سیستەمی سیاسی یان بەرەڵایی سیاسی؟
Saturday, 01/11/2014, 12:00
سیاسەت واتا بەكارهێنانی دەستەڵات بەشێوەیەكی نا فەرمی بۆ پاڵپشتی و پاراستنی گرنگیە شەخێیەكان ، زۆریەی جارەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی دەبئ و ناگونجێ لەگەڵ ئامانج و قەواعیدی كۆمەڵگا . بۆیە گەورەترین هۆكارە بۆ دروسست بونی ململانێ واتا بەرژەوەندی شەخێی لەسەر بەرژەوەندی گشتی دادەنرێت بۆ ئەوەی لە سیاسەتی ئەم سەردەمەش سیاسەتمەدارێكی سەركەوتو بیت پێویستە مونافیقێكی موحتەریف و درۆزنێكی موسەقەف بیت .
سیاسەتی ئەم زەمانە زۆر بێ شەرمە زۆر بێ ویژدانە تەنها درۆزن و جەلاد و زالمان لەخۆی دەگرێت ، ئەگەر راستگۆ بیت دەستپاك بیت ناتوانی كاری سیاسی بەتەواوی بكەی ، چونكە هەموو گورگ ئاسا ئەبنە بەربەست وات لئ ئەكەن یان ئەبێ بچیتە ماڵەوە یان وەكو ئەوان سیاسەت بكەیت وەزعی جیهان م مێژو شاهیدن .
بەشێوەیەكی گشتی چوار جۆر سیستەم هەیە ئەوانیش بریتین لە :
یەكەم : سیستەمی سەرۆكایەتی لەم جۆرە سیستەمەدا خەڵك لە رێگەی دەنگدانێكی راستەوخۆ و نهێنیەوە سەرۆك هەڵدەبژێرن ، و سەرۆكیش لەبەرامبەر خەڵكدا بەرپرسە و هیچ دامەزراوێك ناتوانێت متمانە لەسەرۆك بسەنێتەوە و تەنها لەچەند حاڵتێكدا نەبێت لەوانە ئەگەر سەرۆك خیانەت بكات یان تاوانبار بكرێت بە ئەنجامدانی خیانەت یاخود توشی نەخۆشی ببێت و نەتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات یاخود عەقڵی لەدەست بدات . ئەم جۆرە سیستەمە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پراكتیزە ئەكرێت و سەرۆكی دەوڵەت هاوكات سەرۆكی دەستەڵاتی جێبەجێكردنە .
دووەم : سیستەمی پەرڵەمانی ئەم سیستەمە بەشێوەیەكی فراوان لە جیهاندا جێبەجێ ئەكرێت هاوكات پێشی دەوترێت سیستەمی نوێنەرایەتی ، لەم جۆرە سیستەمەدا خەڵك دەنگ دەدات بە كاندیدەكان و ئەگەر كاندیدەكانیش دەەنگی پێویستی نەهێنا دەبنە پەرڵەمانتار . پەرڵەمانیش هەڵدەستێت بە پێدانی متمانە بە حكومەت ، وە پەرڵەمان دەتوانێت لێپیچینەوە لە حكومەت بكات و ئەگەر پێویست بكات متمانە لە حكومەتیش دەسەنرێتەوە ، وە حكومەتیش هەڵدەستێت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرڵەمان . ئەم جۆرە سیستەمە لە بەریتانیا و زۆر ووڵاتی تر پراكتیزە ئەكرێت ، لە عێراقیش كار بەهەمان سیستەم دەكرێت .
سێهەم : سیستەمی تێكەڵ ئەم سیستەمە لە فەرەنساوە سەری هەڵداوە و بەپێی پرۆژەی رەشنوسی دەستوری هەرێمیش سروشتی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا سیستەمێكی تێكەڵە . لەم سیستەمەدا سەرۆكی وڵات بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت و سەرۆك لەبەرامبەر پەرڵەماندا بەرپرسیار نیە ، بەڵام حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێدەدرێت و پەرلەمان دەتوانێت متمانە لە حكومەت بستێنێتەوە ، لەم جۆرە سیستەمەدا سەرۆكی وڵات كەسی یەكەمی دەستەڵاتی جێبەجێكردنە .
چوارەم : سیستەمی دەستە جەمعی ئەم سیستەمە لە سویسرا جێبەجێ ئەكرێت ، بەپێی ئەم سیستەمە حكومەت لە رێگەی دەستەیەكی چەند كەسیەوە و بەشێوەیەكی دەوری بەرێوە ئەچێت .
لەباس كردنی ئەم سیستەمانەی سەرەوە دەگەینە دەرەنجامی ئەوەی كە لە كوردستاندا بونی سیستەم بەتەواوەتی كارتۆنیە و دەستەڵاتی جێبەجێكار ناتوانێت بریارەكانی دەستەڵاتی دادوەری لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێ بكات .
لە هەرێمی كوردستاندا دەستەڵاتی رەهای حزبی سەرجەم دام و دەزگاكانی قۆرخ كردووە و دۆگماییانە بریار ئەدات ئەوكاتەش شتێك نامێنێت بەناوی سیستەم بەڵكو دەستەڵاتدار بۆخۆی سیستەم دەسازێنێت ئەوەش ئەوپەڕی بەرەڵاییە بەناوی سیستەم .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست