حزبى ئایندەى کوردستان داواى بەکردەوە بەهاناوەچونى کۆبانى دەکات
Saturday, 20/09/2014, 12:00
ئەوا (6)ڕۆژە ڕێکخراوى تیرۆرستى "داعش"بەو چەکە قورسانەى کە پێشتر لە سوپاى عێراق دەستیان کەوتبوو پەلامارى کانتۆنى کۆبانى دەدەن، کە تائێستا بەهۆى ئەو پەلامارانەوە دەیان گوند لە دەوروبەرى کۆبانى و لەترسى کارە دڕندانەکانى "داعش"چۆڵکراون و ئاوارەى سەرسنورو باکورى کوردستان بوون، هەروەک کۆبانیش بەمەبەستى داگیرکردنى لەچەندین لاوە لەلایەن هێزەکانى "داعش"وە گەمارۆدراوەو ئەگەر بەزوویی هاوکارى نەکرێ و پێشڕەوى ئەو هێزە نەوەستێندرێت ئەوا مەترسى کۆمەڵکوژیەکى ترى وەک شەنگالى لێدەکرێت،
حزبی ئایندەى کوردستان لەکاتێکدا هێرش و پەلامارى ڕێکخراوى تێکشکاوى "داعش"و پیلانەکانى پشت ئەو سیناریۆى پەلاماردانە بۆسەر کانتۆنى کۆبانى ڕیسواو مەحکوم دەکات، لەهەمان کاتدا داوا لەحکومەتى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى باشورو باکورو ئەمریکاو هێزەکانى نێودەوڵەتى دەکات کەهەرچى زووە بەکردەوە فریاى کۆبانى بکەون و ڕێ لەدووبارەبوونەوەى کارەساتێکى مرۆیی وەک کارەساتەکەى شەنگال بگرن، لەهەمان کاتدا حزبی ئایندەى کوردستان هەموو پشتگیرى و پشتیوانیەکى خۆى بۆ کۆبانى و ڕۆژئاواى کوردستان دوپات دەکاتەوەو ڕۆڵى قارەمانانەى هێزەکانى ڕۆژئاواو گەلى ڕۆژئاوا بەگشتى لە بەرپەرچدانەوەى شەڕودەستدرێژیەکانى "داعش"بەرزدەنرخێنێت.
ـ نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهیدانى کوردوکوردستان.
ـ ڕیسوایی و نەمان بۆ ڕێکخراوى تیرۆریستى "داعش"و پیلانگێڕیەکانى دژ بەگەلى ڕۆژئاواى کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
حزبی ئایندەى کوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست