کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامۆستاو ئوستاز یان دارده‌ستی كۆیله‌ساز؟!

Sunday, 13/03/2016, 2:44


مامۆستا، ده‌بێ په‌روه‌رده‌كارێكی  شاره‌زای بواری پسپۆڕی خۆی بێت و خاوه‌نی ئایدیایه‌كی تایبه‌تی بێت و شاره‌زای سروشتی پێكهاته‌كانی په‌روه‌رده‌و كۆمه‌ڵگه‌و سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بێت وبزانێت په‌روه‌رده‌ چی یه‌و گرنگی چییه‌و ئامانجی چی یه‌؟یه‌كه‌م ئامانجی په‌روه‌رده‌ش پێگه‌یاندنی تاكی ئازادو ئازایه‌،بۆیه‌ هه‌ر مامۆستایه‌ك ئازادی له‌ فێرخواز یاساغ كرد یان به‌رته‌سكی كرده‌وه‌ یان ڕێگه‌ی دا ئازادی له‌خۆی بسه‌نرێته‌وه‌ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت ئیدی فشاری سیاسی بێت یان گێچه‌ڵی حزبایه‌تی وشتی دیكه‌و ملیدا بۆ پێودانگێك كه‌ زیانی بۆ ئامانجه‌ له‌ پێشینه‌كانی په‌روه‌رده‌ هه‌بو ئه‌وا واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به‌ په‌روه‌رده‌كار بون نییه‌و ناتوانێ مامۆستا بێت و ببێت به‌ سه‌ر مه‌شق،جاله‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی به‌ ناو مامۆستاكانی ئه‌مڕۆ به‌ تایبه‌تی ستافی كارگێڕی فێرگه‌كان له‌و جۆره‌ن كه‌ شیاوی مامۆستا بون نین، بۆیه‌ سه‌نگی مامۆستایان سوك كردووه‌ و بوون به‌ لیستۆكی ده‌ستی كۆمه‌ڵێك نه‌خوێنده‌وارو به‌كاریان ده‌هێنن دژی خۆیان و توێژه‌كه‌یان و ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ باڵاكان و له‌ ڕێیانه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كرێت، له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ ناونیشانی مامۆستایان هه‌ڵگرتووه‌ ده‌سڵات ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی كردووه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ هه‌ڵوێست و ده‌سته‌مۆ و دابه‌شی كردوون  بۆ سێ چین:
-سیاسی
-ده‌ستوپێوه‌ند
-كۆیله‌(بندیوار،تۆقێنراو،بێئیراده)

*چینی سێیه‌م خۆیان له‌ دیدگای سیاسییه‌كانی ده‌سڵاتدا هه‌ر قه‌زه‌م  و ناوه‌چاخزاده‌ن و نابنه‌ مرۆڤی باڵا، خوێندنیش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌  هزرێكی مرۆڤایه‌تی یه‌كسانیخواز بێنێته‌ ئاراوه‌ جا كه‌ ده‌سڵاتێك له‌ خه‌می ئه‌م چینه‌ دا نه‌بێت و بییه‌وێ هه‌ر وا به‌ كۆیله‌یی بمێننه‌وه‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ پرۆسه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی دروست، كه‌ مرۆڤ دروست بكات ده‌سته‌به‌ر بكات بۆ مناڵه‌كانیان؟نه‌خێر هه‌رگیز ،هه‌ر له‌ به‌رئه‌وه‌شه‌ له‌ ڕێگه‌ی لاوازكردنی كه‌سێتی مامۆستاوه‌و ڕۆڵدان به‌ ئه‌و كه‌ سانه‌ی كه‌ ته‌نها ناونیشانی مامۆستایان هه‌ڵگرتووه‌ و توانای په‌روه‌رده‌ی باڵنده‌یه‌كیشیان نی یه‌ چیجای منداڵ و نه‌وه‌و سه‌ركرده‌ی داهاتوی گه‌ل، دێن په‌روه‌رده‌و كۆمه‌ڵگه‌ پوچ ده‌كه‌ن له‌ هه‌مو به‌هایه‌كی باڵاو دیلێتی  و ڕاده‌ستبون و سه‌رنه‌ویكردن و ملدان بۆ ناشیرینترین جۆری به‌ڕێوه‌ به‌ری به‌باڵای گه‌ل و وڵاتدا ده‌بڕن.

*چینی دووه‌میش مه‌قاشی ده‌ستییانن و هه‌ر هێنده‌ كاریان پێیانه‌ كه‌ به‌ كه‌ڵكی داپڵۆسینی چینی سێیه‌م بێن ،ئه‌گینا ئه‌وانیش له‌ دیدگای سیاسییه‌كانی باشوردا وه‌جاخ زاده‌ نین،به‌ڵكه‌ دار ده‌ست و پێناون بۆ سه‌ركوت و بێده‌نگ كردنی چینی خواره‌وه‌،ئیدی تۆ ئه‌ی به‌ ناو مامۆستای به‌ڕێز كه‌ ئاگات له‌ به‌رچاوی  خۆت نییه‌و نازانی كرۆكی په‌روه‌رده‌ چییه‌ !بۆ دێیت ده‌بیته‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م ئه‌و فشارانه‌دا  كه‌ له‌ڕێیه‌وه‌ ده‌توانرێت تاكی فێرخواز واپه‌روه‌رده‌ بكرێت كه‌ ئازادو ئازابێت و داوای مافی خۆی بكات و هیچ كۆیله‌ بونێك قبوڵ نه‌كات ؟ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌بێت كه‌  مامۆستا خۆی پێشتر كۆیله‌ بونی به‌ كرده‌وه‌ ڕه‌فز كردبێت و ڕێی نه‌دابێ كه‌ هیچ توێژ و چین و ده‌سڵاتێك ده‌ستدرێژی كردبێت بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌ی خێزانی په‌روه‌رده‌،جا ئێستا ئه‌و مامۆستایانه‌ی بوون به‌ كه‌وا سوری به‌ر له‌شكری ده‌سڵات و بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی شكۆ و به‌ها له‌و مامۆستایانه‌ی كه‌  له خه‌می‌ په‌روه‌رده‌ی ڕۆڵه‌كانی گه‌لدان، 
هه‌ ستاون ده‌رگای خوێندنگه‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ماكیاژی ده‌سڵات و به‌ نیوه‌چڵی ده‌رس ده‌ڵێنه‌وه‌ ،ئه‌وانه‌ كه‌سانێكن كه‌ نه‌ك په‌روه‌رده‌كار نین ،به‌ڵكو مێمڵی په‌روه‌رده‌ن و كانگه‌ی دروستكردنی كۆیله‌ن و هۆكاری پوچ بونی
كۆمه‌ڵگه‌ن له‌ بوێری و جوامێری و هه‌ڵوێست، وه‌ چیدیكه‌ نین جگه‌ له‌ حه‌لقه‌ له‌ گوێی ده‌سڵاتێك كه‌ خۆیانی له‌ چینی كۆیله‌دا ڕیزبه‌ندی كردووه‌و ده‌شیه‌وێت هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی به‌ناو په‌روه‌رده‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن  به‌جۆرێك منداڵی ئه‌وان و هه‌ژارانی گه‌ل په‌روه‌رده‌ بكرێن كه‌ نا شاره‌زاو نه‌ خوێنده‌واری هه‌ڵگری بڕوانامه‌یه‌كیان لێ ده‌ربچێت كه‌ نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ بێ ئه‌رزشن، به‌ڵكو له‌ لای خودی ده‌سڵاتیش پولێكی قه‌ڵب ناهێنن ،ئه‌مه‌ له‌ سه‌روه‌ختێكیشدا كه‌ هه‌فته‌ی شه‌ش ڕۆژ واتا ٤٨ كاتژمێر  په‌روه‌رده‌ی بارتاڵیزم ده‌وامی ده‌كرد وابو،ئه‌ی ئێستا ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ده‌وامێكی نیوه‌چڵی (ڕۆژناڕۆژێ)  هه‌ندێ فێرگه‌ی ناو شاری سلێمانیه‌وه‌ چی نیشانی دونیا بده‌ن؟ده‌تانه‌وێ بڵێن ئێمه‌ دڵسۆزی په‌روه‌رده‌و وڵاتین؟!!!!!! ئه‌ی مامۆستایانی گونده‌كان كه‌ پاره‌ی كرێی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌كانی  دێیه‌كانیان نییه چۆن ده‌توانن ده‌وام بكه‌ن؟ئێوه‌ هه‌ست ناكه‌ن گاڵته‌ به‌ خۆتان و پیرۆزترین پرۆسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نیا له‌ ڕێی ئه‌وه‌وه‌ دیلێتی و گێلێتی و كۆیله‌ بون كه‌ له‌ بۆته‌قه‌ی نه‌زانیندا خۆی گینگڵ داوه‌ ده‌شكێت ؟و ه‌ ته‌نیا له‌ ڕێی ئه‌وه‌وه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كی خاوه‌ن ئاوه‌زو ژیری و ئازادی واتایه‌كی نوێ به‌ ژیان ده‌به‌خشێت ،كه‌ ئه‌ویش ته‌نیا له‌ڕێی پڕه‌نسیپه‌كانی  په‌روه‌رده‌یه‌كی ئه‌كادیمی و نیشتیمانییه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ وه‌ك یه‌كی و یه‌كسانی له‌ ماف و ئه‌ركدابه‌ گوێره‌ی توانست و پسپۆڕی و دڵسۆزی ده‌كات به‌ بنچینه‌ی زهنیه‌تی تاك و سیستم و كۆمه‌ڵگه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە