لێمان مەبن به میرابۆ!
Tuesday, 29/06/2010, 12:00
لە رۆژنامەى ئاوێنەدا، شوان ئەحمەد، وتارێكى درێژى بە بەڵگەوە سەبارەت بە ئاشكراكردنى گەندەڵییەكانى دەزگاى سەردەمەوە، نووسیوە و بڵاوكردۆتەوە، دواى ئەوەى كە دوازدە ساڵ لەوێ كارى كردووەو دیارە ئێستا لەوێ نەماوەو زۆرى بۆ هاتووەو ئیدى سكى عەمبارى كەس نییە، هەموو ئەو شتانەى زانیوویەتى ئاشكراى كردوون.
شوان ئەحمەدى نوسەرو وەرگێڕ، رووسوورى خۆى و نوسین و هەڵوێستەكانى خۆى دەربڕى، جەربەزانە هاتە پێش و ناوى گەورە گەورەو خاوەنانى كتێب و وتارو بڵاوكراوەیەكى زۆرو زەوەندەى ئەم چەند ساڵەى دواى راپەڕینى بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كرد. چونكە ئەم سەردەمە (لەگەڵ ئەوەشدا كە سەردەمى گەندەڵى و بۆرە پیاوان و پارەپەرستانە) وەلى، هەر هیچ نەبێت سەردەمى نەشاردنەوەى نهێنى و رەفتارە ژێر بەژێرەكانە، ئیدى ئەوە بەسەرچوو كە مەسئول و وەزیرو سەرۆكێك یان نوسەرو هونەرمەندو بەڕێوەبەرێك بتوانن وەكو سەردەمى بەعسییەكان هەتا مردنیان هیچ لەبارەى كوشتارو گەندەڵى و نهێنییەكانیان نەزانرێت.. ئەم سەردەمە (سكانداڵ/ فەزیحە) و ئابڕووچووییەكان لە ئانوساتدا ئاشكرا دەبن و مەلا زاناو چەندان منەوەرو مامۆستایانى زانكۆو ئەم سەرۆك و ئەو سەرۆك و شاعیرو نوسەرى گەورەى گەلە هەشبەسەرەكەمان ئاشكرا دەبن و هیچ رێگرییەك نییە لەبەردەم بڵاو كردنەوەیاندا بوەستێت، ئەوەتا نوسینەكەى شوان ئەحمەد، بەزۆرى زۆرداران لەو رۆژنامەیەدا وەستاو هەڕەشەكردن بەرى بە وتارە فەزیحەت - ئاشكراكەى ئەم نوسەرە دلێرو ئازایە، نەگرت و لە سایتێكى ئازادا بڵاوى كردەوە.
ئەوەى لە نوسینە دوورو درێژەكەى شواندا هاتبوو، دەریخست كە ئەوەتا ئەو كەڵە نوسەرانەش نەیانتوانیووە لەبەر ئیغرائاتەكانى دەسەڵات و پیاوانى حزب و دەزگا گەندەڵەكانى ئەم كوردستانە ئازادەدا، خۆیان بگرن و تەسلیم نەبن..
ئەوانە لەو كەسە نەفس نزم و گرگنانە دەچن كە هەموومان دەیانناسین و زوڕناو تەپڵیان بەدەستەو شەوورۆژ بێهەدادان، خەریكى لێستنەوەى پێڵاوى سەرۆك و مەسئول و حزبییەكانى ئەم وڵاتەن. ئاشكرابوو كە ئەوانیش، سەبرو قەناعەتیان نییە، بەرگەى سەرماو گەرماى تاقەت پڕوكێنى ئەم وڵاتە هەشبەسەرە ناگرن، لەبەر بەرژەوەندى و چاوچنۆكى و پارەپەرستى و ترسنۆكى و خۆپەرستى خۆیان، تەسلیم بە نیعمەت و پارەو ڤێلاو سەیارەى ئەم حزب یان ئەو دەزگا یان ئەو كەسایەتى و مەسئول دەبن، چاویان دەنوقێنن و دەمیان دەگرن و گوێیان هەڵدەخەن، بەڵام ناوێرن باس لە هیچ و نتەقى هیچیش بكەن، بێهەڵوێستى و ترسنۆكى و بێدەنگى لە ژیانى خۆیان و نوسینە روو زەردەكانیاندا رەنگ دەداتەوە.. لەگەڵ مەڕو گورگدا ئاو دەخۆنەوە، هەر بزوتنەوەیەكیش بێتەكایەوە، زمانى لووس و شیعرى كوول و چیرۆكى قرچۆكیان دەخەنەوە كار، زۆرێك لەو شاعیرو ماعیرو نوسەر و نۆسەرانە، لە سەردەمى بەعسى فاشیشدا هەر سەرنووسەرو بەڕێوەبەرو شت بەدەست بوون. ئەمجۆرە نوسەرانە سڵ لە گزى و داوێنپیسى و دەستپیسى و ستایشخوازى و سەرشۆڕى و ملكەچى و پیاهەڵدان و ماستاو سارد كردنەوە ناكەنەوە.
ئەم نوسەرو داهێنەرە بێوێنانەى ئاخر زەمان، بە فیزو بوغراوە باس لە هاوپیشەو نوسەرانى دیكە دەكەن و وەڵامى سڵاویان دەدەنەوە.. تەنیا خۆیان بە نوسەرى جیددى دەزانن و لە هەموو كەناڵەكانى حزب و ئەهلییە ناسەربەخۆكانەوە رێكلام بۆ كتێب و نوسین و هاتنەوەو رۆیشتنیان دەكرێت.
هەمیشە ئەمانە، بە زمانى گاڵتەجاڕییەوە باسى هەندەران و گەشتە یەك بەدوا یەكەكانیان و شەوانى یانەو خواردنەوەو باسى ژن و خێزانى ئەم نوسەرو ئەو نوسەرى بۆ ئەكەن، ئەگەر رەخنەشیان لێبگریت، ئیدى نە ئەتوانن بە نوسین وەڵامت بدەنەوە، نە رێگا ئەدەن لە رۆژنامەو گۆڤارى خزمەكانیانەوە نوسین بڵاو بكەیتەوە، ناوت ئەخەنە لیستى رەشەوەو بە دژەباوى نەزان و جاهیل ناوزەدت ئەكەن.
هەرچۆنێك بێت، ئەوەى لە سەرەنجامى بڵاوكردنەوەى ئەو وتارە بوێرەى شوان ئەحمەدا بۆ گشت لایەكمان دەركەوت ئەوەیە كە دووفاقى و لایەنگیرییەك هاتە مەیدانەوە كە باسكردنى هەموو سیستمەكەو رەخنە گرتن لە هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەو گەندەڵییەكانیان شیاوەو دەنگ لە ئاست باسكردنیدا دلێر بوو بەڵام لە باسكردنى دەزگایەكى وەكو سەردەمدا (كە خۆیان دۆست و نزیك و خزمى بوون) كە چەندان بەڵگەى چاودێرى دارایى و نوسەران، تووڕەبوونیان لەم دەزگایەو باسوخواسى نێو ژوورەكانى ئەم دەزگایە لاى كەسمان نامۆو سەیروسەمەرەو شۆك نەبووە، كەچى ئەم نوسەرانە (بێجگە لە مەریوانى وریا قانیع) هەموو سوێندى شەرەفیان خواردو هەڕەشەیان لە رۆژنامەیەك كرد كە بۆتە سەكۆى ئازادیى رادەربڕینى زۆرێك لە نوسەرانى كورد، بەو واتایەى ئەو وتارە دەبێت بوەستێت و گەندەڵییەكانى ئەم دەزگایە هیچیتر بڵاو نەكرێتەوە، نەبا ناوو نهێنى ئەوانیش ئاشكرا ببێت، پاڕانەوەو هانا بۆ بردنى ئەندامانى ئەنجومەنى ئەم دەزگایەش لەوان، لەو لاوە بوەستێت.
ئەوە جێى سەرسوڕمان و شۆكە، كە نوسەرە جیدییەكانى دانیشتووى هەندەران، ئیمزا كۆ ئەكەنەوەو هەڕەشە ئەكەن نوسین بۆ ئەو رۆژنامەیە نەنێرن، كە نوسینەكەى شوان ئەحمەدى بڵاو كردۆتەوە، لە كاتێكدا ئەوان رێبەرو پێشەنگى ئازادیى رادەربڕین و شەفافییەت و سیسمتى كراوەو دیموكراسین و بوونەتە پێغەمبەرى هەژاران و ئازادیخوازان و بێنەوایان و قسەكەرو میرابۆى خەڵكى هەناسەسارد.
ئەمڕۆكە ئەم نوسەرە جیددیانەن كە نایەڵن بەشەكانى دیكەى ئەو نووسینە بڵاو بێتەوە كە خەڵك تینوون ئەو دۆكومێنتانە سەبارەت بە گەندەڵییە زۆرەكانى ئەم دەزگایانە بڵاو بكرێنەوە كە نوسەرانێك دەیكەن لاى زۆربەى گەنجان و خوێنەران نموونەى باڵاو نوسەرى گەورەو شاعیرى گەورەو چیرۆكنوسى مەزن و وەرگێڕى گەورەى گەلەكەمانن. ئەوە جێى شۆكەو سەرسوڕمانى گەورە، كە هەڵوێستى ناجۆرى گەورەى ئاوا بێماناو بەرژەوەندخوازى، ئەو هەڕەشەكردنە بە راگرتنى ئەو نووسینە بوێرو ئازایە، بەڕاستى لەم سەروەختەدا جێى مەترسییە بۆ ئەو ئازادییە مەرجدارەى كەوتۆتە دەست دەسەڵات و رۆشنفیكرى ئەم كوردستانە هەشبەسەر و هەتیوەوە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەو هەڵوێستەى ئەو نوسەرە جیددیانە زۆر لەسەریان ئەكەوێت و مێژوو بە خەتمێكى رەشەوە تۆمارى ئەكات.. گەنجان و ئازادیخوازان و خوێنەرانى ئەم نوسەرانە سەریان لە بەردى ئەلحەد درا, هەڵوێستى فەرهاد پیرباڵ و زۆرى دیكەى پەرلەمانتارو كەسە دیارەكانى ئەم كۆمەڵگایەمان هاتەوە پێش چاو، كە بێئومێدى و كەسەریان لە دڵدا دروست كردین.
ئەمڕۆكە ئێمە پێویستیمان بەو جۆرە هەڵوێستانەیە كە شوان ئەحمەد نواندى، پێویستیمان بە هەڵوێستە جوانەكەى بەڕێز مەریوان وریا قانیعە، كە هەورامانى براشى هەر لە سەردەم بووەو هیچ ناووناتۆرەیەكى بە دواوە نییەو پیاوێكى زۆر جوانەو بەبێ هەراو زەنا رەخنەگرێكى دڵسۆزە لە بوارى پەروەردە گەندەڵەكەى كوردستاندا، بەڵام ئەوەى گرنگەو داخوازە لە كاكە مەریوان ئەوەیە كە ئەم پیاوە ئاكادیمییە حەكیمە، پێویستە بێدەنگ نەبێت، هاوڕێیەتى هیچ یەكێك و كەسێك لەوانەى هەڕەشەیان لە ئازادیى رادەربڕین كرد نەبێتە ئاستەنگ و لەسەر یەك هێڵ و هەڵوێست لەگەڵ شوان ئەحمەدا داكۆكى لە گەندەڵكاران و دزو درۆزنان و میرابۆكانى كوردستان نەكات..
ئەوەى زۆر جێى داخە، ئەوە نییە كە زۆرێك لەم كەڵە نوسەرانە سوودمەند بوون و مووچەى شەرعى و ناشەرعیان وەرگرتووە یان زەوى باش و چەوریان لە سێنتەرى شاردا وەرگرتووە كە ئەمڕۆ چەندان دەفتەر دۆلار دەكات (كە مامۆستا هەشبەسەرەكەى خەزوورم چل و دوو ساڵ خزمەتى هەیەو لە قڕگەو عەربەتیش زەوى وەرنەگرتووە).. بەڵكو ئەوەیە ئێستاكە پیاوانى دەسەڵات و زوڕناژەنە زۆرو زەوەندەكانى، قاقاى پێكەنین و گاڵتەجاڕییان بەم نهێنى و بەڵگە ئاشكرابووانە دەگاتە گوێى هەموومان، ئەوە جێى داخە كە متمانەمان بە هیچ و بە كەس نەمێنێ و سبەینێ چەندان میرابۆى دیكەى كوردى هەناسەساردو بەشمەینەت ئاشكرا ببن.
سلێمانى 29ى 06ى 2010
به داوای لێبوردنهوه کوردستانپۆست ناونیشانهکهی کورت کردهوه، چونکه ئهو چهند وشهیهی که ئهم برا بهڕیزه، کردبووی به تهواوکهری ئهو ناونیشانه لهگهڵییدا لهگهڵ ناوهرۆکی نووسینهکه نهدههاتهوه. داوای لێبوردنی لێدهکهین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست