کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای ٢١ /٩ /٢٠١٣ پێوێستە گۆڕان چۆن هەڵسوکەوت بکات؟

Tuesday, 03/09/2013, 12:00




دوای ئەوەی بزوتنەوی گۆڕان بەشدارییەکی بەهێز لە حکومەتی ئایندەی هەرێمدا دەکات و چەند جومگەیەکی گرنگ و هەستیاری بەڕێوەبردن دەگرێتە ئەستۆی ، دەبێت زۆر بە وریایی و لێپرسراوێتییەوە ئەو ئەرکانە ڕابپەڕێنێت ، وە بۆ ڕاپەڕاندن و بەڕێوەبردنی ئە و ئەرك و حەقیبە وزاری و بەڕێوەبەرێتییانەی کە دەبێتە پشکی گۆڕان ، دەبێت بزوتنەوەکە باشترین و چالاکترین کادریان بۆ بدۆزێتەوە، دەبێت ئە و کادرانەش تەکنۆکرات و پڕۆفیشناڵ بن و لێهاتوویی و پسپۆڕییان بەرزبێت ، وە نابێت هەرگیزاو هەرگیز ئەو پلەو پۆستانە بە هەڵسوڕاوەکانی خۆیان پڕ بکرێتەوە ، مەگەر زۆر لێوەشاوەو شارەزابن ، چونکە ئەمە یەکێك بووە لەو دروشمانەی کە بزوتنەوەکە هەر لە سەرەتاوە هەوادارەکانی خۆی پێ گۆش کردووە، وەهەروەها ئەو وەزیرانەی کە بەر بزوتنەوەی گۆڕان دەکەون دەبێت دەسڵاتەکانیان شۆڕ بکەنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی خوار خۆیان و ئەوانیش بەهەمان شێوە بۆ خوارتر ، واتە دەبێت دەسڵاتەکان پارچە پارچە بکرێن و شێوەی ناوەندی بەڕێوەبردن وەلا بنرێت و ناناوەندێتی لەو دامەزراوانەدا پێگیری لێبکرێت کە بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەیان دەبات، دەبێت ئەو بەرپرس و وەزیرانەی کە ئەم بزوتنەوەیە دایاندەنێت لە پۆستەکانیاندا لەسەر پشکی خۆی ،زۆرترین سەردانی مەیدانییان هەبێت و زۆرترین بەدودا چوون بۆ ئیش و کارەکانیان بکەن و لێپرسراوو وەزیری ئۆفیسی نەبن و پێگیرییەکی تەواویش لە سەرەتاکانی ئابوریانە خەرجکردنی داهاتی بەردەستیان بکەن و ئەو پڕۆژەو دەزگایانەی ئەوان بەڕێوەیان دەبەن دەبێت کەمترین بەفیڕۆدانی نەختینەیی تیادا بەدی بکرێت، بۆ ئەمەش دەبێت مەرجێك لە گەڵ ئەو لایەنە ، یان ئەولایەنانەی تردا کە گۆڕان حکومەتی لەگەڵ پێکدێنێت هەبێت ، کە ئەو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییانەی گۆڕان بەڕێوەیان دەبات سەرجەمی ستافەکانیان لە لایەن خودی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دابنرێت ! هەتا بوار بۆهیچ هەڵێك نەهێڵدرێتەوە بۆ ئیفلیج کردن و سانسۆرو ئاستەنگ خستنە پێش ڕایی کردنی کاروبارەکانیان لەو دەزگایانەدا، هەتا ئەو نمونە خوازراوو پوختە نیشانی جەماوەری کوردستان بدرێت کە دەکرێت هەموو دەزگاکانی وڵات سستماتیك و بلانڕێژکراوبن و ئەو ئامانجانە بەدی بهێنن کە لە بنچینەدا بۆی دامەزراون کە ئەویش ڕاژەگوزاری و ڕاژەی گشتییە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان ، دەبێت ئەو دەزگاو وەزارەتانەی کە گۆڕان بەڕێوەیان دەبات سیستمێکی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن و چیتر هاوڵاتیان دوای ئیش و کارێکی بچوك نەکەون کە بە مانگ پێوەی سەرقاڵ ببن ، واتە دەبێت لە جێگەی ڕۆتین و بێنەوبەرەی زۆر، سیستمی یەك پەنجەرەیی پەیڕەو بکرێت و ئەو هەموو ڕۆتیناتی هاتوو ڕٶشتووەی فەرمانگەکان هەڵبگیردرێت ئیتر ژوری دۆسییە زۆرەکان کە تەپۆتۆزی زەمانەیان بەسەرەوە نیشتووە بگۆڕدرێت بۆ فۆڵدەری ناو کۆمپیوتەرەکان و لە جیاتی چەند ڕۆژێك گەڕانی فەرمانبەرێك بۆ دۆزیەوەی دۆسێیەکی کۆن بە یەك کلیکی لاپتۆپەکەی بەردەستی ئەو کارە کورت بکاتەوە ، دەبێت گۆڕان داوای هەندێك لە پۆستە سیادییەکان و دەزگای چاودێری و دارایی و هەندێك لیژنەی کاراو گرنگی ناو پەڕلەمان بکات ، هەڵبەتە ئەمەش بەپێی ژمارەی ئەو کورسیانە دەبێت کە بەدەستی هێناون ، دەبێت گۆڕان زۆر بە توندی سزای ئەو کاربەدەست و فەرمانبەرە باڵایانە بدات کە ئەو دایاندەنێت و بە هیچ شێوەیەك سازش نەکات بەرامبەریان و چاو لە کەموکورتی هیچ کامیان نەپۆشێت و پێش ئەوەی لەو جێگایانەشدا دایانبنێ سامان و داهات و ڕیتم و ستایڵی ژیانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات وپاش تەواو بوونی ئەرکە پێ سپێردراوەکەشیان جارێکی تر سێرچێکی داهات و سامانیان بۆ بکرێتەوەو سەرەتای (ئا ئەمەت لە کوێ بوو) یان بە سەردا بسەپێندرێت ، بۆ ئەوی نیشانی خەڵکی بدرێت کە چۆن چۆنی پێشتر وڵات بەڕێوە براوەو لەوەو دوا چۆن بەڕێوە دەبرێت.

دەبێت وەرگرتنی هەموو پۆست و مەقامێكی حکومی لە لایەن هەرکەسەوە بێت ، لە لایەن کۆمیتەیەکی پسپۆڕی تایبەتمەندی ئەکادیمییەوە درابێ ، ئەویش بە پێی چەند پێوەرو ڕێسایەکی دیاریکراو.

نابێت بە هیچ جۆرێك مەحسوبیەت و مەنسوبیەت ببینرێت و لێپرسراوو بەر پرس کەس و کارو قەوم و قیلەی خۆی لەدەوری پۆستەکەی خربکات و بیکات بە سەرچاوەی هەژموون و هێز بۆ خۆی .

دەبێت ئەمانەو چەندان کاری گرنگی تر ئەرکی داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان بێت بۆئەوەی چۆن لە خەباتی ئۆپۆزسیۆن بووندا سەرکەوتوو بوو ئاواش لە ئەزموونی دەسڵاتداریدا سەربکەوێت ، لادان و ترازان لەو خاڵانەی باسمان کرد پوکانەوەی گۆڕان و پرۆسەی گۆڕانکاری بەدواوە دەبێت لە کوردستاندا ، کە ئەوەش نەخوازراوو نیگەرانکارەو کاژاوەی پێشکەوتنی وڵاتەکامان چەندین دەیە دوا دەخات لە کاروانی پێشکەوتنی جیهانیدا .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە