کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەبێت دوای ئاشتبونەوەی کوردو تورك لە قەندیل چی لێبکرێت؟

Tuesday, 14/05/2013, 12:00







قەندیل قەڵا سەختەکەی بەرگری، قەندیل لانکی دروست بونی دەوڵەتی ماد ، قەندیل هێمای بەرخودان و خۆسەری، قەندیل وڵاتی کوێستانی کورد، قەندیل سروشتی بەهەشتیی کوردستان، دەمێ ساڵە ڕۆڵەکانی لە جوانی و دڵگیریی و ڕازاوەیی بێ بەش کراون بە هۆی ئەو کوشتارە بەردەوامەی کە چەندان ساڵە بوە بە چارەنوسی ئێمەی بەش مەینەت و چەوساوە ،ئە گەر جارێك سەردانی ئەم سروشتە دڵگیرە بکەیت و بە چاوێکی کراوەوەو بە بیرێکی ئابوریناسانەوە ڕامێنیتە جوانی دیمەن و سروشتی چیاو تاڤگەی بەفراوو گوڵی چیایی و تۆبۆگرافیایی دڵگیرو بەیەکاچونی چیاکان و لوتکەی بەفرین و نزارو ڕەوەزی سەخت و ڕوپۆشی ڕووەکی چڕو فێنکی کەش و هەواو پاکی و ڕازاوەیی سروشتی، بۆت دەردەکەوێت کە کوردستان لە چی دەرامەتێکی ئابوری بێبەشکراوە چەندین ساڵە! ئەگەر بێت و ئاشتی نێوان کوردو تورك بەردەوام ببێت و کۆماری تورکیا ویستە ڕەواکانی کورد بەدیبهێنێت و بۆردومانی فڕۆکەکانی سەر قەندیل نەمێنێت ، حکومەتی باشوری کوردستان دەتوانێت بەهەماهەنگی لە گەڵ کەجەکەدا ئەم ناوچەیە بکەن بە مەڵبەندێکی فراونی گەشتیاری چوار وەرزی کە لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکەدا تاك بێت ، بەهۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە بەفرێکی زۆری تیا دەبارێت ، دەتوانرێت کەڵکی لێوەر بگیرێت بۆ گەشتیاری زستانە و چەندین مۆتێل و هۆتیل و ڕیستۆرانت و هتد... تێدا دروست بکرێت کە ببێت بە هۆکاری جۆراو جۆر کردنی سەرچاوەکانی داهاتی بودجەی کوردستان ، هەروەها لە وەرزی هاویندا بە هۆی فێنکی ئاوو هەوای ئەم جێگەوە دەکرێت سودی تەواوی لێ ببینرێت کە وەك هەوارگەیەکی نیشتیمانی لێ بکرێت ، ئەمەش بە نەخشەو پلانی وردو ستراتیجی دەکرێت بۆ ئەمەش دەبێت حکومەتی باشور هەر لەگەڵ بەرقەرار بونی ئاشتی نێوان کوردو تورك و دڵنیا بون لە نیازخاوێنی کۆماری تورکیا ، کتو پڕ دەستبکات بە دامەزراندنی پڕۆژەکانی ژێرخان وەکو پردو ڕێگاو ڕاکێشانی هێڵی کارەباو دروستکردنی بەنداو و لولەکێشی ئاوو هتد .. کە ئەمانە لە پێداویستییە بنچینەییەکانی بە گەشتیاری کردنی هەر وڵاتێکن ، ئەمە وێڕای پێویست بونی سیاسەتێکی پڕ لە دانایی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ زەوی و سروشتی ڕازاوەی ئەم ناوچەیەدا لەڕوی ئیفرازی زەوی بۆ پڕۆژە گەشتیارییەکان و شێوازی دابەشکردنیان و شێوازی فرۆشتنیان و تا دوایی هەتا بە دەردی شوێنە گەشتیارییەکانی تری کوردستانی لێ نەیەت کە بەرپرسان لە سەر خۆیان و چواردەوری خۆیان تاپۆی بکەن و چوار دەوری بە تێلی دڕکاوی بگرن و ڕوخساری گەشتیاری بونی تیا نەهێڵن .

دواجار پێویستە حکومەت بۆ قۆناغی دواتر لە ڕێگەی میدیاکانەوە بانگەشەیەکی چڕو پڕی بۆ بکات هەتا دانیشتوانی عێراق و ناوچەکەشی پێ ئاشنا ببێ ، ئەوسا دەبینی قەندیلی سەرکەش چۆن چۆنی لە مەیدانی نەبەزین و جوامێری و وڵاتپارێزی و داکۆکی کردن لە ناسنامەو ئابڕوی گەلێکی ٤٠٠٠٠٠٠٠چل ملیۆن کەسییەوە دە گۆڕێت بۆ مەیدانێکی گەشتیاری و سەری بەرزی کوردان بەرزترو شوناسی سپی قەندیل سپیترو ئابوری کوردستان بەهێزتر دەکات ، بۆ ئەمەش کوردستان دەبێت شوێن پێکانی مالزیاو لوبنان و تورکیا هەڵبگرێت لە بەگەشتیاری کردنی قەندیلدا ، لێرەشدا دەتوانرێت سودێکی تری سەربار لە قەندیل ببینرێت بەو پێیەی مەڵبەندی دامەزراندنی یەکەم شارستانێت و ئیمپراتۆریەتی با پیرانی کوردە ، وە هەروەها بنکەی سەرەتایی و لانکی یەکەمی زۆر لە شۆڕشەکانی کوردستانیشە دەتوانرێت ئەم دو خەسڵەتەی دوایەشی وەك دو کایەی تری گەشتیاری لە بەرچاو بگیرێت ، چونکە دەبێتە مایەی سەرنجی زۆر لە خەڵکی بەدەر لە لایەنی گەشتیاری تەرفیهی بەڵکە خەڵکانێكی زۆر بۆ مەبەستی گەشتیاری شوێنەواری سەردانی دەکەن ، بۆ ئەمەش دەبێت حکومەتی باشور هەر لە ئێستاوە لە بیری سازدانی فێستیڤاڵی نەتەوەیی کورد دا بێت لە ناوچەی قەندیل و بایەخێکی زۆری پێبدات هەتا بیکاتە ناوەندێك بۆ کۆکردنەوەی کوردانی کوردستانی پارچەکراو، کە ئەمەش دوبارە لە خزمەتی زیاتر گەشتیاری کردنی قەندیلدا دەبێت ، وە هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێم ئاوڕێکی جدی لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو دەڤەرە بداتەوەو یارمەتی خاوەن هەنگەڵانەکان بدات و کارگەی لە قتونانی هەنگوین لەوێ دابمەزرێنێ، وەهەروەها کۆلێجێکی گەشتیاریش ببرێتە ئەوێ باشترە بۆ بڵاو کردنەوەی ڕوناکبیری گەشتیاری لە بناری قەندیلدا.

هەمو ئەو شتانەی باسمان کرد یارمەتیدەرێکی باش دەبن بۆ گەشەی ئابوری کوردستان و چونە ناو نەخشەی شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان و بە زیندویی هێشتنەوەی سەروەرییەکانی قەندیل نشینان



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە