کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیوانى چاودێری داریی هەرێم و سەرۆك و ستافێكى ناشایستە

Saturday, 04/06/2011, 12:00


دیوانى چاودێرى دارایی لە سیستمى حوكمڕانى سیاسی و ئیدارى هەردەوڵەتێكدا بەهەر ناوو نازناوێكەوە كاربكات یەكێكە لەدەزگا هەرە گرنگ و هەستیارەكان كەئەركى سەرەكى و یەكەمى ئەم دەزگایە بریتیە لە پاراستنى موڵك و ماڵى گشتى، بەجۆرێك لەدەستورى هەندێك وڵاتانى وەك فەڕەنسا بەدادگاى چاودێرى ناسێنراوە، بەڵام لەم هەرێمەى ئێمەداو لەسایەى دەسەڵاتى دوو بنەماڵەى گەندەڵ و خیانەتكار و بەئامانجى ئیفلیج كردنى دیوانى چاودێرى دارایی و ڕاستەخۆو بەهەڵبژاردەى سەرۆكى هەرێم لەماوەى ڕابردودا كەسێك بەناوى (هادى ڕەحمانى) بەسەرۆكى ئەم دەزگا هەستیارە دیارى كرا كە ئەلف و بێی ئیدارەو حكومەت نازانێ ، كەسێكە بۆزیاتر لە (30) ساڵە لەوڵاتى كەنەدا نیشتەجێیەو تەنها لەكەرتى تایبەت كارى كردووە دەڵێن باپیرانى كورد بووە بەڵام جگە لەزمانى عەرەبى تەنانەت سڵاوى بەیانیان نازانێت بەكوردى بكات ئەمە سەرەڕاى تەمەنى ئەم زاتە كە سەرو(75) ساڵە ، وەتەواوى دەسەڵاتەكانى لەلاى خۆى قۆرخ كردووەو كەسى تر بەپیاو نازانێت و باوەڕى بەسیستمى دابەشكردنى دەسەڵاتەكانى وەزیر نیە جگە لە ئەنجامدانى ئەو گەندەڵیانەى لەچەند بابەتێكى پێشترى كوردستان پۆستدا ئاماژەى پێدراوە، كەئاشكرایە بۆ پێگەیەكى وەك سەرۆكى دیوانى چاودێرى دارایی و دەست نیشان كردنى كەسایەتیەكى وا جگە لەبار بردن و ئیفلیج كردن هیچى ترى لێ ناخوێنرێتەوە ، بۆیە دەپرسین جەنابى سەرۆك لەناو هەرێمدا كەسێك نەبوو شایستەى ئەو پۆستە بێت ؟ یان ڕاستیەكەى بڵێین كەسێكت لەو نەزان تر و دڵسۆزتر بەبنەماڵەت دەست نەدەكەوت كەبەجۆرێك چى لەبەرژەوەندى خۆتاندا هەیە ئەنجامى بدەن و لەبەرامبەریشدا كەس نەڵێت بەرى چاوتان كلى پێوەیە .
وەلێ زیاتر لە شەش مانگە هەردوو دیوانى چاودێری دارایی سلێمانى و هەولێر بەناو یەكى گرتۆتەوە بەڵام یەكگرتنەوەیەكى ڕەمزى و بەپاساوى ڕایی نەكردنى مامەڵەى دامەزراندنى بەڕێوەبەرە گشتیەكان لەپەڕلەمانەوە كارى ئەم دەزگایە تەنها بۆتە ڕۆتین و كات بەڕێكردن ، جگە لە كارخستنى سەرۆكەكانى پێشو هیچ گۆڕانكاریەك یاخود بەرەو پێش چونێك لەكارى ئەم دەزگایەدا بەدى ناكرێت ، وەلەناو دیوان و بەهۆی جێبەجێ نەكردنى یاساى نوێی دیوان ، وەلەدەست چونى هەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەى كەبەم یاسایە دەسەبەر كراوە تەواوى چاودێرو فەرمانبەرانى دیوانى نیگەران كردووە .
لەلایەكى تر بەهۆى یەكلایی نەبونەوەى پلە تایبەتەكانى وەك بەناو جێگرى سەرۆكى دیوان و چەندین بەڕێوەبەرى گشتى و بەناو جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى و شارەزاو ڕاوێژكار لەم دیوانەدا بۆ چەند مانگێكە ئەم پلە بەناو تایبەتانە لەدڵە ڕاوكێی بەردەوامدان لەترسى لەدەست چونى پێگەو موچەو دەرماڵەكانیان ماڵە بەرپرس نەما سەرى پێدا نەكەن و هاناى بۆ نەبەن ، ئەمە جگە لەماستاو كردنى ڕاستەخۆ بۆ سەرۆكە عەرەبەكە و دەعوەت كردنى لە میوانخانە وچێشتخانە بەناوبانگەكانى سلێمانى و هەولێرو ئاشنا كردنى بەخواردنە كوردەواریەكانى وەك كفتەو گیپەو یاپراخ (دۆڵمە)و هاوڕێیەتى كردنى خۆیی و ماڵ و منداڵى بۆ بازاڕو سەیرانگاكان وەك خزمەتكارە بەنگلادیشى و فلیپینیەكان پۆل پۆل بەڕێوەبەرى گشتى و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى و پلە تایبەت دواى ئەم زاتەو و خێزان و خەسوەكەى دەكەون لەپێناو قسەیەكى خێردا تا پۆستەكانیان لەدەست نەدەن ، ئەم پۆلە گەندەڵكارو منافق و ماستاو چیە هەمان ڕەفتاریان لەگەڵ سەرۆكى ڕابردوى دیوان دەكردو ئێستاش لەگەڵ پشتیان لە جەنابى ڕەحمانى كرد دەكەونە زەمكردن و تانە لێدانى وەك ئەوەى جەنابى ڕەحمانى بەزۆر دەعوەتى پێ كردبن یان خۆى داواى مەنجەڵە دۆڵمەو گیپەى لێیان كردبێت ، كەدیارە بەدرێژایی مێژوى ئەم میللەتە داماوە كەسانى هاوشێوەى ئەم بەڵتە چیانە بونەتە هۆى دروستكردنى گەورە دیكتاتۆر و ستەم كارەكان .
ئەمە بەشێكى كەمە لەو حاڵەى لەدیوانى چاودێرى دارایی دەگوزەرێت ، لەكاتێكدا هەمولایەك شاهێدى كارى ئەم دەزگایە بون لەڕابردودا كەزۆرێك لەچاودێران و شارەزایان بەلایەنەكانى ئۆپۆزیسونیشەوە دان بەوەدا دەنێن كەپێشتر و لەسلێمانى دەزگایەك هەبوو ناوو ناوەڕۆكى چاودێرى دارایی بوو وەكارى زۆرى ئەنجام دا بەڵام لەبەر ئەوەى ئیرادەى سیاسى لەپشت نەبوو هیچى پێ نەكرا !! وەلێ ئێستا ئەم دەزگایە ئیفلیج كراوەو ئیرادە سیاسیەكەش بونى نیە داخۆ دەبێت چاوەڕێی كامە چاكسازى بین كەسەرۆكى هەرێم بانگەشەى بۆ دەكات و لەپڕۆژە بەناو چاكسازیەكەیدا دەڵێت دیوانى چاودێرى دارایی كارا دەكەم !، دەبێت كارا كردن لەلاى جەنابیان هەمان ئەو مانایە بدات كە ئێمە بیستومانە؟ ئایا بەوەزیرێكى نەشارەزاو بەتەمەنى وەك سەرۆكى دیوان و ستافێكى گەندەڵ و ماستاو چى هاوشێوەى ئەو پلە بەناو تایبەتانەى ئاماژەمان پێدان لەبەڕێوەبەرە گشتیەكان و جێگرەكانیان چاكسازى دەكرێت ؟ ماڵ و موڵكى گشتى بەستەم داگیر كراو بەمانە دەگەڕێتەوە ؟ ئایا ئەم ستافەو هاوشێوەكانیان دەتوانن ببنە ڕێگر لەهەمبەر بە تاڵان بردن و بەهەدەر دانى سامانەكانى ئەم نیشتمانە بێ كەسە ؟ ئایا ؟ ئایا .......... هتد؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە