کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی گرنگە پەڕلەمانی کوردستان بڕیار لە سەر دیاریکردنی کوردێك بۆ سەرۆك کۆماری عێراق بدات ؟

Sunday, 11/05/2014, 12:00






هەر تەوژمێکی سیاسی و هەر ڕوناکبیرو توێژەرەوەیەکی سیاسی پێیوابێت کە پەڕلەمانی کوردستان مافی بڕیاردانی نییە لە سەر پشکی کورد لە دەسڵاتە سیاسی و کارگێڕییەکانی بەغداددا بە پۆستێکی وەکو: سەرۆکایە تی کۆماریشەوە بێگومان ئەو کەس و لایەنانە نەیارو دژبەری دۆزی ڕەوای گەلی کوردن و سیاسی و ڕوناکبیرو تەوژمی ئینتیهازی و بەرژەوەندی خوازن و هیچ جۆرە خولیاو ئامانجێکی نەتەوەیی باڵا لە مێشکیاندا بونی نییە ، چونکە لە هەمو وڵاتانی دیمۆکرات و پێشکەوتودا لەلای هەمو هێزێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە عورفی سیاسی وڵاتانی کراوەو هاوچەرخدا پەڕلەمان وەکو: تاکە دەزگای نیشتیمانی باڵا وەکو: دەزگایەکی دامەزراوەیی سەیر دەکرێت و هەمو بڕیارە گرنگەکانی تایبەت بە گەل و نیشتیمان و ئاشتی و جەنگ و دابەشکردنی پڕۆژەو دیاریکردنی لێپرسراون بۆ پێگە سیاسی و کارگێڕییەکان و بڕیاردان لە سەر هەمو ستراتیژیەتێکی دورو مامناوەندو هەتا زۆر جاریش تەکتیکی سیاسەتکردنی کورت مەودا لە پەڕلەماندا بڕیاری لە سەر دەدرێت .

پەڕلەمان دەبێت شوێنی بڕیاروەرگرتن و دروستکەری هەمو بڕیار و سیاسەتەکانی وڵات بێت ، چونکە لە پەڕلەماندا نوێنەرانی گەل بڕیارەکان دەدەن و ئەو بڕیارانەی لە پەڕلەمانەوە دەردەکرێن خەسڵەتی بڕیاری نیشتیمانی وەردەگرن و ڕەواییان زیاترەو باشتر شیکراونەتەوە ، بۆیە نابێت ڕێگە بە هیچ دەستەو لایەنێك بدرێت پەڕلەمان لە جوغزی دامەزراوەیەکی ڕوکەشیدا بهێڵێتەوەو ڕێگە بگرێت لە چییەتی کاری پەڕلەمان و لە جێگای ئەودا مەکتەب سیاسی پارتە نەریتەوانەکان ئاکتیڤ بکرێن و بڕیار لە سەر بەشێك لە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان بدەن بەو بیانووەی گوایە بەشێك لە خاکی هەرێمی کوردستان لە پەڕلەمانی کوردستاندا نوێنەریان نییە وەکو : کەرکوك و شارو شارۆچکەکانی میسڵ و دیالەو تا دوایی.....

هەمومان دەزانین ئەو هێزەی شینی ئەوە دەکات کە لە پەڕلەماندا بڕیارەکە نەدرێت لە سەر دیاریکردنی کەسێك بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لەبەرچییە ، چونکە ئەو هێزە قورسایی جەماوەری لە هەرێمی بن دەستی کورددا لە باشوری کوردستاندا لە کورتیی داوەو لە پەڕلەمانیشدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوەو بونەتە کەمینەیەکی پەڕلەمانی ، بۆیە دەزانن گا بەدەنگیان ئاو ناخوات و بە ویستی ئەوان ئیش و کاروبارەکان ناگوزەرێت ، بۆیە بە شوێن سیناریۆی تەمومژاوی و میکانیزمی دیکە دەکەون هەر بۆ ئەوەی بەشێك لە ئامانجە حزبییە بەرتەسکەکانیان بەدیبهێنن و ئیدی گوێ بەوە نادەن ئەگەر پەڕلەمانی کوردستان خاوەنی قورسایی سیاسی بێت یان نا! کارەساتەکە لێرەدایە ئەو هێزە تێشدەگات کە ئەگەر بێتو پەڕلەمانی کوردستان لە ئێستادا ڕۆڵێکی ئاوا بگێڕێت سەنگ و قورسایی لە سەر ئاستی عێراق چەندە زیاد دەکات خەڵکی کوردستان چەندە متمانەیان بەم دەزگایە زیاد دەکات و دەبێتە جێگەی ئومێدیان و

لە داهاتودا ، بەڵام ئەوان لە پێناو مسۆگەر کردنی بەرژەوەندییەکانیان و دورخستنەوەی کێشەی باڵەکانیاندا بە ئامانجی ڕازیکردنی یەکێك لە تەوژمە ناوخۆیەکانیان بەو پۆستەی کە بەشی کوردە لە بەغداد دەخوازن ئەو بڕیارە لە ژێر چنگی پەڕلەمان دەربکەن و لە کۆبونەوەی مەکتەب سیاسی پارتەکان و لە ژورە تاریك و داخراوەکاندا کەسێکی خۆیان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکەن ، کە ئەمەش ڕێك پێچەوانەی هەمو هەوڵێکی بە پەڕلەمانی کردنی دەسڵاتی باشوری کوردستانەو گەڕانەوەی سیاسەتکردن و حوکمداریمانە بۆ چوارگۆشەی یەکەم کە تیایدا هەمو چارەنوس و بڕیار وەرگرتنێکی سیاسیمان دەسپێردرێتە دەست چەند کەسانێك کە وەلاو و ئینتیمایان بۆ پارتەکەیان دە هێندەی وەلاو و ئینتیمایانە بۆ گەل و نەتەوەو نیشتیمان .

بۆیە من لە گەڵ ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی هەرێم دام و پێموایە ئەم بڕیارە سەرەتایەکە بۆ ڕازی بونی پارتی کە خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی کوردە لە بەغدادو لە کوردستاندا ئێستا بووە بە هێزی یەکەم، بە دەستبەرداربونی لە بەشێك لەو کەڵکەڵەی بە سەرۆکایەتیکردنی حوکمی کوردستانەی کە چەند ساڵ پێش ئێستا بە مکوڕی کاری بۆ دەکرد مسوەدەی دەستوریشی هەر بەو شێوە یە بە یارمەتی ئەو دەمی یەکێتی داڕشتبو کە ئەو خەونەی بۆ مەیسەر بکات ، بەڵام لە گەڵ دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕاندا و بە تایبەتی دوای وتارە مێژوییەکەی ڕێکخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە کە تیایدا بە ڕونی ئەوەی هێنابووە زمان کە دەبێت دەسڵاتی باشوری کوردستان پەڕلەمانی بێت و پەڕلەمان تاکە دامەزراوەی نیشتیمانی باڵا بێت کە ڕۆڵی سەرەکی لە هەمو پێشهات و بڕیارو کایەیەکی ژیاندا هەبێت ئەو مەیلە لەناو جەماوەردا بە زەقی دەرکەوت کە ڕازی نین بە ناوەندی کردنی دەسڵاتی کوردی و بە کارتۆنی کردنی پەڕلەمان ، بۆ زانیاری و وەکو بیرهێنانەوەیەکیش زۆرینەی ئەو هۆکارانەی کە لە پشت هەمو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ناوچەی زۆنی سەوزی جاران و بە تایبەتیتر ناوچەی سلێمانی بو لە پێش ١٧ ی شوباتدا دواجاریش ئەو مەرگە سات و برینەی لێکەوتەوە ئەوە بو لە سای ڕێکەوتنی بەناو ستراتیژیدا یەکێتی دەرفەتی بۆ پارتی خستبووە سەرپشت بە ئارەزوی خۆی دەسڵات لە کوردستاندا ڕووەو شکڵێکی ریئاسی بەرێت و هەر بۆیە لە پەڕلەمانشدا فراکسیۆنەکەیان ئۆکەی مسوەدەی دەستوری هەرێمیان کرد .

بۆیە خەڵکیش بۆ کۆتایی هێنان بەم مەیلەو بۆ دورخستنەوەی مەترسی لە سەر دەسڵاتی پەڕلەمانی و بۆ ڕێگری لە بەسەرۆکایەتی کردنی حوکمی کوردستان لە ٢٥-٧-٢٠٠٩ متمانەیان بەخشییە لیستێك و دواتر کردیان بەو بزوتنەوەیەی ئێستا هێزی دووەمە لە کوردستاندا، بۆیە هەمو هەوڵێکی ئازادیخوازان و دیمۆکراسیخوازان و نیشتیمان بەروەران بۆ ئەوەیە کە ببینە خاوەنی پەڕلەمانێكی ڕاستەقینە و لە وێدا بڕیار لە سەر هەمو شتە گرنگەکان بدرێت ، ئێستاش بەهۆی گەورەبونی سەنگی گۆڕان و بە هۆی پێویستی پارتی بە هەندێك دامەزراوەو وەزارەت هاتۆتە ئەو قەناعەتەی کە بەشێك لە مافی پایەماڵکراوی پەڕلەمان بگێڕێتەوە ، تکایە ڕێگیر مەبن لە بەردەم پەڕلەمانداو با بەو ڕۆڵەی خۆی هەستێت ، با چیتر مەکتەب سیاسی و چەند کادرێك بڕیار لە سەر چارەنوسمان نەدەن ، با لە ڕێگەی فراکسیۆنەکانی پەڕلەمانەوە حزبەکان بڕیار وەربگرن ، ئەو دەمیش دەبین بە خاوەنی پەڕلەمانێکی زیندو کە گەل لە پشت هەمو بڕیارەکانێتی .





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە