یەكێتی و پارتی كامیان زیاتر سزای زونی سەوز دەدەن ؟ (بەشی سێیەم)
Sunday, 26/03/2023, 20:04
ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و پێك هاتەو ئەركەكانی
ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی پێك هاتوە لە نوێنەرو بەرپرسی چەندین فەرمانگەی گرنگ و هەستیاری شاری سلێمانی . ئەركی ئەم ئەنجومە ڕێكخستن و بەدواداچونی كارو باری هاوڵاتیان و پاڕێزگاریكردنی موڵك و مالێ گشتییە . ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی دەبێت لە كەسانی شارەزاو بەتواناو خاوەن بڕیارو خاوەن ئیرادەوخاوەن كەسایەتی و سەربەخۆ پێك هاتبن و بەرگری لە مافی هاوڵاتیان وبەرژەوەندی گشتی بكەن .
ئەگەر ئەندامانی ئەنجومەن خاوەنی ئەو مەرجانە بن و لە دام و دەزگای حكومەتێكی دامەزراوەییدا ئەركیان پێ بسپێرن گومانی تێدا نابێت هەر یەكەیان لە ئاستی خۆیەوە دەتوانێت خزمەتێكی گەورەی شارەكە یی و هاوڵاتیان بە گشتی بكات . بەڵام ئەو ئەنجومەنەی ئێستای شارەوانی سلێمانی لە ئاستی ئەو ئەركە قورس و ئەو بەرپرسیاریەتە گەورەیەدا نیە و بەو هۆیەوە نەك توانیویانە ئەوەی لە ئەستۆیانە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و گشتی ئەنجامی بدەن ، بەلكو خۆیان بونە مەترسی . هۆكاری ئەمەش دەگوڕێتەوە بۆ :
یەكەم : ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی كەسانی سەربەخۆنین و نوێنەری حیزبەكانن . زوربەی ئەندامانی ئەنجومەن سەر بە یەكێتین و ئەندامبونیان لە حیزب كراوەتە پێوەر بۆوەرگرتنی پۆستەكانیان نەك شارەزایی ولێهاتوی و دڵسۆزیان . واتە دانانی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو نەكراوە بە پێوەر . كەواتە ئەمانە سەربەخۆنابن لە بڕیاردانداو زیاتر پابەندن بە جێ بە جێ كردنی فەرمانی بەرپرسانی حیزبەوە .
لە لایەكی تریشەوە لەبەرئەوەی شارەزاو پسپۆڕ نین لەو ئەركەی كە پێیان سپێراوەو بەو هۆیەوە بۆچون وبڕیار و تێگەیشتنەكانیان دەچێتە خانەی دژبە بەرژەوەندی گشتییەوە . ئەنحومەنی شارەوانی سلێمانی لە 13 ئەندام پێك هاتوە. لەو ژمارەیە 9 ئەندامیان یەكێتین و 3 ئەندامیان گؤۆڕانن و یەك ئەندامیشیان لە حیزبە ئیسلامیەكانە .
بەڵام لەو ژمارەیە تەنها بەرپرسی 6 فەرمانگەیان بونیان گرنگەو كاریگەری باشیان هەیە كە ئەمانەن: سەرۆكی شارەوانی ، بەرپرسی فەرمانگەی وەبەرهێنان ، بەرپرسی فەرمانگەی كشتوكاڵ ، بەرپرسی نەخشەدانان و ئاوەدانی سڵێمانی بەرپرسی فەرمانگەی گەشت و گوزار و بەرپرسی فەرمانگەی ژێنگە . بە بۆچونی خۆم بونی ئەو ژمارە زۆرەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی یەكەم هۆكارەكەی بۆ ئەوەیە كە یەكێتی شوێن و پۆست بۆئەندامەكانی خۆی بدۆزێتەوە و دووەم بۆ ئەوەیە لە كاتی دەنگداندا هەمیشە بڕیارەكان لەبەرژەوەندی خۆی بێت .
دەپرسم سەرۆكی فەرمانگەی تەندروستی و ڕۆشنبیری ونوێنەری ئەندازیارن و بازرگانان و ئەوانیترچ كاریگەرییەكیان هەیە ؟. بۆ نمونە : سەرۆكی فەرمانگەی تەندروستی كە پزیشكەو هەموان دەزانین كاری پزیشكی چەند پیرۆز و گرنگ و پێویستە . بەڵام چ شارەزایەكی لە یاسای كشتوكاڵ و شارەوانی و وەبەرهێنان هەیە ئەگەرپرۆژەیەك لەسەر بنەمای دەنگدانی ئەوبەڕێزە ، یان هەر بەڕێزێكی ترتێ پەڕێنرێـت كێ دەڵێت ئەو دەنگدانە ڕاست دەردەچێت . ئەمە ڕاستە بۆ هەموان و سەرۆكی فرمانگەی تەندروستیم وەكو نمونە هێنایەوە . ئەگەر حیزب دەستی گرتبێت بەسەر كۆی بازرگانی زونی سەوز و تەنانەت هێنانی هەندێ كاڵای قۆرخ كردبێت بۆ حیزب و كەسانی نزیك لە حێزب ، سەرۆكی ژووری بازرگانی دەتوانێت چی بكات و چ یاسایەك تێپەڕێنێت لە بەرژەوەندی بو كاسبكاران .
حەز دەكەم بە هەڵە لێم تێ نەگەن كە ئەلێم لەو 13 كەسەی كە ئەندامی ئەنجومەنن ، تەنها 6 ئەندامیان گرنگن و ئەوانیتر بونیان زۆر پیویست نییە . لێرەدا من مەبەستم پۆست و دەسەلاـەكانیانە نەك كەسایەتی خۆیان . ئەوانە هەمویان لە شوێنی خۆیان كەسانی بەتواناو شارەزان وكاریگەری بەرچاویان هەیە بەڵام بەشێكی ئەوانە شارەزای یاساكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و تاپۆو وەبەرهێنان نین و بەدووریش نازانرێت بە هۆی دەنگ و بڕیاری ئەوانەوە هاوڵاتیان توشی زیان ببن . با ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە هەندێك كەس لەناو ئەنجومەنی شارەوانیدا كاریگەری بەرچاویان هەیە لەلایەك بەهۆی دڵسۆزی و شارەزایی خۆیانەوەو لەلایەكی تریش بە هۆی گرنگی پۆستەكەیانەوە .
لێرەدا دەمەوێت سەرنجتان ڕاكێشم بۆ چەند خاڵێكی زۆر گرنگ:
یەكەم: دەبی كەسێك بكرێتە سەرۆكی شارەوانی كە بەتەواوی شارەزای ئەركەكانی بێت و كەسێكی شارەزاو لێهاتو بە ئەزمون و دڵسۆزبێت . سەرۆكی شارەوانی دەبێ ئەندازیارێكی بە ئەزمون بێت و چەندین ساڵ هەر لەو شارەوانیە كاری كردبێت و بەتەواوی شارەزای جوغرافیای شارەكەی بێت و زۆر باش فەرمانبەرانی شارەوانیەكە بناسێت هەموو یاساكانی شارەوانیەكە باش بزانێت. نەك وەكو ئێستا كەسێك لە دەرەوەی شارەوانیەوە بهێنێت و بیكەی بە سەرۆكی شارەوانی و بڕوانامەی لەیاسادا هەبێت و هیچ زانیارییەكی لە بارەی یاساكانی شارەوانیەوە نەبێت .
جگە لەوەی سەرۆكی ئێستای شارەوانی هیچ ئەزمون و شارەزاییەكی لە شارەوانیدا نییە ،حیزب ئەوپۆستەی پێ داوە بۆیە دەبێ ملكەچی بڕیار و فەرمانەكانی حیزب بێت و بەو هۆیەوە بەدەر لە یاسا ناچار دەبێت بۆ خاتری حیزبەكەی بڕیاری نایاسایی دەربكات . سەرۆكی شارەوانی پێشوتریش بەهەمان قۆناغدا تێپەڕی و دواجار بو بە قوربانی . من پێم وایە ئەم سەرۆكی شاروانیەی ئێستا بەناچاری و لە ژێر گوشاری حیزبەكەیداو لە ئەنجامی نەشارەزاییەوە توشی هەڵەی واگەورە دەبێ كە لە ئەنجامدا چارەنوسی لە چارەنوسی سەرۆكی شارەوانی پێش خۆی باشترنابێت .
خاڵێكی تر كە زۆر گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە نابێ سەرۆكی شارەوانی لە هەمان كاتدا سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانیش بێت . ئێستا سەرۆكی شارەوانی سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانیشە . تەنانەت ئەگەر یاساش ڕێگای پێ دابێت هەڵەیەكی گەورەیە . خۆ ئەگەر بەدەر لە یاساش ئەوە كرابێت ئەوە خرابتر . دەبێ سەرۆكی شارەوانی لە دەرەوەی ئەنجومەنەكەوە بێت و ئەگەر ئەوان هەڵەیەكێان كرد ، بۆیان ڕاست بكاتەوەو ئەگەر پێویستیشی كرد دەبێ سزای ئەوانە بدات كە كاری نایاسایی دەكەن . باشە ئێستا كە سەرۆكی شارەوانی سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانیەو بەیانی كارێكی نایاسایی كرد ، كێ سزای دەدات ؟. ئایا خۆی سزای خۆی دەدات ؟. ئەگەر وایبكردایە دەبوو ئێستا لە زینداندابوایە بە بریاری خۆی .
بە پێی یاسا دەبێ جێگری سەرۆكی ئەنجومەن پلەی بەڕێوەبەری گشتی هەبێت . ئەوكەسەی ئیستا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانییە جگە لەوەی پلەی بەڕێوەبەری گشتی نییە و بە پێی یاسا دەبێ بەڕێوەبەری نەخشەدانی پارێزگا جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بێت چونكە كاری ئەوگرینگیەكی تایبەتی هەیەو پەیوەندی بە ئایندەی شارەوە هەیە . هاوڵاتی ئازیز سەرنج بدەن ئەم دەڤەرە چۆن وێران كراوە .
لەسەردەمی سەرۆكی شارەوانی پێشو توانا كەمالدا نوێنەری نەخشە دانانی سلێمانی هەرئەندامی ئەنجومەنیش نەبوە . بۆچی ئەندامی ئەنجومەن نەبوە ؟. سەرۆكی شارەوانی ترسی لەوە هەبوە ئەگەر بیانەوێت دەنگ لەسەر پرۆژەیەك لەبەرژەوەندی كەسێك بدەن كە خۆیان دەیانەوێت ، دەبێ یەكەم شوێن پرس بە نوسینگەی پلان دانان بكەن و ئەوان ئەگەر بە باشی نەزانن بۆیان هەیە ڕەتی بكەنەوە . بۆ ئەوەی كارە تایبەتەكانی خۆیان و حیزب كێشەی بۆ دروست نەبێت ، سەرۆكی نوسینگەی پلان دانانیان نەكردۆتە ئەندامی ئەنجومەن .
ئەرێ ئەمەش پارتی هۆكاریەتی بۆ سزادانی سلێمانی ؟. بەڵام لەم ڕۆژانەدا لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا گوێم لێبوسەرۆكی ئێستای شاروانی بەڕێز لەیلا عومەر وەكو شانازی باسی ئەوەی دەكرد كە سەرۆكی فەرمانگەی نەخشەدانیان كردۆتە ئەندامی ئەنجومەن . وەكو ئەوەی خێری پێ بكەن . بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە وەزارەت پێیان زانیوە كە سەرۆكی ئەو فەرمانگە گرنگە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی نییە ، كردویانە بە هەراو لە ترسی وەزارەت بڕیاریان داوە سەرۆكی فەرمانگەی نەخشە دانان ببێتە ئەندامی ئەنجومەن هێوادارم كەس بە قسەی بێ بنەما فریو نەخۆن .
دووەم: بۆ ئەوەی كاروباری شاربە باشی بەڕێوە ببرێت باشتر وایە لە سەروی ئەم ئەنجومەنی شارەوانیەوە ئەنجومەنێكی 5 كەسی هەبێت كە تەنها كاریان ئەوەبێت بەدواداچون بكەن بۆ كارەكانی ئەنجومەنی شارەوانی ولە كاتێكدا كە زانیان كارەكانیان بە باشی بەڕێوەنابەن ، یان كاری نایاسایی دەكەن ، یان موڵكو ماڵی گشتی بەتاڵان دەدەن ڕێك وەكو ئەوەی ئێستا موڵكی دەوڵەت هەراج دەكەن ، دەسەڵاتی لێپرسینەوەیان هەبێ و بیاندەنە دادگا . لە كاتێكدا بە ئیمزای ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە دەیان كاری نایاسایی كراوەو زیانی زۆر گەورە بەر بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیان كەوتوە ، كێ پرسینەوەیان لەگةل دەكات و ئەگەر پێویستی بە سزادان كرد كێ سزایان دەدات ؟. قسەیەكی كۆن هەیە كە دەڵێن : ئەگەر كەسێك شێت بوو دەیبەنە لای شێخ . ئەی ئەگەر شێخ خۆی شێت بوو دەیبەنە لای كێ .
سێیەم : یەكێك لە كارە گرنگەكانی شارەوانی وسەرۆكی شارەوانی گرنگیدانە بەناو شار لە هەموو ڕویەكەوە . تەحەدا دەكەم نەك ئەم سەرۆكەی ئێستای شارەوانی بەڵكو دوانی پێش خۆشی ڕۆژێك لە ڕۆژان بۆ جارێك بە مەبەستی ئاگاداربون لە بارودۆخی ناو شار لە نزیكەوە سەردانی ناو شاریان كردبێت .
ئەگەر ئەم سەرۆكی شارەوانیانەی وڵاتی ئێمە سەرۆكی شارەوانی وڵاتێكی ئەوروپی بونایە چەندین ساڵ زیندانی دەكران تەنها لەسەر ئەوەی ڕۆژانە چەند كەس لەناو شار دەكەونو ڕەتەڵ دەبەن و بەلادا دێن لە ئەنجامی ئەوەی زوربەی شۆستەكان كراون بە قاڵدرمە . هەر خاوەن دوكانێك بە خەیاڵیدا هات بەردەمی دوكانەكەی هەڵ دەكەنێت و 10 سانتیمەتر بەردەمی خۆی لە هەردو لاوە بەرزدەكاتەوەودەیكاتە قەدەمە و كاشی سافی ناوحەمامی بۆ بەكار دێنێت و بە ڕەنگێكی جیاواز لەوەی پێشوتر.
یەك كەسیش نییە بڵێت تۆ بە چ حەقێك ئەم شۆستەیە دەكەی بەقەدەمە . بچن بۆ بەختیاری و بەچاوی خۆتان شەقامەكە ببینن بەڕاستی پیاو تەریق دەبێتەوە . بچن بە چاوی خۆتان ژێر پردی سەرچنار لای دادگا ببینن كە پیچ دەكەیتەوە بزانن چۆن بۆتە چاڵ و چۆڵ و قەدەمە . بۆیە خەڵك ناحەقی نییە كە دەڵێن : شاری بێ حاكم هەر ئاوایە . هەرچی شەقامی ناو شاری سلێمانی هەیە پێویستیان بە قیرتاو كردن و نۆژەنكردنەوە هەیە ، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە ئەوەی لای ئەنجومەنی شارەوانی بەبەت نییە ئەمەیە .
ئێستا داوا لە شارەوانی بكەن یەك كیلۆمەتر قیرتاو بكەن ، دەڵێن پارەمان نییە . ئەوزەویە بەنرخانەی لە ماوەی یەك ساڵدا بە خۆڕایی و بەناوی وەبەرهێناوە دراون بە حیزب و كەسانی سەر بەحیزب و بازرگانی چاو چنۆك ، هەموو شەقامو كؤڵانەكانی شاری سڵێمانی پێ قیر تاودەكرێت . تەنها ئەو زەویانەی لای خەستەخانەی هەرێمەوە تا دەگاتە هۆتێل تایتانێك كەبایی دەیان ملیۆن دۆلارە بەشی نۆژنكردنەوەی هەموو شەقامەكانی شاری سلێمانی دەكات . ئەگەر یاسا هەبێت و پاشاگەردانی نەبێت ، دەبو ئێستا بە دواداچونێكی ورد لە كارەكانی ئەنجومەنی شارەوانی بكرایەوهەموو ئەوانەی هۆكاری بەتاڵان بردنی موڵك و ماڵی حكومەتن دادگایی بكرانایەوسزابدرانایە . ئەنجومەنێك بایی دەیان ملیۆن دۆلار زەوی حكومەت بە خۆڕایی بە پاساوی بێ ماناوە ببەخشێت و شەقامەكانی شاریش ببنە بێژنگ نەبونیان باشتر نییة ؟. هۆكاری ئەم وێرانكاریانە هەموی یەكێتی خۆیەتی و بەردەوام هاوار دەكەن پارتی سزای زونی سەوز دەدات .
چوارەم: یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ئەم ئەنجومەنی شارەوانیە كە بەرپرسیاریەتێكی گەورەیان لە ئەستۆدایە ئەوەیە كە كاریان لەبەر ناڕوات و بڕیاریان پێ نادرێت . كێشەی وا هەەیە كەزۆریش زەحمەت نییە بەلام چەندین جار كۆبونەوەی لەسەر دەكرێت ودوادەخرێت و جارێكی تر دەهێنرێتەوە پێشەوەوبۆ جارێكی تریش دوای دەخەنەوە .
هۆكاری ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی كە بەرژەوەندی گشتی لەبەر چاو ناگیرێت و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لەبەر فەرمانی حیزبەكەیان ناچارن لایەنگری لەبەرژەوەندی حیزب و كەسانی سەر بە حیزب بكەن و بەو هۆیەوە بەرژەوەندی گشتی دەكەوێتە بەەرمەترسییەوەوكارەكانیش بە باشی بەڕێوە ناچن . لە سەرەوە ئاماژەم بۆ ئەوە كرد كە لەو 13 ئەندامەی ئەنجومەن تەنها 6 ئەندامیان كاریگەری ئەرێنیان هەیە لەسەر بڕیارەكان بە حوكمی پۆستەكانیان .
بەڵام لە ئێستادا سەرۆكی شارەوانی و سەرۆكی فەرمانگەی وەبەرهێنان زۆرترین كاریگەریان هەیە چونكە ئەوان تەنها بریارەكانی سەروی خۆیان جێ بەجێ دەكەن بەرژەوەندی گشتی بەلای ئەوانەوە هیچ بایەخێكی نییە و پۆستەكانیشیان زۆر گرنگەو دەتوانن زۆرترین زەوی حكومەت بە پاساوی جۆراو جۆر . لە بەشەكانی داهاتودا هەرچی لە ژێر بەڕەیە ئەیخەمە سەر بەرە بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیان باش تێ بگەن وباش بزانن كێ و چۆن و لە ڕێگای كێوەشاری سلێمانی وێران كراوەو لە لایەن كێشەوە سزادراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست