چۆن كەركوك بوو بەقوربانی ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی؟.
Friday, 28/04/2023, 15:24
شاری كەركوك بە تایبەتی و ناوچە داگیركراوەكانی تری كورد بەردەوام جێگەی مشتومڕی كورد بون لەگەڵ حكومەتی داگیركەری عێراقی و تا ئێستا دەریایەك خوێنیان لە پێناودا ڕژاوە. دوای ڕوخانی حكومەتی عێراقی لەسەر دەستی ئەمەریكاو هاوپەیمانان كورد هەلێكی باشی بۆ ڕەخساو ئیدارەی كەركوك كەوتە دەستی كوردەوە . واتە یەكێتی و پارتی كە چەندین ساڵە كورد خەوی پێوە بینیوەو لای یەكێتی قودسی كوردستان و لای پارتیش دڵی كوردستان بوە . كاتێك داعش دەستی گرت بەسەر موسڵ و تكرێت و فەلوجەو بەشێكی زۆری ناوچە عەرەبیە سوننەكانی عێراق ، كورد هەلێكی زێڕینی تری بۆ هاتە پیشەوەو كەركوك و هەموو ناوچە دابڕێنراوەكانی تری كوردستان بەتەواوی كەوتنە ژێر دەسەڵاتی كوردەوە و بەوەش خەونی چەندین ساڵەی بۆ هاتەدی و كورد بە مەرامەكانی خۆی گەیشت .
با بزانین دەسەڵاتی كوردی چۆن ئیدارەی كەركوك و ئەو ناوچانەی دا ؟
بە درێژایی ئەو كاتەی كەركوك بەتەنها لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتیدا بوە لە بری ئەوەی بەرنامەیەكی وا بۆ ئایندەی كەركوك ڕێك بخەن كە بە جۆرێك مامەلەی توركمان و عەرەب و مەسیحیەكان بكەن كە خۆیان بە خاوەن ماڵ و بەشیك لە هەرێمی كوردستان بزانن ، بەڵام لە بری ئەوە بكەن لە هەنگاوی یەكەمدا ناكۆكیشیان خستە ناو كوردەكانی كەركوكیش .
هاتن دوو بەرنامەی بەناو خوێندنی كوردی و دوو هێزی پیێشمەرگەی جیاوازو دوو هێزی ئاسایشی جیاوازیان لە دژی یەكتری پێك هێناوبەو هۆیەوە پەیوەندیەكانی نێوان هەموو پیكهاتەكانیان بەرەوئاقارێكی خراپ و دۆژمنكارانە برد .لە بری ئەوەی لە ئیدارەدانی شارەكەداو دانانی بەرپرسەكانی شارەكەدا توركمان و عەرەب پەڕاوێزنەخەن بۆ ئەوەی هەست بە جیاكاری نەكەن و كەركوك بەماڵی خۆیان بزانن ، هەر یەكەیان هەولێ ئەوەیان دەدا بەرپرسیاریەتی بدەن بە كەسانی حیزبی سەربەخۆیان بێ ڕەچاوكردنی دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو و بیر كردنەوە لە كاردانەوەی لایەنەكانی تر بۆ ئەو جیاكاریە .
دەست كرا بە داگیركردنی موڵك وماڵی گشتی لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە . كار گەیشتە ئەوەی موڵك و ماڵی هاوڵاتیانیش داگیر بكرێت و بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە خەڵكێكی زۆریان دەگرت و دوایی بە پارە بەریان دەدان . كاتێكیش نەوتی كەركوك لە ڕێگای بۆری و تانكەرەوە هەناردەی دەرەوە كرا ، لە بری ئەوەی بە داهاتەكەی كەركوك ئاوەدان بكەنەوە هەموو داهاتەكەیان بۆخۆیان دەبردوو تا ئێستاش زوربەی گەڕەكەكانی كەركوك وەكو وێرانە وان و هیچ خزمەت گوزاریەكیان نییە. لەو ماوەیەدا كە شاری كەركوك لە ژێر دەسەڵاتی كورد خۆیدا بوە وەكو داگیر كەر مامەلەی لەگەڵ كەركوك كردوەو لە بری ئەوەی ئاوەدانی بكاتەوە ، ئەوەندەی تر وێرانی كردوەو سامانەكەی بەتالان براوە لە لایەن یەكێتی و پارتییەوە .
ڕیفراندۆم كەركوكی گەیاندە كوێ؟.
توركمان و عەرەبی كەركوك زۆر داخ لە دڵ بون بەرامبەر بە دەسەڵاتی كورد بە هۆی ئەو مامەلە خراپەی بەرامبەریان دەكرا و بەو هۆیەوە چاوەڕوانی ڕۆژێكیان دەكرد هەلیان بۆ بڕەخسێت و تۆڵەی خۆیان لە كورد بكەنەوە . لە شانس و بەختی ئەوان سەرۆك بارزانی كەڵ كەڵەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كەوتە سەرەوە . بەبێ بیركردنەوەو وەرگرتنی بیرو بۆچۆنی خەڵكی كوردستان و پرس كردن بە ئەمەریكاو هاوپەیمانان و وەرگرتنی گرێنتی بۆ پاڵپشتی كردنی ئەوان بۆ ئەو ڕیفراندۆمە ودواجار بڕیاری ڕیفراندۆمی دا.
حكومەتی بەغدا ناڕەزایی توندی دەربڕی و دەستی كردبە هەڕەشەی داگیركردنەوەی كەركوك . هەر دوای دوو ڕۆژ سەرۆك بارزانی لە بڕیاری ڕیفراندۆمەكە پەشیمان بۆوەو وەكو بڵی هەر بۆ سوعبەت ئەو بڕیارەم داوە . بڕیاری ڕیفراندۆم هەر حكومەتی بەغدای توڕە نەكرد، بەڵكو ئەمەریكاو هاوپەیمانانیشی تورەكردو ئەو پشتیوانیەی پێش ڕیفراندۆم بۆ كوردیان هەبوو وەكو خۆی نەما . دوای ماوەیەكی كورت حكومەتی بەغدا هیرشی كردە سەركەركوك و داگیری كردەوەو كۆتاییان بە دەسەڵاتی كوردی هێناو توركمان وعەرەبیش تۆڵەی خۆیان لە كورد كردەوەو بە چاوی خۆمان دیمان چییان بەسەر دانیشتوانی توزخورماتودا هێنا .
لە گەڵ ئەوەی كەركوك كەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی ، بەڵام هەمیشە ئەوان ڕازی بون كە پارێزگاری كەركوك لە پشكی كورد بیت . بەڵام بە هۆی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ، تا ئێستا ڕێك نەكەوتون پارێزگارێك دەست نیشان بكەن لەبەر ئەوەی هەر یەكەیان دەیانەوێت لە پشكی خۆیان بیت . بۆیە تا ئیستا عەرەبێك بە وەكالەت پارێزگاری كەركوكەو ئەویش بە ئارەزوی خۆی بەرپرسانی كورد ئەگۆڕێت و لایان دەبات و عەرەبە ڕاكردوەكان دەگێڕێتەوە بۆ كەركو ك . واتە پرۆسەی تەعریب دەستی پیكردۆتەوە .
بۆچی تا ئێستا مادەی 140 جێبەجی نەكراو كێشەی كەركوك چارەسەر نەرا ؟
لەو كاتەوە كەحكومەتی نوێی عێراق دوای دەسەڵاتی بەعس پێك هێنراوەو كورد خۆی بەشێكە لەو دەسەڵاتەو سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو 8 ساڵ خوالێخۆشبوو مامەلال و 4 ساڵ دكتۆر فوئاد مەعسوم و 4 سال دكتۆر بەرهەم وئیستاش دكتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆمارە ، لەو هەموو ماوە دوورو دریژەدا كورد لە بەغدا بەردەوام بەدوای وەرگرتنی پۆست و پلەو پایەو بەرژەوەندی حیزبی و شەخسیەوە بون . یەكێتی و پارتی بەردەوام كیشەیان هەبوە لەسەر پۆستی حكومی و ڕۆژێك لە ڕۆژان هەوڵێ جدیان نەداوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و وەرگرتنی مافەكانی كوردو یەكلایی كردنەوەی كیشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان .
چەندین ساڵ تەنها یەكێتی و پارتی لە بەغدا باڵا دەست بون وخاوەن بڕیار بون ، بەڵام ئێستا ناومالێ كورد لە بەغداش تەواو تێك چوەوئێستا پارتی و یەكێتی و دوو حیزبی ئیسلامی و نەوی نوێ نوێنەری كوردن و ئەوانیش هەر یەكەیان ڕویان لە شوێنیكەو ئەوەندەی لە خەمی خۆیانن نیوەی ئەوە لە خەمی كورد نین . دەتوانین بلێین كورد لەوكاتەوە یەشدارە لە حكومەتی مەركەزیدا تەنها بۆ مەبەستی وەرگرتنی پۆست بوەو بەردەوام هەر شەڕی ئەوەیان كردوە و ڕۆژیك لە ڕۆژان كورد لەو ئاستەدا نەبوە كە بە یەكەوە هۆشداری بدەنە حكومەتی ناوەندی ئەگەر مادەی 140 جێ بە جی نەكەن لە حكومەت دەكشێنەوە .حكومەتی مەركەزیش لە خوای دەوێت كورد پیداگری لەسەر ئەوە نەكات.
بارودۆخی كەركوك لە ئێستادا لە چ ئاستیكدایە ؟
ئێستا حكومەتی عێراق بە بەرنامەو ژێر بە ژێر لە ڕێگای پارێزگارو حەشدی شەعبی و سوپا خەرێكی هێناوەی ئەو عەرەبانەن كە كاتی خۆی لە كەركوك بون و دوای ڕاپەڕین لە ترسان كەركوكیان جێ هێشتوە ، ماوەیەكە هەڕەشە لە هاوڵاتیانی پەڵكانەو سەرگەڕان و دەورو بەری دەكرێت كە شوێنەكانی خۆیان جێ بهێڵن و زوو دەچنە سەریان و هەراسانیان كردون . خۆ ئەگەر حكومەتی بەناوكوردی بەرگریان لێ نەكات دواجار بەناچاری ئەو شوێنانە چۆڵ دەكەن چونكە ناتوانن تاسەر بەرگەی ئەو فشارانە بگرن و لە شوێنی خۆیان بمێننەوە .
لەم ڕۆژانەدا كە جوتیارەكان لە ژێر هەڕەسشەدا هەرەسان كرابون ، هێزی پیشمەرگە جوڵەی پێكراوە بۆ پشتیوانی لە جوتیارەكان و ئەوەش بۆتە هۆكاری دڵخۆشی جوتیارەكان . بەڵام پرۆسەی تەعریب لە كەركوك هەر بەردەوامەو بەردەوامیش دەبێ ئەگەر دەسەڵاتی كوردی باش بیرلە ڕێگاچارەیەكی گونجاو نەكاتەوە بۆ كۆتایی هێنان و وەستاندنی پڕۆسەی تەعرێب بە یەكجاری .
چۆن و بە چ شێوەیەك پڕۆسەی تەعریب دەوەستێنرێت ؟
لە ڕاستیدا كورد كارتی زۆر بە هێزی لە دەستدا نەماوە بۆ وەستاندنی پرۆسەی تەعریب و هەتا كارتی بە هێزی لە دەستدابوو باش بەكاری نەهێنان و هەموو كارتە بەهێزەكانی كردە قوربانی ململانێی ناوخۆو هەموو فرسەتە زێڕینەكانی لەدەستدا . سەردەمانێك هاوپەیمانان پشتیوانێكی باشی كوردبون و دەتوانرا لە ڕێگای ئەوانەوە گرێنتی باش بۆ ئیدارەدانی كەركوك وەرگیرایە . هەموان دەزانن كە ئەمەریكا داوای لە مەسعود بارزانی كرد كە ڕیفراندۆم دوابخات و ئەوان هەوڵ دەدەن لە گەڵ بەغدا كیشەكانیان چارەسەر بكەن . بەڵام مەسعود بارزانی بە قسەی نەكردن و ئەوانی توڕەكرد. لە كاتێكدا حكومەتی مەركەزی لاوازبوو كورد بە هێزبوو لە بیری ئەوەدا نەبون كێشەی ئەرز لەگەڵ حكومەتی عێراقی یەكلا بكەنەوەو ئێستا حكومەتی عێراقی لە قۆناغێكی زۆر بە هێزدایە . تا حكومەتی كوردی خۆی نەوتی دەفرۆشت و داهاتی باشی هەبوو بیری لەوە نەكردەوە كە پێداگری بكات لە سەر جێ بە جێ كردنی مادەی 140 چونكە ئەوات دەیتوانی هەڕەشەی كشانەوە بكات لە بەشداریكردنی لە حكومەتدا تا ئەو كاتەی بەغدا وەڵامی كورد دەداتەوە . ئێستا ئەو كارتە بەهێزە لە دەستی كوردا نەما و حكومەتی عێراقی زۆربێ منەتە . بە كورتی هەموو شتێك زۆر درەنگە بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ وەستاندنی پڕۆسەی تەعریب.
بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین تا ئێستاش حكومەتی عێراقی حكومەتێكی تۆكمەی بەهێز نییە و گریمانەی هەڵوەشانەوەی هەمیشە لە ئارادایە . ئەمەریكا لەگەڵ حكومەتی عێراقی زۆر ڕێك نییەو دەبینین بەردەوام هێزە عێراقیەكان دەڵێن دەبێ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بچنە دەرەوە . ئەمەریكاش بۆی گرنگە لەەعێراق و سوریادا بمێنێتەوە بە تایبەتی لە بەرامبەر ڕوسیادا . بۆیە تا ئێستاش ئەمەریكا پێویستی بە كوردەو توانای ئەوەشی هەیە یارمەتی كورد بدات ئەگەر كورد خۆی باش بیر لە بارودۆخەكە بكاتەوە .
ئەگەرئەگەر هەموو نوێنەری كورد لە بەغدا بتوانن یەكبگرن و بۆچونیان یەك بخەن و یەك دەنگبن ، دەتوانن ئەوەی ئیستا لە كەركوك ڕودەدات بیكەنە فرسەتێكی باش و داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بكەن كۆتایی بە پڕۆسەی تەعریبكردن و دەركردنی جوتیاەكوردەكان لەسەر زێدی باوك و باپیرانیان بهێنن و لێگەڕێن با هەموو پێك هاتەكان بە ئاشتی بە یەكەوە بژین و كۆتایی بە دوژمنایەتی یەكتری بهێنرێت . خۆ ئەگەر حكومەتی مەركەزی ئەمەی نەكرد هەموان بە یەكەوە بڕیار بدەن و نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكانیش ئاگاربكەن و لە پرۆسەی سیاسی بكشێنەوەو بەرەو هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە .
بە دڵنیاییەوە ئەو كات ئەمەریكاش و هاو پەیمانانیش و نەتەوە یەكگرتوەكانیش دێنە سەرخەت چونكە تا ئێستاش بارودۆخی ناوچەكە بە تەواوی ئارام نەبوۆتەوەو ترسی زیندوبونەوەی داعش هەر لە ئارادایەو كۆتاییان نەهاتوە . بە بۆچونی خۆم ئەمە باشترین چارەسەرو باشترین ڕێگایە بۆ كۆتایی هێنان بە پڕۆسەی تەعریب و جوڵاندنی هێزی پیشمەرگە چارەسەر نییەو وەزعەكە ئاڵۆزتر دەبێت . دەبێ دەسەڵاتی كوردی عاقڵانە هەلس و كەوت بكات و شةرەكە بە ئەمەریكاو هاوپەیمانان و نەتەوە یەكگرتوەكان بكات چونكە تازە بە خۆی ناكرێت و هەموو كارتە بەهێزەكانی خۆی لە دەستداوە .
ئەگەر سەرانی یەكێتی پارتی تۆزقاڵێك هەستی نیشتمان پەروەریی و كوردایەتیان تێدا ماوەو لە خەمی دوا ڕۆژی ئەم میللەتەن با هەموو ناكۆكیەكانیان بخەنە لاوەو لەگةل حیزب و لایەنەكانی تریش پیك بێن و قسەكانیان بكەن لە بری گەڕان بەدوای پلەو پۆست وپایەدا لە بەغدا ، لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردابن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست