کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ڕاپه‌ڕن له‌یادى راپه‌ریندا

Thursday, 10/03/2022, 4:08


جه‌ماوه‌رى  تێكۆشه‌رى خه‌ڵكى كوردستان  31 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ به‌هارى ساڵى 1991 ڕاپه‌ڕێنێكى مه‌زن و بێ وێنه‌یان ئه‌نجامداو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتى حیزبى به‌عسیان له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆتایی پێ هێناو ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر هه‌موو دام و ده‌زگاو هێزه‌كانى حكومه‌تدا . هه‌موو خاكى هه‌رێمى كوردستان  به‌ ناوچه‌ داگیر كراوه‌كانیشه‌وه‌ كه‌وته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورد.
 گرینگى   ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌  له‌وه‌دا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ كورد دواى دوو شكستى گه‌وره‌ى وه‌كو ئاشبه‌تاَڵى ساڵى 1975 و ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كه‌ى به‌عس و كیمیابارانكردنى  زوربه‌ى ناوچه‌كانى كوردستان و راپێچ كردنى ده‌یان هه‌زار هاوڵاتى كورد بۆ خواروى عێراق و زینده‌به‌چاڵ كردنیان و ئاواره‌بونى  هێزى پێشمه‌رگه‌و ژماره‌یه‌كى زۆرى خه‌ڵكى كوردستان بۆ ئێران ، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ ده‌ستى پێكرد 
له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌موو هێزه‌چه‌كداره‌كانى كوردى سه‌ر به‌ حكومه‌تى عێراقیش  هاتنه‌ ناو خۆپیشاندانه‌كان و  بونه‌ پشتێوانى هێزى پێشمه‌رگه‌و ڕۆڵێكى زۆر كاریگه‌ریشیان بێنى . هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كى دڵخۆشكه‌ر بوو بۆ ئاشتبونه‌وه‌یه‌كى گشتى جه‌ماوه‌رى  و پته‌و كردنى ڕێزه‌كانى كه‌لى كورد و واز هێنان له‌ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌و  شه‌ڕى كۆنه‌ قین .  به‌ڵام سه‌د مه‌خابن ئه‌م یه‌كێتى و ئه‌م دڵخۆشیه‌ى جه‌ماوه‌ر زۆرى  نه‌خایاند و  دوژمنایه‌تیه‌كانى  نێوان به‌ره‌ى جه‌لال و مه‌لایی كه‌ له‌ ساڵى 1964 ده‌ستى پێكرد، جارێكى تر سه‌رى هه‌ڵدایه‌وه‌و ڕێزه‌كانى  گه‌لى كوردى كرده‌وه‌ به‌ دوو به‌ره‌ى  دژ به‌ یه‌ك . ئه‌م دوژمنایه‌تیه‌ كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندى  شه‌خسییه‌ ، گیانى ده‌یان هه‌زار هاوڵاتى كردۆته‌ قوربانى.  
له‌ هه‌مووى كاره‌سات بارتر ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا چه‌ندین هه‌لى زێرینمان بۆ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ كورد  به‌ ته‌واو به‌ مافه‌كانى خۆى  بگات ،  به‌ڵام ناكۆكیه‌كانى نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ بونه‌ ڕێگر و هه‌مویان له‌بار بردن . بۆیه‌ دواى  31 ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین و ئه‌و هه‌موو هیواو ئاواته‌ى بۆ كورد گه‌ڕایه‌وه‌ له‌و كاته‌دا ، له‌ ئێستا دوو ئه‌وه‌نده‌ى  ئه‌و كاته‌ خه‌ڵك له‌ بێ ئومێدى و بێ  هیواییدا ده‌ژى .
ڕاپه‌ڕینى ساڵى 1991  له‌ ئه‌نجامى زوڵم و زۆرى حیزبى به‌عس بو به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى كورد . به‌ڵام خه‌ڵك برسى و بی َموچه‌ نه‌بوو  ته‌نها ئازادى نه‌بوو . به‌ڵام دواى 31 ساڵ  له‌ حوكمڕانى كورد ئێستا هاوڵاتیان  ئاواته‌ خوازن بۆ سه‌رده‌مى حیزبى به‌عس . خه‌ڵكى ده‌ڵێن : ئه‌و كات ئازادى نه‌بوو ، به‌ڵام خه‌ڵك برسى نه‌بوو موچه‌ش هه‌بوو . به‌ڵام ئێستا له‌ سایه‌ى پارتى و یه‌كێتى  واته‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى خه‌ڵك برسى بوه‌و موچه‌ش نییه‌ .  ئه‌وه‌ى له‌ زیندانه‌كانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى  به‌رامبه‌ر به‌ زیندانیانى كورد  ده‌كرێت ، له‌ زه‌مانى به‌عس نه‌كراوه‌ .
ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر گرنگه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ى بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا به‌ پاساوى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و نه‌هاتنى پاره‌ له‌ به‌غداوه‌  ڕۆژێك به‌ناوى پاشه‌كه‌وتى موچه‌و ڕۆژێك به‌ناوى لێبڕینى موچه‌وه‌  وه‌كو پێویست موچه‌ نه‌دراوه‌و خه‌ڵك توشى كێشه‌ى گه‌وره‌ بوه‌ . به‌ڵام هه‌موتان له‌ بیرتانه‌ كه‌ ئاشتى هه‌ورامى وتى به‌رمیلى نه‌وت نرخى بگاته‌ 100 دۆلاریش  موچه‌ هه‌ر واده‌بێ . كه‌واته‌ خۆى ده‌یزانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى چ ئاشێكیان بۆ كورد ناوه‌ته‌وه‌ . ئێستاش  جه‌نابى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌فه‌رموێت خۆ ئێمه‌ سواڵ كه‌ر نین هه‌موو ڕۆژێك بچینه‌ به‌غدا بۆ سواَل . به‌رمیلى نه‌وت نرخى زیاتره‌ له‌ 130  دۆلار ده‌ڵێن پاره‌ نییه‌ بۆ موچه‌ . ده‌ڵێن نه‌وت ڕأده‌ستى به‌غدا بكه‌و ئه‌وان موچه‌ ده‌نێرن ، ئه‌وه‌ش ناكات و به‌بی َپاره‌ى به‌غداش موچه‌ى پێ نادرێت و ڕێگاش ناده‌ن په‌ڕله‌مان  له‌ دۆسیه‌ى نه‌وت بكۆڵێته‌وه‌ .  كه‌واته‌ ده‌بێ هه‌مومان ده‌رك به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌مانه‌ به‌ ئاره‌زو  موچه‌ ناده‌ن نه‌ك پاره‌ نییه‌ بۆ موچه‌ . واته‌ ئه‌مانه‌ خۆیان به‌ گونده‌ دازنن و ده‌ڵێن هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ، ڕأزیت باشه‌و ڕازى نێت چیت له‌ ده‌ست دێ بیكه‌ . 
 ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت یه‌كێتى داهاتى سلێمانى ته‌سلیم به‌حكومه‌ت ناكات . دیاره‌ پارتیش له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌مان شت ده‌كات و پاره‌ى نه‌وتیش دیار نییه‌ . كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ى ئێستا هه‌رێمى كوردستان به‌ڕیوه‌ ده‌به‌ن حوكمڕان نین و ته‌نها ده‌سته‌یه‌كن له‌ دزو مافیاو تاڵانچى و  هیچ باكیان به‌ میلله‌ت نییه‌. 
ئه‌مه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت ئه‌نجامى ناكۆكیه‌كانى نێوان ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ن كه‌ ئێستا به‌ جوته‌ خه‌ریكى تاڵانكردنى سامانى كوردستانن .ئه‌وانه‌ى ئه‌ودوژمنایه‌تیه‌یان دروست كرد ئێستا له‌ ژیاندا نه‌ماون ، به‌ڵام ئه‌وه‌تا نه‌وه‌كانیان درێژه‌ به‌و دوژمنایه‌تیه‌و خوێن ڕشتنه‌ى  كوردان ده‌ده‌ن  له‌پێناوى خۆیاندا . 
ئه‌مانه‌ هیچ ئومێدێكیان بۆ هاوڵاتى كورد نه‌هێشتۆته‌وه‌ ، بۆیه‌ كاتى ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتیانى كورد هوشیار ببنه‌وه‌و چیتر ڕێگا نه‌ده‌ن ئه‌مانه‌ قوتى ماڵ و مناڵیان تاڵان بكه‌ن و خۆیان ونه‌وه‌كانیشیان به‌ كوشت بده‌ن له‌ پێناوى  خۆیاندا . كاتى ئه‌وه‌یه‌ هه‌مومان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ست له‌ ده‌ست و قوه‌ت له‌ خوا ده‌ست بكه‌ین به‌ڕاپه‌ڕین  له‌ یادى ڕاپه‌ڕیندا . له‌ ڕاپه‌ڕینى  1991  ده‌سه‌ڵاتى به‌عس له‌ناو برا  له‌ پێناوى ژیانێكى ئازاددا . به‌ڵام ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتێكمان گۆڕیه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتێكى بۆگه‌نتر و قێزونتر . ئه‌گه‌ر ئیراده‌مان هه‌بێـت چۆن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌  لابرا ، بی َگومان ده‌توانین ئه‌مانه‌ش لابه‌رین . كاتى ئه‌وه‌یه‌ هه‌مو فه‌رمانبه‌رانى دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت و مامۆستایان ده‌ست به‌مانگرتن بكه‌ن و ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌درانه‌وه‌ ده‌ست بكرێـت به‌ خۆپیشاندانى هێمنانه‌و  ئه‌مه‌ش ڕێگا خۆش  ده‌كات بۆ ڕاپه‌ڕینێكى سه‌رانسه‌رى . هیچ چاره‌یه‌كى تر نییه‌ و ئه‌مانه‌ هه‌موو ڕێگاكانیان داخستوه‌. 
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ ئه‌م بارودۆخه‌ى قبوڵه‌ سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشى له‌ ئه‌وان ده‌كه‌م  كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌فتارمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن چونكه‌ ئێمه‌ شایه‌نى ئه‌وه‌ین هه‌ر ئه‌وانه‌ حاكممان بن . ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌مان  قبوڵ نییه‌  ده‌ى فه‌رمون با هه‌مومان ڕاپه‌ڕین له‌ یادى ڕاپه‌ڕیندا . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە