قۆتاغى دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران
Wednesday, 17/11/2021, 10:04
دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە 10/10/2021 ، ئەگەر بە وردى سەرنج بدەین گۆڕانکارى گەورە ڕویدا لە گۆڕەپانى سیاسى عێراقدا بە گشتى .
لەسەرئاستى عێراق بێ هەرێمى کوردستان
هەموو هەموو ئەو لایەن و گروپانەى سەر بە ئێران بون دەنگى زۆر کەمیان هێنا . بەو هۆیەوە ڕازى نەبون بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و لە ئەنجامدا خەڵکیان هێنایە سەرشەقام و کوژاراو برینداریشى لێکەوتەوە . دواى ئەوە لە ڕێگاى 3 درونەوە بەشێکى ماڵەکەى مستە کازمى وێران کراو چەند پاسەوانێکى بریندار بون .
ئەم هێرشەى سەرماڵى سەرۆکى حکومەت خرایە ئەستۆى گروپە شیعەکانى سەر بە ئێران . دواى ئەوە فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران ئیسماعیل قائانى بە پەلە هاتە بەغداو داواى لەو گروپە ناڕازیانە کرد کە ڕازیبن بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان . موقتەدا سەدر دەنگى یەکەمى هێناو یەکێکە لەوانەى زۆر پابەند نییە بە بڕیارەکانى ئێرانەوە . لە ئێستادا جۆرێک لە پشێوى لەناوماڵى شیعەدا دروست بوە .
هەر بەو هۆیەشەوە ئیسماعیل قائانى سەردانى هەولێرو سلێمانى کرد و داواى لە یەکێتى و پارتى کرد خۆیان بەدوور بگرن لە کێشەکانى ناو گروپە شیعەکان . ئێران ترسى ئەوەى هەیە موقتەدا سەدرو کوردو سوننەکان حکومەتى زۆرینە پێک بهێنن و گروپەکانى سەر بە ئێران دوور بخەنەوە لە مەرکەزى بڕیار . ئەگەر سەرنج بدەى دواى کوژرانى قەرماندەى قەیلەقى قودسى پێشوى سوپاى پاسداران گروپە شیعەکانى سەر بە ئێران زۆر پەیەند نین بە بڕیارەکانى ئێرانەوەو بەبێ ئاگادارى ئەوان هەڵس و کەوت دەکەن و ئەوەش لە بەرژەوەندى ئێران نابێت .
عەلى سیستانیش گەورە مەڕجەعى شیعەکان کە بەفەرمانى خۆى حەشدى شەعبى پێک هێنراوەو بە دووریش نازانرێت لە ئێستادا پەشیمان بێت لەو بڕیارەى بەڵام ناشیەوێت بڕیارێکى تازە دەرکات بۆ ئەوەى تێکەڵاوى سوپایان بکاتەوە . پێدەچێت ترسى هەبێ بە قسەى نەکەن و ئەوەش بۆ ئەو دەبێتە کارەسات .
ئەگەر کاریش ئاوا بڕوات و ئەم گروپانە پابەند نەبن بەبڕیارەکانى سوپاوەو سەربەخۆ کار بکەن و کۆنتڕۆڵ نەکرێن ،هیچ بەهایەک بۆ حکومەت نامێنێتەوەو ڕێک عێراقیش وەکو لوبنانى لێدێت بەدەست ئەم گروپە شیعانەوە . هۆکارى پابەند نەبونى ئەوگروپە شیعانە بە بڕیارەکانى حکومەتەوە زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارەیەکى زۆریان کەوتۆتە بەردەست و ئاسان نییە دەست بەردارى ئەو پاروە چەورە ببن کە کەوتۆتە بەردەستیان .
لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان
گۆڕانکارى زۆر گەورە لە لەسەر ئاستى حیزبەکانى هەرێمى کوردستان ڕویدا . ئەوەى زۆر گرنگە ئاماژەى بۆ بکەین ئەوەیە ڕێژەى دەنگدان زۆر کەم بوەو لە سەدا 25 بۆ 30 زیاتر نەبوە . بزوتنەوەى گۆڕان هیچ کورسییەکى بەدەست نەهێنا .
یەکێتى هەم دەنگەکانى و هەم کورسیەکانى کەمى کرد . کۆمەڵى ئیسلامی و یەکگرتوى ئیسلامیش لە پاشە کشەدان .پارتى دەنگەکانى کەمى کرد بەڵام کورسیەکانى زیادى کرد . نەوەى نوێ دەنگى زۆرى بەدەست هێناو لە ئەنجامدا 9 کورسى بەدەست هێنا . ئەوەى زۆر گرتگە لێرەدا ئاماژەى بۆ بکەم ئەمەیە :
1-ئەم هەڵبژاردنە هیچ دەسکەوتێکى تایبەتى بۆ بەرژەوەندى گشتى هەرێمى کوردستان فەراهەم ناکات . تەنها ئەوەیە کۆمەڵێک خەڵک دەبنە ئەندامى پەڕلەمان و هەندێکى تریش پۆستى حکومى وەردەگرن و ئەوەش تەنها بۆ بەرژەوەندى خۆیانە .هەر لە ئێستاوە دیارە پەرتەوازەییەکى بەرچاو بە نێو ماڵى کوردەوە دیارەو هەرگیز ناتوانن بە یەکگرتویی بچنە بەغداو بەرگرى لە مافەکانى کورد بکەن .
ئایندەى هەرێمى کوردستان دواى هەڵبژاردن
پێش ئەوەى باسى ئەگەرى گۆڕانکاریەکانى گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان بکەین ، دەمەوێت بە کورتى سەرنج و تێڕوانینى خۆم سەبارەت بە حیزبەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕم .
1-بزوتنەوەى گۆڕان : بزوتنەوەى گۆڕان لە ماوەى مێژویەکى کورتى 11 ساڵێدا گەشەى باشى کرد ، بوو بە جێگاى موتمانەى خەڵک و ترسێکى زۆر بۆ سەر دەسەڵاتى پارتى و یەکێتى دروست کرد . بەڵام لەبەر ئەوەى لەو ئامانجانە لایدا کە لەپێناویدا دروست ببو، لەم هەڵبژاردنەدا هاتە سەر خاڵى سفر . بە بۆچونى من بزوتنەوەى گۆڕان جارێکى تر هەڵناستێتەوەو ناتوانێت بە قاچى خۆى بڕوات .
ئەگەر بشمێنێت ، دەچێتە ڕیزى کۆمپانیا بازرگانیە حیزبەکانى وەکو سوسیالیست و زەحمەت کێشان و شیوعى و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پڕۆسەى سیاسى و حوکمڕانى هەرێمى کوردستان نامێنێت و دەبنە پاشکۆى حیزبە باڵا دەستەکان . ئەگەر بەم شێوەیەى ئێستاش بمێننەوە ، تەنها زیان بە پڕۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان دەگەیەنن . بۆیە باشتر وایە بەبەیانێک خۆیان حەل کەن .
2- حیزبە ئیسلامیەکان : ئەگەر بە وردى سەیرى مێژوى حیزبە ئیسلامیەکان بکەین لە دروست بونیانەوە تا ئێستا ئەگەر چى ناو بەناو لە حوکمڕانیشدا بەشدار بون بەڵام نەیان توانیوە کاریگەرییەکى کارایان هەبێت لە گوڕینى پڕۆسەى سیاسى و حوکمڕانیدا .
بەزۆرى لە پەڕلەماندا بونیان هەبوە ، پەڕلەمانیش لەسەر بنەماى زۆرینەو کەمینە بڕیارەکانى دەدات . لەبەر ئەوەى ئەمانیش کەمینەن و یەکگرتوو یەک دەنگیش نەبون ، نەک هیچ بڕیارێک بە ویستى ئەوان نەدراوە ، ئەندام پەڕلەمانەکانیشیان لە پەڕلەمان دەردەکەن . کەواتە بون و نەبونیان لە پەڕلەمان وەکو یەکە .
بۆیە ئەوانیش لە ئێستادا لە بازنەیەکى بچوکى داخراودا قەتیس ماون و دەنگى کۆمەڵ یەکگرتوو ناو بەناو گۆڕانیان بەسەردا دێت لە بابەتى یارى مارو پەیژە . بە بۆچۆنى خۆم حیزبە ئیسلامیەکانیش تەمەنیان سەربەرەو خوار بۆتەوەو لەم بارودۆخەى ئێستادا نەک ناتوانن هەنگاو بەرەو پێشەوە بهاوێن ، پاشەکشەى زیاتریش دەکەن .
3-نەوەى نوێ لەم هەڵبژاردنەدا کێرڤى بەرەو هەڵکشان چوە. دەنگى باشى هێناوە و بۆتە خاوەنى 9 کورسى پەڕلەمانى عێراق . بەو هۆیەوە جۆرێک لە لوت بەرزییان پێوە دیارە . بە بۆچونى من لە خولى داهاتوى پەڕلەمانى کوردستانیش دەنگى زۆر دێنێـت . بەڵام دواجار حاڵى لە حاڵى ئێستاى بزوتنەوەى گۆڕان خرابتر دەبێت و لەوانەیە هەر بە یەکجاریش نەمێنێت. نەوەى نوێ لەسەر هیچ بنەمایەکى فکرى و سیاسى دروست نەبوەو خاوەى هیچ ستراتیجێک نیە حیزبى تاکە کەسێکەو خەڵک لە ڕقى یەکێتى و پارتى دەنگى پێداون .
4- یەکێتى نیشتمانى کوردستان : یەکێتى نیشتمانى خاوەنى مێژویەکى پڕ لە سەروەرییە . خاوەنى شۆڕشى نوێیە دواى ئاشبەتاڵ . خاوەنى ڕاپەڕێنە . خاوەنى دەریایەک لە خوێنى شەهێدە . بەڵام دواى کۆنگرەى چوار و داهێنانى سیستەمى هاوسەرۆکى بۆ بەڕیوەبردن و سەرکردایەتى کردنى یەکێتى ، هەموو مێژوى یەکێتیان سڕیەوەو هێنایانە سەر خاڵى سفر . لە جیاتى گۆڕانکارى و گەشە پێدانى یەکێتى دیاردەى ژەهراوى کردنى یەکتریان داهێنا و ئابڕوى مێژووى یەکێتیان برد . ڕێزەکانى یەکێتى تێک دراوە . زوربەیان بونە نەیارى یەکترى و لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامى ئەوە دەرکەوت و ئەمەش کارەساتە بۆ یەکێتى .لە ئەنجامى ناکۆکیەکانى ناو یەکێتى ، کەسانى وا بۆتە ئەندامى سەرکردایەتى ، بۆ حوشترەوانیش دەست نادات . بە بۆچونى من لێرە بەدواوە یەکێتیش لەپاشە کشەى بەردەوامدا دەبێت چونکە لەوە ناچێت جارێکى تر دوو هاوسەرۆکەکە بتوانن بە یەکەوە کار بکەن .
ئەگەر ئەوەش نەکرا بەردەوام یەکێتى بەرەو کەرتبون و لێکترازان دەچێت و خەڵک ئومێدى بە یەکێتى نامێنێت و پاشەکشەى لێدەکەن . لەم کاتەدا کە جۆت ئامۆزاو جۆت هاوسەرۆک ناکۆکن دیاردەیەک کە مێژویەکى کۆنى هەیە لەناو حیزبەکاندا لە کاتێکى وەکوئێستاى یەکێتیدا ، کۆمەڵێکى ناو حیزب دەبنە بازرگانى ئەو ناکۆکیانەو ئەمبەرو ئەوبەر دەکەن بۆ بەدەستهێنانى پارەو بەرپرسیاریەتى و سەیارەو ئەرزو زۆر بەرژەوەندى تر .
لە ئێستادا یەکێتى بۆتە کۆمپانیایەکى بازرگانى و ئەوانەى لەناو حیزبەکەدا ماونەوەو دەمێننەوە ، لە خۆشەویستیانەوە نییە بۆ حیزبەکە ، بەڵکو بۆ بەدەست هێنانى بەرژەوەندییە، یان بۆپاراستنى ئەو هەموو سامانەیە کە بە ناشەرعى کۆیان کردۆتەوە . دواجار ئەم دیاردەیە دەبێتە مۆرانەو ڕیزەکانى حیزب دادەڕزێنێـت و بەرەو نەمانى دەبات و جێی موتمانەى جەماوەریش نامێنێت .
ئێستا یەکێتى لەم قۆناغە مەترسیدارەدایە . بۆیە بە بۆچونى خۆم واى دەبینم یەکێتیش ئەستێرەى بەختى لە کزیدایەو ئەوەى کە تۆزێکیش تەمەنى یەکێتى درێژ دەکاتەوە دوو هۆکارە . یەکەم : خاوەنى هێز و پارەیە . دووەم : بارودۆخى ئیقلیمى ناوچەکە یارمەتیدەرە بۆ درێژکردنەوەى تەمەنیان بەڵام بارودۆخى سیاسى بەردەوام لەگۆڕاندایەو هەرگیز بەم سیاستەى ئیستایانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە دۆخى ڕابوردویان . ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەمجارەو دەنگ نەدانى خەڵک بۆ یەکێتى ، ئەو بۆچونانەى سەرەوەم پشت ڕاست دەکاتەوە .
5- پارتى دێمۆکراتى کوردستان : ئەگەرچى لەم هەڵبژاردنەدا پارتى کورسى زیاترى لە جارى پێشو هێناوەو بۆتە شۆڕە سوارى مەیدان ، بەڵام ئەگەر ئەمە مایەى خۆشحاڵى بێت بۆ پارتى ، مایەى نیگەرانی و بێ ئومێد بونە بۆ ئایندى هەرێمى کوردستان .
پارتى زیاتر خۆى لێبایی دەبێـت و هەموو هەوڵەکانى بۆئەوە دەبێـت دەست بگرێت بەسەر کۆى ەسەڵاتى سیاسى و داهاتى کوردستان . هەرچەندە ئێستاش هەرپارتى حوکمڕانى ڕاستە قینەیەو یەکێتیش بەحاڵ بەشدارە . بەڵام ئەگەر هەموو شتێک بچێتە دەستى پارتى ئەوەندەى تر ئەم وڵاتە وێران دەبێت .
ئەم بۆچونەم لە ڕوانگەى ڕقەوە نییە و خۆزگە هەموو شتێک پێچەوانەى بۆچونەکانم دەبوو . ئەم حیزبە تەنها ئەو شوێنانە بە کوردستان دەزانێت کە لە ژێر دەستى خۆیدایە. بۆ ڕاستى بۆچونەکەم تەنها 3 نمونەتان بۆ دەێنمەوە :
یەکەم : حکومەتى عێراق دواى ڕیفڕاندۆمە شومەکەى مەسعود بارزانى و لە دەستدانى کەرکوک و نیوەى زیاترى خاکى کوردستان ، عێراق ئامادەبوو پارێزگارى کەرکوک بدات بە کورد . بەڵام لەبەر ئەوەى پاڕێزگارى کەرکوک پشکى یەکێتییە ، پارتى ڕازى نەبوو پارێزگارى کەرکوک بدرێت بە کورد .
لێرەش بە دواوە ئەگەر بۆى بکرێت هەر ڕازى نابێت و پێی خۆشە پارێزگارى کەرکوک هەر عەرەب بێت و تەعریبیش بەردەوام بێـت ، بەڵام پارێزگارێکى کوردى سەر بە یەکێتى لەوێ نەبێت . ئەوەتا لەم سەردانەى بافێڵ تاڵەبانى بۆلاى مەسعود بارزانى جارێکى تر باسى پارێزگارى کەرکوکو پۆستى سەرۆکى کۆمار هاتۆتەوە پێشەوە. لە قسەکانى مەسعود بارزانیدا کە بە بافێڵ تاڵەبانى دەڵێت : ئێوە تا ئێستا کێشەکانى ناوخۆتان یەکلا نەکردۆتەوە . ڕێک وەکو ئەوە وایە بڵێت تا بە تەواوى لاهورى شێخ جەنگى و لایەنگرانى بێدەسەڵات نەکەن ، ڕازى نابین پۆستى پارێزگارى کەرکوک و سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتى بن . خۆ ئەگەر کوڕانى تاڵەبانیش بەو مەرجە ڕازیبن ، ئەوە دەبێتە کارەسات بۆ ئایندەى یەکێتى و دواى ئەوە سەرەى دەرکردنى خۆیان دێـت لە پڕۆسەى سیاسیدا و وەکو مەلاو فەقێکانیان لێدەکەن . واتە بە کوڕانى تاڵەبانى لاهور لادەبەن . دوایی خۆشیان کوڕانى تاڵەبانى لە پڕۆسەى سیاسى وەدەردێن لە ڕێگاى سیاسەتى ( فرق تسد) ەوە .
دووەم: کۆیە لە ڕوى ئیداریەوە سەر بە هەولێرە ، بەڵام لە ڕوى حیزبیەوە سەر بە سلێمانییە . تا ئێستا ڕێگاى نێوان هەوڵیر و کۆیە نەکراوە بە جوت ساید، لە کاتێکدا باشترین ڕێگاو بانیان بۆ بەشەکوردستانى خۆیان دروست کردوە و کۆیە بە کوردستان نازانن .
سێیەم: لە نوسینى پێشوتریشمدا ئاماژەم بەوە کردبوو کە ئاشتى هەورامى واتە پارتى و بنەماڵەى بارزانى ئامادەبون بڕى یەک ملیار و سەد ملیۆن دۆلار کەرانە بدەن بە کۆمپانیاى داناغاز و ڕێگاى کۆمپانیاکە نەدەن سنوورى کارکردنى لەگەرمیان فراوان بکات .
پرسیار ئەمەیە : بۆچى ؟. بۆئەوەى داهاتى سنوورى یەکێتى زیاد نەکات و وەکو ئێستا ئەم زونە هەمیشە چاوى لە دەستى پارتى بێـت . ئەو بڕە پارەیەشیان خستە سەر قەرزەکانى تر . واتە بۆسەر شانى هاوڵاتیان . باشە حیزبێکى کوردى ئەمە بەرنامەو ستراتیجى بێت ، دەبێ هاوڵاتى کورد چ دڵێکى بە حوکمڕانى ئەم حیزبە هەبێت .
بەڵام لەگەڵ ئەوەى پارتى ژمارەى کورسییەکانى زیادى کردووە ، ژمارەى دەنگەکانى کەمى کردووە جگە لەوەى دەنگێکى زۆرى ئاوارەى سورى و هێزەکانى ڕۆژیش بە فرت و فێڵ هەر بۆخۆیان بوە . ئێستاش دواى ژماردنەوەى دەنگەکان بە دەستى دەنگۆى ئەوە هەیە لە هەولێر و موسڵ پارتى تەزویرى کردبێت و بەوهۆیەوە یەکێتى کورسیەک لە هەولێرو کورسییەکى تر لە موسڵ بهێنێت بەڵام تا ئێستا ئەوە بە تەواوى یەکلایی نەبۆتەوە . بەڵام ئەوە یەکلایی بۆتەوە کە پارتى هەرگیز واز لە ساختەکارى ناهێنێت لە هەڵبژاردنداو ئەو باڵا دەستییەى ئێستاشى هەر لە ڕێگاى ساختەکارییەوە بەەستى هێناوە .
کەواتە ئەگەر ژمارەى دەنگدەر بۆ حیزبەکان بکەینە پێوەر کۆى حیزبەکان دەنگەکانیان کەمى کردوە هەریەکەو بە ڕێژەى خۆى . ئەمەش ئاماژەیەکى ئاشکرایە بۆ ئەوەى کۆى حیزبەکانى کوردستان لە پاشەکشەدان و ئەستێرەى بەختیان بەرەو ئاوابون دەڕوات و پشتیوانى جەماوەریان لە دەست داوە .
خۆ ئەگەر مەسعود بارزانیش ماڵ ئاوایی لە ژیان بکات ، حاڵى پارتیش هاوشێوەى یەکێتى لێدێت. لەگەڵ هەموو رەخنەکانیشم لە جوت حیزبى دەسەڵاتدار ، بەڵام پەرتبونى حیزبەکان لە بەرژەوەندى هەرێى کوردستاندا نییەو خۆزگەى ئەمە پێچەوانە بوایەو تەبایی و یەکێتى ناوڕێزەکانى گەلى کورد بە هێز بکرایە ، بەڵام ئەمە نە ویستى یەکێتى و پارتیەو نە بە حەزى ئێمەش دێتە دى .
ئاخر ئەمە چ حاڵێکە هەڵبژاردن کراوەو کورد نوێنەرى دەبێت لە بەغدا بۆ داکۆکى لە مافەکانى کورد ، بەڵام پارتى بە جیا دەچێـت و یەکێتى بە جیا و نەوەى نوێش لوتى چۆتە ئاسمان و ئیسماعیل قائانیش پێیان دەڵێت بە یەکەوە بچن بۆ بەغدا لەبەر خاترى کورد نا ، بەڵکو بۆئەوەى ناوماڵى شیعە پەرت نەبێت .
هەموو ئەمەى لێرەدا نوسیومە ئاماژەن بۆ ئەوەى ئایندەى ئەم هەرێمە لە ژێر مەترسى گەورەى یەکێتى و پارتیدایە بە پلەى یەک و دواى ئەوە دەرو دراوسێ بە پلەى دووەم . سەرەڕاى ئەو هەموو سامان و داهاتەى هەرێمى کوردستان ، لەبەر نەبونى هەلى کارو خزمەت گوزارى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە لە ئایندەى ئەم هەرێمە بێ ئومێد بون و پۆل پۆل سەرى خۆیان هەڵدەگرن و بەرەو هەندەران کۆچ دەکەن . سەیرى هاوڵاتیانى کورد بکەن لە نێوان بیلاڕسیاو پۆڵۆنیا لە چ بارودۆخێکدان .
ئایا دروستەو ڕەوایە چیتر ئێمەى هاوڵاتى غەدر لێکراو بەوە ڕازیبین و ئاوا دەست بە کوڵاوى خۆمانە بگرێن و نەوەکانمان لە دەریاى ئیجە بخنکێن ؟. ئەگەر ئێمە چیتر بێدەنگ بین و ئەمەى ئێستا قبوڵ بکەین شەریکى تاوانەکانى ئەم دەسەڵاتەین .
هەرچى لە ڕابوردودا بە سەرمان هاتوەو ئەوەشى لەئایندەدا بەسەرمان دێت ئەم دەسەڵاتدارە تاڵان چیانە لێی بەرپرسن بۆیە کاتى ئەوە هاتوە پەردەى شەرم و بیدەنگى بدڕێنین و بەدەنگى بەرز هاوار بکەین ، ئیتر بەسەو چیتر لێتان قبوڵ ناکەین و کاتى ئەوەیە دەست بەردارى دەسەڵات بن . داواش لە خەڵک بکەین مانگرتن و خۆپیشاندانى گشتى و سەرانسەرى دەست پێ بکەن بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە لە پێناوى پاراستنى نەوەکانمان . لە نوسینى داهاتومدا باسى ئەوە دەکەم چی بکەین کە بۆخۆمان و داهاتوى نەوەکانمان باشبیت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست