کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ بەختیار عەلى: ناكرێت سەردەشت رێویى ئینتەرنێت بێ و تۆش شێرى رۆژنامە.

Tuesday, 13/07/2010, 12:00






(1) بەختیار عەلى، چەند ساڵێكە و گۆشەیەكى پچڕپچڕى قرچۆكى لە ئاوێنەدا هەیە بە نێوى (ژوورێك لە ئاوێنە)، دیارە ئەو ژوورەى بە بەلاش دەستكەوتووە، چونكە ناوبەناو بەسەر خودان و سەرنووسەرەكەشیدا فەرمانى قەڵەو قەڵەو دەردەكات و پۆلیسییانە بابەتە جنێوئامێزەكانى لەو گۆشە مردارەوەبووەدا بڵاو دەكاتەوە.. ساڵانە ئەو ژوورەى تەرخانە بۆ پەلاماردانى دەوروبەرى خۆى، خۆشى ماڵى لە شووشەیە بۆیە ئاوا من و كەسانى دیكەى لێدەكەوینە بەردباران و رەجمى ئەو نووسینانە دەكەین كە سووكایەتیكردنە بەو نووسەرانەى لە سایتەكانەوە دەنووسن و بە ڕێوى ترسنۆك دەیانشوبهێنێ، كاتێك خۆى گووتەنى لە شوێنى سەلامەتەوە پەلامارى شێرەكان دەدەن. گوایە، نووسەرانى سایتەكان رێوین و ئەوى گەورە نووسەرى گەلەكەمان شێرى ناو شێرانە، بۆیە داكۆكى لە شێرەكانى ناو دەزگا دارستانییەكانى گەندەڵستانەكەمان دەكات.
لەگەڵ بڵاوكردنەوەى رەخنە توندەكەى شوان ئەحمەد لەسەر دەزگاى سەردەم، لە ئاوێنەدا، كە بە دۆكومێنت گەندەڵىی و ناڕۆشنبیرىی ئەنجوومەنەكەى ئەو دەزگایە و نووسەرە گەورەكانى گەلەكەمانى (كە خۆیان رێكلام بۆ خۆیان دەكەن) سەلماند.
ئەم كەڵە گەورەیەى گەلەكەمان، لەو گۆشەیەدا (بە نێوى رێوییەك لە كۆشكى تەلەفۆندا) ئاوێنەى ژمارە 231 دا پەلامارى ئەو نووسەرانە دەدات كە لە سایتەكاندا بەردەوام دەنووسن (كە بە ئەو بوایە پۆلیسیانە ئەو سایتانەى دەسووتاند چونكە پەنجەرەیەكى ئازادن و سەرنووسەرە بوغراو حزبى و مناڵ مەزنەكان نایانبەن بەڕێوەو منەتبارو ملكەچى بڕوبیانووى بێمانات ناكەن..)
لەو گۆشەیەدا ئەو نوسەرانەى لە سایتەكاندا نوسین بڵاو دەكەنەوە، بە ((مەخلوقى بچووك و بێجەوهەر/ بێغیرەت و ترسنۆك و بودەڵ)) و زۆر دەستەواژەى دیكەى قێزەون ناوزەد دەكات، ئەو نوسەرانە بە رێوى لە قەڵەم دەدات و خۆیشى بە شێر، ئەوان بچووك و قەزەم (كە ئەوەش كاردانەوەى دەروونى مرۆڤێكە كە هەست بە كێماسى و كەموكوڕیى جەستەیى بكات و لە پەرچەكرداردا پەلامارى ئەوانى گەورەترو باڵابەرزتر دەدات و وشەى بچووك و ترسنۆكیش گوزارشتە بۆ نەست و لێكدانەوەى ناخى ئەم مرۆڤە)..
نوسەرانى سایتەكان بە رێوییەكى ترسنۆك و بچووك وێنا دەكات كە پەلامارى شتە هەیبەتدارو باڵاكان دەدەن (كە هەیبەتەكە، مەبەستى پلەى خۆیەتى و ئەمەش رەنگدانەوەى پشێوى دەروونى ئەم كەڵە نوسەرەیە كە خۆى بە خودا دێتە پێشچاو (شوان ئەحمەد گووتەنى) ئەوەش كاردانەوەیەكى سروشتیى دەروونییە، چونكە خۆى باڵابەرزو درێژو مەزن نییە..
ئەو لە گۆشەكەیدا دەڵێت: ئەو مەخلوقە ترسنۆك و بچووكانەى ناو جیهانى مۆدێرن و تەكنۆلۆژیاى ئەمڕۆمانە كە ئاسان دەتوانن ئیهانەى هەموو بەهایەك و شتێكى باڵا بكەن، سەمبوولى سەتحییەتە بەرامبەر بە مەزنى (كە مەبەستى سیمبۆلى رووكەشیخوازییە) مەزنییەكە مەبەستى خودى خۆیەتى چونكە ئەم كەسە لووتبەرزو بوغرایەو خۆى بە شتێكى مەزن دێتە بەرچاو، پێچەوانەى تۆلستۆى و ئاینیشتاین و گاندى و ماندێلا، بۆیە لە زۆرینەى نووسینەكانیدا وشەكانى ((مەزن، بەها، بەرز، باڵابەرز، هەیبەت، گەورە، بڵند، شكۆ، هێزى گەورەو چەندان وشەى لەوجۆرە گوزارشتن بۆ هەستكردن بە كەموكڕى و كێماسی جەستەیى))..
لەم نوسینەدا كەمتازۆر و لەبەر رۆشنایى بەكارهێنانى وشەو دەستەواژەى خودى ئەم نوسەرەوە دەتوانم بیسەلمێنم كە دەروونى ئەم كەڵە رووناكبیرەى گەلەكەمان نەخۆشە، چونكە دەربڕینى حاڵەتەكان و رەوشى ئینسان لەڕێى زمانییەوەیەتى، هەتا مرۆڤــ قسەو ئاخاوتنى نەبێت ناتوانرێت، دەروونى یەكاڵا بكرێتەوە، كەى مرۆڤێك كەوتە قسەكردن دەتوانرێت بیركردنەوەو كەسێتى و دەروونى ئاشكرا بكرێت.. ئەوەش لە نووسین و رۆمان و وەڵامى رەخنەگرانیدا وەدەرئەكەوێت..
(2)
دەمێكە من دیقەتى ئەم نووسەرە دەدەم و جیا لە هاوەڵەكانى و بێئەندازە توندوتیژەو رەخنەى بەرامبەرى قبوڵ نییەو بە جاهیل و نەزان و پیس و زبڵ و بودەڵ و.......تاد. لە قەڵەم دەدات، تەواوى هەوڵەكانى دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەى بچووك و جاهیل و گرگن و بودەڵ بیخاتە بەرچاوى خوێنەرەوە. بچووككردنەوەو ناشرینكردن و بە ترسنۆك دانانى زۆرینەى بەرامبەر كە ئامادە نین تۆیەكى بوغرا بە بت و خودا دابنێن و بتپەرستن و رەخنە لە نوسین و كەسێتیت دەگرن و ستایشت ناكەن، كارى بەردەوامى ئەم نوسەرەیە، رۆڵى راوێژكارو ئامۆژگاریكارو مامۆستا بینینى ئەم كەسە لاى هەموومان ئاشكرایە..
خۆ دانان بە ئەفسەرو پێشەوا یاخود بە پۆلیس و مرور بۆ كاركردن و رەفتار نواندن و بەڕێوەبردنى رۆژنامەو بڵاوكردنەوەى نووسینى ئەم نووسەرو بایكۆتكردن و قەدەغەكردنى وتارى ئەو نووسەرەى رەخنەت لێدەگرن، كارو بیركردنەوەو مۆراڵى بەردەوامى ئەم كەسەیە..
ئەم مۆراڵ و رەفتارانەى كە بەردەوام چەندبارەیان دەكاتەوەو جاروبار هاوەڵ و برادەرە نزیكەكانى خۆشى دەگرێتەوە، لە پێناوى بەرژەوەندى كاتیى خودى خۆى و شاردنەوەى راستییەكان لە خەڵًكى و داكۆكیكردن لە شێرە گەندەڵەكانى نێو دارستانى رۆشنبیریى كڵۆڵى كوردى بەكاریان دێنێت..
ئەگەر ئەو نووسەرانەى لە سایتەكاندا دەنووسن رێوى بن، ئەوا كاكە سەردەشت هەرچى نووسینێكى هەیبوو لە سایتى كوردستانپۆستدا بڵاوى دەكردنەوەو بوێرانە دژى دەسەڵات دەینووسى، ئازایانە بە دووا نووسینی خۆى بەرەنگارى مەرگى خۆى بۆوەو ئەیزانى ئیدى دەبێت باجى ئەو نووسینەى خۆى بدات، كە دەستكارى هێڵى سوورو شتى بڤەى كردبوو، ئەوەش دیارە كە ئازایەتییەو خۆ كردنە بە شێرى نێو بێشەڵان و گۆڕەپانى كوردستان.. ئەوە رەفتارى شێرەكانە كە لەناوجەرگەى كوردستانەوە، لە بەردەركى سەراى سلێمانییەوە.. یان نزیك بە قەراتى هەولێرى هۆلاكۆ بەزێنەوە وتارى ئاگرین دژ بە شێرە گەندەڵەكانى نێو دەسەڵات بنووسیت..
هەرگیز رێوى ناتوانێت مەرگى خۆى بخاتە سەر لەپى دەستى و بوێرانەتر لە رۆژنامەو گۆڤارە بەناو ئەهلییەكان لە سایتەكاندا رووى ناشرینى دەسەڵات و بەرپرسە گەندەڵ و رۆشنبیرە گەندەڵخوازەكانى هەڵماڵێت.. ئەوان رێوییەك نین كە لە دوورەوەو لە ئەوروپاوە، سەروەختێك هێرشى گوماناوى بەرن و سەروەختێكیش ببنە پارێزەرى خۆڕایى و بەلاشى گەندەڵخوازانى نێو دەزگایەك كە بە سەدان دەفتەر دۆلاریان حەپەلووش كردووە، كە لە راستیدا، ئەو داهاتە زەبەلاحانە، قووت و داهاتى كوڕان و كچانى گەنجى گەرمیان و منداڵانى ئەنفال و خێزانى شەهید و هەژارى كوردستانى هەناسەساردن..
(3)
ئەى گەورە بیرمەندى گەلەكەمان، تۆ پێویستە، پەڕۆیەك لە كاكە مەریوان وریا قانیعەوە دادڕیت، ئەو هەیبەت و شكۆدارى و مەزنى و باڵابەرزییە لاى ئەوو نووسینەكانى هاتۆنەتە دى، ئەو كوڕەزاى راستەقینەى قانیعى مەزنە..
ئەوەندە بە گشتگیرى و هەمەلایەنە كەس بە رێوى و بودەڵ و جاهیل و بچووك مەزانە، چونكە گاندى ووتەنى: خراپترین نەخۆشى كە ناوداران دووچارى دەبنەوە بریتییە لە بوغرایى و خۆبەزلزانى.. ئەگەر خوداو بتێكى مەزنیش بیت، هەر سەردەمێك دەتپەرستن و بەسەر دەچیت!
لەو بورجى عاجییە وەرە خوارەوەو لە ئازادیى نووسین و رادەربڕین و چۆنییەتى خوێندنەوەو نووسین و ژیانماندا مەبە بە پۆلیس.. رێزى ئەو قەڵەمانە بگرە كە لەم سەردەمى جیهانگیرى و مۆدێرنەیەدا دەتوانن لە سایتەكانەوە هەناسەیەك هەڵمژن و منەتى هیچ سەرنووسەرو ژێرنووسەرێك هەڵنەگرن، كە شێرە بودەڵەكان و سیخناخ لە نەخۆشی دەروونى لە پشتییەوە وەستاون..
(بیرتان چوو یەكێك لەو سەرنووسەرانە لە كوشتنى ژنەكەى خۆیدا دەستى هەبوو،پاش خیانەت لێكردنى، كە ئەمێستاكە لە زیندانى رەشدایە!!)
ئێمەى نووسەرانى سایتەكان رێوى نین و سەردەشتى شەهیدى قەڵەمیش، نووسەرى دیارى سایت و ئینتەرنێتە، كە بە فەخرەوە، پێشەنگ و رابەرى هەموومانەو شانازى بە سەكۆى ئازادى ئەم سایتانەوە دەكەین كە بێمەرج و بێمنەت بەخشینەوە دەرگاى واڵایان بۆ ئێمەومانانێكى بێ پشتوپەنا كردۆتەوە كە لەنێو هەژارى و حیرمان و بێ مووچەییدا ژیانێكى زبرو بۆر و رۆژگارێكى بۆرترو زبرتر بەڕێدەكەین، بەڵام بە سەرفرازو سەربەرزى و دوور لە گەندەڵكاران..!
تكایە، جوانترو نەرمترو برایەنەترو ساكارترو سادەتر بنووسە، گەنجان فێرى بوغزو كینەو جنێو وتوانج و داشۆرینى بێماناو بە مەبەست و بە ئامانجى بەرژەوەندخوازانەى تەسكى خودى و خۆپەرستى مەكە، تۆ هیچ نەبێت ژوورەكەت لە شووشەیەو، بەردەفڕكێكانت ئاكامیان باش نابێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە