کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕانى دوێنێ و گۆڕانى ئه‌مڕۆ

Saturday, 26/12/2020, 0:11


له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت باسى ئه‌وه‌ بكه‌م بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ڕۆژى دروستبونیه‌وه‌ چى چاندوه‌و تا ئێستا چى دروه‌ته‌وه‌ ؟. واته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان چ به‌ڵێنێكى به‌ جه‌ماوه‌ر داو تا چه‌ند پابه‌ندى به‌ڵێنه‌كانى خۆى بوو. واته‌ جه‌ماوه‌ر چ چاوه‌ ڕوانییه‌كیان له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كرد بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش چ ده‌سكه‌وتێكى بۆ جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست هێنا؟. ئایا دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان لایه‌نى ئه‌رێنى زیاتر بوو یان نه‌رێنى ؟. له‌ ئه‌نجامى ئه‌م به‌راوردكاریانه‌ى كه‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆتانى ده‌نوسم ، وه‌ڵامى پرسیاره‌كانتان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
گۆڕانى دوێنى جێگه‌ى ئومێدى خه‌ڵك بوو ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ جێگه‌ى نه‌فره‌تى خه‌ڵكه‌. گۆڕانى دوێنى
پشتیوانى جه‌ماوه‌ر بوو ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ پشتى له‌ جه‌ماوه‌ره‌. گۆڕانى دوێنێ نوێنه‌رى جه‌ماوه‌ر بون ، گۆرانى ئه‌مڕۆ نوێنه‌رى نوخبه‌یه‌كى چاو چنۆك و خۆپه‌رستن. گۆڕانى دوێنى خۆى ئۆپۆزسیۆنێكى به‌هێز بوو ، گۆڕانى ئه‌مرۆِ له‌ به‌ره‌ى دژ به‌ ئۆپۆزسیۆن بوندایه‌. گۆڕانى دوێنى داواى گۆڕێنى سیسته‌مى حوكمڕانى ده‌كرد ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ پشتیوانى هه‌مان سیسته‌مى حوكمڕانى پێشو ده‌كات.
گۆڕانى دوێنى هه‌وێنى جۆشدانى جه‌ماوه‌ر بوو ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ ، دژى خۆپیشاندانه‌كانى جه‌ماوه‌ره‌ چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌ركوت كه‌ر. گۆڕانى دوێنى دژى به‌شداریكردنى حكومه‌ت بون ، گۆڕانى ئه‌مرۆِ لایه‌نێكى كاراى حكومه‌تن. گۆڕانى دوێنى ده‌یانگوت ده‌بی خه‌ڵكى شیاو له‌شوێنى شیاو دانرێت ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ شوێن بۆ خه‌ڵك ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ ڕازیكردنیان ، نه‌ك بۆ خزمه‌تى میلله‌ت. زه‌حمه‌ت نه‌بێ سه‌یرێكى ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ پۆستیان وه‌رگرتوه‌. ئه‌وكات ڕاستییه‌كانتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
گۆڕانى دوێنى پارتیش و یه‌كێتیش لێی ده‌ترسان ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ بۆته‌ ده‌سته‌مۆى هه‌ردوكیان. گۆڕانى دوێنى هه‌وێنى دروستبونى جوڵانه‌وه‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆنى به‌هێز بوو ، گۆڕانى ئه‌مرۆِ ڕۆحى ئۆپۆزسبونى مراند. گوڕانى دوێنى كارى ده‌كرد بۆ كاراكردنه‌وه‌ى حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ هه‌مویانى سوك كرد. گۆڕانى دوێنى دروشى دژى به‌ بنه‌ماڵه‌كردنى حیزبى به‌رز ده‌كرده‌وه‌ ، گۆڕانى ئه‌مرۆِ خۆشى بۆتى بنه‌ماڵه‌. گۆڕانى دوێنى له‌ ڕێگاى ئۆرگانه‌كانیه‌وه‌ بڕیارى ده‌دا ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ فه‌رمان به‌ ئۆرگانه‌كانى ده‌درێت چۆن بڕیار بده‌ن. گۆڕانى دوێنى خاوه‌نى كه‌سانى دڵسۆز و خۆبه‌خش بوو.گۆڕانى ئه‌مڕۆ خاوه‌نى كه‌سانى هه‌ل په‌رست و چاوچنۆك و خۆویسته‌.
گۆڕانى دوێنى سه‌ركرده‌كانى خاوه‌نى كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تى به‌رز بون له‌ بوارى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و هاوڕێیه‌تی و ڕێزگرتن له‌ یه‌كترى ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ خاوه‌نى كه‌سانێكه‌ خه‌رێكى قاچ بڕینه‌وه‌ى یه‌كترین له‌پێناوى ده‌سكه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا. گۆڕانى دوێنى به‌شدارى حكومه‌تى ده‌كرد بۆ به‌ده‌ست هێنانى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى. گۆڕانى ئه‌مڕۆ به‌شدارى حكومه‌ت ده‌كات له‌ پێناوى وه‌رگرتنى پله‌و پۆست و پاره‌و به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى.
گۆڕانى دوێنى به‌رده‌وام جه‌ماوه‌رى له‌ زیادبوندابوو ، چێگه‌ى مه‌ترسى بوو بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ ده‌ڕوات و بۆته‌ كۆیله‌ى ده‌سه‌ڵات. گۆڕانى دوێنى به‌رده‌وام داواى مافه‌كانى جه‌ماوه‌رى ده‌كرد ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام عه‌یبه‌كانى حكومه‌ت ده‌شارێته‌وه‌. گۆڕانى دوێنى هه‌میشه‌ هه‌وڵى ده‌دا ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتیدا ، گۆڕانى ئه‌مرۆِ ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌ ده‌ستوریانه‌ ده‌دات كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى پارتییه‌
گۆڕانى دوێنێ بۆ به‌رگرى كردن له‌ مافى هاولاِتیان دروست بوو ، گۆڕانى ئه‌مڕۆ ئاگاى له‌وگۆڕان خوازانه‌ش نه‌ماوه‌ كه‌ له‌سه‌ر گۆڕان بون سزادراون و نان بڕاوكراون. هاوڵاتیاننى ئازیز ، خوێنه‌رانى خۆشه‌ویست ئێستا ڕون و ئاشكرایه‌ كه‌ گۆڕان نه‌ك هیچ ئامانجێكى به‌جێ نه‌هێنا كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ پێناویدا دروست بوو په‌یمانى به‌ جه‌ماوه‌رددا ، به‌ڵكو ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ى ئه‌نجامدا.
له‌ ئێستادا گۆڕان به‌شدارى حكومه‌ته‌و هیچ ڕوڵ و كاریگه‌رییه‌كى نییه‌ له‌ گۆڕه‌پانى سیاسیدا و بۆته‌ پشتیوانێكى گه‌وره‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستا. خۆى كردۆته‌ شه‌ریكى هه‌موو دزى و تاڵانیه‌كانى ئه‌م حكومه‌ته‌ى ئێستا. ئه‌وه‌تا به‌رپرسانى پارتى به‌ ئاشكرا ه‌ڵێن :گۆڕان و یه‌كێتیش ئاگادارى ڕێكه‌وتنى 50ساڵه‌ى نێوان هه‌رێمو توركیان.
سه‌ركردایه‌تى ئێستاى گۆڕان پێش ئه‌وه‌ى به‌شدارى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت بكه‌ن ، زۆر باش ده‌یانزانى كه‌ نه‌ده‌توانن هیچ چاك سازییه‌ك ئه‌نجام بده‌ن و نه‌ هیچ ده‌سكه‌وتێك بۆ جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بهێنن، چونكه‌ پێش وه‌خت ئه‌وڕاستیانه‌یان پێ وتراوه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى خاوه‌نى بڕیار بون له‌ناو گۆڕاندا له‌گه‌ڵ پارتى ڕێك كه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م پۆست بۆخۆیان وه‌رگرن.دووه‌م پۆست بۆ هه‌ندێكى تر وه‌رگرن بۆ ئه‌وه‌ى قسه‌ نه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت دواى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ سه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌مووشانازیه‌كانیان ئه‌وه‌بوو ، كه‌ به‌ 12 كورسى په‌ڕله‌مانه‌وه‌ به‌قه‌ده‌ر 24 كورسى په‌ڕله‌مانى پێشو پۆستیان وه‌رگرتوه‌.كه‌واته‌ سه‌رانى گۆڕان بۆ وه‌رگرتنى پۆست به‌شدارى حكومه‌تیان كردوه‌ نه‌ك له‌ پێناوى چاكسازى و گۆڕێنى سیسته‌مى حوكمڕانى. نازانن ئه‌م پۆستانه‌ى وه‌ریان گرتوه‌ بۆته‌ مه‌رگى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.
ئه‌ى باشه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد ئه‌گه‌ر له‌ 6 مانگى یه‌كه‌مدا هیچ چاكسازیه‌ك نه‌كرا ، ئاماده‌ن له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌ ؟. ئه‌وه‌تا بۆ سالێك ده‌ڕوات و موچه‌ش هه‌ر نه‌ماو ئه‌وان تازه‌ ده‌ستیان له‌ حكومه‌ت گیر كردوه‌ نه‌كا له‌ حكومه‌ت بكه‌ونه‌ خواره‌وه‌. سه‌ركرده‌كانى گۆڕانیش به‌رده‌وام لێدوان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن : ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانى ئامانجه‌كانمان. دیاره‌ ئه‌وان ئامانجه‌كان به‌ وه‌گرتنى پۆست ده‌زانن. وه‌رگرتنى پۆست له‌ لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ له‌ناو حكومه‌تى هه‌رێم ، رێك وه‌كو وه‌رگرتنى پۆست وایه‌ له‌ناو حكومه‌تى به‌غدا.
سه‌یركه‌ن ئێمه‌ له‌ به‌غدا سه‌رۆكى كۆمار و پۆستى وه‌زاره‌تى سیادى و جێگر وه‌زیر و جێگرى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان و ده‌یان ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانمان هه‌یه‌ و به‌ به‌رچاوى هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ هاوڵاتیانى كورد له‌ كه‌ركوك له‌ زێدى باوكو باپیرانیان ده‌رده‌كرێن. له‌م كاته‌شدا حكومه‌تى كوردى داواى پۆست له‌ به‌غدا ده‌كات و وه‌كو سواڵ كه‌ریش بۆ پاره‌ ده‌پاڕێنه‌وه‌. كه‌واته‌ كورد له‌ ماڵى خۆى بێت یان بێگانه‌ ده‌بێ هه‌ر ڕۆڵى سواڵكه‌ر ببێنێت ، نه‌ك خاوه‌ن ماڵ.
ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌سه‌ر ڕێگاى ڕاست بوایه‌ و پابه‌ند بویایه‌ به‌و ئامانج و پره‌نسیپانه‌ى له‌پێناویدا دروست ببو ، له‌برى ئه‌وه‌ى ئیستا به‌شدار بوایه‌ له‌ حكومه‌تدا ، ده‌بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت بوایه‌و پشتیوانى خۆپیشانده‌ران بوایه‌ ، نه‌ك جه‌ماوه‌ر بێ ئومێد بكه‌ن و حیزبایه‌تى سوك بكه‌ن و كار بگاته‌ ئه‌وه‌ى سه‌رانى پارتى تانه‌ له‌ گۆڕان بده‌ن و بڵێن :
گۆڕا دواى كاك نه‌وشیروان عاقَڵ بوه‌ و سه‌رانى گۆڕان له‌به‌ر چاوچنۆكى و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان كاك نه‌وشیروانیشیان له‌كه‌ دار كرد. حه‌یاى حه‌یاتان برد چونكه‌ ئه‌گه‌ر ماناى حه‌یاتان بزانیایه‌ ده‌بوو به‌و قسه‌یه‌ بمرن و هه‌ڵوێستان هه‌بێت. ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى بڵێم : پێشتریش له‌ نوسێنێكمدا به‌ درێژى ئه‌وه‌م ڕون كردبۆوه‌ ئایا دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌رنامه‌ بوو یان كاردانه‌وه‌ بوو ؟. ئه‌و كاتیش من بڕوام وابو كه‌ به‌رنامه‌ نه‌بوه‌و ته‌نها كاردانه‌وه‌ بوو.
به‌ڵام زه‌مینه‌ى دروستبونى له‌و كاته‌دا زۆر له‌بار بوو ، بۆیه‌ ئاوا به‌ زویی گه‌شه‌ى كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌رانى ئێستاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دواى وه‌فاتى كاك نه‌وشیروان ، ئاوا خۆپه‌رست نه‌بونایه‌و له‌ پێناوى وه‌رگرتنى پله‌و پایه‌و به‌رژه‌ه‌ندى تایبه‌تیدا ته‌سلیم به‌ پارتى نه‌بونایه‌و گوێیان بۆ گۆڕان خوازانى خۆیان بگرتبایه‌ ، بایی ئه‌وه‌ خه‌ڵكى دڵسۆز هه‌بوو كه‌پشتیوانى له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بكه‌ن و گۆڕان نه‌گاته‌ ئه‌م ئاسته‌ى ئیستا.
زۆر به‌داخه‌وه‌ دواجار گۆران حیزبایه‌تى و په‌ڕله‌مان و حكومه‌تیشى سوك كرد. جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزسیۆنیشى بێ ئومێد كرد. له‌ پراكتیكدا شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوى ئه‌و ئامانجانه‌ى له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى له‌پێناودا دروست بوو.
كاتێك سه‌رانى پارتى ده‌ڵێن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دواى كاك نه‌وشیروان عاقَڵ بوه‌ ، ماناى وایه‌ ئه‌وان گوڵى خۆیان له‌ گۆڕان كردوه‌ و ئێستا براوه‌ن. بۆیه‌ به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چه‌ن پۆستێكى بێ بایه‌خ له‌م قۆناغه‌دا به‌ گۆڕان بده‌ن ، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان باش ده‌زانن گۆڕان به‌و پۆستانه‌ به‌ هێز نابێت و مه‌رگى گوڕان نزیك ده‌كاته‌وه‌. به‌ كرده‌وه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ هه‌ر هێزێك له‌پارتى نزیك ببیته‌وه‌ ، دوایی به‌ره‌و له‌ناو چون ده‌چێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە