یه‌كێتى و پارتى دوو ڕ‌وى یه‌ك دراون
Saturday, 20/02/2021, 19:45
چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر خۆپیشاندانى هاوڵاتیان له‌شارو شاۆچكه‌كانى ده‌ڤه‌رى سه‌وز ده‌ستى پێكرد و داواى موچه‌و ئه‌نجامدانى خزمه‌ت گوزارى و سزادانى ئه‌وانه‌ى كه خه‌رێكى كارى گه‌نده‌ڵى و دزینى سامانى هاوڵاتیانن . خۆپیشانده‌ران له لایه‌ن ئاسایش و پۆلیس و هێزى پێشمه‌رگه‌وه په‌لاماردران .له ئه‌نجامدا 7 هاوڵاتى له كفرى و ته‌كیه‌و سه‌ید سادق شه‌هید كران و له ژێر هه‌ڕه‌شه‌و لێدان و گرتن و سوكایه‌تى پێكردن ، كۆتاییان به خۆپیشاندانه‌كان هێنا .
له سنورى پارتى زۆر به‌ده‌گمه‌ن خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌درێت . له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه خه‌ڵكى ئه‌وێ ڕازین له ڕه‌فتاره‌كانى پارتى ، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه به جۆرێك ترسیان خستۆته دڵى خه‌ڵكه‌وه‌و خه‌ڵكیان تۆقاندوه خه‌ڵك ناتوانێت هیچ جوڵه‌یك بكات .
زیندانه‌كانى پارتى پڕن له خه‌ڵك هه‌ر كه‌سێك كه‌مترین ناڕه‌زایی ده‌ربڕیـَت خێرا به به‌هانه‌ى تیرۆر و جاسوسى و په‌یوه‌ندى به په‌كه‌كه‌وه ده‌یخه‌نه ژێر ئه‌شكه‌نجه‌و ده‌یخه‌ن كونى زیندانه‌وه . تا ئێستا چه‌ندین كه‌سیان به ئاشكرا كوشتوه له ژێر لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دا . هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ى پێش‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كى یه‌كێتیان شه‌هید كرد به به‌هانه‌ى ئه‌وه‌ى بازرگانى به ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه كردوه . ئه‌وه‌تا ئێستا كادیرێكى تر‌ى یه‌كێتیان له زاخۆ گرتوه به‌ناوى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌په‌كه‌كه‌وه هه‌یه .
له ماوه‌ى چه‌ند مانگى ڕابوردوشدا له ئه‌نجامى ئه‌وه‌ى له دهۆك و چه‌ند شوێنێكى تر خۆپیشاندان كرا و داواى موچه‌و ئازادیان ده‌كرد ژماریه‌كى زۆر له ڕۆژنامه‌نوس و چالاكاكه‌وانیان گرت له‌وانه شیروان شیروانى و مامۆستا به‌ده‌ل به‌روارى . له ئێواره‌ى ڕۆژى 15/2/ 2021 شارى هه‌ولێر كه‌وته به‌رهێرشى چه‌ندین موشه‌كه‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه ئاسایشى شاره‌كه شێواو چه‌ندین كه‌س بریندار بون و كه‌سێكیش گیانى له ده‌ستدا و سه‌ربازێكى ئه‌مه‌ریكیش بریندار بوو . ئه‌مه ڕوداوێكى زۆر سه‌رنج ڕاكیش بوو ،به‌و هۆیه‌وه هاوپه‌یمانانى دژى داعش هاتنه سه‌رخه‌ت و هاو خه‌مى و خۆیان بۆ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ربڕى و ده‌ست به‌جێ داوایان له حكومه‌تى عێراقى كرد لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنن بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و كاره تیرۆریستییه كه ویستویانه ئاسایشى شارى هه‌ولێرو هه‌رێمى كوردستان تێك بده‌ن .
ده‌توانین بڵێن ئێستا هاوپه‌یمانان بونه به‌رگریكار له هه‌رێمى كوردستان . خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌یوایه چه‌ند ساروخێكى تر بته‌قێنرایه ، ئێستا سه‌رانى بناماڵه‌ى بارزانى له ته‌یاره‌دا ده‌بون بۆ لاى ئه‌ردۆغان وه‌كو چۆن له كاتى هاتنى داعشدا بۆ مه‌خمور بنه‌ماڵه‌ى بارزانى خۆیان پێچابۆوه بۆ ڕاكردن و دواجار ئیران فلمیشى له‌سه‌ر ده‌ركردن . هێزى پارتى ڕێوین به‌رامبه‌ر دوژمن و شێرن بۆ شه‌هید كردنى خه‌ڵكانى وه‌كو سه‌رده‌شت عوسمان .
له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا كه ئه‌و ڕوداوه سه‌رنجى هه‌مووخه‌ڵكى كوردستان و ناوچه‌كه‌و جیهانیشى بۆلاى خۆى ڕاكێشاوه و هه‌ر یه‌ك به جۆرێك هاوخه‌مى خۆى ده‌رده‌بڕێت و به جۆرێك بیرى لێ ده‌كاته‌وه‌و لایه‌نێك تۆمه‌تبار ده‌كات .
سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به په‌رۆشه‌وه سه‌یرى ئه‌وڕوداوه ده‌كه‌ن و نیگه‌رانى خۆیان ده‌رده‌بڕن ، له برى ئه‌وه‌ى پارتى لاپه‌ڕه‌یه‌كى تازه‌بكاته‌وه‌و هه‌وڵى ئاشته‌وایی گشتى بدات و حكومه‌تى هه‌رێم به یه‌كگرتویی نیشان بده‌ن له‌به‌رده‌م دۆست ودوژمن حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى بڕیارى دادگایی كردنى ئه‌و گیراوانه‌ى دا كه چه‌ند مانگێك پێش ئێستا له ده‌ڤه‌رى بادینان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدابوو بۆ ئه‌وه‌ى موچه له كاتى خۆیدا وه‌رگرن و ئازادیان هه‌بێت .
گیراوه‌كان تۆمه‌تى سیخوڕ‌ى و ئاژاوه‌گیڕى و ئاماده‌كارى بۆ هێرش بردنه سه‌ر قونسلخانه‌كانیان دراوه‌ته پاڵ . هه‌ر كاتێك پارتى بیه‌وێت خه‌ڵك زیندانى بكات یان سزایان بدات ، سیناریۆى ئاماده‌كراویان هه‌یه بۆ سزادانه‌كه.
سه‌رۆكى حكومه‌ت پێش وه‌خت خۆى بڕیاره‌كه‌ى دابوو چونكه وتبوى ، ئه‌وانه رۆِژنامه نوس نین و جاسوس و تێكده‌رن بۆ ئه‌وه‌ى به یاساى ڕۆژنامه‌وانى دادگایی نه‌كرێن . له ڕاستیدا ئه‌م لێدوانه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو به بڕیارى دادگا و دادوه‌ره كۆیله‌كانى سه‌ر به پارتیش بریاره‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تیان خوێنده‌وه‌و 5 كه‌س له گیراوه‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان به 6 ساڵ زیندانى حوكمدران .
سه‌رده‌شت عوسمان به بڕیارى كێ گیراو به بڕیارى كێ شه‌هید كرا، ئه‌مانه‌ش هه‌ر به بڕیارى ئه‌وانه حوكم دران به‌ڵام له ڕێگاى دادگاى پارتییه‌وه . شێوازى دادگایی كردنه‌كه هیچ عه‌داله‌تێكى تێدا نه‌بوه‌و كۆى كێشه‌كه به سیاسى كراوه و ته‌نانه‌ت باسى ئه‌وه ده‌كرێت هه‌ڕه‌شه‌ى ته‌عداى شه‌ره‌ف له كه‌س و كارى گیراوه‌كان كرابێت . ئه‌مه‌ش دوو باره‌كردنه‌وه‌ى ڕه‌فتاره‌كانى به‌عسه. له ئه‌نجامدا ناڕه‌زایه‌تییه‌كى فراوانى له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى هه‌رێم و ڕێخراوه‌كانى مافى مرۆڤى جیهانى و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان لێكه‌وته‌وه .
سه‌یركه‌ن له‌م كاته‌دا كه هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو لایه‌كه‌وه كه‌وتۆته به‌ر مه‌ترسى، له برى ئه‌وه‌ى سه‌رنجى دنیا به‌لاى هه‌رێمدا ڕاكێشن ، پارتى خه‌ریكى سزادان و دادگایی هاولاتیانه ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌س زاتى ئه‌وه نه‌كات نه‌ك خۆپیشاندان بكات ، به‌ڵكو فزه‌ش نه‌كات . ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵك داواى موچه‌و ئازدادى ده‌كات ، 6 سال َحوكمیان ده‌ده‌ن ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له 17ى شوباتى ساڵى 2011 چه‌ندین كه‌سیان له‌به‌ر ده‌مى لقى چوارى پارتى له سلێمانى شه‌هید كرد ، تا ئێستا سزا نه‌دراون .
سه‌یركه‌ن چۆن دوژمنان له هه‌موو لایه‌كه‌وه تێڵایان له هه‌رێمى كوردستان بڕیوه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانى كوردیش خه‌رێكى سزادانى هاولاِتیانى خۆیانن . توركیا نیوه‌ى بادینانى داگیر كردوه‌و پارتى خۆى پێش سوپاى تورك كه‌وتوه بۆ لێدانى په‌كه‌كه . به‌ڵام خه‌ڵك ده‌گرێت به بیانوى ئه‌وه‌ى دۆستى په‌كه‌كه‌ن و ئه‌وه به خیانه‌ت ده‌زانێت . شه‌نگال ڕاده‌ستى به‌غدا ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر داواى توركیا بۆ ده‌ركردنى په‌كه‌كه له شه‌نگال. سه‌یرى ڕاپۆرته‌كه‌ى ( یه‌هود ئێعرى ) نوسه‌رو لێكۆڵه‌ره‌وه‌ى ئیسڕائیلى بكه‌ن كه نوسیویه‌تى بارزانى له‌سه‌ر داواى توركیا ڕیفراندۆمى كرد بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه دابڕێنراوه‌كان له ده‌ست كورد‌و یه‌كیتیش بچن .
سه‌یر له‌وه‌دایه بۆ كه‌ركوك ده‌گرین ، بڵام تا ئێستاش ڕ‌ازى نه‌بون پارێزگارى كه‌ركوك بدرێت به كورد چونكه ده‌بو له پشكى یه‌كێتى بێت . دوو رۆژِ پیش هێرشه موشه‌كیه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر ڕاكان جبورى به‌ڕه‌سمى له لایه‌ن مسته‌فا كازمیه‌وه كرا به پارێزگارى كه‌ركوك . یه‌ك ڕۆژیش پێش هێرشه موشه‌كیه‌كه‌ى هه‌ولێر ، وه‌زیرى ناوخۆى به‌غدا هاته كه‌ركوك و كۆبونه‌وه‌ى داخراوى به به‌رپرسه‌كانى كه‌ركوك كرد . ئێستا پارتى زۆر دڵخۆشه كه پارێزگارى كه‌ركوك بۆ یه‌كێتى نه‌بوو .
ئێوه له پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى و ناكۆكیه‌كانى خۆتان هه‌رێمى كوردستانتان كردۆته شوێنى ته‌راتینى دوژمنان و ده‌یان بنه‌كه‌ى جاسوسییان تێدا كردۆته‌وه‌و له برى دژایه‌تى ئه‌وان خه‌رێكى سزادانى میلله‌ته‌كه‌ى خۆتانن . باشه ئه‌گه‌ر به‌یانى له به‌سره‌وه فه‌وجێك حه‌شدى شه‌عبى له ڕێگاى ئیرانه‌وه بهێننه شارباژێر و سلێمانى موشه‌ك باران بكه‌ن ، چیتان یپَده‌كرێت ؟.
هیچ لایه‌كتان خه‌مى موشه‌ك بارانه‌كه‌ى هه‌ولێرتان نه‌بێت . ئێستا ئه‌مه‌ریكا خۆى كردۆته به‌رپرسى ئه‌ودۆسیه، نه‌ك له‌به‌ر خاترى ئێوه‌و كورد . به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا خۆى لێره‌یه و نایه‌وێت بارودۆخه‌كه‌ى لێ تێك بچێت . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا پێویستى به هێزى ئێوه هه‌بوو، به چه‌ند ملیۆنه دۆلارێك هێزه‌كه‌تان لێ به‌كرێ ده‌گرێت و به‌لاشیه‌وه گرنگ نییه چه‌ند ده‌كوژرێن و بریندار ده‌بن ،گرنگ ئه‌وه‌یه خوێن له جه‌سته‌ى سه‌ربازێكى خۆى نه‌یه‌ت .
ئه‌گه‌ر یه‌كێتى وپارتى خۆیان به خاوه‌ن و خه‌مخۆرى ئه‌م هه‌رێمه بزانن ده‌بێ ئه‌وراستیه بزانن كه ئه‌و دادگاییه‌ى له هه‌ولێر به‌ڕیوه‌چو زۆر مه‌ترسیدارتره بۆ ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك له موشه‌ك باران كردنه‌كه . ئه‌و دادگاییى كردنه به‌و شێوازه به ماناى ئه‌وه دێت كه هیچ كه‌سێك له‌م هه‌رێمه ژیانى پارێزراو نابێت و كه‌سیش له خه‌مى ئه‌م وڵاته‌دا نابێت .ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ڕاست ده‌كات و خۆى له پارتى به خه‌مخۆرتر ده‌زانێت ، ئه‌گه‌ر پارتى ئه‌وحوكمه‌ى هه‌لأَ نه‌وه‌شانده‌وه ، با له حكومه‌ت بكشێته‌وه .
به‌ڵام به تاقیكردنه‌وه ده‌ركه‌وت كه نه یه‌كێتى و نه پارتى له خه‌مى میلله‌تدا نین . ئه‌م دوو حیزبه له پێناوى به‌رژوه‌ندى خۆیان و بنه‌ماڵه‌و به‌رپرسه‌كان و خزمه‌كانى خۆیان كار ده‌كه‌ن نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى گشتى . كه‌واته هه‌ردوك لا ڕ‌وى یه‌ك دراوى قه‌ڵبن و نرخیان لاى میلله‌ت نه‌ماوه . كاتیك به‌رژه‌وه‌نده تایبه‌تیه‌كانیان له گۆڕێدابێت ، ئاماده‌ن چاو له هه‌موو كه‌م و كورتییه كانى یه‌كترى بپۆشن .
یه‌كێتى دوو ڕۆژ پێش دادگاییى كردنه‌كه كۆبونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى خۆى كرد و داوایان كرد ئه‌و سزادراوانه ئازاد بكرێن چونكه به نایاسایی گیراون و كێشه‌كه‌یان به سیاسى كراوه . به‌ڵام پارتى بڕیارى خۆى دا‌و هیچ حسابى بۆ یه‌كێتى نه‌كرد . به حوكمى ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان به‌شدارن له حكومه‌تدا ، كه واته یه‌كێتى و گۆڕانیش ڕازامه‌ندن له سه‌ر ئه‌و بڕیارى حوكمه .
له كاتێكدا ئێوه به‌شداربن له حكومه‌تدا ده‌ركردنى به‌یاننامه له‌سه‌ر ئه‌و دادگایی كردنه چ نرخێكى هه‌یه، خۆ ئێوه ئۆپۆزسیۆن نین به‌یانناماى ناڕه‌زایه‌تى ده‌ركه‌ن و به‌شێكن له حكومه‌ت و ده‌بێ خاوه‌نى بڕیاربن . ئه‌گه‌ر ئێوه له‌ناو ئه‌م حكومه‌تدا هیچ نین ، بۆچى پیاوانه‌و به حه‌یاى خۆتانه‌وه له‌وحكومه‌ته ناچنه ده‌ره‌وه‌و خۆتان له‌و به‌رپرسیاریه‌ته به‌دوور بگرن .
من سه‌یرم له یه‌كێتى دێت كه خاوه‌نى سه‌ره‌وه‌رى هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شۆڕشى نوێ بوه . خاوه‌نى هێزێكى باش و له‌شكرێك شه‌هید و جه‌ماوه‌رێكى باشه و بۆچى به‌و شێوه‌یه بۆته كۆیله‌ى پارتى و به هه‌موو شتێكى ئه‌وان ڕازییه . سه‌یرى ئه‌مه بكه‌ن : به‌ناوپۆستى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه . به‌ڵام پارتى خۆى هێز ده‌باته زینوى وه‌رتى . وه‌زیرى به‌گرى توركیا دێته هه‌رێمى كوردستان ، به‌ڵام كۆبونه‌وه له‌گه‌لأ مه‌سعود بارزانى و نیچیر و مه‌سرور ده‌كات و وه‌زیرى پێشمه‌رگه به‌شدارى ئه‌و كۆبونانه‌وه نابێت .
خۆ پێش وه‌ختیش هه‌مومان ده‌مانزانى به‌رنامه‌ى هێرش كردنه سه‌ر په‌كه‌یان هه‌یه‌و ڕوداوه‌كه‌ى چیاى گاره ئه‌وه پشت ڕاست ده‌كاته‌وه . وه‌زیرى پێشمه‌رگه یه‌كیتییه به‌ڵام مه‌لامسته‌فاى كوڕى مه‌سعود بارزانى ده‌چێت ئاڵ و گۆڕ له هێزه‌كانى بارزاندا ده‌كات . وه‌كو ئه‌وه‌ى بارزان وڵاتێكى تربێت و خاوه‌نى هێزى خۆى بێت .
بیر بكه‌نه‌وه ئه‌م یه‌كێتییه چ دڵێكى به‌م به‌شداربونه له حكومه‌ته‌كه‌ى پارتیدا خۆشه ، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى له پشته‌وه نه‌بێت ؟. ئه‌گه‌ر وانییه چ كاتێك له ئێستا گونجاوتر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارى كشانه‌وه له حكومه‌ت بده‌ن و خۆیان بكه‌نه خاوه‌نى ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه ناڕازیه‌ى ئێستا هه‌یه به تایبه‌تى ناوچه‌ى بادینان . ئه‌گه‌ر یه‌كێتى وگۆڕان له حكومه‌ت بكشێنه‌وه هه‌موو به‌رپرسیاریه‌ته‌كه ده‌چێته ئه‌ستۆى پارتى به ته‌نها .
ئه‌و كات پارتى ڕوبه‌ڕوى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى ناوخۆش و ڕێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ و نه‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش ده‌بێته‌وه و به‌ته‌نها ده‌مێنێته‌وه . هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى له حكومه‌ت به ماناى كۆتایی هاتنى ژیانى سیاسى نابێت چونكه خاوه‌نى پێگه‌و هێزى خۆیه‌تى وبایه‌خ و گرنگى خۆى ده‌مێنێت لاى هاوپه‌یمامانان . من مه‌به‌ستیشم ئه‌وه نییه یه‌كێتى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پارتى بكات به‌ڵكو هه‌ڵوێستى هه‌بێت . باشه خۆ دنیا وێران نابێت یه‌كێتى هه‌نگاوێكى له‌و شێوه بنێت و خۆى تاقى بكاته‌وه ؟. دڵنیام قازانج ده‌كات و جه‌ماوه‌رى زیاتر ده‌بێت .
ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و گۆڕان ڕاست ده‌كه‌ن و خه‌ڵك ناخه‌ڵه‌تێنن به ده‌ركردنى به‌یاننانه‌و ده‌ربڕێنى هاوخه‌مى بۆ حوكمدراوه‌كان ، با له حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌و له‌گه‌َلأ لایه‌نه‌كانى تر به‌ره‌یه‌كى نیشتمانى بنكه فراوان پێك بهێنن بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتودا .
به‌دڵنیاییه‌وه گۆڕانكارى ئه‌رینى گه‌وره ڕوده‌دات و ئه‌و بارودۆخه سیاسیه چه‌ق به‌ستوه‌ى ئێستا له‌ئارادایه ، له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵ ده‌كێنرێت و بارودۆخێكى نوێ و قۆناغێكى نوێ دێته كایه‌وه . ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و گۆڕان هه‌ر به‌رده‌وام بن له حكومه‌تداو پارتى هیچ حسابێكیان بۆ نه‌كات ، هیچ ڕول َو بایه‌خ و نرخێكیان له گۆڕپانى سیاسى و ناو جه‌ماوه‌ردا نامێنێت .ئێوه هه‌ردوك لاتان داواى ئازاد كردنى گیراوه‌كانتان كرد ، به‌ڵام پارتى هیچ حسابێكى بۆ نه‌كردن و حوكمى دان . باشه له خۆتان ناپرسن : پارتى نه‌وتى هه‌رێمى هه‌ڕاج كردوه‌و ئیفلاسى به هه‌رێمى كوردستان كردوه ، له برى ئه‌وه‌ى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان بچێته‌به‌غدا بۆ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر بودجه كه هه‌موى په‌یوه‌ندى به دۆسیه‌ى نه‌وته‌وه هه‌یه ، بۆچى قوباد تاڵه‌بانى و ئاواتى شێخ جه‌ناب ده‌بنه كه‌واسوورى به‌ر له‌شكر؟.
ئه‌گه‌ر دادگاى ته‌میز حوكمى گیراوه‌كان هه‌ڵ نه‌وه‌شێنێته‌وه‌و یه‌كێتى گۆڕانیش له حكومه‌ت نه‌كشێنه‌وه ، به‌ماناى ئه‌وه دێت یه‌كێتى و گۆڕانیش ڕه‌زامه‌ندن به‌و حوكمه‌و ده‌ركردنى به‌یاننامه ته‌نها ده‌بێته سیناریۆى درۆ . به‌ڵام جه‌ماوه‌ر بێده‌نگ نابێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست