کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یان كوردستان یان نەوت و غاز

Thursday, 05/12/2013, 12:00




لە ساڵى 2003 دا كۆتایی بە دەسەڵاتى بەعس هاتو حكومەتى نویی عێراق پێك هات و كوردیش بوو بە شەریك لەو حكومەتدا. هەمومان ئەزانین كە گەلى كورد لە دێر زەمانەوە كێشەو گرفتى زۆر گەورەى لەگەڵ حكومەتە یەك لە دواى یەكەكانى عێراق هەبوە لەبەر ئەوەى هەرێمى كوردستان پێشتر بەشێك نەبوە لە عێراق ە دواى كۆتایی چەنگى جیهانى دوەم و ڕوخانى دەوڵەتى عوسمانى بەزۆر لكێنراوە بە دەوڵەتى عێراقەوە كە دواى جەنگ دروستكرا.
گەورەترین كێشەى گەلى كورد لەگەڵ دەوڵتەكانى عێراق كێشەى (ئەرز و خاك و زەوى) بوە كە بە درێژایی دەسەڵاتى ئەو حكومەتانە هەوڵیان داوە چەند بتوانن لە خاكى كوردان داگیر بكەن و بیكەنە بەشێك لە خاكى خۆیان . بەردەوام هەوڵیان داوە خێڵە عەرەبەكان لە خواروى عێراقەوە كۆچ پێ بكەن و لەسەر ئەرز و ئاوى كوردەكان جێگیریان بكەن و كودەكانیش ئاوارە بكەن .لە سەرەتاى دروستبونى دوڵەتى عێراقییەوە زورینەى دانیشتوانى پارێزگاێ ئێستاى مزسڵ و لە مەندەلیشەوە هەتا بەدرەو جەسان لە پارێزگاى كوت كورد بون .
ئێمە باس لە دانیشتوانى كەركوك و توزخورماتو سەعدییەو جلەولا ناكەین كە بەدەگمەن غەیرى كوردى لێبوەو ئێستاش كار گەیشتۆنە ئەوەى ڕێژەى كورد كەمتر بێت لە ڕێژەى عەرەب و توركمان, كورد كەمترین شەڕو داكۆكى لەسەر گێرانەوەى ئەرزى داگیركراو كرد. دەسەڵاتدارانى كورد ئەوەندەى بەدواى وەرگرتنى پلەو پۆستى باڵاو بەرژەوەندى خۆیانەوە بون نیوەى ئەوە لە خەمى گێڕانەوەى ناوچە داگیركراوەكان نەبون. بە درێژایی ئەو هەمو ساڵانە لە دەسەڵاتدا تەنها بۆ یەك جاریش نوێنەرانى كورد هۆڵى پەرَلەمانیان جێ نەهێشت و وەزیر و بەرپرسەكانى تریش هەڕەشەى دەست لەكاركێشانەوەیان نەكرد , لە پێناوى داواكانى كوردا.
لە كاتێكدا لە هەمو عێراقدا یەك سەرباز نەمابو لەبەرامبەردا دەیان هەزار پێشمەرگەى ئازاز نەبەرد ئامادەى شەڕ بون كورد خاوەنى هیچ بەرنامەیەك نەبو بۆ بەدەستهێنانى مافە زەوت كراوەكانى . ئێمە مەلەفى دەیان كێشەى گرنگ و چارەنوسسازمان هەیە لەگەڵ حكومەتى عێراقى یەكلاى بكەینەوە كە زۆر گرنگن بۆ دواڕۆژى میللەتەكەمان , بەڵام زۆرترین قسەوباس لەسەر مەلەفى نەوت كراوەو خەریكە ئەبێتە هۆى دروستبونى كێشەى گەورەلە نێوان هەرێم و بەغدا.
مەلەفى نەوت و غازى هەرێمى كوردستان بۆتە كێشەیەكى زۆر ئاڵوزى نیوان بەغداو هەرێم و بەو هۆیەوە مەلەفى چەندین كێشەى نێوان هەرێم و بەغدا هەڵپەسێوراون و بەبێ چارەسەر ماونەوە بۆ نمونە : كێشەى ناوچە دابڕێنراوەكان و جێبەجێكردنى مادەى 140 و زیاد بونى كردەوە تیرۆریستەكان و دروستبونى مەترسى لەسەر هاوڵاتیان و دەربەدەر بونیان لە زێدى خۆیان وەكو كەركوك و دەورو بەرى , شارۆچكەى توزخورماتو و سەعدییەو جلەولا. هەروەها حكومەتى ناوەند هەتا ئێستا هێزى پێشمەرگەى وەكو هێزێكى نیشتمانى نەناساندوەو بودجەشى بۆ دیارى نەكردوە.
بەردەوامیش ئەڵێن بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان زۆرەو هەمو ساڵێك بە پاساوى جۆراو جۆر ئەیانەوێت بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان كەم بكەنەوەو بۆ ساڵى 2014 كراوەتە لەسەدا یانزە لە برى لەسەدا حەڤدە. هۆكارى هەمو ئەم كێشانە ئەگەڕێتەوە بۆ ئیمزاكردنى ئەو گرێبەستانەى هەرێمى كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان , كە ژمارەیان لە 50 گرێبەست زیاترە. حكومەتى ناوەند هەمو ئەو گرێبەستانە بە نایاسایی و ناشەرعى ئەزانێت و تەنها بە حەقى خۆى ئەزانێت گرێبەستى نەوت ئیمزا بكات .
جگە لەمانەش حكومەتى بەغدا گومانى هەیە لە فرۆشتنى نەوتێكى زۆر بەقاچاخ كە پارەكەشى ناخرێتە سەر بودجەو گومانیشى هەیە لە داهاتى خاڵە سنوریەكان و باجەكانى ناوخۆش كە هەموى ناخریتە سەر یودجەو حساب ناكرێت. كێشەى نەوت و غازیش گەورەتر بوو لەوكاتەوە كە حكومەتى هەرێم دەستى كردوە بە رَاكێشانى بۆرى نەوت و غاز بەناو خاكى توركیاداو وابڕیارە سەرەتاى ساڵى تازە نەوت و غازى هەرێمى كوردستان لە ڕێگاى بورییەوە هەناردەى وڵاتانى دەرەوە بكرێت و ئەوەش ترسى گەورەى لاى حكومەتى ناوەند دروست كردوە.
هەمو ئەو كێشانەى كە لەسەرەوە یاسمكردن جۆرێك لە نیگەرانى و ترس و دڵەڕاوكێی لەناو یازاڕ و ناو كاسبكاران دروست كردوەو بازاڕ وەستاوەو سەرمایەدارەكان ترسیان هەیە پارەكانیان لە بانكەكاندا دانێن و بیخەنە بازاڕى كارەوە , چونكە زۆر جار پارە لە بانكەكاندا نامێنێت كە موچەى هاوڵاتیان بدەن و بێكاریش زۆر بوە . لە دواى هەڵبژاردنى ئایلولى ئەمساڵ و گوڕانى هاوكێشە سیاسیەكان و سەركەوتنى ئۆپۆزسیۆن و پاشەكشەى هەندێ لە حیزبەكانیش بو بە مایەى خۆشحاڵى هاوڵاتیان بە تایبەتى دواى ئەوەى هەمو حیزبە براوەكان ڕازى بون لەسەر پێكهێنانى حكومەتى بنكە فراوان . بەو هیوایەى بازار جوڵەى تێكەویـَت و هەلى كاریش زۆر ببێت بۆ هاوڵاتیان .
بارو دۆخەكە زیاتر خۆشحاڵى پێوە دیاربوو بە تایبەتى ئەو كاتەى بەڕێز نێوچیروان بارزانى سەردانى حیزبە براوەكانى كرد بۆ چونیەتى پێك هێنانى حكومەت و دوا بە دواى ئەوەش سەردانەكەى بەڕێز نەوشیروان مستەفا ڕێكخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ لاى سەرۆكى هەرێم. ئەمانە هەموى بە یەكەوە جۆرێك لە متمانەى لاى هاوڵاتیان دروست كردو هەر ئەوەش تا ڕادەیەك بازاڕەى جوڵاندو هاوڵاتیانی خۆشحال كرد.
بەڵام لە كاتێكدا هاوڵاتیان چاوەڕوانى ئەوەبون بەزوترین كان حكومەت پێك بهێنرێت و ئەم بارودۆخە چەق بەستوەى هەرێمى كوردستان ئارام ببێتەوە سەرۆكى حكومەت سەردانى توركیاى كرد بە سەرۆكایەتى شاندێك بۆ مۆركردنى گرێبەستى هەناردەكردنى نەوت و غاز لە ڕێگاى بۆرییەوە بەناو خاكى توركیادا . حكومەتى عێراق هاتە سەرخەت و ناڕەزایی خۆى دەبڕى و سەفیرى توركیایان بانگ كردو دوا بەدواى ئەوەش حكومەتى ئەمریكاش ناڕەزایی خۆى دەربڕى سەیارەت بە هەناردەكردنى نەوت و غاز لە لایەن هەرێمى كوردستانەوە بە بێ ڕەزامەندى حكومەتى عێراق .
دواى ئەوە یەكسەر حكومەتى توركیا هێڵى ئاسمانى نێوان هەولێرو توركیایان ڕاگرت و هەندى َ بەرپرسى عێراقیش داوایان كرد بەغدا بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان ببڕێت. دواى گەڕانەوەى سەرۆكى حكمومەت لە توركیا یەكسەر كۆنفرانسى نەوت و غاز لە هەولێر دەستى پێكرد بە بەشدارى نوێنەرى وڵاتان و كۆمپانیاكانى بوارى وزە. ئەمە لە كاتێكدایە بۆشاییەكى سیاسى لە هەرێمى كوردستاندا هەیەو پەرَلەمانتارانى خولى چوارەم یەك كۆبونەوەیان كردوەو ئەم حكومەتەى ئێستا هەیە شەرعیەتى یاسایی نەماوەو متمانەى پەڕلەمانى تازەیان بەدەست نەهێناوەو تا ئێستا حكومەتى كار بەرێكەرەو بەپێی یاسا دەسەڵاتى ئیمزاكردنى گرێبەستى گەورەو سترانیجى نییە و تەنها كارى زِۆژانە بەڕێدەكەن.
كەواتە ئەگەر بە وردى سەیر بكەین وا دەر ئەكەوێت ئەم حكومەتە زۆر بێباك بێت و خەمى هاوڵاتیانى ئەم وڵاتەى نەبێت . هاوڵاتیان چاوەڕوانى پێهێنانى حكومەتیكى بنكە فراوان و پەسند كردنى بودجەو ڕەخساندنى هەلى كارو دامەزراندنى دەرچوانى زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەنجامدانى پڕۆژەى خزمەتگوزارى و ڕەخساندتى هەلى كارن, بەڵام حكومەتیش ئەمەى لە خەیاڵدا نییەو تەنها خەیاڵى لاى گرێبەستە نەوتییەكان و هەناردەكردنى نەوتە بۆ وڵاتان .
كەواتە بیركردنەوەى هاوڵاتیان و حكومەت لە ئێستادا لەگەڵ ئەو پەندەى پێشینان یەك ئەگرێتەوە كە ئەڵێت ئاشەوان لە خەیاڵێك و ئاش هێڕ لە خەیاڵێك یان وەكو ئەو گورانیە فۆلكلۆڕە كوردییەى كە ئەڵێت : من بۆ كێ ئەگریم و بە كێم ئەكەن ژیر. توزحورما تو خەڵتانى خوێن ئەكرێت و سەعدیە و جلەولاش پاكتاوى ڕەگەزى ئەكرێت و لەبرى ئەوەى بەرپرسانى حكومەتى هەرێم كاردانەوەیان هەبێت و بێدەنگ نەبن, ئەوان تەنها بیریان لاى دەرهێنانى نەوت و ناردنە دەرەوەیەتى . جێی خۆیەتى بڵێن نا بۆ كوردستان و بەڵێ بۆنەوت و غاز. لە كۆتاییدا ئەمەوێت سەرنجى خوێنەرانى ئازیز و خۆشەویست بۆ ئەم سەرنجانەى خوارەوە ڕاكێشم:
یەكەم: ئەگەر بەرپرسانى ئەم هەرێمە لە خەمى گێڕانەوەى ناوچە دابڕێنراوەكاندا بونایە نەدەبو لەم كاتەدا مەلەفى نەوت بجوڵێنن و بەهانە بە دەستەوە بدەن بۆ ئەوەى حكومەتى بەغدا دەستى دەستى بە كورد بكات بۆ جێبەجێ كردنى مادەى 140. لەبرى ئەو پێداگریەى لەسەر دەرهێنانى نەوت كردیان , دەبوایە لەسەر گەڕانەوەى ئەرزى داگیركراوى كورد و موچەى پێشمەرگە بیانكردایە و هەڕەشەى دەست لەكاركێشانەوەیان بكردایە لە حكومەت. دەبوایە زۆرترین هێزى پیشمەرگەى شەڕكەر بەردەوام وجودى هەبوایە لەو ناوچانەى كوردو عەرەبى تێدایە بۆ ئەوەى كوردەكان نەترسن و زێدى خۆیان جێ نەهێڵن . بەڵام هەمومان دیمان بە پێچەوانەوە هێزى پێشمەرگەیان كشاندەوەو گۆڕەپانەكەیان بۆ بەغدا چۆڵ كردو ئێستاش كوردەكان بونە نێچیرى عەرەبە توند ڕەوەكان.
دووەم: بڕوا ناكەم هبچ كەس لە ئێمە پێمان ناخۆش بێت كە خاوەنى پڕۆژەى دەرهێنانى نەوت بین چونكە ئەوە پێگەى كورد بەهێز ئەكات و شانسى بون بەدەوڵەتیشمان نزیكتر ئەكاتەوە ئەگەر خاوەنى داهاتێكى زۆر بین. بەڵام یەكەم نابێت لە پێناوى نەوتا دەست بەردارى یەك مەتر خاك بین چونكە خاك ناسنامەى ئێمەیە و دوەمیان ئەوەیە ئەگەر ئیمە ئێستا خاوەنى نەوتى خۆمانین و بەكردەوەش نەوت دەر ئەهێنرێت و هەناردە ئەكرێت , داهاتەكەى چەندە, لاى كییە, چۆن خەرج ئەكرێت, بۆچى خەرج ئەكرێت؟
وەڵامى ئەم پرسیارانە تەنها لاى چەند كەسێكە ژمارەیان لە پەنجەى یەك دەست تێ ناپەڕێت. واتە لاى هەمومان ڕون و ئاشكرایە كە پارەى نەوتى فرۆشراو بە قاچاخ و زۆرینەى داهاتەكانى ناوخۆ و خاڵە سنوریەكان ناخرێتە سەر بودجەى هەرێمى كوردستان . واتە ئەم داهاتە بۆ هاوڵاتیان نییە , ئەمە لە كاتێكدایە بەهۆى مەلەفى نەوتەوە كوردستان لە قەیڕانێكى گەورەدایە لە گەڵ بەغداو خەریكە یارودۆخى هەرێمى كوردستانیش تێك بچێت هەر لەسەر نەوت و ئەگەر ئەم داهاتى نەوتەش بۆ هاوڵاتیان نەبێت چ دڵێكیان بە دەرهێنان و هەناردەكردنى نەوت خۆش بێت.
سێیەم: كورد ئەڵێت ماڵى سپى بۆ ڕۆژى ڕەش. باشە چ ڕۆژێك لەم ڕۆژانەى ئێستا ڕەشترە بۆ كوردانى كەركوك و توزخورماتو و ناوچە دابڕێنراوەكانى تر . ئەگەر بەرپرسانى هەرێمى كوردستان بەڕاستى لە خەمى كوردانى قودسى كوردستانى یەكێتى و دڵى كوردستانى پارتین , فەرمون ئەوە ئەرزو ئەوە گەز , حكومەتى عێراق بە عەمدى بودجە بۆ جێبەجێ كردنى مادەى 140 دانانێت و دەستى دەستى بە كورد ئەكات و ئیمەش و بەرپرسانى حكومەتیش باش ئەزانن كە لانى كەم هەر شیرینى گرێبەستە نەوتییەكان لە 10 ملیار دۆلار زیاترەو لە بانكەكانى دەرەوەى وڵات دانراوە.
ئەى ئەگەر ئەم پارەیە بۆ ڕۆژى ڕەشە فەرمون تەنها 2 ملیار لەو پارەیە بهێنن و قەرەبوى ئەو عەرەبانەى پێ بكەنەوەو بەهانەى حكومەتی بەغداش نامێنێت . ئەگەر بەڕاستتتى ئەتانەوێت ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمى كوردستان و حكومەتى عێراق بودجە بۆ قەرەبونەوە دانانێت , فەرمون بڕیار بدەن لە سەدا دەى موچەى هاوڵاتیان ببڕن و بۆ ئەوەى دانێن دڵنیام كەس پێی ناخۆش نابێت ئەگەر ئێوە ڕاست بكەن. ئەگەر ئەتانەوێت ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمى كوردستان هێز بنێرنە ئەو نزیكانەو چیتر هێزى چەكدار مەكەنە پاسەوانى خۆتان.
فەرمەون ئەوەبكەن و كەس دەستان ناگرێت و سوپاسیشتان ئەكەین. ئەى بەرپرسانى پارتى و یەكێتى ئەم كارە لە خزمەتى كەركوكدایە , نەك پێكهێنانى دوو ئاسایش و دوو پڕۆگرامى خوێندن و دابەشكردنى زەوى ئەو شارە بەسەر ئەندامانى حیزبەكانتاندا. بە ڕاستى ئێوە ناتانەوێت كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان و بە كردەوە دەست بەردارى بون و چیتر كڵاو مەكەنە سەرى كەركوكیەكان.
چیتر سامانى ئەم وڵاتە تاڵان مەكەن بە ناوى ئەوەى بیر لە دواڕۆژى كورد ئەكەنەوە , ئەوانەى لە بیرى نەوەى ئێستادا نین , گومانى تێدا نابێت لە خەمى نەوەى داهاتوشدا نابن , چونكە نەوەى ئێستایە داهاتو دروست ەكات. ئەگەر بەرنامەى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردیتان هەبوایە , بەو داهاتى نەوتەى ئێستا هەیە یارمەتى كوردانى ڕۆژئاواتان ئەدا نەك سنوریان لەسەر داخەن . بۆیە دەرهێنانى نەوت و فرۆشتنى و ناردنە دەرەوەى نەك هاولاِتیان خۆشحاڵ ئەكات بەڵكو دڵتەنگیان ئەكات.
چوارەم: لە ڕاستیدا كورد خاوەنى نەوتى خۆى نەماوەو بەرپرسانى ئەم هەرێمە هەڕاجیان كردو ئێستا توركیاو كۆمپانیا بیانیەكان خاوەنى نەوتى ئێمەن . لە كاتێكدا باس باسى دەرهێنانى نەوت و فرەشتنیەتى نرخى نەوت و گازیش لەسەر هاوڵاتیان گران ئەكرێت, ئەم نەوتەى هەمانە هەر نەوتى ئەم نەوەیە ئبَستا نییەو ئەبێ بیر لە نەوەكانى داهاتوش بكرێتەوە . بەڵام ئەم دەسەڵاتەى ئێستا خەریكە چۆڕ بڕو هەراجى ئەكات.
پێنجەم: ئەگەر لەم خولەى پەڕلەماندا نەتوانرێت نەوت بە نیشتمانى بكرێت و داهاتەكەى نەخرێتە سندۆقێكى تایبەتەوەو بۆ سەر لەنوێ بنیات نانەوەى ژێرخانى ئابورى هەریِمى كوردستان بەكار بهێنرێت نابی چیتر هاوڵاتیان بێدەنگ بن. ئیتر كاتى ئەوە هاتوە چیتر مەلەفى نەوتى هەرێمى كوردستان لە تاریكیدا نەمێنێتەوەو شەفاف بێت و بكرێتە دامەزراوەیەكى نیشتمانى . هەتاكو ئەمڕۆ هەمو مەلەفى نەوتى هەرێمى كوردستان شاراوەیە لاى هاوڵاتیان شەفاف نییە, هەروەكو چۆن جەزا حەمە ساڵەح بریكارى پێشوى وەزارەتى سامانە سروشتییەكان لەسەر لیستى یەكیتى , دواى ئەوەى 8 مانگ لەو پۆستەدابو بەڵام ئاگاى لە هیچ وردەكارییەكى ئەو وەزارەتە نەبوەو دواجار دەستى لە كار كیشاویەوە.
ئەمڕۆ لە هەفتە نامەى ئاوێنەدا ئەڵێت : ئەگەر مەلەفى نەوت بۆمن شەفاف نەبوبێت كە بریكارى وەزیر بووم , ئەى چۆن بۆ هاوڵاتی ئاسایی شەفاف ئەبێت. پێم وایە لەوە زیاتر ڕونكردنەوەى ناوێت لەسەر شەفافى و ناشەفافى مەلەفى نەوت و قسەكانى جێگرى بریكارى پێشوى وەزیرى سامانە سروشتییەكان گەواهى ئەو ڕاستییە ئەدەن. ڕاستییەكەى حكومەتى هەرێم دروشمى یان كوردستان یان نەمانى گۆڕى بۆ یان كوردستان یان نەوت و غاز. وەكو دەریش ئەكەوێت واز لە كوردستانەكە هێنراوەو نەوتو غازیان كردە دروشمى ڕاستە قینە.
فەرمون سەیربكەن و گوێ یگرن لەباسى ئیمزاكردنى گرێبەستى نەوت و غاز و ڕاكێشانى بۆرى نەوت و غاز و فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ و شاردنەوەى داهاتى نەوت و غاز , لە هەرێمى كوردستاندا چ باسێكى تر هەیە؟ كەواتە دەسەڵات بڕیارى دا واز لە كوردستان بهێنێت بۆ نەوت و غاز.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە