خێڵۆکراسی کردنی دەسڵاتی باشووری کوردستان مۆدێلی دڵخوازی تورکیاو ئێرانە؟!
Tuesday, 20/08/2013, 12:00
خێڵۆکراسی واتە دەسڵاتی خێڵ و هۆز، ئەم زاراوەیە کە لە دوو وشەی دوو زمانی زۆر لە یەکتر دوور پێکهێنراوە کە یەکەمیان وشەی خێڵە بەواتای بنەماڵەی گەورەو هۆز ، دووەمیان وشەی کراس ی گریکییە کە بە واتای دەسڵات دێت ، زاراوەیەکی پڕ بە پێستە بۆ نادێر کردن و پێناسە کردنی هەندێك پارتی کوردستان ، کە بەدرێژایی چەندین دەیەیە دەسڵاتیان پاوان کردووەو هیچ دەریڤەو بوارێکیان بۆ دەستاو دەستکردنی دەسڵات نەهێشتۆتەوە، جا چی دەسڵاتی ناوەکی ژیانی پارتایەتی ناو پارتەکەی خۆیان بێت یان دەسڵاتی کارگێڕی و دەسڵاتی گشتی بەڕێوە بردنی گەل و نیشتیمان بێت (دەسڵاتی دەوڵەتداری) ، ئەم گروپانە ڕێگە نادەن بە هیچ تاك و تاقمێك کە بەهرەوەر بن لە دەسڵات وەرگرتن و هەموو ئاسۆکانی بەردەم دەستاو دەستکردنی دەسڵاتیان بەڕێگە و شێوازی دیمۆکراسی بە بنبەست گەیاندووەو دەسڵاتیان کردووە بە کاڵایەکی بێفەڕی تەسك و تەنگ کە تەنهاو تەنها بۆبەژنی گرگن و قەزەمی خۆیان بشێت ، ئەم گروپانە دۆخگەلێکی ئەوتۆیان ئەفراندووە ئە گەر ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەگەر کەسان و گروپگەلێکیش هاتبنە پێشەوە نیمچە دەسڵاتێکی لۆکاڵییان وەرگرتبێ ، دەبێ ملکەچیان و پاشکۆیەتیان و برا بچوکیان قبوڵ کردبێ بۆ ئەو کەمینەیەی کە دەیان ساڵە جڵەوی دەسڵاتی کوردستانیان کردووە، بۆیە جێگەی خۆیەتی ئەمانەو دەسڵاتە خێڵەکییەکەیان کە خۆیان ناوی دەنێن دەسڵاتی دیمۆکراسی بگۆڕدرێت بە دەسڵاتی خێڵۆکراسی! چونکە ئەگەر دیمۆکراسیەتێك دەستاو دەستکردنی دەسڵاتی تیا نەیەتەدی و شەرعییەتی بە ناو شۆڕشگێڕی تیادا باڵا بێت و ڕێگە بە هیچ دەنگ و نوزەیەکی ئازادی تاك نەدات و ڕێگە بە خۆپیشاندان و نەدات و ڕۆژ بەڕۆژ دەلاقەکانی شەفافییەت و کرانەوە تەنگتر و بچوکتر بکاتەوەو هەموو بوارەکانی پێگیری کردنی ژیانی شارستانیانەی بەردەم تاکەکان یاساغ بکات و دەسڵاتەکانی دەزگا نیشتیمانی و شەرعییەکانی وەك پەڕلەمان بکات بە کارتۆنی و ڕۆژ بەڕۆژ لە خەمی چەسپاندنی دەسڵاتی خێڵ و بنەماڵەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بژاردەی بنەماڵە دەستەڕۆکانی کوردستاندا بێت و ڕێگەی لە بەردەم تاکی لێهاتوو بگرێت بۆ وەرگرتنی پۆستێك کە شیاوی لێهاتوویی خۆی بێت ، نەنگییە پێیبوترێت دەسڵاتی دیمۆکراتی . گوناهو تاوانە بەم مۆدێلەی دەسڵاتی کوردی کە کەسێتی تاکی کوردی نابوت کردووە بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی بژێوییەوە ، کە بە ئەنقەست و بە مەبەست و ستراتیژ تاکی بەرهەمهێنی کوردیان گۆڕیوە بۆ تاکێکی بەرخۆری بێ بەرهەم ، تا لەڕێیەوە بتوانن ویژدان و ئیرادەو هەڵوێست و شکۆی بە دراو بکڕن ، هەر بۆیە لەماوەی دو دەیەی ڕابردوودا ئەمانە نەهاتوون کارخانەو کارگەو پیشە سازی دابمەزرێنن یاخود زەمینە سازی بۆ دامەزراندنی بئەفرێنن ، بەڵکو لە جێگەی ئەوە بایەخ دەدەن بە بازرگانی و ئاڵوگۆڕکێ ی دەرەکی ،
لەم ڕێگەشەوە بە بەردێك دوو چۆلەکە دەکوژن ! ؟
یەکەم : دەتوانن لە ڕێگەی بەستنەوەی ئابووری کوردستانەوە بە ئابووری دەرو دراوسێکانەوە ، ئابووری کوردستان بە پاشکۆی ئابووری ئەوان بکەن و بەمەش بەرژەوەندی ئەوان مسۆگەرو پارێزراو دەبێت ، بەم هۆیەشەوە دەتوانن پاڵپشتی ئەوان بۆ مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن وەك کردوشیانە.
دووەم: بەهۆی ئەم پاشکۆ بوونی ئابووری کوردستانەشەوە ، ئیدی بواری بەردەم گەشەی هیچ کەرتێکی ئابووری کوردستان نامێنێت ، بە م هۆیەشەوە ئیدی تاکی کوردی و کۆمپانیا خۆماڵییەکانی کوردستان ناتوانن لە هیچ کایەیەکی ئابووریدا دەسبەنە وەبەرهێنانی بەرهەمهێنەکی ! ؟ چونکە بە هۆی واڵا بوونی ڕەهای تخوبی وڵاتەوە بە ڕووی شمەکی بیانیدا ، توانای کێبڕکێی بەرهەمی دەرەکییان نامێنێت ، بۆیە بەناچاری واز دەهێنن لە بەرهەمهێنان و ڕوو دەکەنە بواری بازرگانی کردن ، نەك هەموو کایەیەکی بازرگانیش؟ چونکە ئەو کایانەی بازرگانی کە پڕ قازانج و سودە لە لایەن هەندێك کەسایەتی ناو دەسڵات یاخود نزیك لەوانەوە پاوان کراوە، بۆیە هەندێکیش لە بازرگانەکان و خاوەن کارەکان بە مەبەستی وەچنگکەوتنی دەریڤەی کارو ئیش سەریان بەسەری بەرپرسەکانەوە ناوەو لەم ڕێگەشەوە توانیویانە پشتگیری بۆ خۆیان و دراو بۆ ئەوانیش پەیدا بکەن ، بۆیە هەندێك جار نەسڵەمینەوەی بازرگانەکان لە هاوردەکردنی خواردن خوارەدنەوە و پۆشاك و دەرمانی خراپ پشتگیری بەرپرسانی لە پشتە ، کە بەم هۆیەشەوە هاوڵاتیانیان ئالۆدەی دەردو نەخۆشی بێچارەسەر کردووە ، بە هاوردە کردنی شمەکی دەرەکی تەرازووی بازرگانی وڵات و تەرازووی پارەدانی وڵاتیان لاسەنگ کردووە و دواتریش خۆراکی ناتەندروستیان دەرخواردی هاوڵاتیان داوەو نەخۆشیان خستوون ، دواجاریش سودیان وەرگرتووە لە نەخۆشخستنیان ! چونکە کۆمپانیاکانی هاوردەی دەرمانیش زۆرێکیان خاوەندارێتییان بۆ ئەوان و نزیکەکانیانن دەگەڕێتەوە کە بەم هۆیەشەوە دەتوانن جارێکی دیکە کۆمەڵگە و هاوڵاتیان بەکار بێنن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، وەك پێشتر باسمان کرد لە سەرەتای خاڵی دووەمدا کاتێك وەبەرهێنان لە وڵاتدا لاوازکرا بە ستراتیژ و بە مەبەست ،ئیدی تاك و گەنجیش وەك توێژێکی گرنگ و کاریگەر بواری کارکردنی لە کەرتی تایبەتیدا وەچنگ ناکەوێت ، هەتاکو ئابووری و بژێوی سەربەخۆ بێت و دەنگی زوڵاڵ و دلێر بێت و خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزو سەربەخۆو ویژدانێکی زیندوو بێت ، بۆیە بە ناچاری دەبێت ڕوو بکاتە بەردەم ویژدانی مردووی نوخبەی دەستڕۆی خۆسەپێن و ویژدان و شکۆو ئیرادەی سەربەخۆی خۆی بگۆڕێتەوە بە دامەزراندنێك لە کەرتی سەربازی میلیشیایی یان دامەزراوە بە حزبی کراوەکانی وەزارەتی ناوخۆدا کە لە بنچینەدا دەبێت نیشتیمانی بن و هیچ سێبەرو هەژموونێکی هیچ پارتێکیان بە سەرەوە نەبێت، یان دەبێت بێکار بمێنێتەوە و زەلیل و داماو گیرۆدەی دەیان دەردی دەروونی و کۆمەڵایەتی ببن، یان دەبێت سەری خۆیان ڕووەو تاراوگە هەڵبگرێن و ئایندەی خۆیان و وڵاتەکەیان ڕادەستی ئەم نوخبەیە بکەن کە وڵات و میللەتیان لە لێواری هەڵدێرێکی سەخت نزیك کردۆتەوە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت دەسڵاتی خێڵۆکراتی خۆسەپێن لە ڕێگەی بە پاشکۆ بوونەوە ، ئەو ستراتیژیەتە ماکیاڤیلییە مەترسیدارە دەگرێتە بەر کە بە پلەی یەکەم سوودو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیی تێدا دەبینێت لە ڕووی ڕامیاری و ئابوورییەوەو بە پلەی دووەمیش ئەو هێزو تەوژمە دەرەکیانەی کە ناخوازن کورد خاوەن کیان و داوو دەزگای نیشتیمانی بێت وەك: تورکەکان فارسە شیعەکان ، هەر بۆیەشە ئەمانە پاڵپشتییەکی ڕێژەیی لە زۆرێك لە پڕۆژەکانی ئەم دەسڵاتە دەکەن ، چونکە گرەنتی دیلیەتی کورد و کۆیلە بوونی کوردن بۆ ئەوان .
هەر بۆیەشە هێزگەلی دەرەکی و هەرێمی یەکێکی ترن لە لەمپەرەکانی بەردەم دەستاو دەست کردنی ئاشتیانەو دیمۆکراسیانەی دەسڵات لە باشووری وڵاتدا ، کە ئەمەش بە یەکێك لە مەترسیدارترین ئاستەنگییەکانی سەر ڕێگەی پرۆسەی بە دامەزراوە بوون و بە دیمۆکراسی بوونی کوردستان دادەنرێت، چونکە لە دۆخی بوونی دەسڵاتێکی نیشتیمانی نەتەوەیی دامەزراوەیی دیمۆکراتی بەهێزی سەربەخۆی کوردیدا کە خاوەنی ستراتیژیەتی نەتەوەیی نیشتیمانی باڵا بێت ، چیدی کوردستان نابێت بە ناوەندێك بۆ فرۆشتنی بەرهەم و کاڵای ئەوان و ناوەندێك نابێت بۆ بەتاڵان بردنی سامانی سروشتی و داهاتی نەختینەیی، بۆیە خێلۆکراس بوونی دەسڵاتی باشوور مۆدێلی دڵخوازی تورکیاو ئێرانە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست