یەکێتی لە نێوان بەرداشی پارتی و گۆڕاندا
Thursday, 09/05/2013, 12:00
لە باشوری کوردستان هێزەکان دابەش بوی سەر دوشێوازی جیاوازن ،شێوازی یەکەم کە شێوازی دەسڵاتدارییەو پارتی ڕێبەرایەتی دەکات شێوازی دوەم شێوازی خەباتی بەرهەڵستکارییەو بزوتنەوەی گۆڕان ڕێبەرایەتی دەکات لەم ناوەندەشدا یەکێتی و وردە هێزەکانی تری ئیسلامی و سیکۆلار شێوازی خەباتی خۆیان بە گوێرەی بەرژەوەندی پارتایەتی و هەندێك جاریش نیشتیمانی ڕێکخستووە، ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە هێزێکی وەك یەکێتی یە کە سەردەمانێکە بە گوێرەی ڕای چاودێران و هەتا کادیرانی باڵای خۆشیان بونەتە پاشکۆی سیاسی و کارگێڕی پارتی و لە چوارچێوەی مۆراڵ و ئەجێنداکانی پارتیدا دەبزوێن بەتایبەتی لەدوای واژۆکردنی ئەوەی ئەوان ناویانناوە ڕێکەوتنی ستراتیجی ، بەمدوایەش کە سکرتێری گشتی یەکێتی بەهۆی ناجێگیرتربونی ڕەوشی سەخلەمییەوە لە وڵاتدا نییە فشارەکانی سەر ئەم هێزە ڕۆژ بەڕۆژ لە تین و تاو سەندندان بەجۆرێکی وەها کە هەندێك جار یەکێتی و سەرانی ڕاجیاوازی ئەم پارتە هەست بە نیگەرانی و ئیحراجی دەکەن ، چونکە کەوتونەتە نێو مەنگەنەیەکی سەختەوە ، یاخود جوانترە بڵێین لە نێوان بەردئاشی گۆڕان و پارتیدان ، لێرەشدا یەکێتی بە گرتنەبەری ڕێگە ڕووەو هەر یەکێکیان زیانی گەورە ی پێدەکەوێت چونکە ئەگەر لایەنی گۆڕان بگرێت و ڕوبکاتە ڕێکەوتنی دەباشان ئەوا دور نییە پارتی سنوری دەسڵات جارێکی دیکە دابەش بکاتەوەو دێگەڵە بکاتەوە بە سنوری سیاسی و کارگێڕی و بەمەش یەکێتی سنوری هەولێرو بادینانی لە دەست دەچێت و جارێکی کەش دۆخی کوردستان دەگەڕێتەوە خاڵی سفر ، چونکە پێشبینی ناکرێت جارێ پارتی دورخستنەوەی لە دەسڵات بە مۆدێلی دیموکراسی قبوڵ بێت و هەرگیز ڕازی نابێت بەو دۆخەی کە یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان زۆرینەی پەڕلەمانی بەدەسبێنن و پارتی لە کورسی دەسڵات دور بخەنەوە ئەمە هەرگیزاو هەرگیز پارتی پەسەندی ناکات و بە بیریشیدا نەهاتووە، هەرچەندە ڕێکەوتنی دەباشانی نێوان جلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و بە نهێنی هێشتنەوەی ئەم ڕێکەوتنەو دورکەوتنەوەی سکرتێری گشتی یەکێتی لە کوردستان و نەبونی زانیاری لەسەر درێژەکێشانی تیمارکردنی ئەمجارەی ئەمەی وەك ئەگەرێکی کراوە هێشتۆتەوە، ئەگەر ئەم ئەگەرەش ببێت بە واقیع و گۆڕان و یەکێتی دوای هەڵبژاردن حکومەتی ئیئتلافی پێکبهێنن ئەگەری دوبارە دابەشکردنەوەی ئاشکرای هەرێمی نزیکە، بەمەش یەکێتی لە هەرێم و لە ناوچە دابڕاوەکانیش زیان دەکات ، چونکە وەك پێشتر وتمان پارتی نفوسی یەکێتی لە هەولێرو دهۆك یاساغ دەکاتەوە ، وە لە ناوچە دابڕاوەکانیشدا ململانێکانی نێوانیان سەخترو ئاڵۆزتر دەکات کە بەمەش ئەگەری گەڕانەوەی ئەو ناچانە موستەحیل دەبێت کە بەناوەندی سەرەکی نفوسی یەکێتی دادەنرێن و بە مەش یەکێتی لە حاڵەتی لەدەستدانی ناوچە دابڕاوەکاندا ئەندازەو قەبارەی بچوك دەبێتەوە بۆ ئاستی کۆمەڵ یان سۆسیالیستی دیموکرات چونکە هەرێمی پارێزگای سلێمانی تاڕادەیەك گۆڕان ئیحتیوای کردووە ، ئەگەریش یەکێتی بەرەی پارتی هەڵبژێرێت و دوی ئاوازی پارتی بکەوێت ئەو کاتە ئەگەری ئینشیقاقێکی تری یەکێتی نزیکە چونکە لەمبارەدا ئەنجومەنی ناوەندو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ڕوبەڕو دەبنەوە لە گەڵ پەلەتیك بیرۆی یەکێتیدا و ئەو پاشکۆیایەتییە پەسەند ناکەن وەك ئێستا مەلامیحەکانی دەرکەوتون بەمەش یەکێتی پەرتەوازە دەبێت و دورنییە سیناریۆیەکی دیکەی جیابونەوە دروست ببێت کە یەکێتی داغان بکات ، چونکە چەترە مەزنەکەی یەکێتی کە مام جلالە ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا ونە هەتا بە سیاسەتی وردی باڵە جیاکانی ئەم پارتە یەکبخات، وە ئەگەر واشمان دانا یەکێتی پەرتەوازە نەبوو بەڵام بە چونە بەرەی پارتییەوە پاشکۆ بونەکەی ئەبەدی دەکات و مەحکومی مێژو دەبێت بەوەی بەشدار دەبێت لە چەسپاندنی مۆدیلێکی سەرۆکایەتیدا کە ئاسۆکانی بەردەم ئازادی و دیمۆکراسی ڕۆژ بەڕۆژ کەمدەکاتەوەو ئەگەری دروستبونی مۆدیلێکی پەڕلەمانی دیموکراتی داوو دەزگایی مەحاڵ دەکات کە یەکێتی و بنکەکەیی و لوتکەکەیی ساڵانێکە بانگەشە بۆ هێنانە کایەی دەکەن ، بۆ یە دەتوانین بڵێین ئەم دۆخەی ئێستا یەکێتی پیایدا دەرباز دەبێت یەکێکە لە هەرە ساتە سەختەکانی مێژوی ئەو هێزە ، هەمومان چاوەڕوانی بیست و پێنجی نۆی دادێ و پێشهاتەکانی دوای ئەوین.
بابان بریزی/ ئابوریناس و لێکۆڵەر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست