زوڕنا ژەنەكان !

Friday, 03/08/2012, 12:00




دوو جۆر زوڕنا ژەن هەن، یەكیان ئەوەى لەشایى و هەڵپەڕكێكاندا خەڵك دێننە هەڵپەڕین، ئەوەیان مەبەستى ئەو نووسینە نییە كە ئاماژەى پێبدەم، لێ جۆرى دووەمیان كەبەڕاى من ترسناكترە، چونكە وەكو فلوتێكى سیحرى كە لە فیلم كارتۆنییەكان دەبینرێت، كاریگەرییەكى خراپ بەجێدەهێلێت بەتایبەت لەسەر كۆمەڵگە، كە ئەویش زوڕنا ژەنەكانى سەر بە دەسەڵاتن یان "لایەنگیر"ى دەسەڵاتن.
بۆیە ئەم جۆرەیان وەك زوڕنا ژەنەكانى نێو هەڵپەڕكێكان نین، چونكە جۆرى یەكەمیان بۆ ماوەیەكى كەم لەزوڕنا ژەنین بەردەوام دەبن تا هەڵپەڕكێكە تەواو دەبێت، ئەوانیش لەزوڕنا ژەنین دەوەستن. بەڵام هى دووەمیان بەردەوامییەك بە ژەنینەكەیان دەدەن تا زۆرترین خەڵك بەنجكەن وە ئەگەر بكرێت گەوجیشیان بكەن. بۆ ئەوەى خۆیان لەلاى دەسەڵات شیرین بكەن هەم شتێكیشیان پێببڕێت، بۆیە ترسناكترن چونكە بۆ پارە و پلە و پایە ئامادەن گەورەترین ناپاكى بەرامبەر بەمیللەتى خۆیان بكەن، وە ئەوەى زەرەرمەندى یەكەمە خەڵكە عەوامەكەیە. وە سەرۆك و كاربەدەستانیش بێئاگان نازانن چ دەگوزەرێت لەبەر ئەوەى دەور و بەریان هەموو ماستاوچى و زوڕنا ژەنەكانن ئاگایان لە حاڵى هەژار و بێدەرەتانان نابێت.
وە ئەوەى بە چاوى خۆمان دەیبینین هەردوو حیزبى "پارتى و یەكێتى" بێباكن چونكە هێندە زوڕنا ژەنیان هەن گوێ بەوە نادەن چ دەگوزەرێت، بەهەموو جۆرەكانى ڕاگەیاندن دەیانەوێت خەڵك گەوج بكەن وە تاڕادەیەكى زۆریش توانیویانە. دوو هەواڵى ڕۆژنامەى "خەبات" بە نمونە دێنمەوە، كە یەكەمیان: لە ژمارە (4106)ـى ڕۆژى یەكشەم بەروارى 1/7/2012 لەلاپەڕە(2)ـدا، بەمانشێتێكى گەورە نووسراوە{مالیكى 4300 پاسەوانى هەیە و خەرجى ساڵانەیان 138 ملیۆن دۆلارە}. ئەرێ گەلۆ! كەس دەزانێت ژمارەى پاسەوانەكانى سەركردە كوردەكان چەندن وە بودجەیان چۆن بۆ دابین دەكرێت، و لەلایەن كێوە؟ كێ دەزانێت ژمارەى پاسەوانەكانى هەر سێ سەركردە "مام جەلال و مەسعود و نێچیرڤان" چەندن؟ كاتێك بەشوێنێك تێپەڕ دەبن هێند پاسەوان بڵاودەكەنەوە سەرت سوڕ دەمێنێت، بەڵام نا، مادام شێتى دەسەڵاتن و شتێكى وایان نەچاندووە كەبەرهەمەكەى بدوورنەوە بۆیە هەردەم لەترس و بیم دەژین، بۆیە هەقى خۆیانە كە هەندە پاسەوانیان هەبێت. كەچى لافى ئەوە لێدەدەن كە ئاسایش بەرقەرارە ئەدى ئەم هەموو زێرەڤانییە بۆچییە؟ بەڵام دیارە وەك ئەو مەسەلەى كە دەڵێت: ؛ بۆ من عادەتە، بۆ تۆ عیبرەتە؛ هەرئەم جۆرە بیركردنەوانەن كە بەهۆى جۆرە لێدوانەكانى "مەسعود بارزانى" بەرامبەر بە مالیكى "هەرێمى كوردستان"ـى تا لێوارى شەڕ بردووە، بەبڕواى من تەنیا بۆ ئەوەیە كە"مەسعود بارزانى " ببێتە كەسى یەكەمى ئێراق (وە دەزگا ڕاگەیاندنەكانى سەر بە پارتیش بۆ هەمان شت خراونەتە گەڕ تا بە هەموو شێوەیەك مالیكى ناشرین بكەن لەپێش چاوى كورد).
وە لە بەرنامەیەكى كەناڵى(knn)ـدا ئاماژەى بەوەدا كە ژمارەى چەكدارانى هەرێم (348094) كەسن بەهەموو جۆرەكانییەوە، ئەوە ژمارەیەكى كەم نییە وە بودجەیەكى زەبەلاحى پێویستە ئەویش قوتى خەڵك خۆشبێت ! ژمارەكە دوو هەندە بێت گرنگ نییە لایان. گرنگ ئەوەیە كە خۆیان پارێزراو بن. بەڵام وڵاتانى عەرەبى نمونەیەكى باشن بۆ ئەوەى پەندى لێوەرگرن ، "ێدام حوسێن و قەزافى و على عبدالله و بەشار ئەسەد" كوڕ و كەسى نزیكى خۆیان كردبووە بەرپرسى پاراستنى خۆیان و بنەماڵەكەیان بەڵام ، ئایا چیان لێ بەسەر هاتن و بۆ كوێ چوون؟
دووەمیان: لە ژمارە (4124)ـى ڕۆژى چوارشەم بەروارى 25/7/2012 لەلاپەڕە(2)ـدا، بەمانشێتێكى گەورە نووسراوە{ئێراقیان لە بێ كارەبا و خزمەتگوزارى دەژین ئەحمەد نورى مالیكیش لە وڵاتانى عەرەبى و جیهانیدا موڵك دەكڕێ}. جا توخوا كوڕى سەركردەكانى لاى خۆشمان تەقسیریان كردووە؟ وڵاتانى ئەوروپى و ئەمریكى ڕەنگە وڵاتانى "كەنداو"ـیش، نەمابێت كە "ڤێلا"ـى لێنەكڕن. گەر هێندێك ڕاگەیاندن نەبن خەڵكى هەر نازانن، كوڕە بەرپرسەكان خەریكى چین. ئێستاش گرفتى كارەبا چارەسەر نەكراوە سەرەڕاى بەڵێنە بەردەوامە درۆینەكانى دەسەڵات هەر بەم مانگى رەمەزانە خەڵك چاوەڕێى رۆژوو شكاندنن كەچى لەو كاتە ناسكە دا كارەبا دەبرَێت.
لێ زورنا ژەنەكان بێدەنگن لەو هەموو نادادگەرییەى هەیە، چونكە [دەرزى لەچاوى بەرامبەر دەبینن، بەڵام گا لەچاوى خۆیان نابینن]. چەند كرێتە زوڕنا ژەنى بۆ كەسێك بكەى كە منەتى پێنەبێت یان وەك دەستكەلایەك بەكارت بێنێت. إن شاوالله زورنا ژەنان تا زووە وە هۆش خۆیان دێنەوە چونكە با تەماشایەكى دەورووبەریان بكەن كە چ دەگوزەرێت لەناوچوونى سەرانى ولاتانى عەرەب نمونەیەكى زیندوو و نزیكە لەخۆمان. كە گەردەلول هەڵیكرد زوڕنا ژەنین دادیان نادا!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە