کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر سەرۆك هەڵنەبژێرایەوە ؟.

Monday, 13/07/2015, 19:46


ئەوەى لە ئێستادا هاوڵاتیان و سیاسیەكانى هەرێمى كوردستانى بە خۆیەوە سەرقاڵ كردوە پرسى هەموار كردنەوە و نوسینەوەى دەستورى هەرێمى كوردستان و یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و كۆتایی هاتنى وێلایەتى سەرۆكى هەرێمى كوردستانە لە 20/8/2015 و ئەگەرى درێژ كردنەوە یان هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى ئێستاى هەرێمى كوردستانە بۆ خولێكى ترى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان.
ئەم باسە گەرم و گوڕە ئەوەندە قسەى لەسەر كراوە كەسانى سیاسى و نا سیاسى لە مەرامى حیزبە سیاسیەكان گەیشتون و كورتەكەى ئەمەى خوارەوەیە : هاوڵاتیان و حیزبە سیاسیەكانى هەرێمى كوردستان بەسەر دوو بەرەدا بەشبون.بەرەى یەكەم بزوتنەوەى گۆڕان و یەكێتى و یەكگرتوى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى و سێ حیزبى تر، لە یەك بەرەدان و ئەڵێن: بەڕێز مەسعود بارزانى بە پێی یاسا تەنها بۆى هەیە بۆ دوو خول سەرۆكایەتى هەرێم خۆى كاندید بكات و ئەو دوو خولەشى تەواو كردوە و دوو ساڵى تریشى بۆ درێژكراوەتەوە.واتە سەرۆكى هەرێم ماوەى 10 ساڵ لە دەسەڵاتا بووە و بۆى نییە خۆى كاندید بكاتەوە و یاسا ئەوەى یەكلایی كردۆتەوە.
بەرەى دووەم پارتى دێموكراتى كوردستان و كۆتاكانە كە داوائەكەن بەڕێز مسعود بارزانى بۆ جارێكى تریش بكرێتەوە بە سەرۆكى هەرێم.پارتى بە هەزاران پاساوى هەیە بۆ هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم بۆ جارێكى تر و هەمووشیان نایاسایین.ئەوان ئەڵێن هەل و مەرجەكە هەستیارە و سەرۆكى هەرێم كەسێكى پێویستە بۆ ئەم قۆناغە و كەسێكى تر نییە جێگەى پڕبكاتەوە.
بە كورتى پارتى داواى سازان و ڕێكەوتنى سیاسى ئەكات لە دەرەوەى پەڕلەمان و ئەوەش ماناى بێ بایەخكردنى پەڕلەمانە و ئەو سازانەى پارتى ئەیەوێت بە ماناى ڕازیبونى هەموولایەنەكانە لەسەر هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم.كورت و كرمانجى پارتى داواى سوڵحى عەشایەرى ئەكات.
بەرپرسانى پارتى نایشارنەوە و ئەڵێن ئەگەر سازشمان لەگەڵ نەكەن واتە مسعود بارزانى هەڵنەبژێرێتەوە، ئەوە حكومەت هەڵ ئەوەشێنینەوە و بەرپرسە باڵاكانى پارتى لێرەو لەوێ بە ئاشكرا هەڕەشەو لێدوانى توند ئەدەن و ئەوەتا چەند ئەندامێكى كۆمەڵى ئیسلامیان گرتوە و كەوتونە بوختان دروستكردن بۆ وەزیرى دارایی كە لەسەر پشكى بزوتنەوەى گۆڕانە.
من نامەوێت زیاتر لەسەر چونیەتى هەڵبژاردنەوە یان هەڵنەبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم بدوێم چونكە كەس نییە داواكارى هەموو لایەنەكان نەزانێت.ئەوەى من بەلامەوە گرنگە قسەى لەسەر بكەم و ڕونكردنەوەى لە بارەوە بدەم ئەوەیە بۆچى پارتییەكان ئەوەندە سورن لەسەر هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى ئێستاى هەرێم بە هەزارن پاساو لە لایەن شارەزایانى یاسا و مامۆستایانى زانكۆ و ڕۆشنبیرانى سەر بەو حیزبە ئەهێنرێتەوە.
ئایا بەڕاستى ئەو پاساوانە لە ڕوانگەى گرینگى ڕوڵى سەرۆكى هەرێمە لە ڕابوردودا و پێویستى قۆناكەیە بۆ هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى ئێستاى هەرێم، یان لە ڕوانگەى گوێڕایەڵى و كۆیلایەتیانە لە پێناوى بەدەست هێنانى پلە و پۆست و بەرژەوەندى تایبەتى.بۆ ئەوەى ئەو ڕاستییەمان بۆ دەركەوێت ناچارین باسى كارەكانى سەرۆكى هەرێم بكەین لە 10 ساڵى سەرۆكایەتى خۆیدا و ئەو دەسكەوتانەى بۆ هاوڵاتیان و هەرێمى كوردستانى بەدەست هێناوە :
 لەو كاتەوە كە لە هەرێمى كوردستان دەستى بەدەرهێنانى نەوت كردوە و پەیوەندى نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوام بەرەو خراپ بوون چووە و تا كار گەیشتۆتە ئەوەى ئێستا بەغدا بەشە بودجەى هەرێمى كوردستانى بڕیوە و موچەى فەرمانبەران لە كاتى خۆیدا نادرێت و قەیڕانى دارایی دروستبووە.هەر كاتێك كە پەیوەندییەكانى بەغدا و هەرێم بەرەو تێكچوون چووە سەرۆكى هەرێمى كوردستان هەڕەشەى ئەوەى كردووە، كە دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت و ماوەیەك خەڵكى سەر قاڵكردوە بەو دەنگوباسەوە و پارتییەكانیش وتویانە كەى وەختى ڕەخنە گرتنە، ئەوەتا سەرۆكى هەرێم حكومەتى كوردى ڕائەگەینێت و پێویستى بە پشتیوانى جەماوەر هەیە.لێرەدا گرنگە ئەوە بۆ هاوڵاتیان ڕوون بكەینەوە، ئایا سەرۆكى هەرێم بۆ ترساندنى حكومەتى بەغدا ئەو هەڕەشەیەى كردوە، یان بەڕاستى بەرنامەى هەبووە بۆ ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى.
بەڵام ئەوەى كە لە خوارەوە بەخاڵ دیارى ئەكەین ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە هەڕەشەكانى سەرۆكى هەرێم وەكو سیناریۆ وابوون و هیچ ئامادە كارى و بەرنامە و ستراتیجى نە لە ڕابوردو، نە لە داهاتوشدا نەبووە بۆ ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى و ئەگەر بەرنامەى هەبووە دەبوایە كارى جدى بكردایە بۆ ئەم خاڵانەى خوارەوە :
1- سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە 10 ساڵى تەمەنى دەسەڵاتیدا نەیتوانیوە سەرۆكى هەموو خەڵكى كوردستان بێت و بیلایەنى خۆى بسەلمێنێت ببێتە جێگەى متمانەى هەموو لاینەكان.سەرۆكى هەرێم لە كونى دەرزییەوە سەیرى هەرێمى كوردستانى كردوە و تەنها بنەماڵە و حیزبەكەى خۆى بینیوە و تەنانەت نەیتوانیوە ببێتە جێگەى متمانەى خێڵ و عەشیرەتەكانى ناوچەكەى خۆشى.لە گەشتەكانیدا بۆ دەرەوەى وڵات، بەردەوام كوڕەكەى خۆی و كەسە نزیكەكان و ئەندامانى حیزبەكەى خۆى یاوەرى بوون.پەیوەندییەكانى هەریم و وڵاتانى تر لە ڕێگاى نووسینگەى حیزبییەوە ڕێكخراون كە زۆرینەیان لە حیزبەكەى سەرۆكن.پەیوەندى باشورى كوردستان و كوردانى پارچەكانى ترى هەرێمى كوردستان لە ئاستێكى زۆر خرابدایە و لە برى ئەوەى سەرۆكى هەرێم هاوكارى كوردانى ئەو پارچانە بێت و پشتیوانییان لێ بكات، دژایەتى كردون.
لە بارەى ڕوژ ئاواى كوردستانەوە سەرۆكى هەرێم ویستى لە ڕێگاى هەندێ كۆنە سیاسى بێتوانا و هیچ لەبارا نەبوو هێزێك دروستبكات و زەمینەى شەڕى براكوژى خۆش بكات، بەڵام پەیەدە ڕێگاى بە بوونى دوو هێزى چەكدار نەداو ئەوەتا لە ئێستادا سەركەوتنى یەك لە دواى یەك بەدەست دێنن و بوون بە جێگەى موتمانە هەموو كوردان و ئەمەرێكا.
سەبارەت بە كوردانى باكور و پەكەكە و هەدەپە، سەرۆكى پارتى لە هەڵبژاردنى ئەم دوایەى توركیادا پشتیوانى لە ئەردۆغان كرد دژى كوردانى ئەوێ.سەرۆكى هەرێم ویستى پەیوەندى نێوانى پەكەكە و حیزبى دێموكرات تێك بدات لەسەروبەندى هەڵبژاردنەكانى توركیادا بەڵام خۆشبەختانە سەركەوتو نەبوو.
ئێستا كە حكومەتى توركیا هێزى لەسەر سنورى سوریا كۆ كردۆتەوە و ئەیەوێت بەشێك لە خاكى ئەو وڵاتە داگیر بكات كە مەبەستیان داگیر كردنى ناوچە كوردییەكانە، ئەگەر هەڕەشەى ڕوسیا و ئەمەریكا نەبوایە، هێرشەكەى دەست پێ ئەكرد.
 سەیركەن لەم تەوقیتەدا مەسرور بارزانى سەرۆكى بەناو ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دەستى كردوە بەهەڕەشە لە پیشمەرگەكانى باكور و ڕۆژئاواى كوردستان كە ئێستا لە باشورى كوردستان لە بەرەكانى شەڕدا ئەجەنگن و ئەڵێن ئەبَى هەرێمى كوردستان بەجێ بهێڵن.ئەمە وەكو پشتیوانى و هاوكارى وایە بۆ حكومەتى توركیا.
 كەواتە ئەگەر سەرۆك بارزانى ستراتیج و بەرنامەى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى هەبوایە دەبوو پەیوەندییەكانى نێوان پارتەكانى باشورى كوردستان پتە و بكات و دواى ئەوەش پەیوەندیەكانى باشور و پارچەكانى ترى كوردستان بە پێی بەرژەوەندى گشتى گەلى كورد ڕێكبخات و كارێكى وابكات كە هەموان بەسەرۆكى خۆیانى بزانن.بەڵام وەكو دەركەوت سەرۆكى هەرێم نەك ئەمەى نەكردوە بەڵكو هەر نەیویستوە ئەوە بكات.
2- سەرۆكى هەرێمى كوردستان چەندین جار باسى ئەوەى كردوە دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت، بەڵام هەرگیز بیرى لەوە نەكردۆتەوە ژێرخانى ئابورى هەرێمى كوردستان بنیان بنێتەوە و كەرتى پیشەسازى و كشتوكاڵ بەهێز بكات.
هەرێمێك سەوزەش لە دەرەوە هاوردە بكات و 17 ملیار دۆلار قەرزدار بێت و موچەى سێ مانگى هاوڵاتیان قەرزدار بێت و گەنجەكانى سەرى خۆیان هەڵگرن بۆ هەندەران و لە ئاوەكانى ئەو وڵاتانەدا بخنكێن، سەرۆكى ئەو هەرێمە پێمان ناڵێت چۆن و بە چ شێوەیەك دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت؟.
3- ئەگەر سەرۆكى هەرێم نیازى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردییە چ لە ئێستا و چ لە داهاتودا بۆچى بیرى لە دامەزراندنى هێزێكى پێشمەرگەى نیزامى نیشتمانى یەكگرتو نەكردوە تا ئێستا؟ هەتا ئێستا هیزى پێشمەرگە هێزى دوو حیزبە سەرۆكى هەرێم خۆى لەشكرێكى زەبەلاحى هەیە نەك بۆ پاراستنى بەرژەوەندیەكانى هەرێم بەڵكو بۆ پاراستنى دەسەڵاتى خۆى.
بۆ موچە زیاتر لە 450 هەزار پیێشمەرگە هەیە، بەڵام نیوەى ئەوە بەناو هەن و موچەى بندیوار وەر ئەگرن.باشە ئەگەر سەرۆكى هەرێم ئەمەى نەكردبێ باسكردنى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى لە خەڵەتاندنى هاوڵاتیان بەولاوە چ مانایەكى هەیە؟.
4- گەندەڵى لە هەرێمى كوردستان گەیشتۆتە لوتكە و بۆتە سەرتۆپى وڵاتانى گەندەڵكار و دیاردەى گەندەڵى شۆڕبۆتەوە بۆ ناو هەموو جومگەكانى دەسەڵات و كەم بەرپرس هەیە لە گەندەڵییەوە نەگلابێ.حیزبەكەى سەرۆكى هەرێم پشكى شێرى بەرئەكەوێت لە گەندەڵیدا و تا ئێستا شەفافیەت لە دۆسییەى نەوتدا نییە كە لەژێر دەستى سەرۆكى حكومەت و ئاشتى هەورامیدان كە سەر بەحیزبەكەى ئەون.بە ملیارەها دۆلارى ئەم هەرێمە بە تاڵانبراوە و تا ئێستاش بەردەوامە و تەنها كەسێك دادگایی نەكراوە لەسەر ئەو پرسە.
ئەگەر سەرۆكى هەرێم بەڕاستى ئەیەوێت دەوڵەتى كوردى ڕاگەیەنێت، با سەرەتا چارەسەرى گەندەڵى بكات و هەنگاوى یەكەمیش لە حیزبەكەى خۆیەوە دەست پێ بكات.لە هەمووى سەیرتر سەرۆكى هەرێم نەك نایەوێت ڕێگرى لە گەندەڵى بكات، زەمینەشى بۆ خۆشتر ئەكات.ئەوەتا وەزیرى دارایی بەرنامەیەكى چاكسازى هەیە و ئەیەوێت دوو موچە و موچەى بندیوار نەمێنێت و ڕێگرى لەو كەسانە بگرێت كە كار بۆ حیزب ئەكەن و موچە لە حكومەت وەرئەگرن.
لەبرى دەستخۆشى لێ بكەن بوختانى بۆ دروست ئەكەن گوایە خەڵكى دامەزراندوە.لەو پڕۆسەى چاكسازیەدا دەر كەوتوە 100 كەسى ئێرانى و سۆدانى و لیبى موچەى بندیوار لە حكومەتى هەرێم وەرئەگرن.ئەوەتا دەركەوتوە هەموو یاریگاكانى هەولێر لەسەر ڕێكخراوى لاوانى حیزبەكەى هەرێم تاپۆ كراون و داهاتەكەیان بۆ ئەوانە.بەڕاست بەم شێوەیە سەرۆكى هەرێم دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت و ئەیەوێت ئەم كۆمەڵگایە بگەوجێنێت و كڵاومان بكاتە سەر.لێرەدا سەرنجى هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان ڕائەكێشم بۆ ئەم هەواڵە دەگمەنە : لە كاتێكدا: حكومەت موچەى 3 مانگى هاوڵاتیان قەرزدارە و بەغدا بودجەمان بۆ نانێرێت و بەنزین و كارەبا نییە و بێكارى زۆرە و شەڕى داعش هەیە و بە سەدان هەزار موچەخۆرى بندیوار هەیە و لە برى ئەوەى چارەسەرێك بۆ ئەو موچەخۆرە بندیوار و سەدان هەزار خانە نشینى نایاسایی بدۆزنەوە، 
لەم كاتەى من ئەمە ئەنوسم پارتى لەڕێگاى لق و ناچەكانەوە ئیستیمارە دابەش ئەكات بۆ ناونوسینى لایەنگرانى حیزبەكەى بە مەبەستى خانە نشینكردنیان و ناوى ئەوانە ئەنێرن بۆ هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و ناوخۆ.بۆیە لێرەوە داوا لە بەڕێز وەزیرى پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی ئەكەم ئاگادارى ئەمە بن و بەدواداچوونى بۆ بكەن.بەڵى ئەمە وڵاتى ئەو سەرۆكەیە كە داواى هەڵبژاردنەوەى ئەكەن بۆ ئەوەى ئەوەندەى تر كاولى بكات.
5- زۆر هەوڵدراوە كۆنگرەى نەتەوەیی كورد ببەسترێت و تا ئێستا نەبەستراوە و هۆكارەكەشى ئەوەیە پارتى ئەیەوێت بەڕێز مسعود بارزانى ببێتە سەرۆكێكى ئەو كۆنگرەیە و لایەنەكانى تریش ئەوەیان قبوڵ نییە.لە ڕاستیدا پارتى بۆ ئەوە كار ئەكات كە بەڕێز مسعود بارزانى وەكو سەرۆكى هەموو كورد بناسرێت.
 لە ڕاستیدا ئەگەر بتوانێت بە كردەوە بیسەلمێنێت كە ئەو شایستەى ئەوەیە سەرۆكى هەموو كورد بێت و خەڵكیش گەواهى ئەوە بدەن، هیچ عەیبە و خراپییەكى تێدا نییە.بەڵام ئەو كەسەى بە سەرۆكى هەرێمى كورستانى باشور ناسراوە، هەر وەكو سەرۆكى خێڵێك هەڵسوكەوتى كردوە و پێشم وایە لە داهاتوشدا هەروا ئەبێت.
سەرۆكى هەرێم ئەوەندەى هەوڵ ئەدات حیزبەكەیی و بنەماڵەكى خاوەن دەسەڵاتبن و لەناو بنەماڵەكەشیدا كوڕەكەى خۆى كەسى یەكەم بێت نیوەى ئەوە خەمى دوا ڕۆژى ئەم هەرێمەى نییە و بەكردەوە ئەوەى سەلماندوە.لەسەر دەمى سەدام حوسەینیشدا كە لە هەرێمى كوردستان زمانى كوردى بە زاراوەى سۆرانى لە سەرانسەرى هەرێمى كوردستان بەدەڤەرى بادینانیشەوە ئەخوێنرا، بەڵام ئەوەتا لەسەردەمى حوكمڕانى كوردا و بە سەرۆكایەتى مسعود بارزانى ئەو دەسكەوتە مەزنە لە دەست دراو ئێستا لەبەر خاترى سەرۆكى هەرێم لەبرى هەنگاونان بۆ پێكهێنانى زمانێكى یەكگرتوى كوردى، ئەمەشى كرد بە دوو لەتەوە.ئاخر كەسێك ئەوەندە خێڵەكى بێت و ئاوا بیر بكاتەوە، چۆن جێگەى بڕوا ئەبێت و پشتى پێ ئەبەسترێت دەوڵەتى كوردیمان بۆ دروست بكات؟ زاراوەى سۆرانى لە دروستبونى حكومەتى عێراقییەوە لە ساڵى 1921 لە كوردستانى باشور بەكار ئەهێنرێت و هەنگاوێكى مەزنى ناوە و سەرچاوەى زۆر گەورە هەیە بەو زاراوەیە.
6- سەرۆكى هەرێمى كوردستان هۆكارى تێكدانى پەیوەندییەكانى هەرێم و بەغدایە.سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەبرى ئەوەى نەوت بكاتە قوربانى دەسكەوتەكانى كورد، لە ساڵى 2008 وە كە بڕیارى دەرهێنانى نەوتى دا، دەسكەوتەكانى كردە قوربانى نەوت.وایان لە هاوڵاتیان ئەگەیاند كە ئابورى هەرێمى كوردستان سەربەخۆ ئەكەن و دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت.
 بەڵام ئەوەتا دواجار بێ موچە و بەنزین و كارەبا بوین.زۆرترین گەندەڵى لە ئێستادا لە دۆسییەى نەوتدا ئەكرێت.ئەو بار و دۆخەى ئێستا دروستكراوە و گوایە هەرێم نەوتى تەواو ئەنێرێت و بەغدا بودجەكە نانێرێت.بەڵام لەپاڵ ئەو نەوتەى ڕادەستى سۆمۆ ئەكرێت، نەوتى تریش هەناردە ئەكرێت و حكومەتى عێراقى ئەوە ئەزانێت بۆیە بودجەى تەواومان بۆ نانێرن.
7- لە هەموى گرنگتر ئەوەیە ئەم سەرۆكەى هەمانە كە دەوڵەتى كوردیمان بۆ دروست ئەكات، بەڵام نە بڕواى بە هەڵبژاردن هەیە و نە بڕواى بەدەستاو دەستكردنى دەسەڵات هەیە.ئەگەر شتێك لە برژەوەندى خۆیی و حیزبەكەى خۆیدابیت باشە و ئەگەر نا شەڕ ئەكەن.لە كاتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكاندا بە لێشاو تەزویر ئەكەن و كاتێكیش هەڵبژاردن تەواو ئەبێت، پۆستەكان بە پێی بەركەوتەى هەڵبژاردن بەش ناكەن.
 ئەوە ساڵێكە هەڵبژاردن تەواو بوە و سەرۆكى هەرێم دابەشكردنى پۆستەكانى بەستۆتەوە بە هەڵبژاردنەوەى خۆیەوە بە نایاسایی.ئەوەتا كادیرانى حیزبەكەى هەڕەشە ئەكەن و ئەڵێن ئەگەر مسعود بارزانى هەڵنەبژێرنەوە حكومەت هەڵ ئەوەشێنینەوە.
 بۆ هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم كە نایاسایە، داواى سازان ئەكەن.باشە ئەى بۆچى كە حكومەتى خۆجەیی هەولێر و دهۆكیان بەبێ لایەنەكانى تر پێكهێنرا پرستان بەكەس نەكرد و داواى سازانیان نەكرد؟.یان بانێكە و دوو هەوا.بەڵام كە باس دێتە سەر ئەوەى سەرۆكى هەرێم هەڵنەبژێرنەوە، هەزار و یەك بەهانەو پاساو ئەهێننەوە.
دیارە زۆر شتى تریش هەیە كە باسى بكەین و ئەم چەند نمونەیە بەسە بۆ ئەوەى هاوڵاتى تێبگات، پاساوەكانى پارتییەكان بۆ هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم لە جێی خۆیدا نییە و نەك زەرورەتە بۆ جارێكى تریش سەرۆكى هەرێم بێت، بەڵكو مەترسی گەورەشە لەسەر ئایندەى هەرێمى كوردستان.
 باشە ئەم سەرۆكە چ كارێكى وا گرنگى كردوە بۆ ئەم هەرێمە كە شانازى پێوە بكرێت و پێداگرى بكرێت لەسەر هەڵبژاردنەوەى بۆجارێكى تر.لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا ئەگەر سەرۆكێك ئەمە بەرهەمى بێت، خێرا خۆى دەست لەكار ئەكێشێتەوە بۆ ئەوەى دادگایی نەكەن نەك شەڕى هەڵبژاردنەوە بكات 
ئەگەر پارتییەكان وا ئەزانن كە سەرۆكى هەرێم گەشتى وڵاتان ئەكات و پێشوازى لێ ئەكەن لەبەر كەسایەتى بارزانى خۆیەتى، بەهەڵەدا چون و هەر كەسێك سەرۆكى هەرێم بێت هەمان پێشوازى لێ ئەكەن و ئەوە عورفى دبلۆماسیەتە.سەرۆكى ئێستاى هەرێمى كوردستان تا ئێستا وەكو سەرۆكى خێڵێك هەڵسوكەوتى كردوە نەك وەكو سەرۆكى هەرێمێك و ناشتوانێت تازە خۆى بگۆڕێت و بڕواى بەدەستاو دەستكردنى دەسەڵات نییە و ئەوەش مەترسى گەورەیە بۆ سەر كۆى پڕوسەى دێموكراسى دواڕۆژى هەرێمى كوردستان.
 لە كۆتاییدا ئەڵێم ئەگەر لە برى بەڕێز مسعود بارزانى كەسێكى تر ببێـتە سەرۆكى هەرێم ئایندەى هەرێمى كوردستان باشتر ئەبێـت و پڕۆسەى دێموكراسى گەشە ئەكات و بەرەو پێشەوە ئەچێت و دەستاو دەستكردنى دەسەڵاتیش بە ئاسانى ئەنجام دەدرێت و زوبەى كێشەكانى تریش چارەسەر ئەكرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە