نەوت هەمیشە وەك كیشەیەك بۆ گەلى كورد
Tuesday, 12/02/2013, 12:00
لە گەڵ ئەوەى بونى نەوت لە هەر وڵاتێكدا دەبێتە مایەى خێرو بەرەكەت بۆ هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە, بەڵام بە پێچەوانەوە بونى نەوت و دۆزینەوەو دەرهێنانى بۆتە مایەى كیشەو گرفتى گەورە بۆ گەلى كورد چ لە لایەن حكومەتى عێراقەوەو چ لەسەردەمى حوكمڕانى خۆماندا.
لەسەردەمى حكومەتە یەك لە دواى یەكەكانى عێراق هەتا كۆتایی ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003 هەمیشە داهاتى نەوتى كوردستان دراوەتە چەك و تفاقى جەنگى و دژى مییلەتى كورد بەكار هێنراوەو بەو هۆیەوە هاوڵاتیانى كورد دەربەدەرو ماڵوێران كراون و لە زێدى خۆیان ڕاگوێزراون و هاوڵاتى عەرەبیان خستۆتە شوێنى ئەو كوردانە.
بەڵام بونى نەوت لە هەرێمى كوردستاندا هەر مایەى كێشەو نەگبەتى نەبو لەسەردەمى دەسەڵاتى دوژمندا, بەڵكو بۆتە مایەى تكێدانى ماڵى كوردو دروستبونى نا ئارامى لە هەرێمى كوردستاندا و هەروەها ئاڵۆزكردنى پەیوەندییەكانى نیوان هەرێم و بەغداو مەترسى لە دەستدانى ئەو دەسكەوتانەشى كەبە دەستمان هێناوە. لە ساڵى 2003 وەكە دەسەڵاتى بەعس نەماو عێراقى نوێ دروستكرایەوەو كورد بۆتە شەریكى دەسەڵات لە بەغدا, لەبرى ئەوەى دەسەڵاتى كوردى هەوڵ بدات مافە زەوتكراوەكانى بە دەست بهێنێتەوە لەسەر هەمواركردنى یاساى نەوت و غاز كێشەى گەورەى لە گەڵ بەغدا دروست كردو و دواجار دەسەڵاتى كوردى هەمو مافەكانى گەلى كوردى كردە قوربانى دەر هێنانى نەوت و فرۆشتنى بە قاچاخ .
لەگەڵ ئەوەى تا ئێستا یاساى نەوت و غاز هەموار نەكراوە , حكومەتى هەریمى كوردستان تائیستا 52 گرێبەستى نەوتى لە گەڵ كۆمپانیا بیانیەكان مۆر كردوەو حكومەتى عێراقیش ئەو گرێبەستانە بە ناشەرعى و نایاسایی دا ئەتێت. تا ئێستا حكومەتى عێراقى موچەى پێشمەرگە نادات بە بەهۆى كێشەى نەوتەوەو ئەوەش بۆتە بارگرانى بەسەر بودجەى هەرێمى كوردستانەوەو بەر دەوامیش حكومەتى بەغدا هەڕەشەى كەمكرنەوەو برینى بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان ئەكات. ئەگەرچى تا ئێستا مانگانە بە بەردەوامى بودجە لە بەغداوە دێت و دوا نەكەوتوە, بەڵام بانكە كانى هەرێمى كوردستان پارەیان تێدا نییەو هەمو مانگێك پێدانى موچە دوا ئەكەوێت و ئەى ئەگەر مانگێیك موچە لە بەغداوە نەیەت چى ڕو ئەدات؟
تا ئێستا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەكو شیرینى لە گرێبەستە نەوتییەكان وەرگیراوەو ڕۆژانەش نزیكەى 3 ملیۆن دۆلار داهاتى ناوخۆو گومرگەكان و فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ هەیەو ناچێتە سەر بودجەى هەرێمى كوردستان و دیار نییە. لە كاتێكدا دەسەڵاتى كوردى شانازى بە دەر هێنانى نەوتەوە ئەكات و بە دەكەوتێكى نیشتمانى گەورەى ئەزانێت , هەتا ئیستا خەرجییەكانى دەرهێنانى نەوت دەیان ئەوەندەى داهاتییەتى.. كەواتە نەوتى كوردستان لەژیر سایەى دەسەڵاتى كوردیشدا هەر بۆتە مایەى نەگبەتى و ئەوەتا هاوڵاتیان باجەكەى ئەدەن و لە كاتى خۆیدا موچە وەر ناگرن.
لە نەورۆزى ساڵى 2012 وە سەرۆكى هەرێم هەڵە لەسەر هەڵە ئەكات و رۆَژ لە دواى رَۆژ بارو دۆخەكە ئاڵۆزتر ئەكات و پەیوەندیەكانى نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاقارێكى دژوارتردا ئەبات. جارێك مالێكى بەوە ئەترسێنێت گوایە دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت و جارێكى تر لەگەڵ لایەنەكانى سوننە رَێك ئەكەوێت بۆ ساندنەوەى موتمانە لە مالێكى و جارێكى تر هەرَەشەى رَاكێشانى بۆرى نەوت ئەكات لەناو هەرێمەوە بۆ ناو توركیاو هەمو لایەكیش ئەو ڕاستییە ئەزانن كە ئەمانە سیناریۆن و دروستكردنى ئەو سیناریۆیانە بۆ ئەوەیە هاوڵاتى كورد نەپڕژێتە سەر ئەوە ى
ڕەخنە بگرێت و لەو بۆشایە سیاسیەى دروستبوە سود وەرگرن و بە ملیارەها دۆلار لە فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ وەرگرن و لە هاولاتیانى بشارنەوە. سەرۆكى هەرێم خەریكە هەرێمى كوردستان ئەكاتە بەشێك لە كێشەى سوننەى عێراق بە تایبەتى و سوننەى ناوچەكە بە گشتى , ئەوەتا سەرۆكى هەرێم چۆتە میحوەرى سوننەى تور ك سعودیەو قەتەرو لایەنگرى سوننەى عێراقیش ئەكات لە دژایەتى كردنى شیعەى عێراق و مالیكى و ئەوەش خۆى لە خۆیدا دژایەتى كردنى ئێرانەو ئەو كارەش لە بەرژەوەندى كورد نابێت. لە دوا ڕۆژدا كێشەى ئێمە لەگەڵ سوننەى عێراقدا ئەبێت و باشتر وایە ئێمە بێ لایەن بین و لە هەمو حاڵەتێكیشدا بەرژەوەندى كورد زیاتر لەوەدایە لە شیعەوە نزیكتر بێت. ئەم هەڵس و كەوتانەى سەرۆكى هەرێم شكستى بە هەمو هەوڵەكانى تاڵەبانى هێنا, چونكە كارەكانى بارزانى دژى هەوڵەكانى تاڵبانى بون بۆ ئاشتەوایی و دواجار هەر ئەوەش بوو بە هۆكارى نەخوشیە كتوپڕەكەى تاڵەبانى.
لە ئەنجامدا هەمو سیناریۆكانى سەرۆكى هەرێم شكستیان هێناو بە زیانى گەورەى كورد شكانەو مالیكى هێزەكانى ئۆپەراسیۆنى دیجلەى دروست كردو ناردیە كەركوك و بەشێك لە ناوچە دابڕینراوەكان و ئەوەتا بارو دۆخى كەركوك بە تەواوى تێك چوەو بۆتە گۆماوى خوێن و ماوەیەكى تر جێ بە هێزە كوردیەكان لەق ئەبێت و كەركوك بە تەواوى وەكو سەردەمى سەدام دەچێتەوە ژێردەستى حكومەتى ناوەند. كوردەكانى كەركوك ئەوەندە بیزار بون بە ئاشكرا داوا لە هێزە كوردییەكان ئەكەن بارەگاكانیان بەرنە دەرەوەى شار بۆ ئەوەى تۆشى كوشتن نەبن, لەبرى ئەوەى داوایان لێبكەن بیانپارێزن. ئەوەش ماناى شكستى سیاسەتى كوردە لە كەركوك.
ئەوانەى ڕۆژانە بە هۆى كارى تیرۆریستییەوە كەركوك خەڵتانى خوێن ئەكەن بە زرى سەر بە لایەنى سوننەن . لە دواى ئەم هەمو هەڵە یەك لەدواى یەكانەى سەرۆكى هەرێم لەبرى ئەوەى بە دواى ڕێگا چارەیەكى گونجاودا بگەڕیت , كەوتۆتە هەڵەیەكى گەورەترەوەو ئەوەتا گرێبەستى لە گەڵ كۆمپانیاى ئێكسۆن موبیل مۆر كردوە كە بە دواى نەوتا بگەڕێن لە دەورى قەرە هەنجیر, ڕاستە ئەو ناوچەیە بەشێكە لە هەرێمى كوردستان بەڵام بەشێكیشە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئەوەندەى تر بارو دۆخەكەى ئاڵۆزتر كردوەو ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكیشى هێنایە سەرخەت .
زوربەى ڕۆشنبیران و كەسانى سیاسەتمەدار بۆ چونیان وایە كە سەرۆكى هەرێم ئەمەى بۆ ئاڵوز كردنى بارو دۆخەكە كردبیت و لە ئێستادا كورد پێویستى بە دروستكردنى كێشە نییە بەڵكو بە دۆزینەوەى چارەسەر هەیە. ئەوەتا ئێران هەمو لایەنەكانى شیعەى ڕێك خستۆتەوەو مالێكى هەر خاوەن دەسەڵات ئەبێت. لە لایەكى ترەوە كۆمپانیا توركییەكەى نەوتى خاوى هەرێمى كوردستانى ئەگواستەو بۆ توركیا گرێبەستەكەى بۆچەڵ كردەوە بە بەهانەى ئەوەى لەگەڵ یاساى نێو دەوڵەتیدا ناگونجى و ئەوەش ماناى خۆى هەیە. ئەگەر سەرۆكى هەرێم پاساوى مۆر كردنى ئەو گرێبەستانەى ئەوەبێت بَڵێت وڵاتان بەرگریمان لی َ ئەكەن و دروستبونى دەوڵەتى كوردى نزیكتر ئەبێتەوە ئەمە خەیاڵ پڵاوەو زوربەى خاوەن پشكەكانى ئەو كۆمپانیانە جەنەڕاڵە خانە نشین كراوەكانن كە لە عێراق بون و ئەوانە ڕۆڵى قاچاخچیەتى ئەبینن و ئەمەریكا بە ئاشكرا نیگەرانى خۆى بەرامبەر توركیا دەر بڕیوە بەرامبەر هاوردە كردن و ڕاكێشانى بۆرى نەوت لە هەرێمى كوردستانەو بۆ توركیا بەبێ ڕەزامەندى حكومەتى عێراق. كەواتە سەرۆكى هەرێم ئومێدى بە چ وڵاتێكى ترە؟ ئێمە هەمو مان ئەزانین كە هەمو ئەو كێشانەى لەسەر نەوت دروستى كردون تەنهاو تەنها بۆ بەرژەوەندى بنەماڵكەى خۆیەتى و هیچى تر . ئەگەر وانییە , داهاتى نەوت لە كویییە؟
لە كۆتاییدا ئەڵیم حەق وایە لێرە بە دواوە لەبرى دەستە واژەى حكومەتى هەرێمى كوردستان دەستە واژەى حكومەتى پارتى بە كار بهێنین چونكە هەمو بڕیارەكان لە دەستى پارتیدان و یەكێتى پەڕاوێز خراوەو ئەوەتا وەزارەتى بەناو سامانە سروشتییەكان تایبەتە بە ماڵى بارزانى و كەسى یەكێتى تێدا نییەو هەرچى سامانى ئەم وڵاتەیە هەراجیان كرد لە پێناوى بەرژەوەندى خۆیان و لە تازەترین كۆنگرەى ڕۆژنامەوانى وەزیرى بە ناو سامانە سروشتییەكاندا هەڕەشە لە ڕۆژنامە نوسان ئەكات و ئەڵێت ئەبێ هەمو لایەك سوپاسگوزاربن كە كارەبا هەیە چونكە ئەوە ئێمەین سوتەمەنى دابین ئەكەین بۆ كارەباو ئەگەر ئێمە نەبین ئەبێ لە تاریكیدا دانیش . لە كاتێكدا بەشە ناوخۆیەكان ئەسوتێن و خوێنكاران گیان لە دەست ئەدەن و 8 خوێندكار لە ژۆریكدا لە سەر تەختى دوو قات ئەخەون و خوێندنیان بۆ ناكرێت
حكومەتەكەى پارتى پاداشتى 700 كەس لە 2-8 ملیۆن دینار ئەكەن بە ناوى داهێنانەوە و 253 كەس بە پلەى بەڕیوەبەرى گشتى هەریەكەى بە 2 ملیۆن دینار خانە نشین ئەكەن و 90 سەیارە بە برى 4 ملیۆن دۆلار بۆ 90 دادوەر ئەكڕن دیارە ویژدانیشیان ئەكڕن و 765 ملیۆن دینار بۆ جوانكار ى خانوى میوانەكانى سەرۆكى حكومەتى پارتى و زیاتر لە دەیان ملیار دولار خەرج دەكرێت بەناوى دیوارى ڕاگرو نویكردنەوەو ڕواندنى نەمام لەسەرى ڕەش وسەرى بڵندو مەزارى مەلامتەفا. ئەم شوینانە شوینى گشتى نین
هەتا سامانى وڵاتیانى تێدا خەرج بكریت. با هاولاتیان بپرسن خەرجییەكانى ئاسایشى یەكێتى و پارتى چۆنن ئەگەر یەكێتى خاوەن دەسەڵات بێت چۆن ئەمە قبوڵ ئەكات؟ كەواتە خۆمان ئەخەڵتێنیین كە بڵێن حكومەتى هەریمى كوردستان و حكومەت ئەبێ بەرنامەو پلانى هەبیت و باشتر وایە بڵێین لیژنەى دابەشكردن و بەخشینەوەى پارە. ئیستا بنە ماڵەى بارزانى خەریكن جێگەى سوڵتانەكانى عوسمانى ئەگرنەوەو باشتر وایە ناویان بنیێن سوڵتانەكانى بارزانى.
لە هەمو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە پارتى گەڕانەوەى كەركوك بە مەترسى ئەزانیتَ بۆ سەسەر هەرێمى كوردستان چونكە لایەنگریان زۆر كەمەو و ترسیان لە وەهەیە ئەگەر كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان بەلانسى هێز تێك بچیت هەر لە سەرەتاى ڕزگار كردنى كەركوكەوە ئەم ترسەیان هەبوە, ئەى لەبیرتان چۆتەوە لەو كاتەدا كە كەركوك ئازاد كرابو ,هێزەكانى ئەمەریكا داوایان ئەكرد هێزە كوردیەكان لە كەركوك بچنە دەرەوەو یەكێتى خەرێكى دەركردنى عەرەبەكان بوو پارتى هاوارى ئەكرد ئەوە هێزەكانى یەكێتین لە ناو كەركوكدان, لە ڕاستیدا لەو كاتەو تا ئێستا پارتى بونێكى لاوازى هەیە لە ناو كەركوكداو بونیشیان لە ناو كەركوك هەمیشە هۆى نا سەقامگیرى بوەو ئاسەنگیان دروستكردوە.
لەسەر دانانى مجێورى مزگوتێك كێشەیان دروستكردوەو بونە هۆى ئەوەى دوو پرَۆگرامى خوێندن و دوو ئاسایش هەبیت لەو شارە. پارتى فاكتەرى نا سەقامگیرى و سەر نەكەوتنى كورد بوە لە كەركوك .سروشتى پارتى هەمیشە وابوە لە هەرشوێنێك سەركەوتو نەبن هەمیشە كێشە دروست ئەكەن . ئەوەتا لە برى دۆزینەوەى چارەسەر بۆ كێشەكان كە هەموى لەسەر نەوتە , كۆمپانیاى ئێكسۆن موبیل ئەبەنە ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ ئەوەى مالیكى بە تەواوى كەركوك كۆنتڕۆڵ بكات و ئەوان پێیان وایە ئەگەر ماستێك بۆ ئەوان نەبێ ئەبێ خۆڵى تێكەن. هەمو كێشەكانى كورد لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوتەو پەڕلەمانى كوردستانیش ئاگدارى داهاتى نەوت نییە چونكە حكومەت حكومەتى پارتییەو داهاتى نەوتیش بۆ خۆیانە. كەواتە نەوت هەمیشە سەرچاوەى كێشەكان بوە بۆ گەلى كورد لە سەردەمى دەسەڵاتى حكومەتەكانى ناوەندو لە سەردەمى حوكمڕانى كورد خۆیدا.
.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست