کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لێكچونێك لە نێوان (سیدارتا گوتاما و نەوشیروان مستەفا) دا

Tuesday, 10/09/2013, 12:00




زۆرکەمن ئەو کەسانەی لە کاتێکدا لە ترۆپکی دەسڵات و ئیمتیازو دەسکەوت پلەو پایەی دنیایدان ، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و نزیك بوونەوە لە ژیانی هاونیشتیمانیەکانیاندا دەستبەرداری گوزەرانی پادشایانە دەبن و ژیانێکی سادەو ساکار هەڵدەبژێرێن و دواجار ناووناونیشانیان وەك ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە ئاسمانی نەمریدا تا زەمەنێکی زۆر درێژ دەدرەوشێتەوە . بەڵکو هەندێك جار هێندە خۆشەویست و مەزن دەبن لە ناو دەروون دڵی کۆمەڵانی خەڵکیدا دوای خۆشیان ناوو ناوبانگیان پشت بە پشت دەگوێزرێتەوەو ڕێبازەکەیان و شێوازی هەڵبژاردنی گوزەرانیان و هەڵسوکەوتیان دەبێت بە ڕێبازێکی سیاسی_ کۆمەڵایەتی_ هەندێك جار ئاینیش، ئەمەش سەرەنجامی لەخۆبوردەیی و خۆنەویستی و خاکێتی ئەو مرۆڤە مەزنانەن کە خوداوەن بەخشیونی بە زۆرێك لە گەلانی جیهان نمونەی ئەم سەرکردانە زۆرن ، بەڵام ئێمە لە م نوسینەماندا بەراوردێکی سادەو ساکار دەکەین لە نێوان دوو کەسایەتیدا کە ئەوانیش (سیدارتا گوتاما سودتلینن هداما و نوەشیروان مستەفا ئەمین) ە ، ئەم دوو سەرکردەیە هەردوکیان لە خۆنەویستی و لەخۆبوردەیی و قوربانیدان بە خۆیان لە پێناوی گەل و هاو نیشتیمانەکەیاندا لێکچونێکی تەواو هەیە لە نێوانیاندا، چونکە هەردوکیان بەشێوەیەك لە شێوەکان جێنشین و کەسی یەکەمی دوای سەرۆکی هەرێمەکەیان بوون و دەسڵات و پلەوپایەو کۆشك و نازو نیعمەتی دنیایی لە بەردەستیان بوو بەڵام ئەوان ئامانج و خەون و خولیایان نەبەستەوە بە شتگەلی بچوک و کەم بایەخی ماددی و لە پێناو نزیك بوونەوە لە ئازارو ئێشی تاکەکانی میللەتەکەیاندا دەسبەرداری هەموو شت بوون و لە وێستگەیەکی نوێی خۆکردی خەباتدا هەستان بە ئاگاهێنانەوەی خەڵکی ، بۆیە ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا کوڕی پادشا سودتلینن هدما کە ناوی سیدارتا گوتاما بوو دەستبەرداری پلەی جێنشینی پادشایەتی و کۆشك و ژیانی شازادەیی بوو ، وە ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ ڕۆشنکردنەوەی مێشك و تێڕامان ، وە توانی لەم ڕێگەیەوە فێری چۆنیەتی لە ناو بردنی ناپاکییەکان ببێت و دواجار ناوو نازناوی بە هۆی ئەو کارەوە کە ئەنجامی داو ئە و خۆبەخشینەوە کە نواندی بوو بە ئاگاهێنەر (بودا) کە لە (بودی) یەوە وەرگیراوە واتە بە ئاگاهاتنەوە ، چونکە خەڵکان و پادشاکانی ئەو دەمەی بە ئاگا هێنا لە حەقیقەت و ڕاستی ژیان و فێری ژیانێکی ڕاستەقینەی کردن کە هەڵکردنە لە گەڵ ئازارو کۆسپەکانی ژیاندا شان بەشانی چینە هەژارو نەدارەکەی کۆمەڵگە، بۆیە دوای خۆشی و دوای تێپەڕبوونی ٢٤٢١ ساڵ بە سەر مردنیدا هێشتاش ناوو ناوبانگی بە زیندووی ماوەتەوەو ئێستا هەوادارانی ئەو ڕێبازەی ئەو دایهێناوە نزیکەی ٦٠٠،٠٠٠٠٠٠ کەس دەبێت ، ئەوانەشی کە بوون بە شەیدای پلەو پایەو دەسڵات و هاو زەمەنی ئەو بوون لە پێچ و سوچ و پەناکانی مێژوودا ون بوون و کەسیش نایان ناسێت ، ئەمەش ئەو سەرەنجامە جوانەیە کە دەبێت بە بەشی هەموو تاکێك ئەگەر هاتوو بۆ نەتەوەو خاك و ڕێبازەکەی ژیاو ماددەو خۆشییەکانی دنیا دووریان نەخستەوە لە خەونەکانیان و ئامانجە باڵاکانیان .

(نەوشیروان مستەفا ئەمین) یش وێڕای ئەوەی وەك شازادەیەك نەهاتە دنیاوەو نەکەوت بە سەر نازو نیعمەت و سامانی بە میراتی بە جێماوی باپیرانیدا ، بەڵکو دوای تەمەنێك لە خەبات و ڕەنج و تیکۆشانی پێ پسانەوەی بێگەردو دوای ململانێیەکی سەخت و پەرجو ئاسایانە ، لەگەڵ زلهێزێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توانی لە ڕێگەی پێشەنگایەتی کردنی شۆڕشێکی کوردەوە ناو بانگی خۆی و ڕێبازەکەی بڵاو بکاتەوەو لە سەرەتای دەیەی نۆیەمی سەدەی بیست دا سەرکردایەتی بەربڵاو ترین و گەورەترین ڕاپەڕین بکات دژ بە ڕژێمی بەعسی لەدەسڵات دورخراوە، ئەم ڕاستییەش ئاشکرای لای دۆست و نەیارانێتی ، دواجار دوای نزیکەی ١٩ ساڵ هەوڵدان و پێشنیار کردن و تەقەلا بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیمۆکراسی کە تیایدا هەموو تاکەکانی خەڵکی کوردستان بەهرەوەر بن لە ماف و دەسکەوتدا، ڕوو بەڕوو وەستا لە گەڵ هەندێك لەوانەی کە ساڵانێکی دوورو درێژ هاوڕێبازو هاو سەنگەر بوون یا ن دوژمنایەتی کردنی ڕژێمێك و هەوڵدان بۆ گۆڕینی لە یەکی نزیک کردبوونەوە نەگەشتە ئەنجام، ئەگەر چی بۆ خۆی لە ناوەندی بڕیاردا بوو ، وە دەیتوانی دەستی ڕا بگات بە سەر دەیان کۆشك و ڤێلەو باخ و باخاتدا و ژیانێکی لۆردانەی نایاب بۆ خۆی فەراهەم بکات و وەکو : هەندێك و پشت بکاتە ئەو سەرەتاو بەڵێنانەی کە خەڵك و شۆڕشی لە سەر کۆ ببۆوەو پادشایانە بژی ، بەڵام سادەیی و خۆ نەویستی نەوشیروان و گەورەیی ئامانجی ڕێگەی نەدا بەرەی گەل چۆڵ بکات و دەسکەوتە ماددیەکان لە ڕێبازو خەونە مەزنەکەی دووری بخەنەوە کە دەستەبەر کردنی ژیانێکی شکۆمەندانەیە بۆ تاکی کوردی .

ئەو هێندە گەورەو مەزنە خۆی بە ڕۆلەیەکی ئاسایی ئەم نیشتیمانە دەزانێت بەبێ جیاوازی، هیچ شتێکی لە بابەتی ناوچەو خێڵ و هۆز ڕۆژێك لە ڕۆژان وای لە نەوشیروان مستەفا نەکردووە پەنای بۆ ببات و لە ڕێگەیەوە خۆی بە خەڵکی بناسێنێت ، هەر بۆیە لەشاخ و لە شاریشدا جگە لە ناوە فەرمییکەی خۆی نە نازناوی شۆڕشگێڕانە هەڵگرت، نە ناوی خێڵ و ناوچەکەی ، ئە گەرچی خاوەنی گەورەترین و بەر بڵاوترین خێڵی باشووری کوردستانیشە ، ئەمەش نیشانەی خۆ نەویستی و خۆ بەموڵکی هەموو کورد زانینە لەلای نەوشیروان مستەفا، دیسان ڕەهەندێکی قوڵتریشی هەیە کە سەرچاوە لە باوڕ پتەوی و باوەڕ بونێکی تەواو بەخۆیەوە دەگرێت ، ئەویش ئەوەیە کە دەکرێت لە ڕێگەی کارو کردەوەو لە ڕێچکەی خەبات لانەدان و لە خۆ بوردەیی و بوێرییەوە مرۆڤ ناو بانگێکی وا دەربکات کە ئەو ببێت بە ناونیشان، نەك ناونیشانی شتگەلی تر ئەو بناسێنێت ، هەر بۆیەشە لەوەتەی من ناوم بیستووە یان بە نەوشیروان مستەفا ناوی دەبرێت یان بە کاکە نەوە.

هەر ئەم(کاکە نەوەیە) دوای ئەوەی زانی شۆڕش و دەسکەوتە کانی شۆڕشەکانی کوردستان بە ئاقاری بێ دادی و بێسەرو بەرەیی و شپرزەیدا دەڕوات و سامان و دەسکەوتە نیشتیمانییەکانی گەل و وڵات خزێنراوەتە دەستی تاقمێك و نایەکسانی و ڕۆتین و بێ پلانی و نە بوونی سیستم هاوشان لە گەڵ گەندەڵییەکی بێ ئەندازەدا جەستەی نیشتیمان و ئیرادە و شکۆی تاکی کوردی نزیك لە هەڵدێریکی سەخت کردۆتەوە بودا ئاسا پشتی لە دەسڵاتە ڕێژەییەکەی و پلەو پۆستەکەی هەڵگرت و لە یەکێك لە گردەکانی نیشتیماندا دەستی کرد بە ڕامانێکی قوڵ بۆ پاك کردنەوەی نیشتیمان لە ناپاکی گەندەڵکاران و بە ئاگا هێنانەوەی خەڵکی سەبارەت بەوەی دەگوزەرێت ، ئەو بوێری و نەترسی و شکۆی پایە ماڵکراوی هاونیشتیمانیانی گێڕایەوە ،و ە توانی ببێت بەو هێزەی کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەوەرزی وەرینی ئومێدەکانیاندا ئومێدی لەسەر هەڵبچنن ، لە سەردەمی تاریکاندندا بە تیشکی مۆمێك ڕێگەی ڕزگاری ڕۆشن کردەوە، لە زەمەنی گەوجاندندا شکۆو ئیرادەو ڕێزی گێڕایەوە ، لە سەردەمی دێواندندا چاوێکی پێ بەخشین کە شتەکان وەك خۆیان ببینین بێ بچوک کردنەوەو زومکردن ، بۆیە بەڕای من ئەو بودایەکی کوردییە، بە مەفهومە کۆمەڵایەتییەکەی .



بابان بریزی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە