کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سازانى نيشتيمانى ؛ ده بێت له سه ر چى بكرێت ؟

Sunday, 05/07/2015, 20:14


 سازان،  واتا  ڕێکەوتن و ڕازی بونی چەند لایەنێکی ناکۆک و نا تەبا ،لەسەر بابەت یان پرسێک ،کە پێشتر  بە هۆکاری جیا جیا  لە سەری ناکۆک بون و باری سرنج و ڕوانینیان جیاوز بووە لە سەری.
‌سازان،  کە یەکێکە لە میکانیزمەکانی  پاکۆکاری  گرفتی نێوان لایەن و قەوارەو پێکهاتەکان،وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ قانون دەرکەوتوتە پێشێ و شوێنی بە بنەما دەستوری و قانونییەکان لەق کردووە لە عێراق و کوردستاندا.
‌وێڕای ئەوەی کە بەهۆی گرتنە بەری سەرەتاکانی سازانەوە چارەسەری هەندێک گرفتی گەرم و گەوهەری و ئاڵۆز دەکرێت و بە هۆیەوە دەرگا بەڕوی پێکدادان و ناکۆکی سیاسی و سەربازیدا کڵۆم دەدرێت،بەڵام زۆر جاریش دەستبردن بۆ ئەم میکانیزمە واتا ی پاشگەز بونەوە لە دیموکراسی و سەرەتاکانی دەگەیەنێت ،چونکە بە گرتنە بەری  سەرەتای سازان  هەمو ئەو مافە قانونی و دەسڵاتە ڕەوایانە لە دەزگا هەڵبژێردراو و دەستورییەکان دەسەنرێتەوەو دیموکراتی و گەوهەرەکەی  پوچ و بێ ئەرزش دەکرێت.
‌ئەگەر دور نەڕۆین  و ڕاستەوڕاست بێینەوە سەر گەوهەری ئەو بابەتەی مەبەستمە لەسەری بدوێم زۆر باشترە،ئێستا لە کوردستان کۆمەڵگاو چوار لایەنی سەرەکی لە لایەک و پارتی و بارزانی لە لایەکی تر بەرەو ڕووی یەک بونەتەوە لە سەر پرسێکی گرنگ و هەستیاری وەک  دیاری کردنی جۆری سیستمی فەرمانڕەوایەتی کوردستان و دیاری کردنی ماوەی فەرمانڕەوایەتی سەرۆکی هەرێم لە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزو ناهەمواردا چی لەڕوی سیاسی و سەربازییەوە بیگرە تا دێتەسەر ڕوی ئابوری و دارایی.
‌سەرهەڵدانی ئەم بابەتە لەم کاتە ناسک و هەستیارەدا کە هاتۆتە پێشێ و ناتوانرێ  وازی لێ بهێنرێ بە بیانوی بونی جەنگی داعش و چی و چی ..... ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو پەڕلەمانتارانەی خولی دووەم و سێیەمی فراکسیۆنی سەوزو مەکتەب سیاسی (ینک )کە هەستان  بە ڕێخۆش کردن بۆ پارتى و بارزانی هەتا هەوێنی سیستمی سەرۆکایەتی و دەسڵاتی بۆماوەیی بکاتە ناو ستراکتۆری دەسڵاتەوەو کوردستان بەم دۆخەی ئێستا کە پێی گەشتووە بگەیەنێت ئەویش تەنیاو تەنیا لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی دەستەبژێرێکی دەستڕۆشتوی بزنسمانی سیاسیدا کە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییە تایبەتییەکانیان خستە پێش بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەوەییە باڵاکانەوە و کوردستانیان گەیاندە ئەم تەهلوکەیەی ئەمڕۆ کە دەیبینین ،ئەوانە بۆ دژایەتی کردنی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوادارەکانی زۆر سازشیان کرد لە سەر مافی حزبەکەیان و ئازادی گشتی و تەنانەت لە سەر بنەماکانی دیموکراسیش کە دەستاو دەستکردنی دەسڵات و جیاکردنەوەی دەسڵاتەکانە لە یەکتر ،هەمومان دەزانین لە سی حوزەیراندا چۆن ماوەی سەرۆکایەتی بەرزانییان درێژ کردەوەو دواجار چی باجێکیان بە (ینک) و تێکۆشەرەکانیداو کوردستانیشیان بەم مەنگەنەیەی ئێستا گەیاند کە ئێستا نە دەتوانرێ درێژە بدرێ بە درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی (مەسعود ) نە 
بە ئاسانیش دەتوانرێ پارتی و بارزانی نادیدە بگیرێت و بیر لە لێکەوتە خراپەکانی پەرواێز خستنی پارتی نەکرێتەوە لەم سەردەمی دابەشکراوييه ى کوردستان و ناوچەدا بە سەر ئەجێندای تورکی و ئێرانیدا کە هەموان کاریگەرییەکانی هەستپێدەکەین  بە ڕوونی ، لە هەمان کاتدا ئەم پرسە  زۆر چارەنوسسازو گرنگەو ئایندەی کۆمەڵگەی کوردستانی و شێوازی کارگێڕیدانی ڕۆڵەکانی پێوە پەیوەستە ،بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەو مەترسى و  تەحەدییانەش کەم نین لە ئەگەری قوڵبونەوەی ناکۆکییەکاندا دەکەوێتە سەر باشوری کوردستان بە هۆی ئەم پرسەوە؛
‌بۆیە لای هەمومان  ڕونە لە ئەگەری نەسازانی لایەنەکاندا ،خوا نە خواستە هەر مەترسییەک بکەوێتە  سەر کوردستان  وەک دابەشکردنەوەیى و کەوتنە بەردەم  شاڵاوی تێرۆریستان ؛ بە  پلەی یەکەم ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی پارتییەو دووەم یەکێتی و ئەندامانی خولی پێشوی فراکسیۆنی سەوزو مەکتەب سیاسییەکەی بە گشتی و باڵی دەستڕۆشتوی ناو یەکێتی بە تایبەتی ، چونکە  ئەگەر ئەوکات ئەم قەیرانەیان  دوانەخستایە بۆ ئێستا ، دەتوانرا لە سەروەختێکی  لە باری وەک ئەو دەمی کوردستاندا کە بیانوی جەنگی داعش و ماعش نەبو بە  زۆرینەی پەڕلەمانی بابەتەکەیان  لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بشکاندایەتەوەو ئێستا کوردستان بە هێزو قورساییەوە ڕوبەڕوی دوژمنان و قەیرانەکان بوەستایەتەوە و پارتیش نەدەبو بەو هێزەی کە ئێستا هە ڕەشەی ئەوە بکات کە ئەگەر پەڕلەمان و بڕیارەکانی فەرامۆش نەکرێن و لە دەرەوەی پەڕلەمان   سازانێکی پڕ لە سازشی لە گەڵ ئەنجام نەدەن  کوردستان دابەش دەکاتەوەو ڕێگە نادات  بێ ویستی ئەو ؛ هیچ ویستێکی ديکە ڕەنگڕێژی نەخشەی سیاسی کوردستان بکات.
‌بۆیە ئەگەر بە هۆی پاشگەزبونەوەی ئیسلامییەکانەوە  بڕیاری پەڕلەمان گۆڕرا بە سازانی حزبەکان ،دەبێ سازان  لە سەر ئه م بابەتانە هه مو بکرێت:
‌١-دۆسێی نەوت و ڕێکەوتنامەی باشور لە گەڵ تورکیا.
‌٢- دۆسێی نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەو.
‌٣- دۆسێی ئەنجومەنی ئاسایش .
‌٤-دۆسێى پێکهێنانی حکومەتی ناوچەیی لە دهۆک و هه ولێر.
‌٥-دۆسێى جۆری سیستمی دەسڵاتداری کوردستان و ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم و درێژکردنەوەی دوبارەی .
‌دەبێ ئەم پێنج دۆسێيه لە یەک پاکێجدا سازانی لە سەر بکرێت ،بە پێچەوانەوە سازان دەبێتە دۆڕان و سازش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە