کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارادۆكسی باڵی سه‌وزی بارتاڵیزم و به‌كارهێنانی كارتی هاوسۆزییه‌كی ساخته‌ له‌ گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی ئاپۆیزمدا

Sunday, 06/03/2016, 21:40


‎بارتاڵیزم بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌ناو سیاسی دو  سوكانی پارچه‌ی باشوره‌و له‌ سه‌ر ستراكچه‌ری خێڵ ئاوا كراوه‌و به‌ پێودانگی به‌رژه‌وه‌ندی نوخبه‌ ده‌ستڕۆشتووه‌كانی خێڵ به‌ گوێره‌ی گرێبه‌ستگه‌لی نه‌ نوسراو به‌ڕێوه‌ ده‌برێت،بارتاڵیزم ئه‌گه‌رچی هه‌وڵدراوه‌ له‌ ڕوخساردا وه‌ك ته‌وژمێكی سیاسی مۆدێرن و دیموكرات و شه‌فاف  وێنه‌ بكرێت ،به‌ڵام به‌هۆی كرۆكه‌ خێڵه‌كییه‌ كۆنزه‌رڤاتیڤه‌ كۆنخوازه‌ لێڵه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ر زو ئه‌و هه‌وڵه‌ی پوچ و بێ  ئه‌رزش كرا، بارتاڵیزم خاوه‌نی هیچ دونیابینی و خه‌ونێكی مرۆڤ دۆستی و ژینگه‌پاریزی و چاندپه‌روه‌ری و زمانپارێزی و نه‌ته‌وه‌یی نییه‌و به‌رده‌وامیش لاف و گه‌زافی دروستكردن و ئاواكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌ گوێی خه‌ڵكیدا ده‌دات و كردویه‌تی به‌ هاتو هاوار به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌روه‌ختی به‌هاراندا،بارتاڵیزم له‌ ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ڕێوه‌یان ده‌بات پێگیری سیستمی ئه‌میری مۆدێلی سعودی ده‌كات و هه‌ر ناوچه‌یه‌كی سپاردووه‌ته‌ ده‌ست فه‌ریكه‌ فیوداڵێكی خێڵ و كردویه‌تی به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌فسانه‌یی گوێ بۆگیراوی نیمچه‌ حكومی و ئه‌ویش هه‌مو پڕۆژه‌كانی ناوچه‌كه‌ی به‌ ئاقاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سكه‌كانیدا ده‌بات،بارتاڵیزم بێ بونی هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئابوری ماوه‌ی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ به‌ پێودانگی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ كه‌سی ده‌ستڕۆشتوی ناوی وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات و هه‌رێمه‌ بچكۆله‌ ته‌سلیمكراوه‌كه‌ی به‌رده‌ستی دوچاری سه‌دان گرفتی دارایی و نه‌ختینه‌یی وئابوری كردووه‌ و بێباكانه‌ش  له‌ ئاست ئه‌و  هه‌مو سكانداڵه‌دا كه‌ ئه‌فراندویه‌تی شه‌رعییه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات ،وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دوای ئه‌و هه‌مو مه‌رگه‌سات و چه‌رمه‌سه‌رییه‌ی به‌ سه‌رماندا هاتووه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ نه‌ بای دیبێ نه‌ بۆران.
‎باڵێك له‌ باڵه‌كانی بارتاڵیزم كه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی نه‌ته‌وه‌یی بون و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی دیموكرات ده‌كات بۆ كورد كه‌چی بچوكترین هه‌نگاوی به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌ڵنه‌هێناوه‌و هیچ وه‌ختێكیش ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سڵاتی له‌ ناو ستراكچه‌ری خۆی و هه‌رێمی بنده‌ستیدا نیشان نه‌داوین و نه‌هاتۆته‌ ژێر باری ژیانێكی مه‌ده‌نی و دیمۆكراسییه‌وه‌
‎به‌ڵكو له‌ جیاتی ئه‌وه‌ هه‌رده‌م به‌ پاڵپشتی داگیركه‌رانی كوردستان هه‌ستاوه‌ به‌ سه‌ركوتكردن و وه‌شاندنی خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی له‌و هێزو لایه‌نانه‌ی كه‌ ویستویانه‌ شتێك بخه‌نه‌ سه‌ر خه‌رمانی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد،ئه‌م باڵه‌ ئه‌رستۆكراتییه‌ی بارتاڵیزم له‌ ئێستادا به‌ هاوبه‌شی له‌ گه‌ڵ ڕژێمی ئاردۆغانیزمدا به‌ كۆمه‌كی ڕژێمی سه‌له‌فیزمی سعودیه‌ و هه‌ندێك ورده‌ ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن هه‌ژمونی نه‌وتی كه‌نداوی فارس له‌ هه‌وڵی پوچكردن و له‌ ناوبردنی ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كانی پارچه‌كانی ڕۆژئاواو باكوری كوردستاندان و چاویان به‌ ئه‌و پێشڤه‌چونه‌ سه‌ربازی و ڕامیاری و دیپلۆماسی و ئابورییه‌ی ئاپۆیزم هه‌ڵنایه‌ت و ئیره‌یی به‌ ئه‌و شۆڕشه‌ ده‌به‌ن كه‌  ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌رسام بونی یارو نه‌یاره‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌و ته‌واوی جیهاندا،چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئاپۆیزم فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕامیاری سه‌ربه‌خۆی ناوه‌ندگیره‌ كه‌ وه‌ك هێڵێكی فكری سێیه‌م له‌ نێوان سۆشیالیزم و كاپیتالیزمدا درێژه‌ به‌ ڕاڤه‌كردن و شیكار كردنی گرفته‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیارییه‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌دات و له‌ هه‌وڵی كۆتایهێناندایه‌ بۆ سه‌رجه‌می ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ سۆشیالیزم و كاپیتالیزم بۆ جیهانیان ئه‌فراندووه‌،هه‌ر بۆیه‌ سۆشیالیزمی موتوربه‌كراوو كاپیتالیزمی خۆرئاواو هێزه‌ كانی ئیخوانیزم له‌ ڕێگه‌ ده‌سكه‌لاكانیانه‌وه‌ شه‌ڕێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراویان له‌ گه‌ڵ ئه‌م دونیا بینییه‌دا هه‌ڵگیرساندووه‌و كه‌وتونه‌ته‌ دژایه‌تی ئه‌و ته‌وژمه‌ی كه‌ له‌باریدا هه‌یه‌ گرفته‌كانی مرۆڤایه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا له‌ ڕیشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات،هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین بارتاڵیزم به‌   هه‌ردوباڵه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ئێستادا له‌ دژایه‌تی كردنی ئاپۆیزمدا ئه‌سپی خۆیان تاوداوه‌ ئه‌گه‌ر چی باڵی دووه‌می ئه‌م ڕژێمه‌ بێ ئایدۆلۆژیایه‌ بۆ ڕاكێشانی سۆزو هه‌ستی هه‌وادارانی ساده‌و شۆڕشگێڕی  خۆی و كوردانی پارچه‌كانی تر له‌ موجامه‌له‌ی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ئاپۆیزمه‌دا زۆر قۆناغی بڕیوه‌ ،به‌ڵام ده‌ستبه‌رنه‌دانی له‌ باڵی ده‌ستڕۆشتوی بارتاڵیزم و جیانه‌بونه‌وه‌ی لێی نیشانه‌ی پارادۆكسێكی ڕامیاری و نیفاقێكی مه‌زنه‌ له‌ گه‌ڵ گه‌ل و میلله‌تی شۆڕشگێڕی كورددا،
‎هه‌ر بۆ وێنه‌ ڕازی بونی به‌ فرۆشتنی پترۆڵ و گازی كوردستان له‌ لایه‌ن باڵی یه‌كه‌مه‌وه‌ به‌ ئار‌دۆغانیزم و ملدانی بۆ ئه‌و سیاسه‌تی پاشكۆكردنه‌ی هه‌رێمی باشور بۆ كۆماری توركی فاشی و بێده‌نگی له‌ ئاست سیاسه‌تی سه‌پاندنی گه‌مارۆی سه‌ر ڕۆژئاواو هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق و تۆخكردنه‌وه‌ی توخوبه‌ دوژمن كرده‌كانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن باڵی یه‌كه‌مه‌وه‌ نیشانه‌ی گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ناشیرینی باڵی دووه‌می بارتالیزمه‌و ده‌رخه‌ری هه‌لپه‌رستی و هه‌لقۆستنه‌وه‌یه‌تی ،ئه‌گین به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بو ئێستا هه‌ڵوێستێكی شێلگیرانه‌ی لێ ببینرایه‌و ڕێگه‌ی نه‌دایه‌ باڵی ئه‌رستۆكراتی دژه‌ ئازادی هه‌رێمی باشور له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا كورد به‌ تونێلی داگیركه‌راندا ببات و خه‌رمه‌نی گوڵ تێكه‌ڵ به‌ خاری جێخه‌رمان بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە