ئابوری نەوتی و ئابوری زانیاری
Tuesday, 11/03/2014, 12:00
لە ڕاستیدا تا ئێستا زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ئابورییەکانیانداپشت دەبەستن بە ناردنەدەرەوەی نەوت بە شێوەی خاو بۆ دەرەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهات ، وێڕای ئەمەش پێشبڕکێیەکی گەرمیش هەیە لە دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی نوێ و ئەڵتەرناتیڤ و نوێبوەوەودا وەکو : فراونبونی بەکارهێنانی وزەی ناوەکی بە مەبەستی ئاشتی (شارستانی) وە هەروەها پێشخستنی خانەکانی سوتەمەنی بۆ ئەوەی زۆرترین چالاکی هەبێت و کەمترین تێچونی هەبێت ، ئەمە سەرەڕای ئاراستەگرتن ڕووەو وەگەڕخستنی وزەی خۆرو وزەی باو وزەی ئاوو وە هەروەها وزەی گەرمی زەوی ، وێڕای سەرچاوەکانی تری وزەی بەردەست وەکو: وزەی زیندو(الگاقە الحیویە) .
لە ڕستیدا بەکارهێنانی وزەی ئەلەکتریك بۆ وەگەڕخستنی ئامرازەکانی هاتوچون و گواستنەوە بووە بە ڕاستییەکی هەستپێکراوو بەرجەستە ، کێبڕکێ لە سەر بەرهەمهێنانی ئەو ئامرازانەی گواستنەوە کە بە ئەلەکتریك کار دەکەن زۆر پەرەی سەندووە .
بەڵێ نەوت سەرچاوەی سەرەکی وزەیەو زۆربەی دەوڵەتانی جیهان پشتی پێ دەبەستن وەکو: وزەیەك بۆ جوڵاندنی ئامرازەکانی گواستنەوەو هاتوچون ، وە زۆربەی بەکارهێنانەکانی نەوتیش وەکو: سوتەمەنی بۆ ئەو مەبەستە بەکاردێت، بەڵام بەهۆی بەرهەمهێنانی زۆری نەوت و بەکارهێنانی خراپی نەوتەوە نەوت هەر تەواو دەبێت درەنگ یان زوو.
ئەم بابەتە وای کردووە هەندیك دەوڵەت هەستن بە بەکارهێنانی ئەو دەسکەوتانەی لە ئەنجامی مامەڵەکردن بە دەرامەتی نەوتەوە هاتۆتە دەستیان لە دۆزینەوەی سەرچاوەی نوی و نوێبۆوەدا کە پشتبەستە بە زانیاری (معریفە) ئەم هەستکردنەش بە هۆی هۆشیار بوونەوەی زۆریك لە دەوڵەتانەوە پەرەی سەندووە ، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەنی دەرامەتێکی ئابوری پێویست نین ، بەڵام خاوەنی جیهانبینییەکی روون و ئاراستەکردنێکی عەقڵانی و سامانێکی مرۆیی چالاکن وە هەروەها قانونی بەهێزی ئابوری و سیستمێکی ئابوری هاوچەرخیان هەیە ، ئەمەش وایکردووە ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەنی دەرامەتێکی ئابوری سنوردارن هەر یەکەیان ببن بە هێزێکی ئابوری تۆکمەو بەهێز وەکو: دەوڵەتەکانی(ژاپۆن - تایوان - سەنگافورە - ئیسرائیل) ئەمەش بەهۆی پشتبەستنیانە بە ئابوری زانیاری.
نەوت لە هەر سوتەمەنییەکی تر بە بەهاترو گرنگترە وەك وزە لەبەر ئەوە پێویستە ئەم سامانە کاری زۆری لە سەر بکرێت بە درێژایی تەمەنی ، ئەمەش لە میانەی دروستکردنی پیشەسازی نەوتی و گۆڕینییەوە دەبێت بۆ شمەك و بەرهەمی پیشەسازی جۆراو جۆر بە شێوەیەکی پێبەپێ و کە بگونجێت لە گەڵ خێرایی گۆڕانکارییە بینراوەکاندا بە ئاراستەی تێر بوون لێی وەك سوتەمەنی .
ئەمە وێڕای ئەوەی دروستکردنی شمەك و بەرهەمی جۆراو جۆر لە نەوت ئەبێتە هۆی بەدەستهێنانی سودێکی زۆر بە بەکاربردنی بڕێکی کەم لێی.
هەر ئەمەش نا ! بەڵکو بە پیشەسازی کردنی نەوت دەبێتە هۆی دامەزراندنی کۆمەڵگەی پیشەسازی و کردنەوەی هەلی کارکردن ، ئەمەش دەبێتەهۆی زیاد بوونی داهات و دامەزراندنی بونیادی زانیاری کە بە بناغەی ئابوری وەستاو لە سەر زانیاری دادەنرێت بە هەردوو باڵەکەیەوە (بە پیشەسازیکردنی نەوت و دامەزراندنی ئابوری زانیاری) ئەمەش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ئاسایشی داهات و جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی و گەورەکردنی داهات .
هەروەها تا ئێستا زۆربەی ئابوریەکانی جیهان پشت دەبەستن بە سیستمی کشتوکاڵی و سیستمی پیشەسازی لە دروستکردنی داهاتدا ، لەبەرئەمە جێگەی حەپەسان نییە کە زۆرینەی ئابوریناسان و شارەزایانی ئابوری ژیانی کرداری خۆیانیان بەڕێکردووە لە دانانی بیردۆزەکاندا لە سەر ئامرازە جاڕسکەرە کانی دروستکردنی سامان ، بەڵام لەم ماوەی کۆتایدا ڕکابەرێکی سەرسەخت هاتە گۆڕەپانەکەوە بۆ ڕکابەرایەتیکردنی کشتوکاڵکردن و پیشەسازی وەکو ئامرازی دروستکردنی سامان ، کە ئەویش دادەنرێت بە سیستمی سێیەم .
ئەم سیستمە لە دروستکردنی ساماندا پشت دەبەستێت بە ئامرازی زانیاری ، ئەم سیستمە پەلوپۆی هاویشتو لقی لێبویەوە و هەژمونی پەیدا کرد لە سەر زۆریك لە ئاراستەکانی ئابوری .
ئەم سیستمە ناوی جیاوازی لێنرا وەکو:(ئابوری زانیاری، ئابوری نوێ، ئابوری دوای پیشەسازی، ئابوری تەکنەلۆژیای ژمارەیی ، بازرگانی ئەلیکترۆنی) هتد......
وە زۆرێکی تریش لەم چەشنە زاراوانەی کە جیهانی نوێ بەکاریان دەهێنن .
لە بەر ئەوە چەمکی ئابوری زانیاری واتا بەدەستهێنانی گەورەترین بڕ لە زێدە بەها ، وە ئەمە بە ڕۆڵی خۆی واتە زانیاری پێکهاتەیەکی سەرەکی دەبێت لە چالاکی بەرهەمهێنان و بازاڕ گیریدا ، وە گەشەکردن زیاد دەبێت بە زیاد بوونی زانیاری .
ئەم شۆڕشە (شۆڕشی زانیاری) گۆڕانکارییەکی قوڵی هێنا بەسەر پەیوەندی مرۆڤ لە گەڵ کات و شوێندا !؟
ئەم شۆڕشە شارەزایانی ئابوری پاسەوانی وەستاند لە هەڵوێستە جیاوازەکانیاندا بەرامبەر بە ئەم هاتووە نوێیە (سیستمی سێیەم ، ئابوری مەعریفە) هەندێکیان لاساری گرنگییەکەیان دەکرد وە وا کاریان دەکرد وەکو: ئەم سیستمە بونی نەبێت !
ئەمەش وایکرد هەندێك دەوڵەت ئەم سیستمە بپشکنێت بە ئامرازی نە گونجاو ، ئەمەش نیشانەی هەست نە کردنێکی تەواو بوو بەو بارودۆخ و گۆڕانکارییانەی کە یاوەری ئەم سیستمە بوون و لێیەوە سەرچاوەیان دەگرت.
وە هۆکاری هەڵنەکردن لە گەڵ سیستمی سێیەمدا لە دروستکردنی ساماندا دەگەڕێتەوە بۆ خودی سروشتی زانیاری ، لە بەر ئەوە زانیاری شتێکی بەرجەستە نییە و هەوڵەکان بۆ پێناسەکردنی بە ئەندازەیەك گران و ئاڵۆزە دەروازەیەك بۆ لێتێگەشتنی ناهێڵێتەوە تەنها بۆ ئەوانە نەبێت لە گرنگی زانیاری تێدەگەن .
لەم ڕوانگەوە پێویستە پێناسەیەکی کرداری هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی سوسەکردن(الادراك) و تێگەشتن بدات ، بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات کە چۆن کاریگەری گۆڕانکاریەکانی زانیاری ئەمڕۆ لە دروستکردنی سامانی ئایندەدا ڕەنگدەداتەوە بزانین.
وە هەروەها گرنگترین ئەو ڕاستیانەی کە زانیاری پێ جیا دەکرێتەوە(دەناسرێتەوە) ئەمانەن:-
زانیاری ، کەم ناکات بە زیاد بەکارهێنانی ، بەڵکو زیاد دەکات و ڕەگ دادەکوتێ بە زیاد بەکارهێنانی.
زانیاری، بەرجەستە نییە هەروەکو نابەرجەستەش نییە ، بەڵام دەتوانرێت کاری پێبکرێت.
زانیاری ، تەنها ڕستەو هێڵەکانی نوسین نییە، بەڵکو دەتوانین ئاماژە بدەین بە بیرۆکەیەکی بچوك و دەرئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکەی کە لێی کەوتەوە بۆ وێنە لە دروستکردنی کۆمپانیاکانی (yahoo federal express)دا ئەمە بەڕوونی دەرکەوت.
زانیاری، پەیوەستە بە پەیوەندییەکانەوە ئەمە واتە زانیاری پرۆسسێکی تەواوکارییە ، ناگونجێ هەر یەکە لە بەشەکانی زانیاری واتابەخش بن ، بەڵام ئەگەر دانران لە سیاقێکی یەکانگیردا دەبێتە هۆی ئەوەی واتا بەخش بێت.
زانیاری، شیاوی گواستنەوەیە زیاتر لە هەر بەرهەمێکی دیکە.
زانیاری، دەتوانرێت بپەسێونرێتە نێو هێماکان یان خەپلەکانەوە(c.d).
زانیاری، دەکرێت شاراوە یان ئاشکرا بێت .
گرانە زانیاری بەند بکرێت لەبەر ئەوە ئاسان بڵاو دەبێتەوە.
زۆر کات دەگمەنی زانیاری دۆزراوەو شێوازی پراکتیزەکردنی و دەرئەنجامەکانی لە پشت بەرزکردنەوەی بەهاکەیەتی.
وە هەروەها هەر ئەمەیە کە هانی ئەوە دەدات کە ناو دەبرێت بە سیخوڕی کردنی زانیاری و دزینی زانیاری کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی زانیاری پێ جیادەکرێتەوە ، وە هەرئەمەشە کە هانی کێبڕکێ و گەڕانێکی باش دەدات لە میانەی لێکۆڵینەوەو گەشەپێدان و داهێنان و توێژینەوەو پەیپێبردنەوە .
لە گەڵ ئەوەدا کە سەرەتاکانی ئابوری زانیاری زیاتر لە نیو سەدەیە ناسراوە ، بەڵام ئابوری زانیاری بەم شێوەیەی ئێستای وە بەم کاریگەرییە هەستپێکراوەیەی ئێستایەوە بەرجەستە نەبوو لە دوو دەیەی ڕابردوودا نەبێت بە شێوەیەکی زۆر ڕوون.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئێمەی کوردستانی و عێراقی تەنها کەمێك نەبێت نازانین لە سەر زانیاری ، بەڵام لە گەڵ ئەوەدا ئەم زانیارییە نەوتی ئایندەیە ، وە بەڵکو لە نەوتیش گرنگترە بە هۆی تایبەتمەندیەکانییەوە وەکو: ئاسانی بەرهەمهێنانی و کەڵەکە کردنی پێگەشتنی .
وەهەروەها بە هۆی ئەوەی کە زانیاری بە زیاد بەکارهێنانی کەم ناکات ، بەڵکو زیاتر دەبێت وە کەڵەکە دەکات ، بەمەش ئەم نەوتە نابەرجەستەیە (زانیاری) لە نەوتە ئاساییەکە جیا دەکرێتەوە.
وە ئێمە ناتوانین بزانین وە ناتوانین دیاری بکەین لە ئێستادا یەدەگی زانیاری چەندە و لە داهاتوشدا چەند دەبێت!یان چۆن زانیاری بە پێی پێویستیمان پێی بڕەکەی دەگۆڕێت یان بەهاکەی چەند دەبێت ؟ هیچ کام لە ئەمانە نازانرێت.
زانیاری ئەمڕۆمان دادەنرێت بە یەکێك لە بنچینە قوڵەکان لە دروستکردنی ئابوری زانیاریدا وە هەروەها لە دروستکردنی سامانی شۆڕشی زانیاریدا.
وە هەروەها دادەنرێت بە خێراترین بونیادی گۆڕان چی لە ئابوریدا، چی لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا .
وە ئەگەر بمانەوێت بەراوردێکی دیکە بکەین لە نێوان ئابوری نەوت و ئابوری زانیاریدا، دەبینین لە ئابوری نەوتدا ڕێگەکانی دەرهێنانی نەوت و کۆگاکردنی و گواستنەوەی گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هاتووە لەو ماوەیەدا کە تێپەڕیوە بەسەر دۆزینەوەی نەوتدا وەكو هێزێکی جوڵێنەر بۆ ئابوری جیهانی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ،بەڵام لە بەرامبەردا دەبینین دەزگاکانی وەکو کۆمپیوتەرو مانگە دەسکردەکان و مۆبایل و ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای ژمارەیی هتد..... هەموو جیهانی داگیر کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم تەکنەلۆژیایە گەشە دەکات بە شێوەیەکی خێرا لە شێوەی نەوەی یەك لە دوای یەکدا لە ماوەیەکی زەمەنی زۆر کورتدا.
وەخەڵکێکی زۆر لە کڕینی نەوە نوێیەکانی ئەم تەکنەلۆژیایانەدا لە پێشبڕکێدان ، ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی داهاتی ئەم بوارە زۆر بێت و فرۆشی بێ ئەندازە زیاد بکات ، ئەمەش وایکردووە ئەم شۆڕشی زانیارییە کاریگەرییەکی گەورە هە بێت لە پێکهێنانی شێوازی ژیانی سەردەمدا و ئەولەویاتی پێداویستییەکانی خەڵکی لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بە کۆمەڵگە بەکاربەرو بەرهەمهێنەکانیشەوە نەوەکانی ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە بن .
ئابوری پشت بەستوو بە ئابوری زانیاری ئابورییەکی نوێ بۆوەیە ، لە گەڵ هەموو گزنگێکی بەیانیاندا ئەم نوێبونەوەیە هەست پێدەکرێت ، ئەمە وێڕای ئەوەی بە هۆیەوە گۆڕانکاری ڕوویداوە لە شێوازەکانی کارگێڕی و بازاڕگیریدا،ئەمەش وا دەکات ئابوری زانیاری پێویستی بە بڕیاردانی خێراو زیرەکانە هەبێت لەبەرئەوەی بارودۆخی ئابوری زانیاری زۆر ئاڵۆزە.
لە گەڵ ئەو هەموو توێژینەوەو شیکاری و لێکۆڵینەوانەدا کە لە دەوری ئابوری زانیاری دەسوڕێنەوە، بەڵام تا ئێستا کاریگەرییەکانی زانیاری لە دروستکردنی ساماندا مافی خۆی پێنەدراوە نە لە ڕابردوو نە لە ئێستادا ، وە ئەم گرنگی و سودانەی ئابوری زانیاری دەرنەکەوتووە بۆ دروستکەرانی بڕیارو سەرکردە باڵاکانی زۆرێك لە دەوڵەتان بە تایبەتی دەوڵەتانی تازە پێگەشتوو.
بۆیە دەبێت بیرێك لە وڵاتەکەمان و ئەو قۆناغە بکەینەوە کە نەوت کەم دەکات تیایدا یان ئەڵتەر ناتیڤی بۆ دەدۆزرێتەوە یان بەهۆی دابەزینی خواست لەسەری نرخی زۆر دادەبەزێت، بۆیە دەبێت ئێمە وەکو دەوڵەتی عێراق دەبێت زۆر مکوڕ بین لە سەر پرسی گۆڕینی ئابوری نەوتی بۆ ئابوری زانیاری ، چونکە ئێمە خاوەنی سامانێکی مرۆیی زۆرین و دەوڵەمەندین بە توانا مرۆییە جۆراو جۆرەکان ، بۆیە دەتوانین تۆوی ئابوری زانیاری ، ئابوری شوێنگرەوەی باڵا لە نیشتیمانی عێراقماندا بڕوێنین ، بۆ ئەمەش پێویستمان بە چاو گێڕانەوەیەك دەبێت بە سیستمی داوو دەزگاکانماندا بە تایبەتیتر داوو دەزگا فێرکاری و پەروەردەییەکان ، لە بەر ئەوەی ئەم داوو دەزگایانە گشتی بن یاخود تایبەتی ئەو کێڵگانەن کە تۆوی زانیاری تیادا دەڕوێنرێت وە ئەوانن کە بەڕێوەبەری وەبەرهێنانن لە سەرمایەی مرۆیدا و کۆڵەکەی سەرەکی سەراپای چالاکییەکان و بزوێنەری مرۆیی نوێن ئەمەش ئەوەیە کە ئابوریناس (ئەلفرێد مارشاڵ) جەختی لە سەر کردۆتەوە کە دەڵێت)) گرنگی وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆییدایە)) بە گوزارشتێکی تر وەبەرهێنانێکی نیشتیمانییەو دادەنرێت بە باشترین جۆرەکانی سەرمایەی بەها، لەبەر ئەمەشە سەرمایەی مرۆیی کلیلی پێشکەوتنی سەرجەم گەلانی جیهانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست