کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕۆڵى نوخبەى ڕۆشنبیرر و ئەكادیمى و سیاسى لە قۆناغى ئێستاى هەرێمى كوردستاندا

Saturday, 15/08/2015, 15:48


نوخبەى ڕۆشنبیر و ئەكادیمى و سیاسى و چینى هونەرمەند لە هەموو وڵاتانى دنیاداو لە هەموو قۆناغەكانى خەباتدا چ خەباتى ڕزگارى نیشتمان و چ قۆناغى دەوڵەتەدارى و پێشخستن و گوشە پێدانى سیستەمى پەڕلەمانى و پڕۆسەى دێموكراسیدا، ڕولى بەرچاویان هەبوەو هەمیشە پێشەنگ و سەرقافڵە بون.لە دەستپێكردنى شۆڕشى ئایلولى ساڵى 1961 تا ئێستا ئەو نوخبانە ڕۆڵێكى ئەرێنى و بەرچاویان هەبووە لە هوشیاركردنەوەى كۆمەڵگاى كوردى و بە هێزكردنى كارى ڕێكخراوەیی و حیزبیدا.
من لێرەدا بە تایبەت باسى هەرێمى كوردستانى عێراق ئەكەم و زیاتریش قۆناغى دواى ڕاپەڕین.دیارە دواى ئاشبەتاڵى ساڵى 1975 و دەستپێكردنەوەى شۆڕشى نوێی گەلەكەمان لە ساڵى 1976دا، ئەو هەل و مەرجە سیاسیە چەندین گۆڕانكارى نوێی بە دواى خۆیدا هێناو بەو هۆیەوە چەندین حیزب و لایەنى ساسى نوى دروستبون.بە هۆى دروستبونى ئەو حیزبانەشەوە، نوخبەى ڕۆشنبیر و ئەكادیمى و سیاسى بەسەر ئەو حیزب و لایەنانادا دابەشبون و بەو هۆیەشەوە جۆرى بیركردنەوەى جیاوازیش هاتە كایەوە و ئەتوانم بڵێم بەرژەوەندى تاكە كەسیش بەدەركەوت.
لە دواى ڕاپەڕینە مەزنەكەى ساڵى 1991 ى جەماوەرى خەڵكى كوردستان، جۆش و خرۆشى جەماوەرى كوردستان گەشەى كردو حیزبەكاننیش هەرچى تواناى خۆیان هەبوو خستیانە گەڕ بۆ ئەوەى زۆرترین جەماوەر بۆلاى خۆیان ڕاكێشن.بەو هۆیەوە هەر حیزبە هەوڵى ئەدا بەرژەوەندى تایبەتى بەدەست بهێنێت.دیارە لەناو حیزبەكانیش كێبڕكى دروست دەبوو بۆ بەدەستهێنانى دەسكەوتى تایبەتى.ئەو ڕوشنبیر و ئەكادیمى و هونەرمەندانەى بەشدارى شۆڕشیان نەكردبوو، هەوڵیان ئەدا خۆیان بدەنە پاڵ ئەم حیزب یان ئەو حیزب لە لایەك بۆ بەشدارى لەپڕۆسەى سیاسیداو لە لایەكى تریشەوە بۆ ئەوەى لەو ڕێگایەوە بتوانن دەسكەوتى تایبەتیش بەدەست بهێنن.
ئەوەى ئەمەوێت لێرەدا بە تایبەت ئاماژەى پێ بدەم ئەوەیە بزانین دەبوو ڕوڵى نوخبە چیبوایە سەبارەت بە یاساى سەرۆكایەتى هەر ێم و هەڵبژاردنەوە یان درێژكردنەوەى ماوەى سەرۆكایەتى بارزانى و دواجار نوخبە چ ڕۆڵێكى بینى.بۆ وەڵامدانوەى پرسیارى سەرەوە پێویست ئەكات كەمێك بگەڕێنەوە دواوەو بۆ ڕونكردنەوەى باسەكە سێ نمونەى زۆر زیندوو ئەهێنمەوە كە لە بیرەوەرى زۆرینەى هاوڵاتیاندایە :

یەكەم : شۆڕشى ئایلۆل كە پارتى خۆى بەخاوەنى ئەزانێت خاوەنى 120 هەزار پێشمەرگە بوو وەكو دەریش كەوت خاوەنى 20 ملیۆن دۆلاریش بوو، لە ساڵى 1975 بەبڕیارێكى مەلا مستەفاى بارزان ئاشبەتاڵى پێكراو سەرانى شۆڕشیش بە بنەماڵەى بارزانییەوە چونە ئێران و دانیشتن.بۆ ئاگادارى هەموو لایەك شاى ئێران داواى لێنەكردون واز لە شۆرش بهێن و تەنها پێی وتون ئێمە لەگەل َ عێراق ڕێك كەوتوین و لێرە بەدواوە نە ڕێگاتان ئەدەین بێنە ناو خاكى ئێرانەوەو نە هاوكاریتان ئەكەین.
لە ساڵى 1976 شۆرشى نوێی گەلەكەمان لەسەر دەستى كۆمەڵێك شۆڕشگێر دەستى پێكردەوە بەبێ یارمەتى و پرسى بە هیچ وڵاتێك.هێواش هێواش شۆڕش بەهێز بوو.ناوچەى زۆر ڕزگار كران و بەسەدان گەنجى ئەم وڵاتە بونە قوربانى و لەو ڕێگایەدا شەهید بون.پارتى لە ساڵ1976 تا 1986 كە دەكاتە 10 ساڵ لە سەخترین ڕۆژەكانى خەباتدا نەك هاوكارى شۆڕشى نوێیان نەكرد، بەڵكو بەردەوام پلانیان دادەڕشت بۆ بەربەرەكانى پێشمەرگەو بە سەدان پێشمەرگەیان شەهید كرد.
ساڵى 1979 لە ناوچەى هەكارى 700 پێشمەرگەى یەكێتییان شەهید كرد.ئەوە جگە لە شەهید كردنى حەسەن خۆشناوو حوسەین بابە شێخ و هاورێ كانیان لە دەڤەرى بدینان.لە دەڤەرى گەرمیانیش بەردەوام پارتى خەڵكى خۆى ئەكردە جاش و پێشمەرگەیان شەهید ئەكرد.نمونەى ئەوانە قالە فەرەج و تەحسین شاوەیس.ساڵى 1982 بەدەیان پێشمەرگەى حیزبى دێموكراتیان شەهید كرد لە ناوچەى شنۆ و ئاڵۆتان.دواجار 31 ئابیش هەرگیز لە یاد نەكەن.
ناوچەى قەرەداخ یەكێك بوو لەو ناوچانەى یەكەم مەفرەزەى یەكێتى لى َ دروستبوو.شەهید ئارام لەوى چاوى هەڵهێناو هەر لەویش شەهید بوو.سیروان تاڵەبانى هەر لەو ناوچەیە شەهید بوو.كەسیش نییە مامە ڕیشە ى لە یاد بچێت.بەسەدان پێشمەرگەى قارەمان لەو ناوچەیەو ناوچەكانى ترى گەرمیان بەدەستى دوژمن شەهید كران.
ساڵى 1987 ئەو كات من ئەندامى مەڵبەندى یەكى یەكێتى بووم لە گوندى بەلەكەجارى قەرەداخ بۆیەكەم جار و دواى 10 ساڵ خەبات مەفرەزەى پارتى هاتنە ئەو ناوەو من وەرەقەم بۆ كردن دەست نەهێننە ڕێگایان دیارە دواى ڕێكەوتنى نێوان هەردوو لآ.كێ هەیە نەبەردەكانى پێشمەرگەكانى یەكێتى لە گەرمیان نەبیستبێ ؟.
لێرەدا ئەم پرسارە دێتە پێشەوە بە چ پێوەرێك و بە چ مەنتقێك و خۆتان سەرپشك و دادوەر بن و لێكدانەوەى بۆ بكەن، ئێستا كەسانێك بەناوى كادرى پێشكەوتوى پارتى لەو ناوچانە دێنە سەرشاشەى تەلەفزیۆن و باسى سەروەریەكانى پارتى ئەكەن و داوا ئەكەن بارزانى بكرێتەوە بەەسەرۆكى هەرێم.بارزانیان كردۆتە پاڵەوانێك و خۆشیان و هەموو میللەتى كوردیان كردۆتە سفر لەبەردەم ئەم پیاوەدا و تەقدیسى ئەكەن و بە جۆرێك وێناى ئەكەن ئەگەر ئەو نەما ئێمەش هەموو ئەمرین.
كاتێك كاك نەوشیروان نەخشەى ڕاپەڕن دائەنێت و هەموو ئامادەكاریەكان ئەكات، وەڵام بۆ جەنابى بارزانى ئەنێرێت كە بچنە خوارەوە، وتویەتى ئەم پیاوە سەرمان بە فتول ئەدات و وازمان لێنایەنێت.ئەوەتا ئێستا ئەو بەرهەمەكەى ئەخوات و خۆى بە خاوەنى كوردستان ئەزانێت.بەڵى ڕاستە بارزانى ئەوەتەى هەیە پێشمەرگە بوە، بەڵام پێشمەرگەى سەركورسى و سێبەر بوە نەك پێشمەرگەى بەرەكانى شەڕ.خۆ ئێستاش پێشمەرگەیە بەڵام لە قەسرەكانى سەرى ڕەش.بەڵى ئەوانەى ئەم سەرۆكە ئاوا گەورە ئەكەن و هەموو كوردیان بە پۆستەكەیەوە خەریك كردوە، گوایە نوخبەى رۆشنبیرو ئەكادیمى ئەم هەرێمەن و ئەگەر ئەمانە نوخبە بن، ئەبێ بێشێو سەر بنێینەوە.

دووەم : پارتى بۆ هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم هەر ڕۆژە پەنا بۆ فێڵێك ئەبات.بە فرت و فێل ئیمزاى 2250 كەسیان كۆكردەوە بەناوى نوخبەى ڕۆشنبیر و ئەكادیمى و سیاسى و هونەرمەندو كەسایەتى ترەوە گوایە ئەمانە داوا ئەكەن بارزانى بكرێتەوە بەسەرۆكى هەرێم.هەرچەندە هەندێكیان لە ڕێگاى تۆرى كۆمەڵایەتى فەیسبوكەوە ئەگادارى جەكاوەریان كردەوە ئاگادارى ئەوە نین، بەڵام زۆریشن ئەوانەى بەڕەزامەندى خۆیان ئیمزایان كردوە.
بۆ ئاگاداریتان زۆرینەیان ئەوانەن كە موچەى بندیوار لاى پارتى وەر ئەگرن و هەر پرسیشیان پێنەكردون ناویان نوسیون.بەڵام ئەوەى سەرنجى زۆرینەى خەڵكى كوردستانى ڕاكێشاوە ئەوەیە كە بەسەدان ناوى مامۆستاى زانكۆى تێدایە كە بە حساب ئەمانە كاكڵەى نوخبەى ڕۆشنبیرى ئەم گەلەن.ئەو مامۆستایانە مێژوى پارتى باش ئەزانن و ئاگادارى ئەوەشن كە لە ئێستادا پارتى چۆن قەیران لەسەر قەیران بۆ هەرێمى كوردستانى دروست ئەكات.
كارەسات لێرەدا ئەوەیە مامۆستایانى زانكۆ داوابكەن كودەتا بەسەر یاسادا بكرێت، داوا بكەن پڕۆسەى دێموكراسى لەبار ببرێت، داوابكات كەسێك بكرێتەوە بەسەرۆكى هەرێم كە دەسكەوتێكى واى بۆ كورد بە دەست نەهێنابى كە شایەنى هەڵبژاردنەوەبێت و شایانى دەست خۆشى بێـت
ناوى كەسانى وا هەیە لەو لیستەدا تا سەدام ماوە لە بەغدا لە قیادەى قوترى وانەى وتۆتەوەو ئێستا هاتۆتەوە كوردستان و ڕۆژێك لاى ئەم حیزب و ڕۆژێكى تر لاى ئەوحیزب دەفتەرە دۆلار وەر ئەگرێت و لەسەر حسابى خوێنى شەهیدان ئەژى.
كاتێك نوخبەى ڕۆشنبیرى ئەم میللتە بەم شێوەیە ئەبینى زۆر بێهیوا ئەبى و هیچ ئومێدێكت نامێنى.ئەوانەى ئو ئیمزایانەیان كۆكردۆتەوە، جەماوەرى خەڵكى كوردستانیشیان بێ ئومید كردوە.چونكە هەرگیز چاوڕوانى هەڵوێستێكى لەو شێوەیە لەوان نە ئەكرا.

سێیەم : پارتى بەردەوام دەستى هەبوە لە تیرۆركردنى كەسانى شۆڕگیڕى پارچەكانى ترى كوردستان و نەیارە سیسیەكانى ناوخۆ.سڵیمانى معینى و قادر شەریف دوو تێكۆشەرى كوردستانى ڕۆژ هەڵات بون و دكتۆر شڤان تێكۆشەرێكى ترى كوردستانى باكور بەدەستى پارتى و بنەماڵەى بارزانى شەهید كران.لەسەر ئاستى ناوخۆش نمونەى وەكو فاخیر مێرگەسورى و سەردەشت عوسمان و سۆرانى مامە حەمە و سەدانى تر.
كاتى خۆى محیدین براى هەڤاڵ جوجەڵە لەسەر ئەوەى ڕەخنەى لە پارتى گرت دواى دوو ڕۆژ شەهیدیان كرد.جەوهەر نامیق كە یەكەم سەرۆكى پەڕلەمانى هەرێمى كوردستان بوو، دواى ئەوەى پشتى لە پارتى كردو بوو بە دۆستى گۆڕان لە پڕنەخۆش كەوت و مرد و تا ئێستا گومانى زۆر لە مردنەكەى هەیە.فەلەكەدین كاكەیی لە سەروبەندى 30 حوزەیرانى ساڵى 2013 كە خەریكى درێژكردنەوەى ماوەى سەرۆكایەتى هەرێم بون، لە لێدوانێكیدا وتبوى باشتر وایە بارزانى خۆى هەڵنەبژێرێتەوە و بۆ ئەو باشترە، بە قودرەتى قادر یەكسەر نەخۆش كەوت و مرد.
كچەكەى كە ژنى كەسێكى بارزانیبوە، بابەتێكى لەسەر مردنى باوكى نوسیوەو جۆرێك لە بەدگومانى نیشان داوە و گومانەكەشى لە شوێنى خۆیدا بوە.دواى بڵاوبونەوەى وتارەكە مێردەكەى پێی ئەڵێـت ئەگەر لەو وتارە پەشیمان نەبیتەوە تەڵاقت ئەدەم.كچەكەى فەلەكەدین كاكەیی لەگەڵ ئەوەى لە وتارەكەشى پەشیمان ئەبێتەوە، مێردەكەى هەر تەڵاقى ئەدات.
ئەوەى كە زۆر سەیرە بنەماڵەى بارزانى هەرگیز سڵیان نەكردۆتەوە لە كوشتنى ئەندامە سۆرانییەكان و ئەوان بە سۆرانیەكان ئەڵێن (سورەى قوندەر) بەڵام سەیركەن زۆرینەى ئەوانەى لە ئێستادا خۆیان كردۆتە كەواسورى بەر لەشكرو بونە زوڕنا ژەن و ماستاو چی و كۆیلەى پارتى سۆرانین واتە ئەم كۆیلانەش سورەى قوندەریان بەسەردا دادەبڕێت، بەڵام كەسانى بێ كەرامەت باكى ئەوەیان نییە چییان پێ ئەوترێت و گرنگ ئەوەیە دەسكەوتى تایبەتیان هەبێت.بەڕاستى جێگەى پرسیارە بۆچى ئەم سۆرانیانە بونە كۆیلەى ئەو بنەماڵەیە و لەسەر بچوكترین ڕەخنەش ئەیانكوژن، لە كاتێكدا ئەم مێژوە ڕەشەى پارتیش باش شارەزان، هۆكارەكەى ئەگێڕمەوە بۆ : 

1- ئەم كۆمەڵگایە بەحیزبى كراوە و زۆرینەى هاولاِتیان لە پێناوى بەرژوەندى خۆیان ویژدانى خۆیان فرۆشتوە و بونە كۆیلەى حیزبەكان.مامۆستایەكى زانكۆ لە پێناوى ئەوەى پۆستێك وەرگرێت بێ ئەوەى حەقى ئەوەى هەبێت و حەقى هاوڕێیەكى خۆى بخوات ئەبێتە كۆیلەى حیزب.یان لەوانەیە كاتى خۆى بە قبوڵ خاس لە ماستەرو دكتۆرا وەرگیرابێت و ناچارە چى داوا لێبكەن ئەوەبكات.پارتى دەستى بەسەر سامانى ئەم هەرێمەدا گرتوە و بەو هۆیەوە بەردەوام خەڵكى ئەكڕن.

دوەم: بە حوكمى ئەوەى لە سەرەتاى شۆڕشەوە هەر یەكێتى لە مەیدانەكە هەبوەو لەسەر خیانەت و دەست تێكەڵاو كردن لەگەڵ دوژمن و جاشایەتى، كەسانێك كوژاراون و لە ئێستادا كەس و كارى ئەوانە بونە لایەنگر و پشتیوانى پارتى.ئاخر ئەگەر ئەمانە هۆكار نین، چ مانایەكى هەیە تۆ ببیتە لایەنگرى هێزێك كە تا توانیویەتى دژى خواستەكانى میللەت بوە و هەمیشە دەستى دوژمنانى كورد بوە و لە ئێستاشدا لە هیچ هێزێكى تر نەباشترە و نە دێموكراتیترە و نەبەرنامەى باشترى هەیە بۆ میللەت.
ماوەتەوە ئەوەى بڵێم ئێمەى كورد میللەتێكى دەگمەنین و لە خۆوە نییە تا ئێستا نەبوینە خاوەنى دەوڵەت و ئەگەر ئەمە عەقڵ و مەعریفەمان بێـت، تاماوین ئەبێ وێڵ بین بەدواى كڵاوى بابردوەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە