هەڵبژاردنەوەى سەرۆك لە ڕێگاى هەڕەشەوە
Monday, 22/06/2015, 22:59
لە ڕاستیدا باسكردنى ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت لە سەرى بنوسرێت و وا پێویست ئەكات بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاى دەستپێكردنى شۆڕشى ئایلولى ساڵى 1961 و هەموو ئەو قۆناغانەى شۆڕى كوردى پێدا تێپەڕیوە تا ئەم كاتەى ئێستا ، بەڵام ئەوە بابەتێكەو كاتێكى زۆرى پێویستەو لێرەدا جێگەى نابێتەوە. بە كورتى لە دواى ڕاپەڕینە مەزنەكەى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان لە سەڵى 1991 ڕاماڵینى دەسەڵاتى حیزبى بەعس لە هەرێمى كوردستان و پێكهێنانى یەكەم پەڕلەمانى كوردستان لە هەرێمى كوردستان ، تا ئێستا چوار خولى پەڕلەمان و هەشت كابینەى حكومەتتیش پێكهێنراوە.
بەڵام ئەوەى لێرەدا گرنگە باسى بكەم ئەوەیە لەو ماوەیەدا بەدەر لەم خولەى پەڕلەمان و كابینەى هەشتەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان هەموو بڕیارەكان لە هەردو دامەزراوەى پەڕلەمان و حكومەتتدا بە ویستى یەكێتى وپارتى و بۆ بەرژەوەندى ئەوان تێپەڕێندراوە وئەنجامدراوە. هەر بەو هۆكارەشەوە تا ئێستا هەرێمى كوردستان نەبۆتە خاوەنى دەستورێكى هەمیشەیی و نەتوانراوە سنورى دەسەڵاتەكانى دامەزراوە سەرۆكایەتیەكان و دام و دەزگا باڵاكانى حكومەت وەكو پێویست دیارى بكرێن و بەو هۆیەوە بەردەوام كێشەو گرفت هەیە.
ئەوەتا لە ئێستادا ویلایەتى سەرۆكى هەرێمى كوردستان هاتۆتە كۆتایی و لە 19 ئابدا تەواو ئەبێت. ئەمە لە كاتێكدایە نەدەستور هەیەو نە سەرۆكى هەریم بەڕێز مەسعود بارزانیش بە پێی یاسا بۆى هەیە خۆى هەڵ بژێرێتەوە. لیژنەیەكى 21 كەسى پێكهێنراوە بۆ نوسینەوەو هەموار كردنەوەى دەستورى هەرێمى كوردستان ، بەڵام كاتێكى كەمیان لەبەر دەستەو ئاسان نییە لە ماوەى دیاریكراودا بتوانن ئەو كارە تەواو بكەن.
بەڵام یاساى هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم جیاوازە لە دەستور و لەبەر ئەوە جگە لە پارتى حیزبەكانى تر پرَۆژەیان داوەتە پەڕلەمان بۆ چۆنیەتى هەموار كردنى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و دۆزینەوەى میكانیزمى هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى ئێستاى هەرێم. ئەمە بابەتێكى زۆر قورس و لە هەمان كاتیشدا زۆر هەستیارەو كێشەو گرفتى زۆرى بە دواوەیە ئەمەش پێویستى بەسازانى نیشتمانى هەیەو دووبارە ئەو سازانەش ئاسان نییە بە هۆكارى ئەوەى:
سەرۆكى ئێستاى هەرێم بە پێی یاسا بۆى نییە بۆ خولێكى تر خۆى كاندید بكاتەوە چونكە دوو خولى تەواو كردوەو دوو ساڵى سەرۆكایەتى بۆ دریژ كراوەتەوە. واتە 10 ساڵ سەرۆكى هەرێم بوە. كەواتە ئەگەر سازانى نیشتمانى نەبێت سەرۆكى ئێستاى هەرێم بۆى نییە خۆى كاندید بكاتەوە. دیارە ئەو سازانەش پڕكێشەیەو پارتى ئەیەوێت ئەو سازانە وەكو قاتێك جل بدروێت و بكرێت بە بەرى سەرۆكى هەرێم و دەسەڵاتەكانى كەم نەكرێتەوە و وەكو جاران كەس نەتوانێت پرسینەوەى لەگەل َبكات. پارتى ئەیەوێت كۆى دەستورى هەرێمى كوردستان و یاساى سەرۆكایەتى هەرێم تەنها بۆ بەرژەوەندى بنەماڵەى بارزانى بنوسرێتەوە.
لە كاتێكدا یاسا ڕێگا بە هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى ئێستاى هەرێم نادات ئەگەر سازانى لەسەر نەكرێت و فێڵێكى یاسایی بۆ نەدۆزرێتەوە ، پێش وەخت بەرپرسانى پارتى لێدوانى سەیرو سەمەرە ئەدەن. یەكێك ئەڵى سەرۆكى هەرێم نایەوێت خۆى هەڵ بژێرێتەوە ، بەڵام ئەوە پۆستەكەیەتى پێویستى بەو هەیە.
كەواتە سەرۆكى هەرێم ئەیەوێت ببێتەوە بە سەرۆك بەڵام بێمنەتى ئەكات و واى باس ئەكەن لە كوردستان پیاو نەماوە بتوانێت ببێت بە سەرۆكى هەرێم. لە سیناریۆیەكى تردا بەرپرسێكى تر ئەڵێت : ئێمە تاكە كاندیدمان مەسعود بارزانییە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە : لە كاتێكدا بە پێى یاسا سەرۆكى هەرێم بۆى نەبێت خۆى هەڵ بژێرێتەوە و تا ئێستاش سازان لەسەر ئەوە نەكرابى ، ئەى چۆن كاندید ئەكرێتەوە؟.
سیناریۆى سێەم : سەرۆكى هەرێم داوا لە كۆمسیۆن ئەكات لە 20 ى ئابدا هەڵ بژاردن بۆ سەرۆكایەتى هەرێم ئەنجام بدەن ، لە كاتێكدا نە یاسا ڕێگا ئەدات سەرۆكى ئێستاى هەرێم خۆى كاندید بكاتەوەو نە لە توانادایە لە 20ى ئابدا ئەو هەڵ بژاردنە ئەنجام بدرێت. لە سیناریۆى چوارەمدا بىَ پەردە و بە ئاشكرا هەڕەشە ئەكەن و ئومێد خۆشناو سەرۆكى فراكسیۆنى پارتى لە پەڕلەمانى كوردستان ئەڵێت :
ئەگەر سازانمان لەگەڵ نەكەن لەسەر هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى ئێستاى هەرێم ئەوا هەمو ڕێكەوتنەكان لەسەر پێكهێنانى حكومەت لە هەرێمى كوردستان و بەغداو دابەشكردنى پۆستەكان هەڵ ئەوەشێنینەوە. واتە حكومەت هەڵدەوەشێننەوە.
كەواتە مەترسییە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە پارتى وا ئەزانێت هەموو ئەم هەرێمە موڵكى ئەوانەو هەر شتێك بدرێتە هەر كەس و لایەنێكى تر ئەوە خێرو سەدەقەى پارتییە ، كەواتە لاى پارتى نە هەڵبژاردن و نە بەرژەوەندى نیشتمانى بەهایەكى هەیەو ئەوەى ئەوان بیرى لىَ ئەكەنەوە تەنها بەرژەوەندییەكانى بنەماڵەى بارزانییە. كەواتە پارتى بەڕوكەش ئەیەوێت هەڵ بژاردن بكات و ئەگەر ئەوان هەمو شتێك نەبن ئەوا ڕازى نابن و ئەوەى ئەم ڕاستییەش ئەسەلمێنێت هەڕەشەكانى ئێستاى پارتییە و بە ئاشكرا ئەڵێن ئەگەر مەسعود بارزانى نەكرێتەوە بە سەرۆكى هەرێم حكومەت هەڵ ئەوەشێنینەوە. ئەمە لە كاتێكدایە ئێستا هەموو لایەنەكان لە گفتوگۆدان و جارىَ هیچ بڕیارێك نەدراوە. كەواتە ئەمە ئەوە ئەگەیەنێت هەر بڕیارێك لە بەرژەوەندى ئەوان نەبێت ، ئەمان ڕازینابن و ڕەتى ئەكەنەوەو ئەبىَ قسە هەر قسەى خۆیانبێت.
لە كاتێكدا هەموو حیزبەكانى بەشدار لە حكومەتدا جگە لە پارتى داوا ئەكەن سیستەمى حوكمڕانى لە هەرێمى كوردستان بكرێتە پەڕلەمانى و سەرۆكى هەرێم لە پەڕلەمانەوە هەڵ بژێرێت و دەسەڵاتەكانى كەمبكرینەوە بۆ ئاستى تەشریفاتى و ڕادەستى سەرۆكى حكومەت بكرێن و بتوانرێت لە پەڕلەمان پرسینەوەى لەگەڵ بكرێت ، پارتى پێداگرى ئەكات كە سەرۆكى هەرێم لە ڕێگاى خەڵكەوە هەڵ بژێرێت بۆ ئەوەى كەس حەقى دەنگدانى نەفەوتێت و یەكێكى نەشارەزا وا ئەزانێت ئەمانە بۆ هاوڵاتیان سوتاون و زۆر ڕێز لە دەنگى هاولاِتیان ئەگرن و نازانن ئەمە بۆ فێڵ كردنە لە هاوڵاتیان. لە لایەكى تریشەوە ئەڵێن تاكە كاندیدى ئێمە بۆ سەرۆكایەتى هەرێم مەسعود بارزانییەو با لایەنەكانى تریش كاندیدى خۆیان دیارى بكەن.
كورد قسەیەكى جوانى هەیەو زۆر جار كە دوو كەس لەسەر شتێك دەبێتە كێشەیان و لایەنێك بەردەوام سور ئەبى َ لەسەر قسەى خۆى لە كاتێكدا خۆشى ئەزانىَ هەڵەیەو ڕاست نییە ، لایەنى بەرامبەرى ئەڵێت : من ئەڵێم نێرەو ئەو ئەڵىَ بیدۆشە.
بەرپرسانى پارتیش ئاوایان لێهاتوەو هەموان ئەڵێن مەسعود بارزانى بۆى نییە خۆى هەڵ بژێریتەوە ئەگەر سازانى نیشتمانى لەسەر نەكرێت و فێڵى یاسایی بۆ نەدۆزرێتەوە ، ئەوان سیناریۆى زۆریان هەیە بۆ هەڵ بژاردنەوەى هەرێم و ئەو قسانەى پارتى ماناى ئەمەیە : خۆتان ماندو مەكەن یاسا ڕێگا بدات یان نەدات ، پێتان خۆشبێت یان پێتان خۆش نەبێت ، ڕازیبن یان ڕازینەبن ، ئەگەر شەڕى براكوژیش دروست ببیتەوەو كارەساتێكى وەكو 31 ئابیش ڕوبداتەوە ، ئەوە مەسعود بارزانى هەر سەرۆكى هەرێمە.
بەڕاستى منیش بم لە جێگاى پارتى هەر وا ئەكەم چونكە لە بێدەنگى هاوڵاتیان و بێبەرنامەیی حیزبەكانى ترە كە پارتى ئاوا ئەكات و هەموو شتێكى بۆ چۆتە سەر. حەقیانە كە ئەڵێن كەسى شیاوتر نییە بۆ سەرۆكى هەرێم جگە لە بارزانى و بە ئاشكرا بە لایەنەكانى تر ئەڵێن : فەرمون ئەگەر ئێوەش كاندیتان هەیە ئاشكراى بكەن و ئەگەر نیتانە بۆ سەرمان دیشێنن.
هەر كەسێك كەمێك لە ئەلف و باى سیاسەت بزانێت هەست بەوە ئەكات هەرێمى كوردستان بە قەیرانێكى مەترسیداردا ڕاگوزەر ئەكات و لە لێوارى ئیفلاسى دارایی و لێوارى شەڕى ناوخۆ نزیك بۆتەوە. ماوەى ساڵێكە حكومەتى بەناو بنكە فراوان پێكهێنراوەو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانى پێشو چەند پۆستێكى كەمیان وەرگرتوە كە لە ئاستى ڕێژەى دەنگەكانیاندا نییە.
پارتى ڕێگاى نەداوە حیزبەكانى تر بەشدارى ڕاستەقینە بكەن لە حكومەتى خۆجەیی هەولێرو دهۆك و هەر دەستى دەستییان پىَ ئەكا.. هەمو لایەكیش باش ئەزانن كە پارتى دابەشكردنى پۆستەكانى لەسەر بنەماى هەڵبژاردن بۆیە دوا خستوە بۆ ئەوەى بیانبەستێتەوە بە هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێمەوەو ئەگەر دەنگ نەدەن بۆ هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم ، ئەوانیش پۆستیان پىَ نادەن.
كەواتە پارتى هیچ حسابێك بۆ هەڵبژاردن ناكات و تێناگەین ئەو حیزبانە چاوەڕوانى چى ئەكەن و بۆچى بێدەنگن؟. كەواتە كە هاولاِتییەكى سادە ئەو ڕاستیانە بزانن ئەى چۆن حیزبەكان ئەوە نازانن و بێدەنگن؟. نازانم تا كەى ئەمانە چڵم هەڵ ئەلوشن و لە برى شەراكەتى حكومەت بە دیار دوو پۆستى وەزیر و بەرێوەبەرى گشتییەوە دانیشتون و دەست لە پارتى پان ئەكەنەوە ، ئەمە لە كاتێكدایە تۆپەكە لە گۆڕەپانى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانى پێشو و یەكێتى دایە.
ئەگەر لێرە بەدواوە یەكێتى و گۆڕان و یەكگرتو و كۆمەڵى ئیسلامى كە خۆشبەخاتە لە ئێستادا هاوڕان لەسەر هەمواركردنەوەى دەستور و چۆنیەتى بەڕێوەبردنى سیسەمى حوكمڕانى هەرێمى كوردستان ، ئەگەر لە ئێستاوە هاو هەڵوێست نەبن بەرامبەر قۆرخكاریەكانى پارتى ، ماناى وایە بەرپرسیاریەتێكى گەورەیان لە ئەستۆدایە و ناكرێ و نابێت ئەم حیزبانە بیدەنگ بن بۆیە لێرەدا چەند پێشنیارێ: ئەخەمە پێش چاو ئەو چوار حیزبەو بەو هێوایەى لە زوترین كاتدا هەڵوێستیان یەك بخەن و میكانیزمى گونجاو بگرنە بەر لە بەرامبەر پێشێلكاریەكانى پارتی:
یەكەم : هیچ شك و گومان لەوەدا نەماوە كە پارتى ئەیەوێت تاك لایەنە حوكمڕانى هەرێمى كوردستان بكات و ئەو بەشدار بونەى ئێستاى حیزبەكانى تر هەر شكلیەو هەموو جومگە ئەساسیەكانى حكومەت و بڕیارەكان لە دەستى پارتیدایەو ئامادەش نییە ڕێگا بدات لایەنەكانى تر شەرێكى دەسەڵاتبن. كەواتە هەنگاوى یەكەم ئەبى ئەو چوار حیزبە ڕێكەوتن بكەن و هاوڕابن لەسەر چۆنیەتى هەموار كردنەوەى دەستورى هەرێمى كوردستان و هەموار كردنەوەى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و دابەشكردنى پۆستەكان لەسەر بنەماى ڕێژەى دەنگەكانیان و هەموان یەك بۆچونیان هەبێت.
دووەم : تا ئەتوانن پێداگرى بكەن لەسەر ئەوەى سیستەمى حوكمڕانى ببێتە پەڕلەمانى ڕاستەقینەو كەمكردنەوەى دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێم بۆ ئاستى تەشریفاتى ئەگەر ئەمە بە هەڵوەشاندنەوەى حكومەتیش كۆتایی بێت. ئەگەر پارتى بیەوێت حكومەتیش هەڵوەشێنێتەوە ئەم حیزبانە ڕازی نەبن بە مەرجەكانى پارتى و ئەبىَ هەموو گۆڕانكارییەك لە ڕێگاى یاساوە بێت.
سێیەم: ئەگەر ئەو چوار حیزبە بەرژەوەندى باڵاى ئەم هەرێمەیان ئەوێت و بەرژەوەندى گشتى هاوڵاتیان لەبەر چاو ئەگرن ، كاتى ئەوە هاتوە لێبڕاوانە هەموو ناكۆكییەكانى خۆیان بخەنە لاوە ئەگەر جۆرێك لە ناكۆكی و گلەییشیان لە یەگترى هەبێت و بڕیار بدەن لە بەرامبەر ئەو قۆرخكاریانەى پارتى یەكبگرن و لە هەڕەشەى پارتى نەترسن و لە بەرامبەر مەسعود بارزانى كاندێكى هاوبەش دیارى بكەن و لەسەرى ڕێك بكەون و كارى بۆ بكەن با هەڵبژاردن لەناو خەڵكەوە بكرێت.
بەلاى منەوە سەلاحەدین بەهادین لە یەكگرتوو. دكتۆر بەرهەم لە یەكێتى و عەلى باپیر لە كۆمەل َ لەناو گۆڕانیشدا ئەگەر كاك نەوشیروانیش ئامادەى خۆ كاندید كرد نەبێت ، ئەكرىَ دكتۆر بورهان یاسین كاندید بكرێت بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم.
ئەگەر ئەم چوار حیزبە بە گیانى بەرپرسیاریەتییەوە و بۆ بەرژەوەندى گشتى لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەون كە بەلاى منەوە لە هەر لایەنێك بێت جاوازى نییەو با چیتر پارتى بەوە خەڵكى نەترسێنن كە مەسعود بارزانى ڕكەبەرى نییە و كۆتایی بە دەسەڵاتى تاك ڕەوى هەرێمى كوردستان بێت. سەردەمى لەناو چونى دیكتاتۆرەكانەو ئەردۆغانیش زۆر خۆى لىَ بایی ببو بەڵام بۆ هەتا هەتایە لوتیان شكاند.
ئەگەر پارتى وابزانێت لە ڕابوردودا ئەوانەى دەنگیان بە مەسعود بارزانى داوە هەمویان دەنگدەرى پارتى بوون ، بە هەڵەدا چون و ئەوە مامجەلال خۆی بوو بانگەشەى بۆ مەسعود بارزانى ئەكرد و تەزویرە حەیاتەكەش لەولاوە بوەستێ. ناكرێت چیتر ڕازیبین تاكە لایەنێك بەم شێوەیەى ئێستا هەرێمى كوردستان بە ئارەزوى خۆی و بۆ بەرژەوەندى خۆی ڕوبەڕوى قەیران بكاتەوە. ماوەى 8 ساڵە بە خۆڕایی و بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بە هۆى دەرهێنانى نەوتەوە نێوانى بەغداو هەرێم تێك چوە گوایە ئابورى هەربَمى كوردستان سەربەخۆ ئەكەن.
بەڵام بە دەیان ملیار دۆلارى هاوڵاتیان بەتاڵان براو ئێستاش لە ناچارى ڕوئەكەنەوە بەغدا. ڕۆژگارێك لەسەر گومرگى ئیبڕاهیم خەلیل شەڕى براكوژى دروستكراو ئێستاش خەریكە نەوت ببێتە مایەى قوڕبەسەرى بۆ ئەم میللەتە. بەش بە حاڵى خۆم تا ئەو كاتەى ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتییەكان بێت ، ئەو وەزارەتە بە وەزارەتى پارتى و بنەماڵەى بارزانى ئەزانم نەك میللەت. ئەگەر شەفافیەت هەیە لەو دۆسیەدا ئەوە خێرە سەرۆكى حكومەتى كار بەڕێكەر ئەچێت بۆ توركیاو گرێبەشت بۆ پەنجا ساڵ مۆر ئەكات بە دزى هاوڵاتیان و تا ئێستاش پەڕلەمان ئاگادارى ناوەرۆكەكەى نییە.
بەڕاستى كاتى ئەوە هاتوە هەموو لایەك بێنە دەنگ و چیتر ڕێگا نەدەن سامانى ئەم وڵاتە قۆرخ بكرێت بۆ بەرژەوەندى تەنها لایەنێك و خەلكیش موچەى نەبێت. ئاخر چ مانایەكى هەیە كەس ئاگاى لە وردەكارى دەرهێنان و فرۆشتنى نەوت نەبى و وەزیرەكەى بنەماڵە بە ئارەزوى خۆى بیفرۆشێت. پێویستە هەمولایەك بێنەدەنگ و داوەى لێكۆڵینەوەو بەدواداچون بكەن بۆ هەموو ئەو گرێبەستانەو بڕى ئەو پارەیەى وەكو شیرینى وەرگیراوەو چۆن خەرج كراوە. ئەبى بەدواداچونى تەوا بكرێت لەسەر لێدوانەكەى ئەندام پەڕلەمانێكى كۆریاى باشور لەسەر ئەو 30 ملیۆن دۆلارەى داویانە بە وەزارەتى سامانە سروشتییەكان. نابى فەزیحەى كۆمپانیاى دى ئێن ئۆى نەرویجى لە یاد بكەین كە لەسەر فرۆشتنى پشكەكانى لەگەڵ حكومەتى هەرێمى كوردستان درایە دادگایەكى نەرویجى دەیان فەزیحەى تریش لەو بارەیەوە هەیەو شاراوەن.نابىَ ئەو دۆسیانە بە لێدوانێكى وەزیرى بەناو سامانە سروشتییەكان كۆتاییان بێت و داخرێن و پەردەپۆش بكرێن.
هەرچى سامانى ئەم وڵاتە هەیە خراوەتە بەردەستى كەسێك دڵۆپێك عارەقى بۆ كورد نەكردوەو تا ڕاپەڕین كوردستانى نەدیوەو خەڵكى موچەى نییەو ئەویش تەپ تەپێن بە پارەى شەهیدانەوە ئەكات قسەكانى لە گاڵتەى مناڵان ئەكەن و ئەمڕۆ ئەڵى َ بەخوا 5 ملیار دۆلار قەرزدارین و بەیانى ئەبێت بە 10 ملیار و دواى مانگێك ئەڵى چیبكەین قەرزەكە بوو بە 20 ملیار. ئەى نابى بپرسین لە كوێتان قەرز كرد، بۆچیتان خەرج كرد لە چ بانقێك داتان ناو بەناوى كێووە دانرا؟؟. ئەرىَ بەڕاست ئاگادارى ئەو لیدوانانەى بەرپرسانى وڵاتان و نوسینەكانى سایتى ئەلكترۆنى ویكیلیكس نین كە باسى سەرمایەى بەرپرسانى هەرێمى كوردستان ئەكەن ؟؟؟. ئەى كاتى ئەوە نەهاتوە بەدوادا چون بكرێت بۆ ئاشكراكردنى ڕاستییەكان؟.
من پێم وایە پارتى توشى تەنگەشەیەكى سیاسى گەورە بوەو لێدوانى بەرپرسەكانى هەڵەشەیی و پەلە پڕوزەى پێوە دیارەو ئەوە جۆرێكە لە حاڵەتى هستریایی. ئەوە جۆرێكە لەترس و تىَ ئەگەن كە خەریكە سەردەمى قۆرخكارى بەسەر بچێت. ئەگەر حیزبەكانى ترى كوردستان جگە لە پارتى خۆیان بە دڵسۆزى ئەم هەرێمە بزانن و بە یەكگرتویی كار بكەن بۆ بەرژەوەندى باڵاى ئەم هەرێمە ، هەموو هاوكێشەكان بۆ بەرژەوەندى هەرێمى كوردستان ئەگۆڕێن.
لەم قۆناغە هەستیارەى ئێستادا ئەگەر ئەو چوار حیزبە یەك هەڵوێستیان هەبێت و بەرژەوەندى باڵاى ئەم هەرێمە لەبەر چاو بگرن و چیتر بدواى بەرژەوەندى تایبەتى خۆیانەوەنین. بە دڵنیاییەوە سیستەمى حوكمڕانى لە هەرێمى كوردستان ئەچێتە سەرسەكەى خۆیی و یاسا سەرەور ئەبێت. بۆیە هەر حیزبێك لەو چوار حیزبە لەگەڵ بەرژەوەندى گشتیدا نەبێت ، ئەوە دژى بەرژەوەندییەكانى ئەم هەرێمەیە.
با لێرەدا پرسیارێك ئاراستەى ئەو بەرپرسانەى پارتى بكەین كە ئەوەندە داواى كاندید كردنەوەى مەسعود بارزانى ئەكەن و بە شان و شەوكەتیدا هەڵ ئەدەن و ئەڵێن : مەسعود بارزانى پۆستى ناوێت و ئەوە پۆستە كە پێویستى بەو هەیەو لە هەرێمى كوردستان ڕكەبەرى نییەو ئێستا ئەو زاتە بۆتە فریادڕەسى خەڵكى كوردستان ، چ دەسكەوتێكى واگرنگى بەدەست هێناوە كە ئەوەندە شایستەى ئەو ئەو مەدح و سەنایە بێت ؟.
لە ماوەى 10 ساڵى سەرۆكایەتى هەرێمدا نەیتوانیوە هێزێكى پێشمەرگەى یەكگرتوى نیشتمانى پێك بهێنێت و ئێستاش نایەوێت ئەو هێزە دروست بكرێت. ئێستاشى پێوەبێت مۆركى دوو ئیدارەیی ماوەو هۆكارەكەشى ئەم سەرۆكى هەرێمەیە. ئایا توانیویەتى پڕۆسەى دەرهێنانى نەوت شەفاف بكات و چیتر بۆ بەرژەوەندى خۆی و حیزبەكەوى قۆرخى نەكات و هاوڵاتیان بىَ موچە نەكات. ئایا توانیویەتى پەیوەندییەكى باش لەگەڵ كوردانى پارچەكانى تر دروست بكات و زەمینەى پێكهێنانى دەوڵەتى كوردى بڕەخسێنێت ؟؟. نەك ئەوەى نەكردوە بەردەوام دوژمنایەتى دروسست كردوە. هەر بۆ موزایەدەى سیاسى و بۆ ئەوەى گەندەڵیەكان بشارێتەوە ، هەر كاتێك قەیران دروست ببێت و خەڵكى باسى گەندەڵى بكات ئەو باسى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى ئەكات. ئاخر لە كوىَ دروستى ئەكات ؟. دیارە لە بارزان.
ئەگەر وانییە ئەبى لە خۆى بپرسێت چى لەگەڵ كوردانى پارچەكانى ترى كوردستان نەكردوە ؟؟. بەناو سەرۆكایەتى هەرێممان هەیە و بەو بونەیەوە بەشێكى زۆرى بودجەى هاوڵاتیان تەخشان و پەخشان ئەكرێت و بۆ سەفەرى تایبەتى خەرج ئەكرێت و مانگانە بە سەدان ملیۆن دینار ئەدرێتە ڕاوژیكار. ڕاوێژكارى واهەیە مانگانە چەندین ملیۆن دینار وەر ئەگرێت بۆ ئەوە باشە بیكەیتە شوانى چوار گوێرەكە. بەڕاست سەرۆكى هەرێم خۆى لەو ئاستەدا نابینێ بچیتە پەڕلەمان و ئەى چۆن ڕاوێژ بە ڕاوێژكاران ئەكات و گوێیان لى َ ئەگرێت.
كەواتە پێداگرى پارتى و بنەماڵەى بارزانى لەسەر كاندید كردنەوەى مەسعود بارزانى بۆ بەرژەوەندى باڵاى میللەت نییەو تەنها بۆ بەرژەوەندى خۆی و بنەماڵەكەیە. با بە ویژدانەوە لیژنەیەك پێك بێت بۆ ئاشكرا كردنى ئەو زەویانەى داگیر كراون. كەسێك خۆى بەسەرۆكى خەڵك بزانێت ئاوا هەڵ سو كەوت ئەكات ؟.
لە كاتێكدا بە سێ مانگ موچەى هاوڵاتیان نادرێت و كەسانى وا هەیە 30 ساڵ خزمەتى ئەم نیشتمانەیان كردوە موچەكەیان 200 - 300 هەزار دینارە بەڵام بە دەیان هەزار كەس بە پلەى باڵا خانە نشینكراون تەنها لەبەر ئەوەى دەنگ بە حیزب ئەدەن. ئەگەر لێكۆڵینەوە بكەن بە هەزاران كەس هەیە لە هەندەرانەو هیچى بۆ ئەم نیشتمانە نەكردوە بەڵام خانە نشینكراوە بۆ ئەوەى ببَتە كۆیلەى حیزب. ئاخر چ مانایەكى هەیە موچەى هاولاِتیان نەبێـت و هیچ پڕۆژەیەكى خزمەتگوزاریش جێبەجێ نەكرىَ لەبەر نەبونى پارەو لەولاشەوە ئەو هەموو خەڵكە خانە نشین بكرێت ؟؟. ئایا سەرۆكى هەرێم ئەمەى چارەسەر كردووە یان زیاتر پەرەى پێداوە ؟.
پارتى و بنەماڵەى بارزانى لە مێژوى خۆیاندا هەركاتێ: بەرژەوەندى خۆیان كەوتبێتە مەترسییەوە.، دەستیان لەكەس نەپاراستوەو پەنایان بۆ هەموو كارێكى ناڕەوا بردوەو تەنها بەرژەوەندى خۆیان لەبەر چاو گرتوە. هەر وەكو چۆن ئەڵێن ئەگەر شۆڕشمان پێ نەكرێت پێمان دەڕوخێت و ئەوەتا لە ئێستاشدا ئومێد خۆشناو حكومەت ئەڕوخێنێت چونكە بەرژەوەندى ئەوان لە مەترسیدایە. پێم ناخۆشە لەم كاتەدا كاى كۆن بەبا بكەم و لاپەڕە ڕەشەكانى ڕابوردوى بەرپرسانى ئەم وڵاتە هەڵ بدەمەوە بەڵام بەردەوامى پارتى لەسەر تاوانەكانى ڕابوردو پێویست ئەكات هەندى لە كارە شاكارەكانى پارتى وەبیر هاوڵاتیان بهێنمەوە :
لە دەستپێكردنەوەى شۆڕشى نوێی گەلەكەماندا لە ساڵى 1976 بە رابەرایەتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان ، لەبەر ئەوەى پارتى بەشدارى دەستپێكردنەوەى شۆڕشى نەكرد ، لە برى هاوكارى لە هەكارى 700 پێشمەرگەى یەكێتییان شەهید كرد و دەیان سەركردەى ئەم گەلەیان لەناو برد. ساڵى 1983 بە فیتى دەستى دەرەكى ( بۆیە ئەم قسەیە ئەكەم هەر كانتێك كەسێك قسەیەك بكات و بە دڵى پارتى نەبێت ئەڵێن دەستى دەرەكى لە پشتەوەیە. ئەمە لە كاتێكدایە خۆیان هەر لە بنەرەتدا دەستى دەرەكین) پەلامارى حیزبى دێموكراتیان داو بە سەدانیان لىَ شەهید كردن.
لە 31 ئابى 1996 دا ئەوەى خواو پێغەمبەر و مرۆڤ پێی ناخۆشبوو كردیان بەرامبەر بە گەلى كورد و دەبابەكانى سەدامیان هێنایە سەر هەولێر. لەبرى هاوكارى كوردانى سوریا خەندەقى بە ڕویاندا لى ئەدا چونكە ڕێگایان نەدا سەرۆكى هەرێم شەڕى براكوژییان لە نێواندا دروست بكات. حیزبێكى لە كوردستانى باكور دروستكرد بۆ دژایەتى كوردانى باكور و یارمەتى ئەردۆغان. باشە شەڕى كوردان لە كوىَ ماوە نەیكەن ؟. ئەرىَ بەڕاست لەبەر ئەم دەسكەوت و سەروەریانە ئەتانەوى بۆ جارێكى تر ببیتەوە بە سەرۆكى هەرێم ؟.
ئێستا كە ماوەى سەرۆكایەتى هەرێم بەرەو كۆتایی ئەڕوات و پۆستەكەى سەرۆكى هەرێم لە مترسیدایە پارتى و بنەماڵە ترسى گەورەیان لێنیشتوەو وا هەست ئەكەن كە ئەردۆغان ئاسا كۆتایی سەردەمى قۆرغكارییان هاتوەو چیتر تاك لایەنە ناتوانن هەرێمى كوردستان بەرن بەڕێوەو شەریكیان بۆ پەیدا بوە ، بۆیە لە لێدوانى بەرپرسەكاندا جۆرێك لە پەلە پڕوزەو هەڵەشەیی پێوە دیارەو هەر یەكەیان بە جۆرێك لێدوان ئەدا كە قسەى ئەوى تریان ڕەت ئەكاتەوە. ئەمەش وەكو ئەوە وایە توشى هستریا بوبن.
خۆ ئەگەر ئەمانە وا بزانن بەم قسەو هەڕەشانە بەرامبەرەكانیان ئەترسێنن و ئەگەر ئەمجارەش وا بزانن ئەتوانن پەنا بۆ ئەملاو ئەولا بەرن و پشێوى دروست بكەن ئەوا زۆر بەهەڵەدا چون و ئەوەى لە ڕابوردو كردویانە بۆیان ناكرێت بارو دۆخەكە تەواو گۆڕاوە و هەموو كارتەكانیان لە دەستداوە و بە تەنیا ماونەوەو كەوتونە ناو بازنەیەكى داخراوەوە. ئەگەر سەرنجى ئەمانەى خوارەوە بدەن ڕاستى قسەكانم ئەسەلمێنن:
یەكەم: ئەگەر ساڵانى ڕابوردو بە هۆى یەكێتییەوە توانیبێتیان هەموو بڕیارەكانى حكومەت و پەڕلەمان بۆ بەرژەوەندى خۆیان تێپەڕێنن، ئەوا لە ئێستادا هەر خۆیان بەتەنیا ماون و لایەنەكانى تر یەك بۆچونیان هەیەو ئەگەر ئەوانە بەڕاستى و بۆ بەرژەوەندى گەل و نیشتمان كار بكەن ئەوا جارێكى تر پارتى ناتوانێت دەنگى پێویست مسوەگەر بكات بۆ سەرۆكى هەرێم چ لەناو خەڵك و چ لەناو پەڕلەمانداو نە ئەشتوانن پۆستى سەرۆكى حكومەت وەر بگرنەوە چونكە هەرگیز دەنگى ئەوان لە لایەنەكانى تر زیاتر نابێت.
دووەم: پارتى نەك هاوكارى كوردانى سوریاى كرد بەڵك دوژمنایتى كردن و ویستى بە هۆى هەندى پیرەمێردى بەناو سیاسەتمەدارى كوردى سوریا كە ئێستا لە هوتیلەكانى هەولێرو دهۆك بە پارەى خەڵكى ئێرە ژیانێكى خۆش ئەگوزەرێنن هێزێك دروست بكەن و گەراى شەڕى براكوژى لەناو كوردانى سوریا بۆ بەرژەوەندى خۆیان بچێنن ، بەڵام ئەبىَ ئەوە بزانن تا ماون ئەو خەونەیان نایەتى دی. ئەبى َ ئەوە بزانن مارى مارخۆر پەیدا بوەو ئەمڕۆ سەردەمى پەیەژەیە.ئەگەر بڵێن وانییەو چۆن یارمەتى كۆبانیمان دا ئەوە حیكایەتێكى ترەو لە ناچارى بەشداریان كرد و هەموولایەك ئەو ڕاستییە ئەزانن.
سێیەم: سەبارەت بە كوردانى باكوریش ئەوە وەكو مانگە شەو دیارەو بە هاوكارى ئەردۆغان حیزبێكى كوردییان هەر وەكو پارتە دێموكراتەكەى ئێرەیان لەوىَ دروستكرد بۆ دژایەتى كوردانى ئەوى َو یارمەتى ئەردۆغان و دواجار هیچیان پێنەكراو كوردانى توركیا خەونەكانى ئەردۆغانیان لە گۆڕ ناو پارتى ئەم كارتەشى سوتا.
چوارەم : پارتى ویستى لەسەروبەندى هەڵبژاردنەكانى توركیادا كێشەیەكیان بۆ دروست بكات و بە فیتى ئەوان چەند پێشمەرگەیەكى حیزبى دێموكراتى ئێرانیان ناردە بندەستى پەكەكەو شەڕیان بۆ دروستكردن. بەڵام دوایی كێشەكە چارەسەر كراو پەكەكە عاقڵانە وەڤدێكى ناردە كۆیەو پەیمانیشیان دا بەیەكترى كە كۆبونەوەى تریش بكەن بەبى میانگیرى حكومەتى هەرێم. واتە لێرە بەدواوە ناهێلن كەس فیتنەییان لە نێواندا بكات. پارتى ئەم كارتەشى لەدەست داو دەستەكانى بۆ هەموا ئاشكرا بون.
چوارەم : ئەگەر پارتى بیەوێت لە كاتى پێویستدا پەنا بەرێتە بەر ئەو هێزەى توركیا كە لە بامەرَنى و دەورو بەرەى جێگیر كراوە ، ئەوەش خەونەو ئەبى َ ئەو ڕاستییە لەبەر چاو بگرن ِكە ئەو كاتەى ئەمەریكا نەیهێشت داعش هەولێر بگرێت ، لەبەر خاترى چاوى پارتى نەبوەو ئەوە بەرژەوەندى خۆیان و هاو پەیمانەكانیان كە لە هەولێر نوێنەرایەتیان هەیە واى خواستوە ئەو كارە بكەن و هەرگیز ڕێگا بە هیچ هێزێكى دەرەكى نادەن دەست بخەنە كارو بارى هەرێمەوەو ڕێگاش نادەن پارتى ئاژاوە دروست بكات و ئەوان مامەلە لەگەڵ ئەمرى واقیع ئەكەن و كى سەرۆكى هەرێم بێت مامەلى لەگەڵ ئەكەن و بۆ ئەوان بارزانى یان كەسێكى تر جیاوازى نییەو بەرژەوەندى خۆیان بەلاوە گرنگەو هەرگیز ئەوانە كوڕى خۆیان ناكەنە قوربانى كچى خەڵكى تر.
ئەگەر توركیا هەر جوڵەیەك بكات لوتى ئەشكێنن وەكو چۆن لە كۆبانى و گرێ سپى لوتیان شكاند و تەمێیان كرد. ئەوەتا داوا ئەكرێت توركیا لە ناتۆ دەركرێت چونكە یارمەتى داعش و تیرۆر ئەدات. كەواتە لە ئێستادا كە پارتى خۆى بە دۆست و حەلیفى توركیا ئەزانێت وەكو ئەوە وایە دژى بەرژەوەندییەكانى ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانى بێت و لە ئێستادا كوردانى سوریاو توركیا زیاتر جێگەى موتمانەو باوەڕى ئەمەریكان و ئەوەندەى ئەمەریكا پشت بە ئەوان ئەبەستێت و وەكو هاوپەیمانییەكى بەهێز بۆ دوا ڕۆژ حسابیان بۆ ئەكات نیوەى ئەوە حساب بۆ پارتى ناكات.ئەمەریكا ئەزانێت ئەوانە خاوەنى هێزێكى سەربازى خاوەن دیسپلینن و هێزەكەى هەرێمى كوردستانیش تا ئێستا هەر هێزى حیزبین.
پێنجەم:ڕوداوەكانى ئەم جارەى شەنگال و موسڵ و شەهید كردنى ئەو ژمارە زۆرەى كوردانى ئێزدى كاریگەرى سەلبى لەسەر ئایندەى هەڵبژاردنەكانى پارتى ئەبێت و لە ئایندەدا توشى شكستى زۆر گەورە ئەبێت. كوردانى باكور و ڕۆژ ئاوا كاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر كوردانى ئەو ناوچانە هەیەو لێرە بەدواوە پارتى ناتوانێت چیتر قۆرخكارى دەنگى ئە وانە بۆ خۆى بكات.
بە درێژایی مێژو هەر كاتێك پارتى توشى تەنگەشە بوبێت پەناى بۆ ئەملاو ئەولا بردوەو هەرچى بۆى كرابى لە پێناوى مانەوەى خۆیدا كردویەتى و هیچ بەهایەكى نیشتمانى و نەتەوەیی بەلاى ئەوانەوە بایەخى نەبوەو تەنها بەرژەوەندى خۆیان ویستوە. هەمووكەسێك 31 ئاب بە خیانەت ئەزانن تەنها پارتى خۆى نەبێت نەك بە خیانەتى ئەزانن بەشانازى سەروەرى خۆیانى ئەزانن.
بۆیە لە كۆتاییدا ئەڵێم پارتى لە ڕوانگەى لاواز بونییەوەیە كە هەڕەشە ئەكات نەك لە ڕوانگەى بە هێزبونیەوەو هەموو كارتەكانى كە لەدەستیدابون سوتاون و ئەگەر ئەو چوار حیزبەى كە ئێستا هاوڕان لەسەر كۆى سیستەمى هەرێمى كوردستان یەكدەنگ بن و بەڕاستى بەرژەوەندى گەل و نیشتمانیان بوێت و لەسەر یەك كاندید ڕێك بكەون و كارى بۆبكەن ، ئەوا دواكارتى پارتى ئەسوتێت كە بەردەوام ئەڵێن كىَ كاندیدى هەیە با ئاشكراى بكات.
دڵنیاشم ئەگەر بزانن هەر چوار حیزبەكە لەسەر كاندید كردنى كەسێك ڕێك ئەكەون ، بارزانى لە ڕێگاى هاوڵاتیانەوە خۆى كاندید ناكات چونكە گومانى تێدا نییە دەنگى پێویست ناهێنیت و ئەو كات ناچار ئەبێت ڕازیبیت لە پەڕلەمانەوە هەڵبژێرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست