کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌ڕله‌مانى كوردستان و بڕیارێكى هه‌ڵه‌و مه‌ترسیدار

Tuesday, 11/05/2021, 22:34


په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنى نا یاسایی ژماره‌ (1 ) ڕۆژى 6/1/2021 به‌ ده‌ركردنى یاساى ژماره‌ (1) ساڵى 2021 خۆى خستۆته‌ هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌و پڕمه‌ترسیداره‌وه‌ . به‌ پێى ئه‌و یاسایه‌ شه‌رعیه‌ت دراوه‌ به‌ تاڵان فرۆشى موڵك ماڵى ده‌وله‌ت له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌ هه‌موو ڕێنمایه‌ یاسییه‌كان . به‌ڵام به‌ پێیى یاسا موڵك و ماڵى ده‌وڵه‌ت ته‌نها به‌ بڕیارى ده‌سه‌ڵاتى تایبه‌تمه‌ند له‌ كاتى هاتنه‌دى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌فرۆشرێت یان به‌كرێ ده‌درێت به‌ مه‌رجێك له‌ بڕیاره‌كه‌دا جۆر و خه‌سڵه‌ت وبڕى ئه‌و موڵك و ماڵه‌ دیارى بكرێت كه‌بۆ فرۆشتن یان به‌ كرێدان دیارى بكرێت . خۆ ئه‌گه‌ر بڕیارى فرۆشتن یان به‌ كرێدان درا ده‌بێت : سه‌ره‌تا لیژنه‌ى خه‌مڵاندنى بۆ پێك بهێنرێت و ئیعلان بۆ فرۆشتن و به‌كرێدانى موڵكو ماڵى ده‌وڵه‌ت بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك شانسى ئه‌وه‌ى هه‌بێت به‌شدارى كێ بڕكێكه‌ بكه‌ن.
به‌ڵام كاره‌ساته‌كه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ماده‌ى (34) به‌شى دووه‌مى یاساكه‌ به‌ده‌ق هاتوه‌و ده‌ڵێت ( ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆى هه‌یه‌ له‌ كاتى پێویست بڕیار بدات به‌ فرۆشتنى موڵك و ماڵه‌ گوازراوه‌و نه‌گوازراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت یان به‌كرێدانیان به‌ده‌ر له‌وڕێكارانه‌ى له‌م یاسایه‌دا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه‌ . واته‌ له‌ ئێستادا سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و جێگره‌كه‌ى ده‌توانن ڕێك بكه‌ون و هه‌رچى ئه‌رزو ئاوى ئه‌م وڵاته‌ هه‌یه‌ بیفرۆشن و كه‌سیش بۆى نابێت نقه‌ى لێوه‌بێت چونكه‌ له‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌ شه‌رعیه‌تیان پێدراوه‌ . 
بۆ ئاگادارى هه‌موو لایه‌ك ئه‌م یاسا نوێیه‌ى په‌ڕله‌مانى كوردستان ده‌رى كردوه‌ هیچ جیاوازییه‌كى نییه‌ له‌گه‌ڵ یاسا كۆنه‌كه‌ى ژماره‌ ( 32)ساڵى 1986 سه‌رده‌مى حوكمى به‌عس ته‌نها زیادكردنى ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ناوى هه‌موار كردنى یاساى ( 32) لێ نه‌نراوه‌ و به‌یاسایه‌كى نوێ ده‌ركراوه‌ !!.
جه‌ماوه‌رى خه‌ڵك كوردستان ، ڕۆشنبیران ، خه‌مخۆرانى ئه‌م وڵاته‌ هه‌مومان ئاگادارین و باش ئاگادارى بارۆدۆخى هه‌رێمى كوردستانین . ئه‌وه‌تا به‌ئاشكراو به‌ به‌رچاوى هه‌مومانه‌وه‌ سامانى ئه‌م وڵاته‌ له‌ لایه‌ن جۆت ده‌سه‌ڵاتى پارتى و یه‌كێتى ، كۆى سامانى ئه‌م وڵاته‌ به‌  تاڵان ده‌به‌ن و به‌ به‌هانه‌ى نه‌بونى پاره‌وه‌ موچه‌كانمان بۆپاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ن و ئێستاش به‌ لێبڕینه‌وه‌  موچه‌ى هاوڵاتیان ده‌ده‌ن ، له‌ كاتێكدا ته‌نها داهاتى نه‌وت زۆر زیاتره‌ له‌ كۆى موچه‌ى موچه‌ خۆران . 
له‌ كاتێكدا سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هایان نییه‌و به‌ پێیى یاسا بۆیان نییه‌ هیچ بڕێارێك بده‌ن بۆ فرۆشتنى موڵكو ماڵى ده‌وڵه‌ت به‌ ده‌ر له‌ ڕێنماییه‌ یاساییه‌كات ، هه‌رچى زه‌وى باش هه‌ی به‌ ئاره‌زوى خۆیان ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرن و به‌ناوى كۆمپانیاى وه‌همیه‌وه‌ بۆ خۆیانى ده‌به‌ن هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵك هاوار ده‌كات و به‌شێك له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانیش به‌دوادا چون بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، به‌ڵام كه‌س نییه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌و گوێ به‌قسه‌ى كه‌سیش ناده‌ن ، چونكه‌ ببڕو بكوژ هه‌ر خۆیانن . 
ئه‌ى كه‌واته‌ لێره‌ به‌دواوه‌ ده‌بێ چى بكه‌ن كه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌ یاسا ده‌سه‌ڵاتى پێدابن به‌ ئاره‌زوى خۆیان موڵك و ماڵى ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ر له‌ ڕێنماییه‌كان بفرۆشن یان بۆخۆیانى ببه‌ن . لێره‌ به‌ دواوه‌ یه‌كێتى له‌ سنورى خۆیی و پارتیش له‌ سنوورى خۆى بێترس ئه‌وه‌شى ماوه‌ حه‌په‌لوشى ده‌كه‌ن . ئه‌گه‌ر 200 دۆنم زه‌وى به‌ یه‌ك دینارى قه‌ڵب بفرۆشن یان بیده‌ن به‌ كۆمپانیاكانى نزیك له‌ خۆیان ، كه‌س ناتوانێت پرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكات ، چونكه‌ په‌ڕله‌مانه‌كه‌ى به‌ناو نوێنه‌رى هاوڵاتیان ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى پێ داون .
ئه‌م یاسا تازه‌یه‌ له‌ 18 ى ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و دوو مانگ به‌سه‌ر ده‌ركردنێدا تێده‌په‌ڕێت . ئه‌گه‌ر به‌ نمونه‌ شارى سلێمانى بهێنمه‌وه‌ هێشتا ئه‌م یاسایه‌ نه‌خراوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ده‌بینى هه‌رچى زه‌وى باش و به‌نرخ هه‌یه‌ ده‌ستى به‌سه‌ر دا گیراو ئه‌وه‌تا  ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ باسى فرۆشتنى قوتابخانه‌كان و فرۆشتنى خه‌سته‌خانه‌ى فێركارى و بیناى مه‌حكه‌مه‌ى كۆن ده‌كرێت به‌ كه‌رتى تایبه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ شوێن ئه‌و زه‌ویانه‌ى بۆ باخچه‌ش دیارى كراون ، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ . به‌نزینخانه‌ى چاڵه‌كه‌ نزیك دادگاى سلێمانى دوڕیانى سه‌رچنار بڕیار وابو بكرێـه‌ باخچه‌ بۆ جوانكردنى شاره‌كه‌ ، ئه‌وه‌تا خه‌ریكن تاوه‌رى نیشته‌جێبونى لێدروست ده‌كه‌ن . به‌ سه‌دان پارچه‌ زه‌وى به‌بێ ئیفڕاز هه‌وایی دابه‌ش كراون.  له‌ ڕاپۆرتێكى تایبه‌تدا باسى زیاده‌ڕه‌ویه‌كانى ناو شارى سلێمانى ده‌كه‌م و گومانیشم نییه‌ ئه‌وه‌ى له‌ سنوورى پارتى كراوه‌و ده‌كرێـت دوو ئه‌وه‌نده‌ى سنوورى یه‌كێتییه‌ ، بۆ داهاتوش خوا ڕوحم به‌ هه‌مومان بكات و ئه‌گه‌ر بێده‌نگ بین خۆشمان ده‌فرۆشن .
داواكارم له‌ هه‌موو لایه‌ك  به‌ زوترین كات بێنه‌ ده‌نگ و  داوابكه‌ن ماده‌ى ( 34) له‌یاساكه‌ لابه‌رن كه‌ به‌ پێى ئه‌و ماده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌ها دراوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ تاڵان فرۆشى  مومته‌له‌كاتى  حكومه‌ت بكه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شێنرێـته‌وه‌ . ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بێده‌نگ بێت ، دواجار كه‌سیش حه‌قى گله‌یی نابێت و ماناى وایه‌ هه‌موان ڕازین به‌ براگه‌وره‌یی ئه‌وانه‌ . دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ زوربه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان خۆشیان ئاگادارى مه‌ترسى ده‌ركردنى ئه‌م یاسایه‌نین و ڕه‌نگه‌ ده‌ركیان پێ نه‌كردبێت و كڵاویان چوبێته‌سه‌ر . پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مانى پارتى و یه‌كێتى به‌ زۆرینه‌ش ئه‌ویاسایه‌نه‌یان تێپه‌ڕاندبێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حیزبه‌كه‌یان ، ئه‌ى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مانى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و نه‌وه‌ى نوێ بۆچى هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ كیان نه‌بوه‌و بێده‌نگ بون . ئه‌ى باشه‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانانه‌ى به‌رده‌وام به‌دواى زیاده‌ڕه‌ویه‌كانه‌وه‌ن و ڕاپۆت ده‌نوسن، بۆچى نه‌هاتنه‌ ده‌نگ ؟. ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زوربه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان ئاگادارى مه‌ترسى ئه‌و بڕیاره‌ نه‌بون كه‌ خۆیان ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌ ده‌ركردنى . یان ئاگادار بون و گوێرایه‌ڵى حیزبه‌كانى خۆیان كردوه‌.
ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌و شایانى باسه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ى بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌:
ئایا ئه‌م یاسایه‌ى په‌ڕله‌مان ده‌رى كردوه‌ به‌ حوكمى زۆرینه‌و كه‌مێنه‌ په‌سندكراوه‌ ، یان به‌سه‌ریاندا تێ په‌ڕیوه‌؟
ئه‌گه‌ر به‌ حوكمى زۆرینه‌و كه‌مینه‌ په‌سند كرابێت ، ئه‌وه‌ كاره‌ساتێكى زۆر گه‌وره‌یه‌ . 
ئه‌گه‌ر به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیبێت ئه‌وه‌ كاره‌ ساته‌كه‌ زۆر گه‌وره‌تر و ترسناكتره‌ . ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌ بیڵێم ئاماژه‌ كردنه‌ به‌ قسه‌ى براى خۆشه‌ویستم كاك ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى كه‌ خۆشى هه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌ كه‌ باسى نۆبه‌ گاڕان و په‌ڕله‌مانى كردبوو به‌ڕاستى نازانم ده‌قى قسه‌كه‌ى چۆن بوه‌و به‌ به‌ هه‌ڵه‌ به‌ ناوى ئه‌وه‌وه‌ قسه‌ نه‌كه‌م ، به‌ڵام خۆم ده‌ڵێم:
 تا ئه‌و كاته‌ى هه‌ڵبژاردن و دیارێكردنى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان به‌ پێی یاساى نۆبه‌گاڕانى  گونده‌كان بێت حاڵمان له‌ئێستا باشتر نابێـت و لێره‌ش به‌دواوه‌ سه‌د كه‌لاوه‌ به‌ پۆلێك ده‌كڕیت. با هاوڵاتیان باش بیر بكه‌نه‌وه‌و كه‌مێك بێنه‌وه‌ هۆش خۆیان كێیان كردۆته‌ نوێنه‌رى خۆیان و له‌ داهاتوشدا ده‌بی َده‌نگ به‌ كێ بده‌ن و وه‌كو ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌ به‌ هه‌ڵه‌یاندا بردم خوا بیانگرێت و حه‌قى منیان لێ بكاته‌وه‌ . خۆ ئه‌گه‌ر جارێكى تر به‌ هه‌ڵه‌یاندا بردم خوا خۆم بگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە