روونکردنەوەیەکی درەنگ وەخت بۆ کاک ئارام حەمە ئەمین

Monday, 26/09/2011, 12:00






کاک ئارام لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە لە بەرواری ١١/٤/٢٠١١ لەژێر ناوی "جا کاک دانای سەعید سۆفی ئەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییە لای تۆ بێ!". من سوپاسی کاک ئارام دەکەم بۆ ئەم خەمخۆری و بەدواداچوونەی سەبارەت بە ئەدا و رۆڵی من وەک پەرلەمانتار و وەک کەسایەتییەکی رۆشنبیری. من هاوڕام لەگەڵ کاک ئارام سەبارەت بە ناوەڕۆکی بابەتەکەی، بەڵام بە مەرجێک ئەگەر ئەو زانیاریەی کە بابەتەکەی لەسەر بنیات ناوە راست و دروست بێ. کاک ئارام گلەیی لەمن دەکات لەبەرئەوەی کە من لە رێڕەوی سەرەکی خۆم لامداوەو، کاک ئارام لە بابەتەکەیدا دەڵێ:

"سەردەمێ دانای سەعید سۆفی و برزان فەرەج شانبەشانی رێبین هەردی و مەریوانی وریا قانیع و بەختیار علی و ئاراس فتاح و خەڵات عمر گفتۆگۆیان لەسەر ئازادی رادەربڕین و ژیانی سیاسی كۆمەڵایەتی دەكرد ، ئومێدەكان هێندە گەورە بوون دەمانگوت تۆ بڵێی رۆژێك بێت قسان لەسەر سیستەمی سیاسی بكەن و نوخبەیەكی وا بن كە بتوانن ئەو نوخبە تەقلیدیەی كە تا ئێستا پاوانی دەسەڵاتی كردووە تێكشكێنن و فڕیان بدەنە دەرەوەی ئەو مێژوەی كە هەمیشە ئەیدەنەوە بەچاوماندا.... رۆژان رۆی ، زەمەنێك هاتۆتە پێش كە لەوە دەچێ حزب وەك چۆن هەشت پەلی لەجەستەی ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە ئاڵاندوە ، وردە وردە توانی زۆر لەو رۆشنبیرانەش بە پەلەكانی پەلكێشی لیخنی خۆی بكا ، دوای تۆزی پێ ی ئەو سەركردە تەقلیدیانە بكەون"

کاک ئارام ئەم قسەیەی لەسەر زانیاریەکی هەڵە بینا دەکات، گوایە من لەکاتی متمانە بەخشینەوە بە وەزیری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگم داوە. بەڵام ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە، لە راستیدا من نە دەنگم بە وەزیری پێشمەرگە نە بەوەزیری ناوخۆ داوە بۆ متمانە وەرگرتنەوە. من ئێستاش پێموایە کە ئەم دوو وەزارەتە و وەزارەتی داد بەرپرسیارێتی سەرەکیان لەسەرشانە سەبارەت بەو رووداو و تووندووتیژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان لەدوای ١٧ ی شوباتەوە روودەدەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و سزادانی تۆمەتباران لە ئەستۆی ئەو وەزارەتانە دایە. کاک ئارام ئەگەر تۆزێ خۆی ماندوو کردبا یان پەیوەندی بە منەوە کردبا بەر لەو هەڵوێست وەرگرتنەی بەرامبەر بە من کە بنەمایەکی نادروستی هەیە، راستیەکانی باشتر بۆ روون دەبۆوە و بابەتەکەی بەم شێوەیە نەدەنووسی. بەهەرحاڵ ئێمە لەکوردستان گرفتی گەورەمان لە ژیانی رۆژنامەوانیدا لەبەردەست دا نەبوونی زانیاری راست و دروستە.

بەکورتیەکەی هەڵوێستی من دیارە سەبارەت بە کۆی شێوازی حوکمڕانی لە کوردستان، من هیچ شتێکی شاراوەم نیە لەو رووەوە، چونکە بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاترە من پڕۆژەی رەخنەیی خۆم خسۆتەروو سەبارەت بە گرفتەکانی شێوازی حوکمڕانی، ژیانی حیزبایەتی و گەمەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، وتار و چاوپێکەوتن و لێداونەکانم لە رۆژنامە وگۆڤار و سایت و تەلەڤزیۆن و رادیۆکان ئەم شایەدیەم بۆ دەدەن. هەر سەبارەت بە هەڵویستی من سەبارەت بە وەزیری پێشمەرگە من داوای لێپرسینەوەی یاساییم کردووە سەبارەت بە لێداونەکانی کە بەباوەڕی من هۆکارێک بوون بۆ هاندانی تووندوتیژی. ئیدی من لێرەوە کاک ئارام و خوێنەرانی کوردستان پۆستی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە من دەنگم نەداوە بە وەزیری پێشمەرگە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە، هەروەها دڵنیاشتان دەکەمەوە کە من بەردەوام دەبم لە سەرپڕۆژە رەخنەییەکەم سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی و بە مۆدێلی سەربەخۆییانەی خۆم کاردەکەم، ئەگەر رێگریشم لێبکرێت، بێگومان دەست لەکارکێشانەوە باشترین چارەسەرە.

لەگەڵ رێزم
دانا سەعید سۆفی
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە