سەرۆكى هەرێم لە ماوەى 10 ساڵدا دەبوو چى بكردایە؟
Friday, 31/07/2015, 20:40
ماوەى 10 ساڵ بۆ هەر سەرۆكى وڵاتێك یان سەرۆكى حكومەتێك، كاتێكى زۆر باش و گونجاوە و بەسە بۆ ئەوەى بتوانێـت بەرنامەكانى خۆى بە ئەنجام بگەیەنێت. زۆرینەى سەركردەو حیزبەكانى دنیا تەنها 4 ساڵیان لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەى بتوانن بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن.
ئەگەر سەرۆكى وڵاتێك یان حكومەتێك نەتوانێت لە ماوەى 10 ساڵدا داواكاریەكانى هاوڵاتیان جێبەجێ بكات و وڵات بەرەو پێشەوە بەرێت، لە ماوەى 20 ساڵیشدا هەر ناتوانێت و باشتر وایە ئەو بەرپرسانە دەستبەردارى دەسەڵات ببن بۆ لایەنێكى تر. لە ئێستادا كە ویلایەتى سەرۆكى هەرێم بەرەو كۆتایی ئەچێت و هەرێمى كوردستانیش لە گەورەترین قەیراندایە و پارتى بە فەڕمى داوا ئەكات بەڕێز مسعود بارزانى تا كۆتایی خولى چوارەمى پەڕلەمان هەر سەرۆكى هەرێم بێت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا سەرۆكى ئێستاى هەرێم كە ماوەى 10 ساڵ سەرۆك بوە، دەسكەوتى وا گەورەى بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان بەدەستهێناوە، كە وا پێویست بكات بۆ ماوەیەكى تریش بكرێتەوە بەسەرۆكى هەرێم، یان یان پۆستى سەرۆكى هەرێم بە موڵكى خۆیی و بنەماڵەكەى ئەزانێت؟ بە بۆچونى خۆم، دیارە ئەمە بۆچونى خەڵكانێكى زۆرى تریشە بەڵام من نابمە پارێزەرى ئەوان و هەموو كەسێك ئازادە لەوەى چۆن بیر ئەكاتەوە و چى داوا ئەكات.
بە بۆچونى من بۆ ئەوەى سەرۆكى ئێستاى هەرێم كەسێكى سەركەوتو بوایە لە كارەكەیدا و ببوایە بە جێگەى متمانە هاوڵاتیان دەبوایە لە ماوەى 10 ساڵى دەسەڵاتیدا ئەم كارانەى بكردایە:
یەكەم:
ئەو كاتەى یەكێتى و پارتى لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە تاڵەبانى ببێتە سەرۆكى كۆمارى عێراق لەسەر پشكى كوردو بارزانیش ببێتە سەرۆكى هەرێمى كوردستان، دەبوو هەردوو لا بەرنامەیەكى تۆكمەیان داڕشتایە بۆ ئەوەى بە هەما هەنگى هەردوو لایان و نوێنەرانى كورد لە بەغدا مافەكانى كورد بەدەست بهێنن. بەڵام وەكو زانیمان و بۆمان دەركەوت، نەك بەرنامەیان نەبوە، بەڵك پەیوەندییەكانیشیان لە ئاستى پێویستدا نبوەو زۆر جار دژى یەكترى كاریان كردوە.
مامجەلال زۆر جار كەوتۆتە بەر ڕەخنەى بەرپرسانى بەغدا لەسەر لێدوانەكانى سەرۆكى هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ لاى نوێنەرانى كورد لە بەغدا. زۆر جار لەسەر دانانى كەسێكى پارتى لە شوێنێك كێشەى گەورە دروستكراوەو هیچ گرنگى بە بەرژەوەندییەكانى كورد نەدراوە و زۆرجاریش فڕاكسیۆنە كوردییەكانیش خاوەنى یەك بەرنامە نەبون كە بەرژەوەندى كورد لە خۆى بگرێت.
لە ماوەى 10 ساڵى سەرۆكایەتى هەرێمدا، دەبوو سەرۆكى هەرێم چەندین جار سەردانى بەغداى بكردایە و پەیوەندییەكانى بتەو بكات لەگەڵ بەرپرسانى بەغدا لە پێناوى بەدەستهێنانى دەسكەوتوەكانى كوردا. بەڵام سەرۆكى هەرێم زۆر خۆى لەوە بەگەورەتر زانیوە بچێتە بەغداو بەو هۆیەوە بەردەوام كێشەى لەگەڵ جەعفەرى و مالیكى و ئێستاش عەبادى هەبووە.
دووەم:
سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە ماوەى 10 ساڵى سەرۆكایەتى خۆیدا بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدابوایە هەموو شتێك بكاتە قوربانى گەڕانەوەى ناوچە دابڕێنراوەكان و جێبەجێ كردنى مادەى 140. بەڵام سەرۆكى هەرێم و حیزبەكەى لە پێناوى دەرهێنانى نەوت فرۆشتنى بەبێ ئاگادارى و ڕەزامەندى حكومەتى ناوەند، هەموو بەرژەوەندییەكانى كوردى كردە قوربانى بەرژەوەندى تایبەتى، واتە بەشێكى زۆرى خاكى كوردى كردە قوربانى دەرهێنانى نەوت و تا ئێستاش بەردەوام قسە لەسەر ناشەفافى و دیارنەمانى داهاتى نەوت ئەكرێت و ئەنجامى ئەو كارەش بەوە شكایەوە، ئەوەتا لە ئێستادا موچە نییە، بەنزین نییە، كارەبا نییە هەرێمى كوردستان لە قەیرانێكى گەورەدایە.
سێیەم:
سەرۆكێك بیەوێت میللەتەكەى لە مەینەتى ڕزگار بكات و بەرەو پێشەوەى بەرێت، دەبى هەنگاوى یەكەمى ئەوەبیت ، ژێرخانى ئابورى وڵاتەكەى بەهێز بكات و گرنگى بە بوژانەوەى كەرتى كشتوكاڵ و پیشەزازى بدات و هەلى كار بڕەخسێنێت و كۆمەڵگایەكى بەرهەم هێنەر دروست بكات. بەڵام ئەم سەرۆكە بە پێچەوانەوە هەموو خەڵكى كوردستانى كردە بەرخۆر و مشەخۆر و تەمەڵ و هەرچى گەنجى وڵات هەبوو كرایە هێزى چەكدار بۆ ئەوەى وابەستەیان بكات بە خۆیەوەو بۆ بەرژەوەندى خۆى بەكاریان بهێنێت.
هەرێمێك كە ژمارەى دانیشتوانى لە 5 ملیۆن تێناپەڕێت، لە ئێستادا زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو موچەخۆرى هەیەو سەرۆكى هەرێمیش موچەى 3 مانگى هاوڵاتیان قەرزدارە. هەتا پەیوەندى نێوان هەرێم و بەغدا ئاسایی بوو بودجە ئەهات و بەشى موچەو خزمەتگوزاریش ئەكرد، كە سەرۆكى هەرێم نەوتى دەرهێنا گوایە ئابورى هەرێمى كوردستان سەربەخۆ ئەكات، نە پارەى موچە هەیەو نە خزمەتگوزارى، ئەى بۆمان نییە بپرسین چەندین ساڵە پارەى نەوت دیار نییەو بەردەوام هاوار ئەكەین، لاى كێیە و بۆچى ئەو پارەیە بۆ هاوڵاتیان خەرج ناكرێت؟.
چوارەم:
سەرۆكى هەرێم دەبوو بێلایەنى خۆى بپاراستایەو خۆى بە سەرۆكى هەموان بزانێت بۆ ئەوەى ببێتە جێی متمانەى هەموو هاوڵاتیان. بەڵام ئەو هەر وەكو سەرۆكى پارتى هەڵس و كەوتى كردوەو بەردەوام كوڕ و كەسە نزیكەكانى خۆیی و ئەندامانى حیزبەكەى خۆى یاوەرى بون لە گەشتەكانیدا بۆ دەرەوەى وڵات و زۆر جار كە سەفەرى كردوە كەسى ئاگادار نەكردوەو دوور لە چاوى كامیرا. كوڕ و كەسە نزیكەكانى لە بەرزترین جومگەى دەسەڵاتدا داناوەو هەریەكەیان تەغارێك نەجمەى لەسەر شان داناوە.
پێنجەم:
سەرۆكى هەرێم لە ماوەى 10 ساڵى دەسەڵاتیدا دەبوو یەكەم كارى پێكهێنانى هێزێكى چەكدارى نیزامى نیشتمانى بوایە. بەڵام تا ئێستا هێزى دوو حیزبەو هەر خۆشى نایەوێت و ڕێگا نادات هێزى نیشتمانى پێك بهێنرێت و ئەیەوێت هێزى تایبەتى خۆى هەبێت چونكە ترسى لە دەسەڵاتى خۆى هەیەو لێرەوە دەر ئەكەوێت كە نایەوێت دەستبەردارى دەسەڵات ببێت و ئەگەر خۆشى خاوەن دەسەڵات نەما ئەبێ بۆ كوڕو خزمەكانى خۆى بێت. لە كاتێكدا بەناوى سەرۆكى هەرێم و بارەگاى سەرۆكایەتى هەرێمەوە بە سەدان ملیار دینار خەرج ئەكرێت، بەڵام تا ئێستا سەرۆكایەتى هەرێم خاوەنى بارەگاى خۆى نییەو ئەوەى هەیە دیوەخانەكەى سەرۆكى هەرێمە. دیارە ئەمە جێگەى گومانەو هەر ئەمەش گەواهى ئەوە ئەدات كە بارزانى پۆستى سەرۆكایەتى هەرێم بە موڵكى خانەوادەكەى خۆى ئەزانێت بۆیە دواى 10 ساڵ دەست نایەوێـت بەردارى پۆستەكەى ببێت.
شەشەم:
زۆر جار بەرپرسانى پارتى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بە سەرۆكى هەموو كوردستان ئەزانن و لەكاتى ناوبردنیدا ئەڵێن سەرۆكى كوردستان، واتە سەرۆكى كوردستانى گەورە. زۆر موبارەكە و ئەگەر كەسێك خۆى بەوە بزانێت لانى كەم دەبوایە لەم قۆناغەدا كارێكى واى بكردایە خوێندن لە كوردستانى باشور بە یەك زارەوە بوایە. لە ساڵى 1921 وە لە باشورى كوردستان خوێندن بەزارەوەى سۆرانى بوو.
بەڵام كە هەرێمى كوردستان سەربەخۆیی بەدەستهێنا سەرۆكى كوردستانى گەورە ئەوەى هەسبوو كردى بە دوو لەتەوە. لە كاتێكدا بارزانى خۆى بەسەرۆكى هەموو كوردان ئەزانێت، بەڵام ئەوەتا بە ئاشكراو بێ پەردە پشتیوانى لە ئەردۆغان ئەكەن و خوازیارن سوپاى توركیا بچێتە ناو كوردستانى ڕۆژ ئاواو بەردەوام هەوڵ ئەدەن شەڕى براكوژى لە نێوان كوردانى ڕۆژ ئاوا دروستبكەن.
حەوتەم:
ئەوەى كە هەرێمى كوردستانى گەیاندۆتە لێوارى ئیفلاسبون و دروستبونى كارەساتى گەورە دیاردەى گەندەڵییە. گەندەڵى لە هەموو جومگەكانى دەسەڵات و لە هەمو و شوێنێكى ئەم هەرێمە بە ئاشكرا هەستى پێ ئەكرێت. خانە نشینكردنى نایاسایی، موچەى بندیوار، جاران نەوت بە تانكەر دیارنەدەما ئێستا بە بۆرى دیارنامێنێت. هەرچى پارەى لى دەست بكەوێت لە چایخانەو چێشتخانەو هۆتێا و مۆڵو دروستكرندى شوقەو كارگەى گەورەو بچوك، هەتا ئەگاتەخەتى ئینتەرنێت و تۆڕى موبایل و بازرگانى دەرمان و جگەرە و مەشروب و ئەوەى مرۆڤ بە خەیاڵیدا دێت یان موڵكى حیزب و بەرپرسانى ئەم وڵاتەیە بەتەنها یان لەگەڵ خاوەن كارەكان شەرێكن. لەمەدا ئەندامانى بنەماڵەى سەرۆكى هەرێم و بەرپرسانى حیزبەكەى پشكى شێریان بەر ئەكەوێت. بەردەوام قسە لەسەر گەندەڵى و دزینى سامانى ئەم هەرێمە ئەكرێت. باشە سەرۆكى هەرێم لەماوەى 10 ساڵى دەسەڵاتیدا چى كرد بۆ ئەم پرسە گرنگە؟. چەند كەسى سزادا؟. باشترین نمونە خۆ ئەو بەرپرسانەى قاچاخچییەتى نەوتیان لەگەڵ داعش ئەكرد لەسەر خوێنى شەهیدان ئاشكرا كران. ئەى سەرۆكى هەرێم چ بڕیارێكى دا لە بەرامبەر ئەم تاوانە؟.
هەشتەم:
ئەمە كارە شاكارەكانى سەرۆكى هەرێمەو بۆ شاردنەوەى قەیرانەكان و گەوجاندن و چەواشە كردنى هاوڵاتیان ناوە، ناوە، بەرپرسانى پارتى ئەڵێ، كوڕینە: بێدەنگبن و ڕەخنە مەگرن بەم زوانە سەرۆكى هەرێ/ دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت. ئاى لە بێخەبەران كەشكەك سڵاوات. ئەى میللەتى گەمژە خۆ لە خۆڕایی نییە ئێمە نەبوینە دەوڵەت. ئاخر خەڵكى ئێمە ئاوا گەمژەیەو سەرۆكى ئاواشمان هەیە.ئەرێ بەڕاست بڕواتان بەوە هەیە سەرۆكى هەرێم دەوڵەتى كوردى ڕاگەیەنێت؟.
ماوەتەوە ئەوەى بە ئەوانە بڵێم كە داواى ئەوە ئەكەن سەرۆكى هەرێم پێویستە ببێتەوە بەسەرۆكى هەرێم و زۆر گرنگە بۆ ئەم قۆناغەو بەدیلى نییە، ئەوەى ئێوە ئەیڵێن دوورە لە هەموو بنەمایەكى ڕاستییەوەو زۆریش بێویژدانییە داوا بكرێت كەسێك بكرێتەوە بە سەرۆكى هەرێم لەماوەى 10 ساڵى دەسەڵاتیدا یەك كارى باشى نەكردبێت و وڵاتى بەرەو وێرانى بردبێت. ئەى ئەوانەى خاوەنى كەمێك ویژدانن بە ئێوە ئەڵێم و لە ئێوە ئەپرسم: ئەو سەرۆكەى لە ماوەى 10 ساڵى دەسەڵاتیدا هیچ كارێكى باشى نەكردبێت و بەردەوام قەیرانى دروست كردبێ، چاوەڕوانى چى لێ ئەكرێت لە داهاتودا؟.
دڵنیابن هەركەسێك لەهەر پلەو پایەیەكدابێ، ببێتە سەرۆكى هەرێم زۆر لەم سەرۆكەى ئێستا باشتر ئەكات و هەرگیز لەو خرابتریش ناكا. كەواتە ئەوانەى داوا ئەكەن بارزانى بكرێتەوە بەسەرۆكى هەرێم خاوەنى هیچ ویژدانێك نین، یان ویژدانیان هەبوە و فرۆشتویانە لە پێناوى پارەدا و ئێستا بونە كۆیلە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست