کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاكه‌ی‌ داڵده‌دراوه‌كان حوكمی‌ سلێمانی‌ بكه‌ن؟

Sunday, 10/11/2013, 12:00






شاراوه‌ نییه‌ لای‌ كه‌سمان كه‌ شاری‌ سلێمانی‌ وه‌كو شاری‌ هه‌ڵمه‌ت و قوربانی‌ ناسراوه‌، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و خۆڕاگریه‌ی‌ به‌درێژایی مێژو بۆته‌ مایه‌ی‌ شانازی‌ بۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵوێستی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره،‌ كه‌ به‌رامبه‌ر دوژمنان و داگیركه‌رانی‌ كوردستان هه‌یان بوه‌، سلێمانی‌ به‌درێژایی مێژو وه‌كو شارێكی‌ عاسی‌ ناسراوه ‌و هه‌رگیز چۆكی‌ بۆ دوژمنانی‌ كوردستان دانه‌داوه‌ و هه‌میشه‌ له‌ڕیزی‌ پێشه‌وه‌ بون، سته‌مكارێكی‌ وه‌كو سه‌دام حوسه‌ێن نه‌یتوانی‌ ئه‌م شاره‌ كۆنتڕۆڵ بكات و خه‌ونه‌كه‌ی‌ نه‌هاته‌دی‌ و بردییه‌ ژێرخاكه‌وه‌.

هه‌ركاتێك شۆڕشی‌ كورد ده‌ستی‌ پێكردبێت، خه‌باتگێرانی‌ ئه‌م شاره‌ سه‌رمه‌شقی‌ خه‌بات و تێكۆشان بون و به‌رده‌وام سه‌رقافڵه‌ بون. ئه‌وه‌ خه‌ڵكانی‌ ئه‌م شاره‌ بون كه‌ سه‌ركرده‌ی‌ به‌ تواناو شۆڕشگێڕیان پێ ئه‌گه‌یاند و خه‌ڵكی‌ شاره‌كانی‌ تریشیان فێری‌ خه‌باتی‌ كوردایه‌تی‌ ئه‌كرد، زۆرترین ژماره‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ به‌تایبه‌تی‌ و پارێزگاكه‌ به‌گشتی‌ روبه‌ڕوی‌ گرتن و كوشتن و راوه‌دونان و ئه‌شكه‌نجه ‌و ئه‌نفال و كیمیاباران بونه‌وه‌ و ده‌ربه‌ده‌ر و ماڵوێران بون. ئه‌وه‌ی‌ ئینگلیزه‌كان به‌م شاره‌و به‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ شێخ مه‌حمودی‌ نه‌مریان كرد گه‌واهی‌ ئه‌و راستیانه‌ن.

شاری‌ سلێمانی‌ زۆرترین قوربانی‌ بۆ یه‌كیتی‌ داوه ‌و ئه‌م شاره‌ و ئه‌م پارێزگایه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ هێزی‌ یه‌كێتی‌ بون، جه‌لال تالەبانیش له‌م شاره‌دا چاوی‌ كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌م شاره‌ش له‌ ئامێزیان گرتوه ‌و وه‌كو چاویان پاراستویانه‌. ئێستا و دوای‌ رزگاركردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و دامه‌زراندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیی، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ به‌گشتی‌ و یه‌كێتی‌ و سه‌ركرده‌كانی‌ پاداشتی‌ هاوڵاتیانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌ و پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌گشتی‌ بده‌نه‌وه‌ و خه‌بات و تێكۆشانی‌ تێكۆشه‌ره‌كانی‌ به‌رزبنرخێنن، كه‌وتونه‌ سزادانی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی. له‌ هه‌موش سه‌یرتر و سه‌رنجڕاكێشتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی‌ سزای‌ ئه‌م شاره‌ ئه‌ده‌ن، خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ نین و داڵده‌دراون، ئه‌وانه‌ن له‌ شوێنی‌ خۆیان بێزراون و لێره‌ش پارێزراون. ئه‌وانه‌ بونه‌ خاوه‌ن ماڵ و ماڵیان له‌ خانه‌خوێ‌ حه‌رامكراوه‌.

هۆكاری‌ ئه‌م سزادان و ئه‌م دوژمنایه‌تییه‌ی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگاكه‌ به‌گشتی‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ سێ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌ یه‌كێتی‌ له‌م شاره‌دا ئه‌دۆڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ سزای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتییان داوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن داڵده‌دراوه‌كانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ئه‌چێت. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی‌ رون و ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ره‌و ئاوابون ئه‌چێت، به‌ڵام هه‌مو جارێك كه‌ ئه‌دۆڕێن له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ ده‌ستاوده‌ست پێ بكه‌ن و به‌جێی بێڵن بۆ لایه‌نی‌ براوه‌، ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌ سزادان و نانبڕین و ده‌ركردن و گواستنه‌وه ‌و زیندانی‌ كردنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ گومانیان لێ ئه‌كه‌ن ده‌نگیان پێ نه‌دابن. ئه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ لایه‌نی‌ سه‌ركه‌وتو كه‌ زۆرینه‌یه ‌و نوێنه‌ری‌ میلله‌ته‌ بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و لایه‌نی‌ دۆڕاویش بۆی‌ جێبێڵێت؟

به‌ڵام ئه‌مان به‌ دۆڕان رازی‌ نین و دیتان چۆن له‌ 17 شوباتدا ئه‌م شاره‌ و شارۆچكه‌كانی‌ تریشیان خه‌ڵتانی‌ خوێن كرد، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ سزای‌ تۆمەتباران بده‌ن، نوێترین ئۆتۆمبێلیان بۆ ئه‌و به‌رپرسانه‌ كڕی‌ كه‌ تۆمەتبارن بە کەیسی ١٧ شوبات. خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ له‌ بیریان چۆته‌وه‌ كه‌ چۆن خوێنكاران و مامۆستایانی‌ زانكۆیان په‌لكێش ئه‌كرد و سوكایه‌تیان پێ ئه‌كردن؟ به‌ڕاستی‌ ئه‌م شاره‌ میوانی‌ باشی‌ هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی‌ داڵده‌یان داون بونه‌ ماره‌كه‌ی‌ شێخ هۆمه‌ر.

له‌ 21 نۆدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گوڕان دو ئه‌وه‌نده‌ی‌ یه‌كێتی‌ ده‌نگ هێناوه ‌و به‌ هه‌مو پێوه‌ره‌كان ئه‌بێ ئیداره‌ی‌ ئه‌م شاره‌ بكه‌وێته‌ ده‌ستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گوڕان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌نگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو كه‌ هاوپه‌یمانن له‌گه‌ڵ گۆڕان و هه‌رسێ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌نگی‌ ره‌هایان هێناوه‌. پارێزگاری‌ ئه‌م شاره‌ چوار ساڵه‌ به‌ نایاسایی دانراوه‌و به‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بوه‌. كه‌واته‌ بۆ لابردنیشی‌ هه‌ر پێویستی‌ به‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌، كاتێكیش داوا ئه‌كرێت هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت به‌ به‌هانه ‌و پاساوی‌ نابه‌جێ‌ دوای‌ ئه‌خه‌ن و نایانه‌وێت ئه‌نجامی‌ بده‌ن، چونكه‌ دڵنیان ئه‌دۆڕێن.

دواجار هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ بڕیاریان داوه‌ چیتر لایه‌نێكی‌ كه‌مینه‌، كه‌ زۆرینه‌ی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌نین و لێره‌ داڵده‌دراون و له‌و شوێنانه‌ی‌ لێوه‌ی‌ هاتون بێزراون، حوكمی‌ ئه‌م شاره‌ نه‌كه‌ن، زۆرینه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ و ئه‌م پارێزگایه‌ كه‌ ده‌نگیان به‌ گۆڕان داوه‌. چیتر له‌ گۆڕانی‌ قبوڵ ناكه‌ن به‌ حوكمی‌ كه‌مینه‌ رازیبن و ده‌نگه‌كانیان زه‌وت بكرێن. ئێستاو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هاوڵاتیان ده‌نگی‌ ناڕه‌زاییان به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چیتر كه‌مینه‌ و داڵده‌دراوه‌كان حوكمی‌ ئه‌م شاره‌ نه‌كه‌ن، بزوتنه‌وه‌ی‌ گوڕانیش هاتۆته‌ ده‌نگ و پشتیوانییان لێ‌ ئه‌كات، چونكه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ پشتیوانییان له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ كردوه ‌و متمانه‌یان پێداوه‌.

دوای‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ئه‌م ده‌نگۆیه‌ و داواكردن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئیداره‌ی‌ پارێزگاكه‌ وه‌كو ئیستیحقای‌ هه‌ڵبژاردن، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كه‌مینه‌ داواكانی‌ هاوڵاتیان جێبه‌جێ بكات، عیماد ئه‌حمه‌د هاته‌ سلێمانی‌ و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ شاره‌كه‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ كردوه و ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌های‌ داوه‌ به‌ ئاسایش و ئاگاداری‌ كردون ئاماده‌كاری‌ بكه‌ن بۆ هه‌ر جموجۆڵێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كه‌ ئاسایشی‌ شاره‌كه‌ تێك بده‌ن. پێ ئه‌چێت كاك عیماد ئه‌م جاره‌ خۆی‌ روداوێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ 17 شوبات بخولقێنێت. له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌مان له‌و به‌ڕێزه‌ ئه‌كرد داوای‌ بكردایه‌ ئارام بن و دان به‌ خۆتانا بگرن و كه‌سیش سزامه‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگیان به‌ ئێمه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌رچوو. بۆیه‌ ناچارین له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستا قسه‌بكه‌ین به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ داهاتو. بۆیه‌ به‌ كاك عیماد ئه‌ڵیم: هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ هه‌رگیز ئاسایشی‌ ئه‌م شاره‌ تێك ناده‌ن و وه‌ك چۆن به‌ درێژایی مێژو ئه‌م شاره‌یان پاراستوه‌ و خوێنییان له‌پێناو داوه‌ و وه‌كو بیلبیله‌ی‌ چاویان پاراستویانه‌ له‌ داهاتوشدا هه‌روا ئه‌كه‌ن. بۆیه‌ ئه‌م شاره‌ پێویستی‌ به‌وه‌ نییه‌ داڵده‌دراوێكی‌ وه‌كو به‌ڕێزتان و هاوه‌ڵه‌كانت كه‌ میوانی‌ ئه‌م شاره‌ن، به‌ڵام میوانی‌ به‌دنمه‌ك ده‌رچون، پارێزگاری‌ له‌م شاره‌ بكه‌ن.

ئه‌وه‌ ئێوه ‌خۆتانن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆتان به‌رده‌وام خه‌ریكی‌ تێكدانی‌ ئاسایشی‌ ئه‌م شاره‌ن. ئه‌وه‌ چەکدارەکانی ئێوە بون له‌ 17 شوباتدا ده‌ستان به‌خوێنی‌ رۆڵه‌كانی‌ ئه‌م شاره‌ سور كرد، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن خۆتان به‌رپرسیارن له‌ هێزتان برده‌سه‌ر ئه‌لبیسه‌كه‌ بۆ ته‌زویركردنی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیان. ئێوه‌ن ده‌ستتان ئاشكرا بوه ‌و هاوڵاتیان ئاگاداری‌ هه‌مو شتێكن.

ئایا هێزی‌ چه‌كداری‌ بۆ پارێزگاری‌ هاوڵاتیان ئه‌خرێته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌، یان بۆ سه‌ركوتكردنی‌ هاوڵاتیان؟ من داوا ئه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت بۆئه‌وه‌ی‌ بزانرێت ئایا زۆرترین ژماره‌ی‌ هاوڵاتیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات خۆیه‌وه‌ یان تیرۆریستانه‌وه‌ شه‌هید و برینداركراون؟

ئێمه‌ ئه‌و راستییه‌ باش ئه‌زانین، كه‌ خه‌می‌ ئێوه‌ خه‌می‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هاوڵاتیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان نییه‌ ئه‌وه‌ خه‌می‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆتانه‌. ئه‌مه‌ شینی‌ هه‌ریسه‌كه‌یه‌ و بۆئه‌وه‌یه‌ هه‌تاهه‌تایه‌ داهاتی‌ گومرگه‌كان و ناوخۆ و پاره‌ی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌ قاچاخ بۆخۆتان به‌رن. بۆ ئه‌وه‌یه‌ باشترین ئه‌رزی‌ ئه‌م شاره‌ بۆخۆتان به‌رن، بۆئه‌وه‌یه‌ له‌ڕێگای‌ كۆمپانیای‌ نۆكانه‌وه‌ هه‌مو شاره‌كه‌ تاپۆ بكه‌ن، بۆئه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بازرگانی‌ ئه‌م وڵاته‌دا بگرن و ده‌رمان و خواردنی‌ ئێكسپایه‌ر بۆ هاوڵاتیان بهێنن، بۆئه‌وه‌یه‌ هه‌رخۆتان خاوه‌نی‌ به‌نزینخانه ‌و سۆپه‌رماركێت و پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وت و ته‌نده‌ره‌كان بن.

ئه‌وه‌ ئێوه‌نین كه‌ به‌ قافڵَه‌ی‌ تازه‌ترین مۆدیلی‌ ئۆتۆمبێله‌كانتانه‌وه‌ به‌ناوشاردا ئه‌ڕۆن و له‌ ترافیكی‌ سور ناوه‌ستن و هاوڵاتیان له‌به‌رتان رائه‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌بن به‌ژێره‌وه‌. ئێوه‌ ئێستا ده‌وری‌ داگیركه‌ر ئه‌بینن و كه‌مترین نرخ بۆ راوبۆچونی‌ هاوڵاتیان دانانێن و هه‌ركه‌سێك به‌بۆچونی‌ ئێوه‌ رازی‌ نه‌بێت و وه‌كو گه‌وره‌ی‌ خۆیان حسابتان بۆ نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ به‌لای‌ ئێوه‌وه‌ تێكده‌ر و ئاژاوه‌چی‌ و نۆكه‌ری‌ بێگانه‌یه‌. ئاخر كاك عیمادی‌ به‌ڕێز هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ و ئه‌م پارێزگایه‌ رازی نابن له‌سه‌ر حسابی‌ ئه‌وان بێیته‌ سه‌رحازری‌ و وه‌كو مه‌لیك بژیت و ئێستاش داوا له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌كه‌ی‌ له‌ ئاماده‌باشیدابن بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان ئه‌گه‌ر داوای‌ حه‌قی‌ خۆیان كرد.

ئه‌وه‌ی‌ به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌م پۆستی‌ حكومی،‌ یان حیزبی‌ هه‌یه‌ به‌ڕێزتان مماره‌سه‌تان نه‌كردبێت و خاوه‌ن بڕیار نه‌بوبیت. زۆربه‌ی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ی‌ پێش بونت به‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبون یان كه‌م ئه‌ندام بون موچه‌كه‌یان ناگاته‌ مه‌سره‌فی‌ رۆژێكی‌ خۆت و دەستوپێوەندەکەت. قافڵه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌هاكانی‌ ئێوە زۆرترن له‌ قافڵه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا. پێئه‌چێت ئه‌مه‌ به‌حه‌قی‌ خۆت بزانیت و وابزانی‌ ئه‌گه‌ر كه‌سانی‌ وه‌كو ئێوه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بڕیار نه‌بن وڵات وێران ئه‌بێت. ئه‌گه‌ر واتێگه‌یشتوی‌ بۆچونه‌كه‌ت زۆر هه‌ڵه‌یه ‌و كورد واته‌نی‌ كه‌ڵەشێریش نه‌بێ رۆژ ئه‌بێته‌وه‌.

به‌ڕاستی‌ به‌لامه‌وه‌ كه‌سێكی‌ ئازا و چاونه‌ترسی‌ كه‌ له‌م شاره‌ میوانیشی‌ و داڵده‌دراویشی‌ و خۆت به‌ خاوه‌ن ماڵ بزانیت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌وانه‌ش بكه‌ی‌ كه‌ له‌ژێر سێبه‌ریاندا حه‌واویته‌وه‌. پێئه‌چێت هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره ‌نانیان سوێربێت، چونكه‌ زۆرن ئه‌وانه‌ له‌م شاره‌دا حه‌وانه‌وه‌ و پێڵاوی‌ غه‌ریبیان كردۆته‌وه‌ و دواجار چاویان كراوه‌ته‌وه ‌و گه‌وره‌بون و دوایش بونه‌ته‌ ماره‌كه‌ی‌ شێخ هۆمه‌ر. ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕاشكاوی‌ به‌ داڵده‌دراوه‌كان رابگه‌یه‌نین:

ئێوه‌ له‌م شاره‌دا بێزراون، هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ چیتر رازی‌ نابن كه‌مینه‌ حكومیان بكات، هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ باشتر ماڵی‌ خۆیان ئه‌پارێزن له‌ میوانه‌ به‌دنمه‌كه‌كان دانیشتوانی‌ ئه‌م شاره‌ چیتر كه‌سیان به‌ كوێخا و ده‌مسپی‌ خۆیان قبوڵ نییه‌. دانیشتوانی‌ ئه‌م شاره‌ ته‌واو توڕه‌ن له‌ ئێوه‌، دڵنیابن ئه‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ ئێستا نیازتان وایه‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م شاره‌یان پێ ته‌می‌ بكه‌ن، رۆڵه‌ی‌ به‌ ئه‌مه‌كی‌ ئه‌م شاره‌ن و لێره‌ش به‌دواوه‌ دژایه‌تی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ ناكه‌ن و هه‌ڵه‌كانی‌ 17 شوبات دوباره‌ ناكه‌نه‌وه‌.

تكایه‌ چیتر به‌ زمانی‌ شه‌ڕ قسه ‌مه‌كه‌ن و كارێكی‌ وامه‌كه‌ن 17 شوباتێكی‌ تر دروست بكه‌ن و ده‌ستی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م شاره‌ به‌یه‌كتری‌ سور بكه‌ن، ئومێدمان وایه‌ سه‌رده‌میانه‌ بیربكه‌نه‌وه‌ و بڕواتان به‌ ئازادی‌ بیروڕا هه‌بێت و چیتر له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆتاندا ریزه‌كانی‌ گه‌ل تێك مه‌ده‌ن و خۆشتان له‌ غه‌زه‌بی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م شاره‌ و باقی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ تریش لاده‌ن، چونكه‌ وه‌كو ئه‌ڵێن هه‌مو شتیك له‌باریكیدا ئه‌پسێت ته‌نها زۆرداری‌ نه‌بێت له‌ ئه‌ستوریدا و ئه‌ویش به‌ته‌واوی‌ سنوری تێپه‌ڕاندوه‌، تكایه‌ باتاڵه‌مویه‌ك و به‌شی‌ ئاشتی‌ تێدا بمێنێته‌وه‌.

تێبێنی‌: لێكدانه‌وه‌ بۆ وشه‌ی‌ داڵده‌دراو
ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و گروپانه‌ی‌ له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ك بێت زێدی‌ خۆیان جێدێڵن روئه‌كه‌نه‌ گوندێك یان شارێك یان وڵاتێكی‌ تر بۆ حه‌وانه‌وه‌ و خۆپاراستن و له‌و شوێنه‌ش میواندارییان ئه‌كه‌ن و رێزیان لێ ئه‌گرن، فڵانه‌ كه‌س توشی‌ دوژمنایه‌تی‌ بوه‌و چۆته‌ لای‌ فڵانه‌ سه‌رۆك هۆز و ئه‌ویش داڵده‌ی‌ داوه،‌ واته‌ جێگای‌ كردۆته‌وه ‌و له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌رگریشی‌ لێ‌ ئه‌كات. هه‌تا ئێره‌ زۆر ئاساییه‌ و رۆژانه‌ به‌ هه‌زاران روداوی‌ له‌م جۆره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دواجار داڵده‌دراوه‌كه‌ یان داڵده‌دراوه‌كان ئه‌بنه‌ خاوه‌ن ماڵ و خانه‌خوێ ده‌رئه‌كه‌ن هه‌روه‌كو ئێستای‌ شاری‌ سلێمانی‌، كه‌ داڵده‌دراوه‌كان بونه‌ خاوه‌نی‌ بڕیار و ماڵیان له‌ خانه‌خوێ حه‌رامكردوه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە