پیاوی بچوك
Sunday, 18/05/2014, 12:00
هەردەم لە پێناو دەستخستنی دەسڵاتێکی ناوچەیی بەرتەسك و چەردەیەك دراو و هەندێك خۆشگوزەرانی سنورداری کاتیدا ئامادەیە باوەڕ و هەڵوێست و جوامێری بدۆڕێنێت و خۆی داڕنێت لە متمانەو مەردایەتی، ئامادەیە سەری بەرزی مرۆڤانەی کەچ بکات لە پێناو گەشتنیدا بە هەندێك دەستکەوت و بەرکەوتی ماددیدا کە مافی خەڵکانێکی کەن و لە ئەنجامی حەلقە لە گوێکردنی ئەمدا پێیدراوە، پیاوی بچوك هەمو شتێك لە جوغزی ماددیدا دەبینێت و پێی وایە سامان و دارایی ، ئەرتەش و پاسەوان ، ئافرەت و خۆراك ، ڤێلا و کۆمپانیا هتد ..... دەبنە هۆی بڵند بون و گەورە بونی ئینسان ، بێئاگا لەوەی مرۆڤە بەرزەکان شاسوارەکانی جیهان ، سەرکردەو ناودارەکان هەتا دوایی هیچیان لەم سۆنگەوە نەگەشتونەتە ئاسمانی درەوشانەوەی هەمیشەیی، پیاوی بچوك ناتوانێت گوێ لە هەژارانی وڵات بگرێت و ناتوانێت لە گەڕەکی هەژارنشیندا لە تەنیشت ڕەنجدەرانی بیرو بازووەوە دانیشێت ، پەست و بێزارە لە بازاڕی گەلەری و لە تێکەڵی خەڵکانی سادە، هەمیشە ژیانی دراما ئاسا نیشاندەدات و پارادۆکس و دو ڕەهەندی سەراپای ژیانی تەنیوە، پیاوی بچوك بایەخێکی زۆر بە بابەتی ڕوخسار دەدات و ناوەڕۆك و گەوهەر لەلای کەم بایەخ و بێ ئەرزشە، ئافرەت و بادە گەشت و گەڕان مۆدێل و باڵەخانە لای ئەو ئاواتی یەکەمینە ، پیاوی بچوك ئامادەیە بۆ گەشتن بە هەندێك نازو نیعمەتی دنیایی سەراپای وڵات بدۆڕێنێت ، زۆر حەزی بە بیستنی پەسن و سەناو پیاهەڵگوتنی خۆیەتی لە لایەن کۆیلەکانی ئاستی دووەمەوە، پیاوی بچوك کۆیلەی سەردەمی ئازادی و کرانەوەو بوێرییە، هەمو شتێکی کردووەتە قوربانی ناوبانگ و ماددەو خۆشگوزەرانی جەستەیی، بەڵام هەمیشە نا دڵنیاو نا ئارام و شڵەژاوو ڕاڕایە ، زۆر لە دەستدانی پێگەی کۆیلایەتی دەترسێت و لە فەزای ئازادی و تیشکی ڕوناکی و ڕەهایی و سەربەستی جاڕس و پەست و نیگەرانە ، پیاوی بچوك گوناهەو جێگەی بەزەییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست