کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆته‌ پاشكۆى پارتى؟

Thursday, 27/08/2020, 22:47


هۆكارى سه‌ره‌كى دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ره‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارتى و یه‌كێتى  سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت .  ئه‌م دوو حیزبه‌  له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانیاندا نه‌یان توانى نمونه‌یه‌كى جوانى حوكمڕانى  نیشانى خه‌ڵك بده‌ن و یاسا سه‌روه‌ر بكه‌ن و دژى ئه‌وانه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ سامان و داهاتى نیشتمان تاڵان ده‌كه‌ن .به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  به‌رپرسانى هه‌ردووحیزب خۆیان به‌رده‌وام خه‌ریكى گه‌نده‌ڵى و به‌ هه‌ده‌ردانى سامانى ئه‌م نیشتمانه‌ بون . بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆیه‌ دروستبوو كه‌ دژى ده‌سه‌ڵاتدارانى  هه‌ردوو حیزب بوه‌ستێته‌وه‌و هه‌وڵى چاكسازى بدات و حكومه‌تێكى نیشتمانى پیك بهێنێت ، كه‌ نوینه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى جه‌ماوه‌ر بێت و مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكات. 
به‌ بۆچونى خۆم دروستبونى  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بو به‌ خێرو به‌ره‌كه‌ت  بۆ پارتى و به‌ زیانى یه‌كێتى و زونى سه‌وز شكایه‌وه‌  .
 دواى ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان توشى شكست وپاشه‌ كشه‌ هات و ئۆپۆزسیونى بێ ئومید كرد ، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندى پارتیدابوو . چونكه‌ خه‌ڵك زۆر توڕه‌بون له‌ پارتى بۆیه‌ بونه‌ لایه‌نگرى گۆڕان . كاتێك گۆڕان نه‌یتوانى هیچ بۆ جه‌ماوه‌ر بكات ، جه‌ماوه‌رى بی ئومێد كردو له‌ئێستادا خه‌ڵكى ناڕأزى له‌ كاتى دروستبونى گۆڕان زیاتره‌ ، به‌ڵام بڕوایان به‌ هیچ حیزبێك نه‌ماوه‌ .
له‌ هه‌موى خرابتر له‌ ئێستادا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ نه‌یارێكى سه‌رسه‌ختى پارتییه‌وه‌ بۆته‌ پاشكۆى پارتى . بۆته‌ پشتیوانى پارتى و ئه‌وه‌تا به‌شێك له‌ ڕه‌خنه‌و كه‌م و كورتییه‌كانى پارتى له‌ ئه‌ستۆ گرتوه‌و  به‌شداره‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى پارتیدا .  زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى جڤاتى گشتى و كادیران و هه‌ڵسوڕاوانى بزوتنه‌وه‌كه‌  هوشداریان دایه‌ خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن كه‌ به‌شدارى حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى نه‌كه‌ن  ئه‌وه‌ هه‌م به‌ زیانى جه‌ماوه‌ر و هه‌م به‌ زیانى بزوتنه‌وه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت و موتمانه‌ى خه‌ڵك له‌ ده‌ست ده‌دات . به‌ڵام سه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ قسه‌ى كه‌سیان نه‌كردو پێش وه‌خت بڕیاری به‌شدارى حكومه‌تیان دابو به‌ مه‌به‌ستى  وه‌گرتنى پله‌و پۆست . هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌  پۆسته‌كانیان له‌ نێوان خۆیاندا به‌ش كردبوو .  كه‌ واته‌ هۆكارى به‌شدارى له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى  پارتیدا بۆ وه‌رگرتنى ده‌سكه‌وتى مادى وپله‌و پۆست بوه‌ ، چونكه‌ پێش وه‌خت ده‌یانزانى له‌ ژێرسێبه‌رو هه‌یمه‌نه‌ى پارتیدا ناتوان هیچ  به‌ ده‌ست بهێنن ، نه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و نه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر به‌پشت به‌ستن به‌م زانیاریانه‌ى خواره‌وه‌ :
هه‌موان له‌ ڕابوردوى پارتى شاره‌زان و هه‌ر هێزێك له‌ پارتى نزیك بوبێته‌وه‌ ، توشى زیانى گه‌وره‌ بوه‌ . باشترین نمونه‌ یه‌كگرتوى ئیسلامییه‌ . پارتى هه‌رگیز ڕێگا نادات   هیچ هێزێك ده‌سكه‌وته‌كانى حكومه‌ت بكات به‌ هى خۆى . پارتى هه‌رگیزڕێگاى نه‌داوه‌  پۆسته‌ گرنگه‌كانى حكومه‌ت ، ئه‌و پۆستانه‌ى  كه‌ خاوه‌ن بڕیارن  بدرێنه‌ هیچ لایه‌نێك . 
 هه‌موو كێشه‌كانى هه‌رێم و ئیفلاسبونى هه‌رێم  له‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت . تا ئێستا ئه‌وپۆسته‌ هه‌ر لاى پارتییه‌و هیچ كه‌س و لایه‌نێك ئاگادارى دۆسییه‌ى نه‌وت و غاز نییه‌ . ئاشتى هه‌ورامى جارێك یه‌ك ملیار دۆلارى به‌ داناغاز دۆڕاند . جارێكى تریش 100 ملیۆن دۆلار .
 تازه‌ترین خه‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیوا ئاوات قاره‌مانى كه‌ خاوه‌نى كۆمپانیاى  دایناستیی یه‌ ، ده‌عواى له‌سه‌ر ئاشتى هه‌ورامى له‌ دادگایه‌كى به‌ریتانیا  تۆمار كردوه‌و داواى یه‌ك ملیار و شه‌ش سه‌دوو هه‌شتا ملیۆن دۆلار ده‌كات .  ئاشتى هه‌ورامى كۆپانیایه‌كى وه‌همى بۆ ژنه‌كه‌ى خۆى  دامه‌زراندبوو ڕۆژانه‌ ده‌یان هه‌زار به‌رمیل  نه‌وتى پی َده‌داو به‌ قاچاخ ده‌یفرۆشته‌وه‌ . ئاشتى هه‌ورامى له‌چوار كابینه‌دا  وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان  بوه‌و وه‌زاره‌تى نه‌بوه‌ ته‌نها جانتاكه‌ى ده‌ستى نه‌بێت .  
گومانى تێدا نییه‌ كه‌ چه‌ندین كه‌یسى ترى له‌و شێوه‌یه‌ش به‌ ڕێگاوه‌ن چونكه‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌ ڕیگاى ئاشتى هه‌ورامییه‌وه‌ هه‌ر گریبه‌ستێكیان  مۆركردبێت  به‌شى خۆیانى تێدا هه‌یه‌و  به‌و هۆیه‌وه‌ ئاسانكارى زۆریان  بۆ كۆمپانیاكان كردون. 
ئه‌گه‌ر له‌ بیرتان بێت كاتى خۆى ئاشتى هه‌ورامى ڕاستگۆیانه‌ وتى : ئه‌گه‌ر  به‌رمیلى نه‌وت بگاته‌ 100 دۆلاریش ، پاشه‌كه‌وتى موچه‌ كوتایی نایه‌ت .چونكه‌ خۆى ده‌یزانى چى چاندوه‌و چى ده‌دروێته‌وه‌ .  هه‌مومان ده‌زانین ئه‌گه‌ر به‌غدا مانگانه‌ بڕى 320 ملیار دیناریش بنێرێت ، حكومه‌تى هه‌رێم  ناتوانێت موچه‌ى فه‌رمان به‌ران به‌ لێبڕینیشه‌وه‌ بدات .
 چونكه‌ له‌ لایه‌ك  به‌غدا داواى نیوه‌ى داهاتى گومرگه‌كان ده‌كات و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى نرخى نه‌وت زۆر دابه‌زیوه‌ ، له‌و نه‌وته‌ش ده‌فرۆشرێت  ڕێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مى بۆ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و  پشكى شێرى بۆ كۆمپانیاكانى ده‌رهێنانى  نه‌وت و كرێی  گواستنه‌وه‌ى بۆرى  و ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌ سه‌وزى خواردویانه‌و ده‌بێ ئێستا نه‌وتیان بده‌نى . ئه‌و ملیاره‌ دۆلاره‌ى له‌ بانقێكى لوبنانیدایه‌ ئه‌وه‌ له‌ ڕوسیا وه‌رگیراوه‌ وده‌بێ له‌ جیاتى ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌وتى خاویان پی َبده‌ن . كورت وكرمانجى تازه‌ نه‌وتى سه‌ر زه‌وى و ژێر زه‌وى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ستى كوردا نه‌ماوه‌و پێش وه‌خت فرۆشراوه‌و  ئێستا هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕه‌هنى ئه‌و نه‌وته‌دایه‌ .
 ئه‌ى له‌ خۆتان ناپرسن بۆچى حكومه‌تى به‌غدا دۆسییه‌ى نه‌وتى كوردستان وه‌ر ناگرێت ؟؟. چونكه‌ ده‌زانن تازه‌ له‌ ده‌ست چوه‌ . تاكه‌ ڕێگایه‌ك بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م سامانه‌  ، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان كه‌وته‌وه‌ ژێر ده‌ستى به‌غدا ، ئه‌وكات ده‌توانن به‌ گرێبه‌سته‌كاندا بچنه‌وه‌و  هه‌ڵیان وه‌شێننه‌وه‌ به‌ به‌هانه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌ شه‌رعى و یاسایی نه‌بون . باشه‌ حیزبێك ئاگادارى هه‌موو ئه‌مانه‌ بێت ، چۆن جورئه‌تى ئه‌وه‌ ده‌كات به‌شدارى حكومه‌تێك بكات كه‌ خاوه‌نى ئه‌وهه‌موو تاوانانه‌ن كه‌ به‌رامبه‌ر به‌م میلله‌ته‌ كردویانه‌ و به‌ چ عه‌قڵ و مه‌نتقێك بزوتنه‌وه‌ى گوڕان ده‌بێته‌پشتیوانیان ؟؟. 
هه‌موما باش ده‌زانین هه‌رچى كۆمپانیاى گه‌وره‌ و خاوه‌ن به‌رهه‌م هه‌یه‌ و هه‌رچى بازرگانى گه‌وره‌ش هه‌یه‌  موڵكى پارتى و یه‌كێتین و باجیش ناده‌ن .حكومه‌ت هه‌ر هیچى نییه‌ . هه‌موشمان له‌ حاڵى گومرگه‌كان ده‌زانین  كه‌ به‌ ئاشكرا یه‌كێتى و پارتى  داهاته‌كه‌ى به‌ تاڵان ده‌به‌ن و هه‌رچى كاڵاى خۆشیانه‌  ئه‌مدیوى ده‌كه‌ن و پاره‌ ناده‌ن . هه‌رچى كۆمپانیاى وه‌رگرتنى پاره‌شه‌ هه‌ر كۆمپانیاى خۆیانن .
كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ پێدانى باج به‌خشراون چونكه‌ زوربه‌یان پارتى خۆى پشكى هه‌یه‌ . ئه‌وه‌شى پێی ده‌ڵێن : به‌شى پاراستنى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ، واته‌ سیكورتى  كه‌ دهاتێكى خه‌یاڵیان هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ پشكى  بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و هه‌ندێكیشى بۆ ڕازیكردنى هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانه‌ . داهاتى ئه‌مه‌ ئێجگار زۆره‌و  ده‌شتوانرێت  له‌ ڕێگاى هێزى پێشمه‌رگه‌ یان هێزه‌كانى ناو خۆوه‌ حیمایه‌ بكرێن و هه‌رچى داهاتى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت . 
له‌ مانه‌ى كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ دا باسمكردن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌م تا زۆر ده‌سه‌ڵاتى نییه‌و ناتوانێت هیچ بریارێك بدات كه‌ ئه‌م سێكته‌رانه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتن .ماوه‌ته‌ ئه‌وه‌ى  كه‌ به‌ ناشه‌رعى خانه‌ نشین كراون یان بندیوارن .دیاره‌ ئه‌مانه‌ش  هه‌ر په‌یوه‌ندیان به‌ گۆڕانه‌وه‌ نییه‌ . ئه‌گه‌ر موچه‌ى ئه‌وانه‌ ببڕدرێت ، پارتى و یه‌كێتى  كه‌سیان به‌ده‌سته‌وه‌ نامێنێت  ده‌نگیان بۆ بدات .
 چى مایه‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌توانێت كه‌مێك پاره‌ى لى َوه‌ده‌ست بێنێت ، ئه‌ویش بڕینى موچه‌ى خه‌ڵكه‌ . به‌ڕاست ئه‌مه‌ پێی ده‌ڵێن چاكسازى ؟؟ له‌و بواره‌شدا هه‌ر عه‌داله‌تى تێدانییه‌. بۆنمونه‌ . به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى موچه‌كه‌ى  3 ملیۆن و كه‌سرێكه‌ . به‌ پله‌ باڵا حساب ده‌كرێت و نیوه‌ى لێ ده‌بڕن . زۆرى تریش هه‌ن كه‌ به‌ پله‌ى جێگرى وه‌زیر خانه‌ نشین كراون ، خه‌ڵكى تریش هه‌یه‌ به‌ پله‌ى تایبه‌ت به‌ نامه‌ى به‌رپرسێك  به‌ 3 ملیۆن و خورده‌یه‌ك  خانه‌ نشینه‌ ئه‌وانیش به‌ پله‌باڵا حسابن و ئه‌گه‌ر نیوه‌شیان لێ ببڕن ، هێشتا زیاتر وه‌ر ده‌گرن له‌ به‌ڕیوه‌به‌رێكى گشتى  .ده‌بوو ئه‌مانه‌ هه‌ر ئه‌وپله‌یان لێ وه‌رگرنه‌وه‌و كاتى خۆى چیبون به‌وه‌ خانه‌ نشین بكرێن . به‌ڵام پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌پله‌ى لیواى فه‌ل خانه‌ نشین كراوه‌ و موچه‌كه‌ى دوو ملیۆنه‌ ، نیوه‌ى لێده‌بڕن . 
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان خۆى ماران گاز بوه‌و ده‌بوله‌ ئێستادا له‌ خشپه‌ى مار سڵى بكردایه‌وه‌ . ئه‌ى له‌ بیرتان چۆته‌وه‌ چۆن پارتى وه‌زیره‌كانى  گۆڕان  و سه‌رۆكى په‌ڕله‌مانى ده‌ركردن ، ئه‌ى له‌ بیرتان چۆته‌وه‌  هه‌ر گۆڕان بۆ یه‌كه‌م جار به‌شدارى په‌ڕله‌مانى كرد  یه‌كێتى وپارتى بڕیاریان دا بودجه‌ى حیزبه‌كان ببڕن ، كه‌پێشتر هه‌ر یه‌كه‌یان مانگانه‌ 35 ملۆین دۆلاریان به‌تاڵان ده‌برد ؟؟. 
ئه‌مانه‌ش خاترى چاوى كاڵى ئێوه‌بن .ئه‌ى باشه‌ تا ئێستا پارتیتان نه‌ناسیوه‌ چۆن كار له‌ناوحیزبه‌كاندا ده‌كات ؟؟. فه‌ره‌یدون عه‌بدول قادر و ئازاد جوندیانى و دكتۆ نه‌جمه‌دین و عارف ڕوشدى  له‌ناویه‌كێتیدا  چ به‌رپرسیاریه‌تێكیان هه‌بوه‌و ئێستا چۆن بونه‌ غولامى پارتى . له‌وه‌ته‌ى حیزبى شیوعى  هه‌یه‌ كادیر بۆ پارتى په‌ره‌وره‌  ده‌كات .
 باشترین نمونه‌  سه‌رۆقادره‌. ئه‌ى باشه‌ بۆ ناپرسن  ڕێباز حه‌ملان و موحه‌ممه‌د حاجى و  مه‌سعودحه‌یده‌ر  كه‌ گۆڕان بون چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ چونه‌ ناو پارتى . كێ ناڵێت خه‌ڵكى تریشتان خۆیان نه‌دۆڕاندوه‌و  ڕه‌دوى پارتى نه‌كه‌وتون  ، به‌ڵام   له‌ ئێستادا نایانه‌وێت خۆیان ئاشكرا بكه‌ن . ئێستا سه‌رده‌مى عه‌وله‌مه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ وگۆڕانكاریه‌كان زۆر خێران . هه‌ر به‌وبۆنه‌یه‌وه‌  جاران خه‌لك  له‌م حیزبه‌وه‌ ده‌چوه‌ ناو ئه‌و حیزب ئه‌وه‌شیان ناونابوو سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ . بزوتنه‌وه‌ى  گۆڕان  سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ى له‌ سه‌رئاستى  تاكه‌ كه‌سییه‌وه‌ گۆڕى بۆ سه‌ر ئاستى حیزبى . ئه‌وه‌تا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌كو حیزب  سه‌نگه‌رى گواستۆته‌وه‌و بۆته‌ پاشكۆى پارتى.  
به‌ڕاستى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  په‌ڕله‌مانى سوك كرد . كاتى خۆى داواى ئازادى بۆ خه‌ڵك ده‌كرد ، ئێستا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان خۆى پڕۆژه‌ى  میدیاى ئه‌لكترۆنى به‌ دیارى ده‌داته‌ پارتى  و ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مانه‌كه‌شى ئێمزاى ده‌كه‌ن  به‌ڵام دوایی له‌ ژێر فشارى جه‌ماوه‌ر ئێمزاكانیان ده‌كشێننه‌وه‌. ئه‌وه‌تا هه‌موو فراكسیۆنه‌كانى ئۆپۆزسیۆن  بانگ هێشتى مه‌سرور بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى و ئاواتى شێخ جه‌ناب  ده‌كه‌ن  بۆ په‌ڕله‌مان بۆ  لێپرسینه‌وه‌ و 4 ئه‌ندامى  پڕله‌مانى بزوتنه‌وه‌ى  گۆڕانیش ئیمزایان كردوه‌ ، ئێستا  داوایان  لێ ده‌كه‌ن   ئیمزاكانیان بكشێننه‌وه‌ .
 باشه‌ ئێوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى به‌شدارى حكومه‌تتان كردوه‌ ، یان بۆ پشتیوانى له‌ پارتى ؟؟.   بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان حكومه‌تى سوككرد .به‌شدارى حكومه‌تێكى كردوه‌ نه‌ك وه‌زیره‌كانى هیچیان پێ  ناكرێت ، شه‌رمه‌زارى به‌ر ده‌مى  خه‌ڵك و گۆڕان خوازانیش بون . بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان حیزبایه‌تیشى سوككرد به‌وه‌ى كه‌س گوێ بۆ كه‌س ناگرێت و  به‌رپرسه‌كان كار بۆخۆیان ده‌كه‌ن . 
 باشه‌ دواى زانینى ئه‌و هه‌مو  ڕاستیانه‌  چۆن و به‌ چ مه‌به‌ستێك بزوتنه‌وه‌ى گۆران به‌شدارى حكومه‌تێك ده‌كات كه‌ ته‌نها عه‌یب دارى بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ . تۆ له‌ حكومه‌تێكدا بیت هیچت پێ نه‌كرێت و  له‌ مه‌ركه‌زى بڕیارى گرنگدا نه‌بیت چ مانایه‌كى هه‌یه‌ ؟ پارتى سه‌رچاوه‌ى هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانه‌ ، بۆچى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان باجى هه‌ڵه‌و گه‌نده‌ڵیه‌كانى ئاشتى هه‌ورامى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بدات و له‌ به‌رده‌م ڕاى گشتى و گۆڕانخوازاندا خۆى توشى ئیحراجى بكا ؟  ئه‌مه‌ى گۆڕان ده‌یكات پاشكۆیه‌تییه‌ بۆ پارتى . به‌ڵام له‌ پێناوى چێدایه‌ ؟؟.
له‌ برى ئه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بده‌ن ، پاساو بۆ مانه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌  . ڕێكخه‌رى گشتى و ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن ده‌ڵێن له‌ حكومه‌ت ناكشێینه‌وه‌ . به‌ڵام ڕونى بكه‌نه‌وه‌ بۆچى ؟. عه‌دنان عوسمان ده‌ڵێت : ئێمه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ، پڕۆژه‌ به‌ پڕۆژه‌ ، به‌رنامه‌كانى گۆڕان جێ به‌جێ ده‌كه‌ین . دواقسه‌ى كاك عه‌دنانیش به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت : ئێمه‌ خۆمان به‌وه‌ سه‌ر قاڵ ناكه‌ین   له‌ حكومه‌ت بكشێینه‌وه‌ یات بمێنینه‌وه‌ . بڕیارمان داوه‌ بمێنینه‌وه‌ . 
ده‌ڵێن جڤاتى نیشتمانى بڕیارى  داوه‌ به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ین ، كه‌ گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته‌ .  جڤاتى نیشتمانى  سكراب بوه‌ . زوربه‌ى مه‌كۆكان ته‌نها به‌رپرسى مه‌كۆ و پاسه‌وانه‌كانى  ماون . بڕیاره‌كه‌شیان بۆ ئه‌وه‌ داوه‌  هه‌مویان به‌ نیازن پۆست وه‌رگرن . كه‌واته‌ پیرۆزه‌ پیرۆز . 
كاتى خۆى كه‌ به‌شدارى حكومه‌تیان كرد شانازییان به‌وه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ به‌ 12 كورسییه‌وه‌ به‌ قه‌ده‌ر 25 كورسى سه‌رده‌مى كاك نه‌وشیروان  پۆستیان وه‌رگرتوه‌ . جارێ له‌ خۆتان بپرسن تا ئێستا چه‌ند پۆستان وه‌رگرتوه‌و ئه‌و پۆستانه‌تان به‌ كێ داوه‌و ئه‌وكه‌سانه‌ چییان بۆ گۆڕان كردوه‌ ؟؟. جارى دوانیان  دواى دوو مانگ خانه‌ نشین ده‌كرێن . ئایا پۆست وه‌رگرتن  له‌م كاته‌دا چ سه‌ركه‌وتنێكى تێدایه‌ ؟ بۆچى ئێستا ئه‌م حكومه‌ته‌ په‌كى له‌ فه‌رمانبه‌ر كه‌وتوه‌ ، یان له‌ عه‌قڵى ئیدارى . 
ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى بڵێم كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  خاوه‌نى هیچ ئه‌جیندایه‌كى سیاسى نییه‌و بۆته‌ پاشكۆى پارتى و ئه‌جینداى پارتى جێ به‌جێ ده‌كات .هیوادارم ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌  به‌ هۆش خۆیان بینه‌وه‌و  با چیتر ئابڕوى بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌چێت و بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بده‌ن و ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر شانى خۆیان لابه‌رن و  چیتر نه‌بنه‌  كه‌واسورى به‌رله‌شكرى پارتى و چۆن ئه‌م وڵاته‌یان وێران كردوه‌ ، با ئاواش چاكى بكه‌نه‌وه‌ . گۆڕان خوازانى ئازیز و خه‌مخۆرى  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و گه‌ل و نیشتمان  ئه‌گه‌ر  
   سه‌ركردایه‌تى   بزوتنه‌وه‌ى  گۆڕان هه‌ر سوور بن  له‌سه‌ر مانه‌وه‌یان له‌ حكومه‌تداو  پشتیوانى له‌پارتى بكه‌ن  مانه‌وه‌ى ئێوه‌ش له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ ماناى پشتیوان كردنتان دێت له‌ ئه‌جینداكانى پارتى و  ده‌بنه‌ به‌شێك له‌و سیسته‌مه‌ گه‌نده‌ڵه‌ى ئه‌وان پیاده‌ى ده‌كه‌ن . 
ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ ناڕه‌زاییه‌كانى جه‌ماوه‌ر له‌ ئاستێكى باڵادایه‌و گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان  له‌ كوڵاندایه‌ و  له‌ لێوارى ته‌قینه‌وه‌دایه‌ و چیتر خه‌ڵك بێده‌نگ نابێت . بیر له‌ ڕابوردوى خۆتان بكه‌نه‌وه‌  سه‌رده‌مانێك  ئێوه‌ خۆتان پێشه‌نگ بونو  جه‌ماوه‌ر دواى ئێوه‌ ده‌كه‌وت بۆدژایه‌تى پارتى و یه‌كێتى ، به‌ڵام ئێستا له‌ برى ئێوه‌ خه‌ڵكى تر خۆپیشاندان ده‌كات و ئێوه‌ش بونه‌ پشتیوانى پارتى . 
 كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بێنه‌ده‌ره‌وه‌  گۆڕه‌پانى خه‌بات كردن كراوه‌یه‌ له‌به‌ر ده‌متان و كه‌س ڕێگاتان لێناگرێت .دڵنیابن ئه‌وانه‌ى كه‌ بڕیارى به‌شدارى كردنیان داوه‌ له‌ حكومه‌ت ته‌نهاو ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى  خۆیان ئه‌و بریاره‌یان داوه‌و بیر نه‌ له‌ئێوه‌و نه‌ له‌ ئاینده‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌و نه‌ له‌ خه‌ڵك  ناكه‌نه‌وه‌ .   له‌وپێناوه‌شدا  بونه‌پاشكۆى پارتى و  بڕیاریان داوه‌  پشتیوانیان بكه‌ن . 
ئه‌نداماى په‌ڕله‌مانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ بیرتانه‌ كاتى خۆى چ وه‌عدیكتان به‌ هاوڵاتیان داوه‌و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌نگتان پێ بده‌ن؟ . هاولاِتیان ده‌نگیان پێدان و وه‌عدى خۆیان برده‌ سه‌ر . ماوه‌ته‌وه‌ ئێوه‌ش به‌وه‌فابن و ئه‌و وه‌عد و په‌یمانه‌ى  به‌ جه‌ماوه‌رتان دا بیبه‌نه‌ سه‌رو باچیتر خه‌ڵك بێئومید نه‌بێ  له‌ حیزبه‌كان و چیتر ئابروى سیاسه‌ت نه‌چێت . كاتى ئه‌وه‌یه‌ ڕۆڵى جوامێرانه‌ى خۆتان ببینن و ببنه‌ پێشه‌نگ . داوا له‌ حیزبه‌كه‌تان بكه‌ن له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر نه‌كشانه‌وه‌ ئێوه‌ له‌ حیزبه‌كه‌تان بكشێنه‌وه‌ . ئه‌وه‌ نه‌ك ده‌بێته‌ عه‌یبه‌ ، به‌ڵكو ده‌بێته‌ مایه‌ى شانازى بۆتان .
ئێوه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر ده‌زانن چۆن سامان وداهاتى ئه‌م وڵاته‌ تاڵان ده‌كرێت و ده‌ڵێن پاره‌ نییه‌ بۆ موچه‌.  كاك عه‌لى حمه‌ ساڵح ڕاپۆرتى زۆرى هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى هه‌ردوو حیزب . زۆریش قسه‌ى له‌سه‌ر ئه‌وبابه‌ته‌ كردوه‌ ، به‌ڵام  كه‌س گوێی لێ نه‌گرتن .  ئیتر كاتى ئه‌وه‌یه‌ ڕوڵى مه‌ردانه‌ى خۆتان ببینن و چیتر ئێوه‌ش به‌رگرى له‌ ناحه‌قى مه‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانیش نه‌بن و له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیشدا نه‌مێننه‌وه‌ ، نه‌ دنیا وێران ده‌بێت و نه‌ له‌ برسانیش ده‌مرن .  هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ   هه‌موو دڵسۆزان و خه‌مخۆرانى ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه‌ ده‌خوازم . هه‌ر سه‌ركه‌وتو بن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە