ئامانجی به‌رزانی له‌ چه‌کدارکردنی کورده‌کانی سوریادا،ئاژاوه‌گیری یه‌!

Wednesday, 01/08/2012, 12:00





به‌دوای زنجیره‌ ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر و لیبیا و یه‌مه‌ن که‌ ئاکامی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمه‌لایه‌تیان لێکه‌وتۆته‌ته‌وه‌‌، له‌مانگی مارسی پارساڵیشدا خه‌ڵکی سوریا به‌شیوه‌یه‌کی گشتی ده‌ستیان دایه‌ ناڕه‌زایه‌تی وڕاپه‌ڕین له‌دژی ڕژێمی به‌عسی سوریا و دیکتاتوریه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د،که‌زیاتر له‌چوار ده‌یه‌یه‌ ئه‌م ڕژێمه‌ به‌ئاگرو ئاسن ده‌سه‌لاتی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌دا داسه‌پاندوه‌. به‌لام هه‌روه‌ک ده‌بینین به‌هوی ناڕیکخراوی حزبی و سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی کرێکاران وکۆمۆنیسته‌کان و لاوان و ژنان و جه‌ماوه‌ری ئازادی خوازه‌وه‌ وبه‌هۆی باڵا ده‌ستی حزبه‌ بۆرژوا قه‌ومی و ئیسلامییه‌کانه‌وه‌، که‌به‌ کۆمه‌کی ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌، له‌تورکیا و سعودیه‌وه‌ تا قه‌ته‌رو وولاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی و هاوکات به‌ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆی ئه‌مریکاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو... توانیان ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌رینی به‌رهه‌قی خه‌ڵکی به‌لاڕێدا به‌رن و له‌نیوه‌ی ڕێگادا به‌ر له‌ سه‌راسه‌ری بونه‌وه‌ی کۆنترۆلی بکه‌ن و هێزی دژه‌ شۆڕشی خۆیان، هه‌روه‌ک لیبیاو یه‌مه‌ن، ڕۆلی باڵادستی به‌دیبهێنێ.دیاره‌ ئه‌و هێزانه‌ی که‌ئه‌مرۆ ‌ده‌خاڵه‌ت له‌ڕوداوه‌کانی سوریادا ده‌کات، ته‌نها ده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌په‌سته‌کانی ناوچه‌که‌و جهان نییه‌ به‌ڵکو جه‌ند ڕه‌وت و حزبی قه‌ومی وئیسلامی تر له‌چه‌شنی حزبوڵای لوبنانی وحزبه‌ ناسیونالیسته‌کانی کورد، له‌کوردستانی عیراق وتورکیا، به‌ده‌سه‌لاتدارو ئۆپۆزیسیونه‌وه‌، به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر له‌هه‌وڵی ڕۆڵگێڕان و ده‌خاڵه‌ت کردندان، ئه‌مانه‌ش به‌پێی قه‌باره‌و هێز هاوسه‌نگیه‌ک که‌له‌ئاست ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌دا وبه‌لایه‌نگری وه‌یا به‌دژایه‌تی کردنی ئه‌میان ئه‌و ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێ. دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێسی سیاسی بێت یاخود کۆمه‌ک و هاوکاری ڕاسته‌وخو ناڕاسته‌و خۆ، به‌کرده‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت.بێجگه‌له‌ په‌که‌کا، که‌ڕابردویه‌کی دیاریکراوی هه‌یه‌ له‌بارودۆخه‌کانی سوریا وکێشه‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیادا، که‌کۆمه‌کی پێکردووه‌ تاحزبه‌ ناسیونالیسته‌ هاوشێوه‌کانی خۆی له‌که‌نار لایه‌نگریان بۆ ڕژێمی ئه‌سه‌د پڕچه‌ک بکه‌ن ودواتریش له‌گه‌ڵ قوڵبونه‌وه‌ی قه‌یرانهی سیاسی سوریادا وه‌ک باڵێک له‌ئۆپۆزسیۆن چه‌ندین ناوچه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌ورو نه‌خشی پارتی و بارزانی له‌هه‌موو هێزێکیتر به‌رچاو تره‌و ته‌نانه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی تاڵه‌بانی وحزبه‌که‌یه‌وه‌ که‌وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق هاوخه‌می خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی دیکتاۆر ده‌ربڕی، بارزانی به‌ئاشکرا هاوکاری خۆی بۆ حزبه‌ قه‌ومیه‌کانی کورد له‌سوریا ڕاگه‌یاند.‌ له‌وانه‌ش هه‌وڵدان بۆ چه‌کدار کردن و مه‌شق پیکردنی 650 که‌س له‌ کورده‌کانی سوریا و ناردنه‌وه‌یان بۆ سوریا، به‌ووته‌ی خۆدی به‌رزانی بۆ ئامانجی ڕزگارکردنی کوردستانی ڕۆژئاوا وبه‌ڕێوه‌ بردنی ئه‌و شارانه‌یه‌‌ له‌لایه‌ن حزبه‌ قه‌ومییه‌ کوردی یه‌کانی سوریاوه‌.ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌نگاو و هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی و پارتی که‌له‌ژێر ‌ناوی کۆمۆک به‌ کورده‌کانی سوریادا بوو، په‌رچه‌کردارو هه‌ڵوێستی جۆراوجۆری لێکه‌وته‌وه‌ و له‌لایه‌ن ڕژێمه‌کانی ناوچه‌که‌وه که‌وته‌به‌ر گله‌ییو ناڕه‌زایه‌تیه‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی شۆرشی سوریا و ره‌وت و حزبه‌ قه‌ومی یه‌کانی کورد له‌سوریا، به‌تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ دژی پارتی و بارزانین و لایه‌نگری په‌که‌که‌ن، هه‌م هه‌ڵویسته‌ی بارزانیان به‌ده‌ست تێوه‌ردان له‌کاروباری سوریادا لێکدایه‌وه‌.
هه‌لبه‌ت ئه‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری کوردستانی عیراق ڕوونه‌ که‌ده‌سه‌لاتی پارتی و یه‌کیتی له‌ماوه‌ی دوو ده‌یه‌یه‌ی ڕابردوودا جگه‌ له‌سه‌رکوت و بیمافی و ئاواره‌یی و شه‌ڕی ناوخو گه‌نده‌ڵی و هه‌ژاری زیاتر هیچی تر نه‌بوه‌ هه‌ر بویه‌ ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ بۆ‌ جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستانی عیراق و به‌ڕۆشنی ده‌یبینن که‌ئامانجی پارتی له‌مه‌شق پێکردن و چه‌کدار کردنی 650 که‌س له‌کورده‌کانی سوریا بۆچییه؟‌. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش باشده‌زانن که‌پارتی و بارزانی به‌م کومه‌ک و هاوکارییه‌ی نه‌ک هه‌ر نایه‌وێ کۆمه‌ک به‌خه‌ڵکی بکات بۆ ڕزگاری یه‌کجاریان له‌ده‌ست سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی وسه‌رکوت و بێمافی و به‌دیهێنانی ئازادی و یه‌کسانی و خوشگوزه‌رانی، به‌ڵکو ڕێک به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر بۆ ململانی و ئاژاوه‌گێڕی وبه‌ربه‌ره‌کانێیه به‌قازانجی تورکیا و دژایه‌تی کردنی ڕه‌وته‌ ناسیونالیسته‌ کورده‌کانی تر، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌باڵی په‌که‌که‌ن. له‌مه‌ش زیاتر بۆدژایه‌تی کردنی ڕاسته‌وخۆی هه‌ر ڕه‌وتو لایه‌نێکی تره‌ که‌ڕه‌نگه‌ له‌ئیستادا، یاخود له‌ئایینده‌یه‌کی نزیکدا، وه‌کو ڕه‌وتو ڕێکخراوی چه‌پو ئازادیخواز و یه‌کسانی خواز ده‌رده‌که‌ون. به‌تایبه‌تی پارتی ئه‌وه‌ ده‌زانێ و وه‌ک ئه‌زمون و تاقی کردنه‌وه‌ بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئه‌م حزبه‌ هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد که‌ له‌م دوو ده‌یه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ لایه‌ن و ڕێکخراو له‌ کوردستانی عیراق سه‌ر هه‌ڵبدات که‌له‌ دژی سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستانه‌و ده‌سه‌لاتی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی پارتی و بارزانی هه‌ڵوێستی هه‌بێت، چونکه‌ سه‌رهه‌ڵدان و به‌ ده‌سه‌لاتی گه‌یشتنی هه‌ر لایه‌نێکی ناکۆک به‌ده‌سه‌لاتی پارتی له‌سوریادا به‌ تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌دا که‌ زۆربه‌ی کوردنشینن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نگری په‌که‌که‌ش بن ئه‌وه‌ به‌زیانی گه‌وره‌ی پارتی و بارزانییه‌و کاریگه‌ری ده‌بێ له‌سه‌ر هێز هاوسسه‌نگی سیاسی له‌هه‌مو ڕوویه‌که‌وه‌. به‌تایبه‌تی له‌کاتێکدا که‌پارتیو به‌رزانی په‌یوه‌ندنیه‌کی‌ پته‌و وڕاسته‌وخۆی ئابوری و سیاسی وهه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وله‌تی فاشتی تورکیادا دامه‌زراندووه‌ وداهتوی خۆی به‌م ده‌وڵه‌ته‌وه‌ گرێداوه‌ته‌وه‌.
واقعی ترین به‌ڵگه‌ش له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا وڕاگه‌یاندنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری تورکیا و سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیایه‌ بۆ مه‌سعود بارزانی که‌ئومیدی ته‌واویان هه‌یه‌ بارزانی بتوانێ ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕێ له‌وه‌ی که‌لانی که‌م نه‌یه‌ڵێت حزبه‌ قه‌ومییه‌ کوردی یه‌کانی لایه‌نگرانی په‌که‌که‌ ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، به‌تایبه‌تی پارتی دیموکراتی یه‌کگرتوی کورد له‌سوریا.
هه‌ر بۆیه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئۆپۆزیسۆنی سوریا عه‌بدولباست سه‌یدا که‌ ناڕازی بوو له‌کۆمه‌که‌کانی بارزانی وهه‌م له‌هه‌ڵویسته‌کانی تاڵه‌بانی وهه‌ردو لایانی به‌ئاژاوه‌گێڕ ناوبردو و داوای لێکردن گه‌ر به‌ قازانجی گشتی خه‌ڵکی سوریا هه‌ڵوێسیتو هه‌نگاو هه‌ڵناگرن ئه‌وه‌ با ڕۆڵی ئاژاوه‌گێڕیش نه‌بینن..
به‌ڵام ئه‌وه‌ بێگومانه‌ له‌باورودۆخی وه‌ک سوریادا هه‌ر ده‌وڵه‌ت و ڕژێم و ڕه‌وتو هێزی سیاسی هه‌وڵده‌دات به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و چینایه‌تییه‌کانی خۆی هه‌ڵوێست وه‌رگرێ و هاوپشتی وهاوکاری هاوچینه‌کانی خۆی بکات. بۆیه‌ ئێمه‌ش کۆمۆنسیته‌کانی کوردستان و عێراق به‌گشتی وحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری به‌تایبه‌تی بانگه‌وازمان بۆ جه‌ماوه‌ری کرێکار و زه‌حمه‌تکێشانی و خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ و ژنان و لاوان و ئازادیخوازان به‌گشتی و کۆمۆنیسته‌کان به‌تایبه‌تی له‌سوریا وکوردستانی سوریا ئه‌وه‌یه‌ که‌هه‌رچی زیاتر خۆیان ڕێکبخه‌ن وله‌هه‌وڵی به‌دی هێنانی ئه‌لته‌رناتیڤی ڕادیکاڵانه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خۆیاندا بن و خۆش خه‌یاڵ نه‌بن به‌سیاسه‌ته‌کانی حزبه‌ قه‌ومی یه‌کانی کوردستانی عیراق به‌ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆنیانه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مانه‌ له‌کوردستاندا له‌م دوو ده‌یه‌یه‌دا بۆ هه‌مو ڕای ئازادیخوازی جیهان ڕۆشن بۆته‌وه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆیان و سه‌رکوت وگه‌نده‌ڵی و سه‌رکوتی هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازی پێیان و به‌کرێ گیراوی بۆ ڕژێمه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که‌و جیهان و ده‌یان دیارده‌ی دزێوی تر. وه‌ دڵنیا بن که‌کۆمه‌کی پارتی له‌چه‌کدار کردن و مه‌شقپیکردن و ڕه‌وانه‌کردنی چه‌کدار بۆ ئازادی نییه‌و به‌ڵکو بۆ ئاژاوه‌گێڕی و سه‌رکوته‌ له‌ئێستاو ئایینده‌شدا..


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە