چی لە سەردانەکەی نەوشیروان مستەفادا خوێنرایەوە
Wednesday, 27/11/2013, 12:00
ئەم سەردانەی ئەم دوایەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ لای سەرۆکی پارتی زۆری لەسەر نوسراو زۆریش لێکدانەوەی جیاجیای بۆکرا، بەڵام بەندە دەخوازم تیشکێکی تر بخەمە سەر ئەو تێچێن و ڕایانەو لە سۆنگەیەکی نوێوە هەندی مەدلول و حەقیقەت بخەمەڕو کە نەوشیروان مستەفا لە سەراپای سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی تری کوردستان جیا دەکاتەوە، ئەم مرۆڤە سادەو مەزنە سەردەمانێك ڕێبەرو سەرکردەی باڵێکی هەرە بەهێزو کاریگەری ناو شۆڕشی نوێی باشوری کوردستان بوە ، کە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانە کە هەمومان دەزانین ڕۆڵ و نەقش و کاریگەری ئەو ڕەوتە تا چی ئەندازەیەک بەسەر شانۆی ڕوداوەکانی ئەو سەردەمانەوە دیار بوە، ئەم مرۆڤە کارگێڕی دەیان و سەدان قەیران و هەرەسی داوەو ڕاستەوخۆ پەنجەی لەگەڵ پێشهات و ڕوداوە تاڵ و ترشەکانی کوردستاندا نەرم کردوە و ڕێبەرایەتی و نەخشەڕێژی دەیان داستان و نەبەردی کردوە بە ڕاپەڕینیشەوە ، بەڵام ترسی لە گیانی خۆی نییەو میللەتەکەی خۆی بە دوژنی خۆی ناناسێت و پێویستی بە پاسەوان و یاساوڵ نییە هەتا لە هەڕەشەی دوژمنەکانی بیپارێزێت ، لەم سەردانەیدا بۆ مەسیف سەلاحەدینی گەشتیاری ویستی ئەو پەیامە بدا بە گوێی هاونیشتیمانیانی کوردستان و نەیارە سیاسییەکانیدا، ئەوەیە جیاوازی نێوان ئەوو ئەوان، کە ئەگەر چی ئەو لە هەمو سەرکردەیەکی تری سیاسی کوردستان پەنجەی بەسەر ڕوداوەکانەوە دیارەو ڕۆڵی لە هێنانەدی ئەم دیفاکتۆیەی باشورەدا لە بەرچاوە ، بەڵام چونکە بەمو لە پڕەنسیپ و باوەڕی کوردانەی لای نەداوەو هیچ حەساسێتێکی تایبەتی لەگەڵ هیچ گروپ و دەستەو تاقمێکدا نەبوەو نابێ کە وەك خۆی دەیان جار دەپاتیکردۆتەوە، بە پێویستی نازانێت مەوکیبێك سەیارەی جامتاریکی گولەنەبڕ دوای خۆی بخات و کیسرا ئاسا عەرش و دەسڵاتی خۆی نیشانی خەڵکی بدات ، کە بە بڕوای من ئەوە ترۆپکی ڕەسەنایەتی و سادەیی و بێگەردییە ، ڕەفتاری سەرکردەیەکی تەژییە بە باوەڕو ئیدیا ، هەر ئەم سادەیی و خاکێتییەیەتی کەمەندکێشی گەنجان و ئەدیبان و نوسەران و دڵسۆزانی کردوە بۆلای ئە و گردەی کە بوە بە قەڵای سەختی ڕوبەڕو بونەوە لە گەڵ ئەو خوە خراپانەدا کە مێژو ڕابردو و خەباتی زۆرێك لەوانی تری شێواندووەو خستونێتیە بەردەم نیشانەیەکی پرسیاری گەورەوە، ئەمە پەیامێك بو بۆ ئەوانەی گومانیان لە جیاوازی نەوشیروان مستەفا هەبو ، کە پێیان وا بو هیچ شتێك نی یە ئەو لە ئەوانی تری سەرکردە جیا بکاتەوە ، بەڵێ ئێستا بینیتان کە ئەو جیاوازو نایابە ، ئەو ڕێکخەری یەکێك لە گەورەترین جوڵانەوە سیاسییەکانی نیشتیمانە بەڵام بێ ترس و بێخەم بە دو سەیارەی مۆدێل ٢٠٠٧ ەوە سەفەری خۆی دەکات و میللەتەکەی بە مایەی ترس بۆ سەر ژیانی نا ناسێت ، فەرمون ئەوانەی خۆتان بە سەرکردەی کاریگەرو ڕاستەقینەو خۆشەویست و بێگەرد دەناسن ، ئەگەر توانیتان مەودای سەد کیلۆمەتر بە بێ سەیارەی جام ڕەش و یاساوڵی بێ شومارو چەکی قورس تێپەڕێنن ، دەتوانن ئیدیعای هاوتایی پاکی و سادەیی نەوشیروان مستەفا بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست