کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گومانەكانى هاوڵاتیان لە ناشەفافى دۆسییەى نەوت

Wednesday, 18/03/2015, 12:00







بڕواناكەم هاوڵاتییەك لەم هەرێمەدا هەبێت , كە خاوەنى كەمێك هوشیارى بێت و حەز نەكات هەرێمى كوردستان خاوەنى ئابورییەكى سەر بەخۆى خۆی نەبێت و بەردەوام وابەستەى دەوڵەتانى تر بێت و بەو هۆیەوە ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتمانى بەردەوام لە مەترسیدابێت . هەر ولاِتێك كە خاوەنى سەربەخۆیی ئابورى و ژێرخانى ئابورییەكى بەهێز نەبێت , بەردەوام لە ژێر مەترسیدا ئەبێت .
لەو كاتەوە كە حكومەتى هەرێمى كوردستان دەستى كردوە بە مۆركردنى گرێبەستى دەرهێنانى نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان, هەرێمى كوردستان بەردەوام پەیوەندییەكانى لەگەلً بەغدا بەرەو گرژى و ئالۆزى ئەڕوات بە ئێستاشەوە . ٍدواجار درێژە كێشانى ئەم كێشەیە لەگەڵ حكومەتى ناوەندا بوو بەهۆى ئەوەى حكومەتەكەى مالیكى بودجەى هەرێمى كوردستانى بۆ ساڵى 2014 بَرى بە پاساوى ئەوەى دۆسییەى نەوت ناشەفافەو هەرێمى كوردستان بێ ڕەزامەندى حكومەتى ناوەند , گرێبەستى نەوتى لەگەڵ كۆمپانیاكان ئیمزاكردوەو دەرهێنانى نەوت كەوتۆتە بوارى جێبەجێكردنەوەو دواجار دەستٍ بە فرۆشتنیشى كراوە .
حكومەتى هەرێمى كوردستان,پاساوى دەرهێنانى نەوتى بەبێ ڕەزامەندى عێراق بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە . كە ئەبى حكومەتى هەرێمى كوردستان هەوڵ بدات لە ڕوى ئابورییەوە سەر بەخۆبیت بۆ ئەوەى حكومەتى بەغدا بە ئارەزوى خۆى نەتوانێت بڕیارەكانى بەسەر هەرێمى كوردستاندا بسەپێنێت .ئێستاش كێشەلە سەر دۆسییەى نەوت لەگەڵ بەغدا بەردەوامەو بەو هۆیەوە بودجەى هەرێمى كوردستان لە لایەن حكومەتەكەى عەبادییشەوە,راگیراوە . بەغدا ئەڵێت : ناكرى هەرێمى كوردستان نەوت بۆخۆى بفرۆشێت و لە نەوتى بەسرەش بەشە بودجەیەكى تر وەرگرێتٍ
بەڵام ئەوەى زۆر گرنگە لێرەدا باسى بكەم ئەوەیە كە هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستانیش , بە هەمان شێوەى حكومەتى بەغدا , گومانیان هەبوە لەسەر دۆسییەى نەوت و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بەردەوام باسى ناشەفافى فرۆشتنى نەوتیان كردوە لە ڕێگاى تانكەرەوە بۆ وڵاتى ئێران و توركیا . شاراوەش نییە هەتا ئەم كاتەى ئێستا نە هاوڵاتیان پێیان وایە شەفافیەت لە دۆسییەى نەوتدا هەیە , نەحیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانى پێشوش كە ئێستا بەشدارن لە دەسەڵاتدا ڕازین لە چۆنییەتى فرۆشتنى نەوت و قسە كردنیش لەسەر ئەم دۆسییە بەردەوامە . ئەگەر ئەم پرسیارە بكەین: بۆچى بەشێك لە هاوڵاتیان و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانى پێشوش كە ئێستا بەشدارى حكومەتن گومانیان هەیە لە شەفافیەتبونى دۆسییەى نەوت .؟؟؟.
هاوڵاتیان و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەڵێن: گرێبەستەكانى نەوت كە لەگەڵ كۆمپانیاكان مۆركراون نە حكومەت بە گشتى ئاگادارەو نە پەڕلەمان ئاگاى لێیەتى و هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆكن كە تا ئەم كاتە دۆسیەى نەوت بە پلەى یەكەم لە ژێردەستى پارتى دایەو تەنها سەرۆكى حكومەت و ئاشتى هەورامى ئاگادارى وردەكارى گرێبەستەكانى نەوتن . زۆر جار قسە لەسەر شیرینى گرێبەستە نەوتییەكان كراوەو تا ئێست كەس نازانێت , بڕى چەند وەرگیراوەو چی لێكراوە و چۆن خەرج كراوە ؟؟.
تا ئێستا كەس نازانێت بڕى ئەو نەوتەى لە ڕێگاى تانكەرەوە ئاودیوى ئێران و توركیا كراوە, چەندبوەو بەچەند فرۆشراوەو چۆن خەرج كراوە ؟؟. لە كاتێكدا ئەم بابەتە ئەنوسم , ئێستا پەڕلەمانى كوردستان لەگەڵ لیژنەى نەوت و غاز كۆبونەوە لە هەوڵى ئەوەدان كە چیتر وردەكاریەكانى دۆسییەى نەوت شاراوە نەبن.
كەواتە لێرەدا پرسیارێكى گرنگ دێتە پێشەوەو ئەڵێت : ئەگەر گەندەڵییەكى زۆر لە پڕۆسەى نەوتدا نەكراوەو ڕاستە هەموو ئەوەى كراوە بۆ بەرژەوەندى هاوڵاتیانى هەررێمى كوردستان بووە, بۆچى كۆى پڕۆسەى دەرهێنانى نەوتو فرۆشتنى نەك لە هەر لە هاوڵاتیان بەڵكو لە پەڕلەمانیش شاردراوەتەوە؟؟؟. ئەگەر ئەمە لەبەر ئەوە بوە حكومەتى بەغدا نەزانێت با سندوقى داهاتى نەوتیان دروست بكردایە و ئەگەر ئێستا داهاتى نەوت لەو سندوقەدابوایا بۆ ئەم ڕۆژە ڕەشە كەس قسەى ئەكرد؟؟. ئەگەر سەرۆكى حكومەت و وەزیرى سامانە سروشتییەكان مەبەستیان شاردنەوەى دۆسیەى نەوت نەبوە , چۆن لە كاتێكدا حكومەت , حكومەتى كار بەڕێكەر بوە , بەبێ ئاگادارى پەڕلەمان ئەچینە توركیاو گرێبەست بۆ پەنجا ساڵ ئیمزا ئەكەن؟؟. ئاخر چۆن ئەكرێت دوو كەس بەبێ پرس كردن و بێ ئەوەى شەرعیەتى یاساییان هەبێت , یارى بە داهاتوى هەرێمى كوردستانەوە ئەكەن بۆ ماوەى پەنجا ساڵ ؟؟؟. خۆ نەوت موڵكى ئەوان نییە هەتا بە تەنهاٍ بڕیار لە چارەنوسى ئەو پرسە گەورەیە بدەن و چۆن هاوڵاتیان گومانیان نابێت ؟؟؟.
ئەگەر ئەم گرێبەستە بۆ بەرژەوەندى میللەتە , بۆچى بە دزییەوە ئەنجامى ئەدەن ؟؟. ئەى كێ هەیە گومانى لەوە نەبێت كە بەشێكى ئەم گرێبەستە تەنها بۆ لایەنێكە نەك هەموو هەرێمى كوردستان ؟؟؟. كەواتە هەموو كەس حەقى خۆیەتى كە گومانى لەو ڕێكەوتنە هەبێت؟؟؟. گومانەكان لێرەوە دەست پێ ئەكات ,ٍ لەو كاتەوە وەزارەتى سامانە سروشتییەكان دامەزراوە , هەر ئاشتى هەورامى وەزیرەو , ئەو كاتەى ئەندامێكى یەكێتى جێگرى بوو , نەیهێشت هیچ بزانێت لە دۆسییەى نەوت و بەو هۆیەوە وازى هێنا. ئێستا بۆچونى هاوڵاتى ئەوەیە : كە ئاشتى هەورامى وەزیرى لایەنێكەو وەزیرى حكومەت نییە , چونكە وا دەر ئەكەوێت كەسێكى بێ منەتە لە هاوڵاتیان و تەنانەت پەڕلەمانیش ,. كاتێك بانگهێشتى پەڕلەمان ئەكرێت وەڵامى پرسیارەكان وەكو پێویست ناداتەوە .
كەواتە چۆن هاوڵاتیان گومانیان نەبێت . پێداگرى پارتى لەسەر مانەوەى ئاشتى هەورامى لە پۆستى وەزارەتى سامانە سروشتییەكان یان مانەوەى ئەو وەزارەتە وەكو پشكى پارتى گومانێكى گەورەترى لەسەر ناشەفافى دۆسییەى نەوت دروست كردووە. ئەوەتا ئێستا داوا ئەكرێت ئاشتى هەورامى لە پۆستەكەى دوور بخرێتەوە . كەواتە ئەگەر ئەم دۆسییە ناشەفاف نییەو گەندەڵى تێدا نەكراوە و ترس نییە لە ئاشكراكردنى وردەكارى ئەو گرێبەستانەو بڕى پارەى شیرینى , با ئاشتى هەورامى لاببرێت و كەسێكى تر بخرێتە شوێنى وەزیرى سامانە سروشتییەكان , بۆ ئەوەى ئەو هەمووگومانانەى لە بارەى دۆسییەى نەوتەوە هەیە , بڕەونەوە .
كەواتە هەموو ئەو لایەن و كەسانەى گومانیان لە گەندەڵیەكانى دۆسییەى نەوتدا لە ڕابوردو و ئێستاشدا هەیانە لە جێی خۆیدایە . پاساوەكانى ئەو بەرپرسانەى دۆسیەى نەوتیان لە ژێردەستا بوەو لە هاوڵاتیانیان شاردۆتەوە زۆر لاواز بووە . ئەڵێن بۆیە وردەكاریەكانمان ئاشكرا نەكردوە بۆ ئەوەى بەغدا نەزانێت ؟؟؟.ئەى باشە تۆ پێم ناڵێی ئەم كارە لەبەر تۆ ئەكەم ؟؟ ئەى كەواتە بۆچى منیش نەزانم؟؟. ئەى بۆچى ئێستاش بە ئاسانى ناتانەوێت وردەكاریەكان ئاشكرا بكەن؟؟. كەواتە ئەم ماستە بێ موو نییەو گەندەڵییەكى یەكجار لە دۆسییەى نەوتدا كراوەو داهاتێكى زۆرى نەوت دیار نییە .
سەرەڕاى ئەوەش ئێستا ئەڵێن حكومەت قەرزدارە. پرسیار لێرەدا ئەمەیە: بۆچى قەرزدارین؟؟. ئەو كاتەى ڕۆژانە بە سەدان تانكەر نەوت ئاودیو ئەكرا, بودجەش لە بەغداوە ئەهات , ئەى پارەى داهاتى نەوت چێلێكرا و كەوتە لاى كێ ؟؟؟. لە لایەكى تریشەوە خۆ گەندەڵێ هەر لە دۆسییەى نەوتدا نەكراوە , هەتا گومانمان نەبێت . ٍ دامەزراندنى دەیان هەزار كەس وەكو بندیوار , خانەنشینى بە ڵێشاو , پلەبەرزكردنەوەى نایاساییى و خەرجى بێسنور لە لایەن بەرپرسەكانەوە , گەواهى ئەوە ئەدەن كە گومانەكان لەسەر ناشەفافى دۆسییەى نەوت ڕاستەو كومانى تێدا نییە .
لە ڕاستیدا ئەگەر دۆسییەى نەوت زۆریش بە شەفافى ئەنجام درابێ , گومانەكان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە زیادبوندا ئەبن , هەتا داواكاریەكانى هاوڵاتیان و پەڕلەمان زیاتر بێت بۆ ئەوەى دۆسییەى نەوت شەفاف بكرێت , بەرپرسانى دۆسییەكە , زیاتر وردەكارى گرێبەستەكان و چۆنیەتى فرۆشتنى نەوت لە ڕاى گشتى ئەشارنەوە .
ئەگەر گەندەڵى تێدا نەكراوە لە چى ئەترسن و بۆچى كۆى وردەكارى دۆسییەى نەوت ناخەنە بەردەمى پەڕلەمان و هەموان بێدەنگ ناكەن ؟؟.چونكە گەندەڵى لە دۆسییەكەدا كراوە بۆ بەرژەوەندى تایبەت . تاكە ڕێگا بۆ ئەوەى هەموو هاوڵاتیان گومانیان نەمێنێت ئەوەیە : كۆى دۆسییەى نەوت و وردەكارى گرێبەستەكان و بڕى ئەو نەوتەى فرۆشراوەو چۆن فرۆشراوەو پارەكەى چۆن خەرج كراوە لە گەڵ داهاتى شیرینى گرێبەستە نەوتییەكان بخرێتە بەر دەستى لیژنەى نەوت و غاز لە پەڕلەمانى كوردستان .
هەتا ئەوە نەكرێت , گومانەكانیش هەر ئەمێنن و هاوڵاتیان موتمانەیان بە حكومەت نابێت . چونكە ئەڵێن : ئەگەر بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان لەسەر ئەوە بڕابَى كە حكومەتى هەرێمى كوردستان نەوتى دەر هێناوەو فرۆشتویەتى , ئەى كواپارەى نەوتى فرۆشراو؟؟؟. ئەگەر زانیتان پارەى نەوتى فرۆشراو دابینى موچەى فەررمان بەرانى هەرێمى كوردستان ناكات بۆچى ئەم كارەساتەتان بەسەر هاوڵاتیاندا هێنا؟؟؟. ٍ
ئایا حكومەت ئەتوانێت هاوڵاتیان لە شەفافبونى دۆسییەى نەوتدا دڵنیابكاتەوە؟؟. ئەگەر وەڵامى ئەم پرسیارە ئەرێنى بێت , گومانەكانى هاوڵاتیانیش ئەڕەونەوە . بەڕێز ئاشتى هەورامى زیاد لە بۆنەیكدا وتویەتى ئەوەى میللەتى كورد نەیتوانى لە ماوەى سى ساڵى خەباتیدا , بەدەستى بێنێت , من بەدەستم هێناو هەرێمى كوردستانم خستە سەر نەخشەى وزەى جیهان. من لە لاى خۆمەوە دەستخۆشى لێ ئەكەم و دەسكەوتێكى گەورەیە , بەڵام ئەوەى كە جێگەى قسە لەسەر كردنە ئەوەیە , كە تا ئێستا نەك هاوڵاتیان بە هۆى ئەم دەسكەوتەوە ژیان و گوزەرانیان باش بووە , بەڵكو ٍبۆتە هۆكارى دروستبونە قەیرانى ئابورى بۆیان . لە ڕاستیدا كەسمان دڵنیا نین لەوەى دۆسییەى نەوت لە دەستێكى ئەمیندایە . باواز لە هەموو قسەوباسەكانى پێشوو بهێنین .
ئەى ئێستا بۆچى و لەبەر چى ئەو بڕە نەوتەى لەكەڵ بەغدا لەسەرى ڕێك كەوتون , ناخەنە سەر حسابى كۆمپانیاى سۆمو , بۆ ئەوەى بودجەكەمان بۆ بنێرن ؟؟؟. عەبادى بە ئاشكرا ئەڵێت : بڕى چەند نەوت ئەخەنە سەر حسابەكەمان , بایی ئەوە پارەتان ئەدەینى . كەواتە ئێساش فێڵ لە هاوڵاتیان و بەغداش ئەكەن و بە كورتى ئەتانەوێت بەردەوام بڕێك نەوت دوور لە چاوى بەغداو دوور لە چاوى هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان , هەناردەى وڵاتان بكەن بۆ ئەوەى قاچ و قوچ و گەندەڵى تێدا بكەن . ئەوە بزانن حكومەتى بەغدا زانیارى تەواوى لە توركیا وەرگرتوەو ئەزانن بڕى چەند نەوت بۆخۆتان هەناردە ئەكەن و چەندیش ئەخەنە سەر حسابى سۆمۆ. كەواتە ئیوەن كە بونە هۆكارى ئەوەى عەبادى بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان نەنێریت و ئەندام پەرَلەمانەكانى بەغداش ئەو ڕاستییە پشت ڕاست ئەكەنەوە . تكایە چیتر هاولاِتیانى هەرێمى كوردستان بێ موچە مەكەن لەبەر بەرژەوەندى تایبەتى چەند كەس و لایەنێك .
ئەترسین بۆ ئەوەى ئەم قەیرانە لەبیر خەڵك ببەنەوە , ماوەیەكى تر بڵێن ئەوا خەریكین دەوڵەتى كوردى ڕاگەیەنین و كاتى ئەم گلەیەیانە نییەو ئەبى سەبرتان هەبێت . چونكە لەم جۆرە سیناریۆیانە شارەزاین و سواون . تكایە با تاڵانكردنى سامانى وڵات بەس بێت و بیر لە مناڵى هاوڵاتیان بكەنەوە . بیر لەو پێشمەرگانە بكەنەوە كە لەبەرەكانى شەڕدان و مناڵەكانیان بێ نان و ئاون . تكایە چیتر چاو ٍبەست لە هاوڵاتیان مەكەن و با چیتر لە چاوەڕوانى موچەدا نەبن ؟؟؟.ٍِ
چوارشەممە 4/3/2015ٍ

ٍ




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە