جەمیل بایک: دەوڵەتی تورک بۆ دامەزراندنی هەرێمی تامپۆن، داعش وەک هەڕەشە بەکاردێنێ.
Friday, 26/09/2014, 12:00
نەورۆز تیڤی
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک لە وتاری ئەم حەفتەیەی خۆیدا کە لە ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا و ئازادیا وەڵات بڵاو کراوەتەوە، سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەوڵدانی دەوڵەتی تورک بۆ درووستکردنی هەرێمێکی تامپۆن لە نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دا.
جەمیل بایک دەستنیشانی کرد کە ڕژیمی تورک بە درووستکردنی هەرێمی تامپۆن دەیهەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوا تێک بدات و وتی:
دەوڵەتی تورک کە داعشی گەورە کرد، ئێستا داعش وەک هەڕەشەیەک بۆ دامەزراندنی پشتێنێکی تامپۆن بەکاردێنێت. باشتر ڕوون بۆوە کە یەکێک لە هۆکاری هێرشەکانی دواییش، ئەو پلانەیە. کاتێك جیهان دەوڵەتی تورک بە پشتگیری چەتەکانی داعش تاوانبار دەکات، ئاکەپە دەڵێت ئێمە دەمانهەوێت هەرێمێکی تامپۆن درووست بکەین و جموجۆڵی داعش ئاستەنگ بکەین. ئەو ڕێبازە سیاسەتی تایبەتی تورکیەیە. سەرەتا کێشە درووست دەکات، دواتریش دەڵێت کێشەکە چارەسەر دەکەم.
جەمیل بایک بۆ ئاستەنگکردنی چوونی چەتەکان لە تورکیەوە بۆ ڕۆژئاوا، دامەزراندنی هەرێمی ئازادی گەل لەسەر سنور پێشنیار دەکات و لەوبارەوە دەڵێت:
دەرگای سنوری گردی سپی لە ڕوحا و دەروازەکانی هەرێمی عەنتاب بە تەواوی فەرمانداری لۆجیستیکین. لەو هەرێمانە ئیستخباراتی میتی تورک و داعش بەیەکەوە کاردەکەن. بەڵام گەلی کورد قەت ڕێگا بە درووستبوونی هەرێمی تامپۆن نادات. ئێمە پێشنیار دەکەین لە نێوان باکور و ڕۆژئاوادا، هەرێمی ئازادی گەل درووست بکرێت و ڕێ لە جموجۆڵی چەتەکان بگیرێت. دەبێ سەرجەم سنورەکان لە ڕوحا ببێتە شوێنی ئێشکگرتن. پرسوس، بێرەجوک و سەرێکانی دەتوانن ببنە ناوەند و خاڵی کۆنترۆڵکردن. دەوڵەتی تورک دوای کۆبانێ ڕووی هێرشی چەتەکانی داعش لە سەرێکانیش دەکات. بۆیە دەبێ خەڵکی سەرێکانی باکوری کوردستان هەستیار و بەڕێکخستنکراو بن.
جەمیل بایک ڕایگەیاند کە ئەگەر بەڕاستی تورکیە دەیهەوێت لەدژی داعش ببێتە خاوەن هەڵوێستێکی ڕاست، دەبێ سەرەتا دەست لەو دووژمنایەتییە لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵگرێت و دەڵێت: بەڵام ئەوەی دیارە ، تورکیە ئێستاش چاوەڕوانە کە داعش شۆڕشی ڕۆژئاوا بخنکێنێت. ئاکەپە و چاپەمەنیەکانی گرێدراوی، بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن قورسایی و پرستیژی بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە سووک بکەن و لەبەرچاوی لادەن.
http://www.newroztv.net/sorani/?p=3496
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست