کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کامانەن بارگرانییەکانی سەر بۆدجەو هەڵەکانی بەناو حەکیمەکانی کوردستان

Thursday, 27/02/2014, 12:00






کاتێك ڕاپەڕین کراو حکومەتی هەرێم دروستبو ئەگەر بەگوێی دڵسۆزان و ڕوناکبیران و ئەزمونمەندان بکرایەو کارگێڕییەکی نیشتیمانی تەکنۆکراتی بچوککراوەی چالاکی پشتبەستە بە خەڵکانی مەسلەکی و پیشەیی دروستبکرایەو دەزگا بەناو حکومییەکانیان نە ئاخنیایە بە خەڵکانی دەربارزادەو ماستاو چی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت نەکرایە بە پێوەرو حزبایەتی وڕق و قینەی ئیدۆلۆژیا کۆمەڵگەکەمانی نەتەنیایەتەوەو هێلکەکەکانمان نەخستایەتە سەبەتەی تورك و فارسەوە ،وبەڵێن و پەیمانەکانی شۆڕش و ئاوات و ویستەکانی کومەڵگە ئاوەژو نەکرانایەتەوە ئێستا کۆمەڵگەیەکی بەهێزو دەسڵاتێکی بوێرو ئینتیمابونێکی بەرفراوانمان دەبو کە ڕەشەباکانی ئامورستان نەیدەتوانی ڕەشماڵی هەوارمان بجوڵێنێ.
بەڵام ، ئەفسوس حەکیمەکان، بەناو ئەندازیارەکانی شۆڕش ، ئێوە هاتن بونیادی دەسڵاتتان لە سەر میپۆدێکی خێڵەکی حزبی ئیدۆلۆژیا یی داڕشتەوە کە درێژکراوەی هەمان ستایڵی بەعس و دەسڵاتە سەراپاخوازو پارتە بەناو پێشڕەوەکان بو!
قۆزاخەی گەرای کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیتان کردەوە ، دەسڵات و جومگە گرنگەکانی کۆمەڵگەتان ڕادەستی کوڕە کوێخاو میرزادەکانی سەردەمی پێش شۆڕشی ١٤ تەموز کردەوە ، هیچ گرنگییەکتان بە لێوەشاوەیی و تواناکان نەدا !
لە جیاتی ئەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شییاو دانێن ، هەستان بەزۆر شییاندنی کەسانی نە شیاو بۆ جێگە هەستیارو گرنگەکان ، کوڕەپورو ژنبراو براو برازاکانی سەرکردەکانی شاخ سەرجەم جومگەو فەرمانگە گرنگ و هەستیارەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتیان پاوان کردو ڕێگەتان نەدا بە ڕۆڵە بێ پشت و بێ خێڵ و بێ هەژمونە بە تواناکان هیچ ڕۆڵێك بگێڕن .
هەر بۆیە هەستان بە دۆزینەوەی شوێن بۆ کەسەکان لە جیاتی کەس بۆ شوێنەکان ، دەیان فەرمانگەی ناپێویست و پلەو پۆستی داهێنراوو دەستەو بۆردی سەربارتان هێنایە بون بۆ دەریڤە دۆزینەوە بۆ خزم و دۆستی خۆتان و هەزاران کارمەندو فەرمانبەرو چەکدارتان بەبێ لێکۆڵینەوەو پڕۆگرامسازی دامەزراند و حکومەتتان پێ ئاخنی وەك مەشکە ی پڕ لە کا ، بە بێ گوێدانە زیانە لاوەکییەکانی قەبەکردنی حکومەت ، هەندێك کابینەی چل وەزارەتی و دەیان دەستەی ناپێویست سەدان ڕاوێژکاری نەخوێندەوارو سەدان شارەزای ناکاراو دەیان وسەدان و هەزاران کەسی لابەلاتان لەسەر بۆدجەی گشتی کرد بە بارو و داهاتی وڵاتان ڕۆکردە قوڕگیان بەبێ گوێدانە ئەوەی کە هەمو دەم بەهار لەچۆکدا نابێت.
جوڵەکانتان بێ پلان و پلانە ڕوکەشییەکانتان بێ ناوڕۆك و بێ ئامانجی لۆژیكی بون ، ناڕیالیزمی و نەگونجاوی پێناوەکانی بەدیهێنانی ئامانجەکان بە ئاشکرایی دەبینرا.
پلانتان ڕادەگەیاند بۆ ئاوەدانکردنەوەی لادێ و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ ، بەڵام لەو لاشەوە داهاتی تەرخانکراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بۆدجەی دیاریکراوی لادێکان لە چاو بۆدجەی شارو پڕۆژە لابەلاکاندا بە هیچ کلۆجێك بەراورد نەدەکران ، سەرجەمی جوتیارو شوان و سەپان و گزیرو پاڵەی دێکانتان کرد بە پۆلیس و ئاسایش و پاسەوان ، سنورەکانتان واڵا کرد بۆ هەناردەی کاڵای کواڵتی نزمی نادڵنیاو بەرهەمی ناوخۆیتان پێ خنکاند .
داهاتی ناوخۆیی و داهاتی خاڵەکانی گومرگ و بەشە داهاتی ناوەندتان ئاراستەی خەرجی بەکارخستن کرد، نزیکەی (٤٥) ملیار داهاتی کوردستان بە هۆی ڕامیارییە ئابورییە هەڵەکانتانەوە خستە چنگی ئێران و تورکیاو چینەوە ، کە دەکرا هەمو ئەو دراوانە لە ناوخۆدا بهێڵرایەتەوەو ژێرپەیکەری ئابوری پێ بنیاد بنرایە و بکرایە بە هۆکارێك بۆ خۆسەرپێخستن و دامەزراندنی ئابورییەکی سەربەخۆو ڕزگاربون لە پاشکۆبونی دەوڵەتان و پێشخستنی کەرتی تایبەتی وەبەرهێن ،کە خۆراك و پۆشاك و هەلی کاری بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە دەستەبەر بکردایە.
ئێوە حەشامەتێك لە خانە نشینتان لە پەڕلەمانتارو وەزیرو ڕاوێژکارو شارەزاو ئەفسەری پایە بەرز پێکهێناوەو دەیان دوکانی سیاسی و حزبۆکەی دەربار لە سەر بۆدجەی گشتی کردوە بە بار کە بڕستی ئابوری کوردستانی بڕیوەو کۆمەڵگای کردووە بە بەرخۆرو بەکاربەر .
لە ڕێگەی پاڵپشتی و پشتیوانی ئێوەوە مالکی بو بە دەسڵات و ئێستا بەو دەسڵاتەی ئێوە پێتان بەخشییەوە جەنگی ئابوری دژی خەڵکی برسی و هەژاری کوردستان ڕاگەیاندووەو ژیانی خەڵکی تۆشی سەدان چەرمەسەری کردووە.
ئیدی ڕەوایە پێتان بڵێین حەکیم و سیاسەتمەدار و سەرکردە هاوڕێیان؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە