فەرهاد پیرباڵتان خستە گڕوگاڵ وا شكور لێتان بووە بەگەماڵ
Friday, 31/07/2009, 12:00
پێم سەیر نیە لەم وڵاتەی ئێمەدا لە ساتێكدا كێَچـێك بكرێت بەگایەك و گایەك بكرێت بە كێچـێك ، هەرئەوەش بووە لایەنێك لە لایەنە لاوازەكانی هزرو بۆچوونی كۆمەڵایەتی ئێمەی كورد بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی ، كە لەژیانی سیاسیشماندا بەردەوام ڕەنگی داوەتەوە . ئەڵبەتە ئەوەش دەیڵێم تەنها ڕەخنەیە لە خۆمان و بەندەش پێش هەموان كەم نیە ! . ناچمەوە ناو قوڵایی مێژوەوە بۆ بەڵگە ، هەرچۆن هیوادارم كەسیش راڤەی خراپ بۆ ئەم چەند دێڕە نەكات و لەو ڕوانگەیەوە گوایە من لە میللەتم كەمدەكەمەوە . نەخێر بە پێچەوانەوە ، با ڕەخنە لە خۆمان بگرین بە بەردەوام تا چیتر نەكەوینە هەڵەوەو كارەكانمان لە دەستدەرچێَت ، بۆ نا خۆ هەموو خەریكی هەوڵدانین بۆ بەرەو ژیانی دیموكراسی چوون . با خۆمان لا گەورە نەبێت و دوای دەستنیشانكردنیان لە لایەنی هەڵەو لاوازی خۆمان سوود وەربگرین تا هەموو قۆناغێك نەڵێین (ساڵ بەساڵ خۆزگە بە پار) ، هەر چۆن با كەسیش بە گەورە تر لە ئیرادەو ویستی نەتەوەی خۆمان نەزانین و بیكەین بە دێوەكەی سلێمان و چاوەڕێی مەرحەمەتی دیاری دەستی بكەین لە ئازادی و یەكسانی گۆڕانكاریە پێویستەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری . بەسە ئیتر با عیبرەت وەربگرین لەو هەموو سەركردەو پاڵەوانانەی دروستمانكردن و دەمان ووت دەنگمەكە ئەوە نا ئەمیان سەركردەی پێویستەو (قائد الچرورە) كورد دەگەیەنێتە كەشكەلانی فەلەك ، كەچی هەر سەرپێنەدەكەوت بەخۆوو كوڕو ژن و حزم و خوێشەوە نەدەوەستاو دەرو جیرانی دڵبەكین و خۆفرۆشانیشی دەخستە سەر خوانی ماڵی كوردی و دەبووە زرباوكێكی وەها دڵڕەق كە ئێمەی نەوەشی بە بێشێو سەرماندەنایەوە . با باسی پێشوانتر نەكەمو وەك ووتم خۆ لا دەین لە قوڵایی مێژوو . بۆ چیشمانە خۆ ئەوەتا ئەمڕۆمان لەدوێنێ باشتر نیە ، ئەوە نیە زۆر جار لە داخی دڵی خۆمان دەڵێین (سەد ڕەحمەت لە كفن دز) ، یان دەڵێـین كارێك ئەم پاڵەوانانەی كە لە سەر خوێنمان هاتنە سەر حوكمی بەناو كوردی بەم میللەتەیانكرد هەرگیز دوژمنەكانی پێیان نەكردوە . جا بۆیە تكام وایە هەموو خاوەن قەڵەم و ڕۆشنبیرێك پەلە لە هەڵسەنگاندن و گەورەكردنی كەسدا نەكەن ، چونكە كوردە واتەنی (پەشیمانیان ناشت سەوز نەبوو) ، بۆ سەوز نابێت چونكە پەلە لە پاڵەوان دروستكردندا تەنها فس فس پاڵەوانی زیان بەخشی لێدروستدەبێت . جا ئەو پاڵەوانە لە هەر بوارێكی ژیانی زانستی ، سیاسی ، ئەدەب ...هتد دابێت ، باشتریان لێدروستنابێت لەم سەركردەو بنكردانەی خاوەن بنە ماڵەو دەستەڵات و خاوەن بوق و زڕ قەڵمەكانی ڕێكڵامی وەك فەرهاد بیرپاڵ . ئەو فەرهادەی دەمانووت بابە خەڵكینە ئەمە سەرلێشواوەو هاری پارەو پلە بووە ، لەو جۆرانەیە لەسەرە نوێلكان دادەنیشێت بۆ ئەوەی ناوی بەرن ، پارتی پشتگوێی خستوە لەبەر ئەوەی نەشازەو بەكۆمەڵگا نەشاز دەخوێنێت . دەیان ووت نەخێر ئەمە هەگبەبەكەی هەمووی هزری سەردەمی هەستانەوەی فەرنسایەو كورد لە خەو هلەَدەستێنێت ، ئەوەبوو لە پۆلداو عەبەسیانە پانتۆڵی لە پێش چاوی خوێندكاران داكەندبوو پاشەڵی پیشاندابوون . لە هەولێر جێی نەبووەوە ، ئاسایی دڵ سادەو هزری پڕ لە بڕیاری پەلەی خەڵكی سلێمانی ئامێزیان بۆ گرتەوەو پاركی ئازادیان بۆ كرد بە منبەری قسەی زل و چەواشەكەری و لە تەڕدەیخواردو لە وشك دەنوست . تا هەڵبژاردن و پارەو ئیفادو نان .....و ....و ئیسراحەت خستیەوە سەر مەعدەنی بنەڕەتی خۆی . ئیتر نازانم ئیستا ئەم پیاوە ڕوو ئاوێتەیە دەبێت چ بێت تا كتێبی بسوتێت و لەسەری بنوسرێت .
برادەرینە نەیهێناوەو نایهێنێت تا كەس خامەی خۆی بە ناوی پیس بكات . وازی لێبهێنن ئەم پیاوە هەر لە شازدەساڵیەوە فلیمی سوتاوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست