بە كارمەندى كارەبا ئەوە هەڕشەى كارەبا پێنەدانیان لێئەكرێت و ئەم حاڵەتەش لەسەروەختى دیكتاتۆریشدا رووینەداوە، حكومەت بەوتاى باوكى میللەت وێناكراوە، نەك باج وەرگرو بازرگان و پارە كۆكەرەوە بەشێوەى بەڕبەڕییەت و دوور لە رەفتارى مەدەنییەتەوە. كارەباى گەڕەكە هەژارنشین و دوورەكانى شارو شارچكەكان زۆر خراپ بوون و رۆژ دواى رۆژ خراپتر دەبن.
دووەم: كافى كرێنشینى/ ئەوەى لە دواى راپەڕینە مەزنەكەى خەڵكى كوردستانەوە بووەتە دیاردەو كێشەى گەورەى گوزەرانى زۆرینەى خەڵك زۆربوونى رێژەى كرێچى و كرێنشینەكانە، چونكە هیچ بەرنامەیەكى وەكو تەنانەت بەرنامەى سەردەمى بەعس و سەدامیش لە ئارادا نەبووە، كە كارمەندو مامۆستایەك نزیكەى چل ساڵ خزمەتى هەبێت و تەنیا پارچە زەوییەكیشى پێڕەوا نەبینرێت، ئەمە ئەوپەڕى ناهەقى بێویژدانییەو تەنیا زەوى و پارە بەسەر حزبى و ناسیاوو خزمى بەرپرساندا دابەش بكرێت، ئەمە لە سۆماڵیش و دیكتاتۆرترین وڵاتى دونیادا نەبینراوەو نەكراوە.
لەگەڵ تەواو بوونى براكوژیدا، ئیدى رزگاركردنى عێراق و هەڵڕژانى پارەو دۆلار هاتە گۆڕێ، لە ساڵى 2003ەوە تاكو ئێستا تەنیا بازرگان ئاغاو بەگ و كوێخاى نزیك بەم دوو حزبە تاكڕەوە زەوى و ئیمتیازات وەردەگرن، كوا چەند گەڕەكى نوێى لە شێوەى گەڕەكى مامۆستایان و كرێكاران و فەرمانبەرانى سەردەمى سەدامى دیكتاتۆریش دروست بوون..؟
لە كوردستاندا بەڕێژەیەكى ترسناك ژمارەى كرێچییان و كرێنشینان روولەزیابوونە، بەڵام لە شارى سلێمانیدا بەرادەیەكى ئێجگار زۆر هەڵكشاوەو هیچ ئومێد و رووناكییەك لەم تونێلى ژیانى هەژارانەدا بەدیناكرێت و هیچ كام لە كۆمپانیاكان بۆ ئەوە دروست نەبوون كە یاریدەدەرو ئومێدبەخش بن بۆ زۆرینەى خەڵكى كوردستان كە لە كرێنشینى و تراژیدیا زۆر جەرگبڕەكانى رزگاریان بێت..
زۆرینەى ئەو كۆمپانیایانە لە لایەن دەسەڵاتەوە دەبرێن بەڕێوە، زۆرینەى ئەو پرۆژانەى كە خانوو ین شوقەو ڤێلا دروستدەكەن ، تایبەتن بۆ بازرگان و خزمانى بەرپرس و حزبییەكان كە بە لێشاو لە دەفتەرە دۆلارى بوودجەو بە قاچاخفرۆشتنى نەوت و داهاتى كوردستان سوودمەند دەبن.. زۆرینەى ئەو گوندە هاوچەرخانەى لە شارەكاندا دروست دەبنبۆ دەوڵەمەندەكانن بەڵام هاووڵاتى هەژار كە زۆرینەى دانیشتوانى كوردستان پێكدێنن، هەرگیز لەو پرۆژانە سوودمەند نابن، چونكە ئەوان ئەو هەموو دەفتەرە دۆلارەیان نییەو ناتوانن ببنە خاوەنى خانووى خۆیان. هیچ رێكخراوێك و سەندیكاو كۆمەڵەو سەنتەرو كۆمپانیایەكى حزبى و بەناو ئەهلى ناتوانێت ببێتە ئومێدبەخش بۆ نیوەى دانیشتوانى شارو شارۆچكەو گوندەكانى كوردستان.
سێیەم: كافى كاردۆزینەوە/ بێبەرنامەیى حكومەت و حزبە دەسەڵاتدارەكان بوارى دەرچوونى قوتابى و دامەزراندیانیشى گرتۆتەوە، زۆرن ئەو توێژو چینانەى كە لەم چەند ساڵەى دوواییەدا بە بێكارى ماونەتەوە، دانامەزرێن و بوارو هەلى دۆزینەوەى كاریان لەبەردەمدا زۆر كەمبۆتەوە.. خەڵكانێكى زۆر هەن كە نزیكەى چەند ساڵێكە خوێندنیان تەواو كردووەو دانامەزرێن، ناوى خۆیان و عەریزەكانیان تۆماركردووەو هیچ وەڵامێكیان لە هیچ شوێنێكەوە وەدەست ناكەوێتەوە.. تەنیا ئەوانە دائەمەزرێن كە حزبین یان كەسانى بەرپرس دەناسن و خزمو كەسوكاریان لە دەسەڵات و بەرپرسەكانەوە نزیكن. ئەمڕۆ رێژەى بێكارى لە كوردستاندا لە وڵاتەكانى دەوروبەریشمان زیاترەو هەتا بێت ئەو رادەو رێژەیە روولەبەرزبوونەوەیە.هیچ بەرنامەیەكى فەرمى و حكومى لە ئارادا نییە كە ئەم دیاردە ترسناكە چارەسەر بكات و ئەوانەش كە ئەمساڵ دامەزراون تەنیا ئەوانەن كە بە واسیتەو خزمخزمێنەو ناسیاوى دامەزراون و هیچى تر.
چوارەم: كافى كەوتنەوەى ئاگر/ ئەم دیاردەیە لەم ساڵدا بەزۆرى و بەرادەیەكى بێشومار بەرچاو دەكەوێت، رۆژ نییە لە شاشەكانەوە چاومان لەو سووتان و ئاگرە بەكوڵەى رەزو باخ و بێستانەكانى كوردستان نەبێت لەمشارو لەو شارى كوردستاندا، كە زۆربەى جاران قوربانیدانیشى لێكەوتۆتەوە، لە پاڵ ئەمانەشدا، ئاگرو سووتانى هۆتێل سۆماى شارى سلێمانى بوو كە وەكو سكانداڵ و فەزیحەیەك وابوون و ئاماژەن بۆ كەمتەرخەمى و خەمساردى حكومەت، كە ئەمانەش تێكڕا نیشاندەرى ئەو ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنەن كە حكومەتى كوردستان زۆر لاوازو شەرمنانە دەیبات بەڕێوە، ئەگەر شارێك تەنیا یەك سەیارەى پەیژەدارى هەبێت ئایا ئەوە سكانداڵ و شەرمەزارى نییە؟؟
ئەگەر لە دەڤەرێكى گەورەى وەكو سلێمانیدا چەند حەریق و ئیسعافێك هەبن بۆ بەرەنگار بوونەوەى كارەسات، ئایا ئەوە سكانداڵ و شەرمەزارى و ئابڕووچوون نییە بۆ شارێك و هەرێمێك كە بە ترێلەو تەیارە بلۆكە دۆلارو بە ترلیۆن دینارى بۆ دێت.. ئەمە بێجگە لە داهاتى خودى كوردستان خۆى؟
لەم نووسینەمدا ئاماژەم بە سكانداڵ تراژیدیاى پیتى كاف كرد، لە نوسینێكى دیكەدا دەچینە لاى پیتێكى ترو هێماو ماناكانى شرۆڤە دەكەین و دانیشن بەخێر، ئەگەر تۆزقاڵێك خێر ماوە.
كۆمەڵناس

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە