ئەوەى پارتى ئەیكات سوكایەتییە بە شكۆ و كەرامەتى نەتەوەیەك
Saturday, 04/07/2015, 23:37
لە ساڵى 1992 یەكەم خولى پەڕلەمانى كوردستان پێهێنراوەو هەتا ئێستا كە خولى چوارەمى پەڕلەمانە هەرێمى كوردستان خاوەنى دەستورێكى هەموار كراوى دەنگ لەسەر دراو نییە . یەكێك لە هۆكارى نەبونى دەستور ڕێگرى پارتى دێموكراتى كوردستانبوە و ئەوان ئەیانەوێت دەستور بۆ ئەوان بنوسرێتەوە، چونكە ڕوداوەكانى ئەم دوایە ئەوە دەر ئەخەن كە پارتى دەستور بە ویستى ئەوانم بنوسرێتەوە .
بە پێی یاسا سەرۆكى هەرێم بۆى نییە لە دوو خول زیاتر خۆى بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم كاندید بكات و ئەو بەڕێزە دوو خولەكەى تەواو كردوە كە 8 ساڵە و دوو ساڵى تریشى بۆ دریژ كراوەتەوە واتە 10 ساڵە سەرۆكى هەرێمە . ئێستا كە ماوەى سەرۆكایەتییەكەى لە 20/8/2015 تەواو ئەبێت هەزار و یەك بەهانە ئەهێننەوە بۆ ئەوەى بۆ جارێكى تریش سەرۆكى ئێستاى هەرێم ئەو پۆستە وەرگرێتەوە .
سەرۆكى هەرێم لەوە پێش چەندین جار لە لێدوانەكانیدا بە ئاشكرا وتویەتى نایەوێت ماوەى سەرۆكایەتى بۆ دریژ بكرێتەوە و زۆریش بێمنەت بووە لەو دوو ساڵەى كە بە هاوكارى یەكێتى لە 30 حوزەیرانى ساڵى 2013 بۆ درێژكرایەوە . بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەو قسانەى سەرۆكى هەرێم خۆى، سەرنجى ئەم لێدوانانەى بەرپرسانى پارتى بدەن و بزانن تاچەند لەگەڵ لێدوانەكانى خۆیدا یەك ئەگرنەوە :
1- سەرۆكى هەرێم ئەڵىَ نامەوێت ماوەى سەرۆكایەتیم بۆ دریژ بكرێتەوە، بەرپرسانى پارتى ئەڵێن تاكە كاندیدى ئێمە بۆ سەرۆكایەتى هەرێم، بەڕێز مەسعود بارزانییە . باشە كە بە پێی یاسا بۆى نەبێت خۆى كاندید بكاتەوە چۆن و بە چ شێوەیەك و بە پێی چ یاسایەك تاكە كاندیدى پارتییە ؟؟؟.
2- بەرپرسانى پارتى ئەڵێن ئەبىَ سەرۆكى هەرێم بەڕێز مەسسعود بارزانى لە لایەن خەڵكەوە هەڵ بژێرێتەوە نەك پەڕلەمان . لە كاتێكدا ئەم قسانە ئەكەن یاسا ڕێگاى پێنادا خۆى هەڵبژێرێتەوە نە لە لایەن خەڵكەوە و نە لە لایەن پەڕلەمانەوە . ئەى بە چ مەنتقێك ئەم قسانە ئەكەن ؟؟؟.
3- بەرپرسانى پارتى ئەڵێن ئەگەر سازانمان لەگەڵ نەكەن ئەوە پێكهێنانى حكومەت و دابەشكردنى پۆستەكان هەڵ ئەوەشێنیینەوە . هیمن هەورامى ئەندامى سەركردایەتى پارتى و ئومێد خۆشناو سەرۆكى فراكسیۆنى پارتى لە پەڕلەمانى كوردستان بە ئاشكرا ئەو هەڕەشانە ئەكەن . لە كاتێكدا ئەم هەڕەشانە ئەكەن تا ئێستا بەكەم و بە زۆر هیچ بەرپرسَكى پارتى باسى ئەو سازانە ناكەن كە ئەوان ئەیانەوێت و هەر باسى سازان ئەكەن و وردەكارى باس ناكەن .
ئەگەر مەبەستیان لە سازان ئەوەیە هەموان ڕازیبن لەسەر هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم، سازان لەسەر كێشەیەك ئەبَى لە نێوان دوو كەس یان دوو لایەن و بۆ ئەوەش پەنا بۆ یاسا ئەبەن بۆ یەكلاییكردنەوەى، بەڵام كێشەى ویلایەتى سەرۆكى هەرێم پێشوەخت لە ڕێگاى یاساوە بڕاوەتەوەو بڕیارى كۆتایی لێدراوە . كەواتە سازان لەسەر چى ؟؟ یاسا یاسایەو ناكرىَ سازان لەسەر یاسا بكرێت . سازان لەسەر یاسا بە ماناى پێشێلكردنى یاسا یان باوەڕ نەبون بە یاسا دێت .
4- هەندێ: لە بەرپرسانى پارتى ئەڵێن ئەوەى سەرۆكى هەرێم بۆ ئەم هەرێمەى كردوە و وباسى گەشتەكانى ئەكەن بۆ ئەمەریكاو ئەوروپا و ئەو پشتیوانییەى بەدەستى هێناوە بۆ كورد بەكەسى تر ناكرێت كە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوەو هەرچى بەدەستى هێنابىَ لەسەر حسابى كورد بوەو بە هۆى پۆستەكەیەوە بوە نەك وەك مەسعود بارزانى و هەر كەسێكى تریش ببێتە سەرۆكى هەرێم، وەكو ئەو پێشوازى لێدەكرێت و ئەوە عورفى دیبلۆماسییە .
كاتێك كە مەسعود بارزانى سەردانى فەڕەنساى كرد، سەرۆكى ئەو وڵاتە پێشوازى لێكرد . باشە سەرۆكى فەڕەنسا پێشوازى لە ژنە شەڕڤانانى كوردستانى ڕۆژ ئاواش بە گەرموگوڕتر نەكرد، لە كاتێكدا ئەوان نە سەرۆكى هیچ ولاِتێك یان هەرێمێك بون؟.
5- سەرۆكى هەرێم چ دەسكەوتێكى بۆ ئەم هەرێمە بەدەستهێناوە، هەتا ئاوا پێویست بێ بكرێتەوە بە سەرۆكى هەرێم؟. ئەوەتا هەرێمى كوردستانى گەیاندۆتە لێوارى ئیفلاسى دارایی و هەرێمى كوردستان لە سایەى ئەوەوە گەیشتۆتە لوتكەى گەندەڵى و تا ئێستا هێزى پێشمەرگەى كوردستان موڵكى دوو حیزبەو نیوەى هێزەكەش هێزى بندیوارى بەرپرسەكانە بۆ دەسكەوتى خۆیان .
موچە نییە، بەنزین نییە، دۆسییەى نەوت تا ئێستا ش ناشەفافە، پەیوەندى لەگەڵ بەشەكانى ترى كوردستان زۆر تێكداوە، ماوەى 8 ساڵە بۆ بەرژەوەندى خۆى بە هۆى دەرهێنانى نەوتەوە پەیوەندى هەرێم و بەغداى تێكداوەو ئێمەى گەیندۆتە ئەم قۆناغە . پێش هەموو شتێك دەبوایە خۆى دەستبەردارى پۆستەكەى بوایە كە نەیتوانیوە هیچ بكا بۆ ئەم هەرێمە نەك هەڕەشە لە هاولاِتیان بكات، ئەگەر هەڵى نەبژێرنەوە . خۆى كردۆتە كەڕەى ناو شەربەت و بەرپرسەكانى لێدوانى ئەگرین ئەدەن و خەڵكى ئەتۆقێنن.
بەرپرسى وایان هەیە ئەڵێت : مەسعود بارزانى بۆیە لە دایك بوە بۆ ئەوەى هەر دەسەڵاتدار بێت .
یەكێكى تر ئەڵێت :باشە ئەگەر كەسێكى تر بوو بە سەرۆكى هەرێم لەكوىَ دائەنیشێت؟. مەبەستى ئەوەیە سەرۆكى هەرێم شوێنەكەى خۆى بۆكەس چۆڵ ناكات . ئێمە پێشوەخت ئەوە ئەزانین و لەوە تێگەیشتوین كە سەرۆكى هەرێم ئەیەوێت كوردستان لەسەر خۆیی و بنەماڵەكەى تاپۆ بكات .
بازرگانەكانى شەڕو ماستاو چى و كۆیلەو فەرمانبەرەكانى حیزبەكەى بە جۆرێك بە شان و باڵیدا هەڵ ئەدەن و گەورەى ئەكەن خۆشى بڕواى بەو قسانە نییە، بەڵام وابزانم پێی عەیبە بڵێ وانییە . ئەو قسەیە ڕاستە كە ئەڵێن : كەس بە دیكتاتۆرى لە دایك نابێت ئەوە خەڵكى ماستاوچی و كۆیلەو هەلپەرست و ترسنۆكن کە دیكتاتۆر دروست ئەكەن .
ئەگەر بەوردى چاوێك بەو بەناو كەسایەتیانەى ناو پارتێدا بخشێنى لە مامۆستاى زانكۆ، دادوەر، یاسا ناس، پڕۆفیسۆر، ڕۆشنبیر، خاوەن بڕوانامەى بەرز، ئەگەر باش ئەمانە نەناسى وا ئەزانى ولاِتێكى وەكو ئەمەریكا بەڕیوە ئەبەن چونكە ئەو هەموو كەسایەتیانە ئەگەر خاوەنى بۆچون و بیركردنەوەى دروستبن هەرگیز وڵات توشى قەیران نابێت، بەڵام تەنها یەك كەسیان خاوەنى بۆچونى خۆى نییە و ئەوە سەرۆكە لە برى ئەوان بیر ئەكاتەوە و ئەمانیش چەپڵەى بۆ لىَ ئەدەن و سەرى بۆ ئەلەقێنن لە بەرامبەر پۆست و پارەو ئوتومبێلدا و هەر ئەمانەش هۆكارى ئەوەن سەرۆكى هەرێم قەبارەى خۆى نەزانێت چەندە .
6- بەرپرسەكانى پارتى بەردەوام بەوە خەڵكى ئەترسێنن كە سەرۆكى هەرێم بەدیلى نییە و ئەم هەرێمە تەنها بەو بەڕێوە ئەچێت و ئەگەر حیزبەكانى تر بەدیلیان هەیە با ئاشكراى بكەن . باواز لە هەموو هەڕەشەكانى تریان بهێنین، بەڵام ئەم لێدوانانەى بەرپرسانى پارتى كە لە هەمان كاتدا ویستى مەسعود بارزانى خۆیەتى، سوكایەتییە بە تاك بەتاكى هاوڵاتیانى كوردستان ئەوە سوكایەتییە بە شكۆ و كەرامەتى نەتەوەیەك بە گشتى و خۆ بەزل زانینە .
بەڵام بێ ئاگایە لەوەى بە دەیان هەزار كەس لەم وڵاتە هەیە كە زۆر لەو بەتواناترن و ئەتوانن باشتریش وڵات بەڕێوەبەرن . جێی داخە سەرۆكێك سوكایەتى بە شكۆ و كەرامەتى نەتەوەیەكەوە بكات و بڵى َ كەس نییە جێم بگرێتەوە و ئەگەر من نەبم گورگ ئەتان خوا. گومانى تێدا نییە كە هەموو كەسێك ئەمرێت و مەسعود بارزانیش هەر ئەمرێت . باشە ئەگەر لەم وڵاتە كەس نەبێت جێگەى بگرێتەوە .، ئەگەر مرد چیمان بەسەردێت؟. ئایا لە دنیادا بوە ئەگەر سەرۆكەكەیان مردبێ، كەس نەبوبىَ جێى بگرێتەوە وڵات وێرا بوبێـت و گورگ خواردبنى ؟.
بۆیە كاتى ئەوە هاتوە هەڵوەستەیك بكەین و سنورێك و ڕێگا چارەیەك بۆ ئەم سوكایەتى و كەرامەت شكاندنەى نەتەوەكەمان دابنێین و نابَى چیتر سوكایەتى قبوڵ بكەین.
ئەو قسەو لێدوان و هەڕەشەى بەرپرسانى پارتى لە ڕوانگەى بەهێز بونیانەوە نییە ئەوەندەى لە ڕوانگەى ترس و دڵەڕاوكىَ لاواز بونیانەوەیە. پارتى ئەوەتەى هەیە ئەوەندەى بە هۆى ڕوداوە ئیقلیمیەكان و وڵاتانى دراوسێوە بە هێز بوە، نیوەى ئەوە پێگەى جەماوەرى ناو میللەتى خۆى نەبووە . بەردەوام پەناى بردۆتە بەر هێزى دەرەكى بۆسەركوتكردنى گەلەكەى خۆى . لە ئێستادا ترسى پارتى لەوەیە كە ئەو فاكتەرانەى لە ڕابوردودا بەردەوام وەكو بەخت یاوەرى بون، لە ئێستادا ئەو هەل و مەرجانە گۆڕاون و لێرەدا سەرنجتان ڕا ئەكێشم بۆ ئەمانەى خوارەوە :
1-ئەگەر لە ڕابوردودا و لە كاتى پێویستدا پەناى بردبێتە بەر ئەم لاو ئەو لا لە ئێستادا ئەو هەل و مەجەە لە بەرژەوەندى ئەواندا نییەو ئەوەتا نزیكترین دۆستى كە ئەردۆغان بوو، لوتى شكاو گڕۆڵەى لە لێژیدایە .
2- كۆدەنگییەكى باش هەیە لە نێوان حیزبەكانى ناو پەڕلەمانداو ئێستا پارتى و نزیكەكانى بونە كەمینە و كۆبونەوەى پەڕلەمانى كوردستانى 23 حوزەیران وانەیەكى باشە بۆ پارتى و حەق وایە بەرپرسانى پارتى بێنەوە هۆش و بە ئارامى قسە بكەن .
3- كوردانى باكور و باشور پێگەیەكى بە هێزیان هەیە و خاوەنى هێزێكى شەڕكەرى بەتوانان و بونە جێگەى متمانەى هێزە نێو دەوڵەتیەكان لە شەڕى تیرۆردا . بۆیە لە ئێستادا ئەوان ڕۆڵێكى گرنگ ئەبینن لە ناوچەكەداو كاریگەرى زۆریان لەسەر كوردانى ئێزدى هەیەو پێگەى پارتییان لە دەظەرى موسڵ لاواز كردوەو ئەگەر ئەمڕۆ هەڵ بژاردن بكرێت، پارتى نیوەى دەنگەكانى پێشوو بەدەست ناهێنێتەوە. پارتى پەیوەندى باش نییە لەگەڵ ئەم دوو هێزە كوردییەدا.
4- پارتى ویستى نێوانى حیزبى دێموكراتى ئێران و پەكەكە تێك بدات، بەڵام پەكەكە ژیرانە هەڵسو كەوتى كردو لەگەڵ حیزبى دێموكرات ئاشتبونەوەو ئەو كارتەشیان لەدەست پارتى دەرهێنا .
ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان پارتى بیەوێت سود لەو هێزەى توركیا وەرگرێت كە لە ناوچەى بامەڕنین، ئەوەشیان بۆ ناچێتە سەر چونكە ئەمەرێكاو هاوپەیمانان هەرگیز ڕێگا بەوە نادەن و ئێستا توركیا هانى هانى هاوكارى داعشى لەسەرەو بە یارمەتیدەرى تیڕۆرى جیهانى دا ئەنرێت .ئەم كارتەش ئەوان خۆش .
5- ئەگەر بەنیازى ئەوەبن پەنا بەرنە بەرشەڕو ئاژاوەو دووئیدارەیی دروست بكەنەوە . ئەوەشیان بۆ ناكرێت و لە ئێستاوە ئەو كارتەش سوتاوە . ئەمەریكاو هاوپەیمانان لەبەر خاترى پارتى بەرگرییان لە هەولێر نەكرد و شەڕى دژ بە داعشیان دەست پێكرد . ئەو هەمو قونسەلگەریانەى لە هەولێرن، نوێنەرى ئەو كۆمیپانیانەن كە پارتى خۆى بە هەڕاج نەوتى كوردستانى پێ فرۆشتون شیرینى زۆریشیان لێوەرگرتون و كەسیش نازانێت لاى كییە. بۆیە ناهێڵن كەس بارو دۆخەكە تێك بدات و با لە ئێستاوە ئەو سەرینەش بخەنە ژێر سەریان و ڕەحەت لێی بخەون و هەر بیریشى لێنكەنەوە .
6- تەنها كارتێك كە لە دەستى پارتیدا ماوە لە دواى هەموو هەوڵەكان بۆ چارەسەرى كێشەى هەڵ بژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم ئەوەیە پارتى پێداگرى بكات بەوەى ئەبَى سەرۆكى هەرێم لە لایەن هاوڵاتیانەوە هەڵبژێرێت، هەرچەندە بە پێی یاسا بۆى نییە خۆى هەڵ بژێرێتەوە. بەڵام ئەگەر گۆڕأن و یەكێتى و هەردوو حیزبە ئیسلامیەكە هاوڕابن لە سەركاندید كردنى تەنها كەسێك، بەدڵ نیاییەوە، مەسعود بارزانى دەنگى پێویست ناهێنێت و ئەم كارتەش لەدەست ئەدا .
لە پێناوى بەرژەوەندى باڵاى گەل و نیشتمان، لەپێناوى پاراستنى ناو و ناوبانگى هەرێمى كوردستان، لە لەبەر خاترى هەموو ئەو شەهێدانەى خۆیان كردە قوربانى گەل و نیشتمان، لە پێناوى ئەوەى جارێكى تر شەڕى ناوخۆ دروست نەبێتەوە، لە پێناوى ئەوەى ئارامى و خۆشگوزەرانى بگەڕێتەوە بۆ هەرێمى كوردستان، لە پێناوى ئەوەى لەم هەل و مەجەدا پێگەى كورد لە لایەن هاو پەیمانانەوە بەهێزتر ببێت و لە پێناوى ئەوەى سیستەمى حوكم بە دێموكراسى بكرێت و بخرێتە سەر سكەى خۆی و چیتر تاكە حیزبێك و تاكە لایەنێك و تاكە بنەماڵەیك ئەم هەرێمە بۆ بەرژەوەندى خۆى نەبات بەڕێوەو سامانى ئەم وڵاتە قۆرخ نەكات :
داوا لە یەكێـى نیشتمانى كوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان و یەكگرتوى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى ئەكەم لەم هەل و مەجەدا هاوپەیمانێكى بەهێزبن و هەموو ناكۆكی و نیگەرانیەكان بخەنە لاوەو هەر لایەنەو واز لە كەمێك بەرژەوەندییەكانى خۆى بهێنێت بۆ لایەنەكەى تر لە پێناوى تەبایدا بۆ ئەووەى بتوانن خزمەتێك بەم هەرێمە بكەن . با چیتر خەڵكى نەڵێن ئەم حیزبانە هەر بەرژەوەندى خۆیان ئەوێت و هەوەڵ ئەدەن پلەو پۆست و پایە بەدەست بهێنن، با ئەم قۆناغەى ئێستا بكرێتە قۆناغى لەیەك نزیكبونەوە لە پێناوى بەرژەوەندى گشتیدا . هیوادارم بەرپرسانى یەكێتى ناكۆكیەكانیان بخەنە لاوەو چۆن دوای ئاشبە تاڵى 1975 هیوایان گەڕاندەوە بۆ گەلى كورد و چۆن لە ساڵى 1991 بونە سەرقافَڵەى ڕاپەڕین. با ئەمجارە ش هەمان سەروەرى بەدەست بهێنن و سەروەریەكانى ڕابوردویان بگێرنەوە .
لە پێناوى ئەوەى چیتر پارتى بەوە خەڵكى نەترسێنێت كە لە هەرێمى كوردستان كەسى تر نییە شیاوى ئەوە بێت كە سەرۆكى هەرێم بێت و ئەو پۆستە بەكەسى تر بەڕێوە ناچێت لەبەر گەورەیی و مەكانەتەكەى و ئەوەتا هیچ حیزبێك كاندیدى نییە و كەسیش ناتوانێت شان لە شانى بدات كە ئەمە سوكایەتى كردنە بە كەرامەت و شكۆى نەتەوەیەك، داواكارم كە ئەو چوار لایەنە ڕێك بكەون لەسەر یەك كاندی هاوبەش و كارى جدى بۆ بكەن .
ئەگەر ئەو كاندیدەى لەسەرى ڕێك ئەكەون سەلاحەدین بەهادین، یان محمد فەرەج یان عەلى باپیر یان دكتۆر بەرهەم یان دكتۆر بورهان یاسین لە گوڕان یان هەریەكێكى تر بێت بەلاى منەوە جیاوازى نییە .
گرنگ ئەوەیە ئەم پرسە یەكلایی بكرێتەوە . جێی خۆیەتى كە ئەم چوار حیزبە ئەو پەیمانەش بدەنە میللەت ئەگەر كاندیدى ئەوان دەرچو، سیستەمەكە بكەنە پەڕلەمانى و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێمیش بكەنە تەشریفاتى . ئەگەر پارتى وابیر بكاتەوە كە ئەمجارەش بەڕێز مەسعود بارزانى لە سەەدا حەفتاى دەنگەكان ئەهێنیت زۆر هەڵەن و بەقەدەر 38 كورسى كەمتریش دەنگ ئەهێن . جارى پێشو بەڕێز مامجەلال ماڵەو ماڵى بۆ ئەكرد . هەموو یەكێتى دەنگى بۆ داو تەزویرە حەیاتەكەش لەولاوە بوەستێ .
دڵنیام كاندیدى چوار حیزبەكەش دەر ئەچێت و لە هەڵبژاردنى داهاتوشدا پارتى ناتوانێت سەرۆكایەتى حكومەت بەدەست بهێنێتەوەو قۆناغێكى نوى لەهەرێمى كوردستان دێتە كایەوە . مەبەستى نوسینەكەى من بۆ ئەوە نییە بەرەیەك پێكبهێنرێت بۆ دژایەتى و لەناوبردنى لایەنێكى تر . مەبەستى نوسینەكەم بۆ ئەوەیە سیستەمێكى حوكمڕانى دێموكراسى لە هەرێمى كوردستان دامەزرێت و بە شێوازێكى دێموكراسیانە لە لایەن هەموو حیزبەكانەوە ئەم هەرێمە بەڕێوەببرێت و هیچ كەس و لایەن و بنەماڵەیك نەتوانێت بەتەنها دەسەڵات بۆخۆى قۆرخ بكات و كەسیش پەراوێز نەخرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست