کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


‎بێدەنگی ئەمجارەی بێدەنگی پێش زریانە!

Wednesday, 03/02/2016, 17:02


‎میللەت گەشتۆتە قۆناغی هەیەجان ،دەفری ئارامی هاتۆتە كوڵان،نادادی گەشتۆتە ترۆپكی ،بێدەربەستی و ڕوو قایمی و نادیدە گرتنی هێزی گەل لە لای دەسڵات گەشتۆتە ئاستی بێ ئاوەزی،گەل بیست و پێنج ساڵە شاهیدی جۆرەها شێوازی دزی و پاوانی ئابوری و ڕاوڕوت و ئاودیوكردنی كەرەستەی میری و سامانی نیشتیمانییە،شاهیدی ئاڕئاڕی بێخمە و دزینی داهاتی گومرگی و داهاتی ناوخۆیە،شاهیدی دزینی داهاتی نێردراوی بەغدادو گزی و فزی كۆمپانیاكانی بەرپرسانە،بیست و پێنج ساڵە شاهیدی هەتكی ناموس و لێدان لە قەڵەمە بوێرەكان و شكاندنیانە،شاهیدی بڕینی بانك و دزینی داهاتی نەوت و گازە،شاهێدی تەراتێنی دەزگای سیخوڕی و ئەرتەشی داگیركەرانی نیشتیمانی كوردە لەم بەشەی باشوری كوردستاندا،بیست و پێنج ساڵە گەل كراوە بە پاوانی هەندێ بە ناو حزبی كرێگرتەی داگیركەران و هەندێ بازرگانی خوێن وئەوانیش  تاكەكانیان بەردەدەنە  یەكتری،بیست و پێنج ساڵە جەستەی نیشتیمان خوێنی گەنجی كوژراوی  شەری بەرژەوەندی بازرگانانی خوێنی لێدەچۆڕێ، بیست و پێنج ساڵە پێوەری وەرگرتنی پۆست و پلەی دەوڵەتی هەشت و پشت و مشتە،بیست و پێنج ساڵە هەشت و مشت دەبنە پشتی هەندێ بۆ وەرگرتنی پۆست و ئەوانیش پۆستەكان بە كاردێننەوە بۆ ڕاوی هەشت و پڕكردنی مشت،بیست و پێنج ساڵە هەتكی زانكۆو خوێندنی باڵا دەكرێت،ئیش لە سەر بارزكردنی مەلای دینفرۆش و بچوككردنەوەی مزگەوت و شێواندنی ڕەسەنایەتی خێڵ و گوند دەكرێت،بیست و پێنج ساڵە شارەكان دەشێوێنرێت و شوێنە ستراتیژییەكانی پاوان دەكرێت،بیست و پێنج ساڵە هەندێ برسی تێر نەخۆر دەخۆن و دەبەن و دەخۆنەوەو دەدزن و دەبەخشن و دەفرۆشن لەماڵی گشتی،دەكوژن و هەڵدەدەن لە ڕۆڵەی گەل،جیاكاری حزبی و ناوچەیی و بنەماڵەیی دەكەن،میللەت ،دەستەمۆو دەمبەست و سەركوت دەكەن ،لە كۆتا كاریشیاندا دەستیان برد بۆ برسی كردن و نانبڕینی گشتی و گاڵتەكردن بە بژێوی  هاونیشتیمانیان و هەتا بەشێكی زۆر لە  چڵكاوخۆرو دەست و پێوەندو جەلادەكانی خۆشیان ،ئێستا توڕەیی گەل لە ترۆپكدایەو بێدەربەستی و خوێنساردی پاوانكارانیش گەشتۆتە ئەوجی خۆی، وایبۆدەچم ئەم بێدەنگی و كش و ماتییەی ئەم دوایە  هێمنی پێش باهۆزی ڕقێكی پیرۆزو تێكوپێكدەر بێت كە چارەكە سەدەیەكە خۆی دەخواتەوە بۆ ئەوەی سیرمەكە نەخورێ و دەستی كورد لە بنی هەمانەكەوە دەرنەچێت ،خۆ ئێستا هیچ نەماوە ،ئومێدەكان سڕانەوە ،كۆشی لەرزۆكی دەسكەوتە ناكامەكانیش ڕوخان،ئیدی كاتی هاتووە؟! كاتی یەكگرتنی گەل و پڕۆتێستی هەمو كۆمپانیا دینی و سیاسییەكانە ،كاتی بڕیاری گەل و خۆسەرییە،كاتی دەركردن و جاڕدانی فەرمانی بۆ دەرەوە و بۆ زیندان و بۆ زبڵدانی مافیاكانە لە لایەن گەلەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە