هەولێر دیاری دەکات کێ دەیباتەوەو کێ دەیدۆڕێنێ!
Monday, 02/09/2013, 12:00
بەو پێیەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە و لە سەرزاری بەڕێز کاك نەوشیروانەوەو دواتریش لە دەمی چەند کاندیدایەکی تریشیانەوە ئەوەیان درکاند کەکاتی گرتنە دەستی دەسڵاتە، چونکە ئەوان پێیان وایە کە جەماوەری کوردستانیان لە خولی سێیەمدا هۆشیار کردۆتەوەو ئاشنایان کردوون بە ماف و ئەرکەکانیان وەهەروەها توانیویشیانە بەهۆی چوار ساڵی خەبات و داکۆکیکاری پەڕلەمتارەکانیانەوە دڵسۆزی و خەمخۆری خۆیان نیشانی خەڵکی بدەن و هەندێك لەماف بگێڕنەوە بۆ خاوەن مافەکان لە ڕێگەی فشار بۆ هێنانی دەسڵاتەوە ، ئیدی ئەوان پێیان وایە کە کاتی ئەوەش هاتووە جەماوەری کوردستان جارێکی تر گۆڕان ئەزموون بکات لە دەسڵاتدا بۆیە هەر لە سەرەتاوە درکانیان کە لە خولی چوارەمدا دەچنە دەسڵات ، بەڵام نازانرێت ئەم ڕۆشتنە دەسڵاتە چۆن چۆنییە ؟ ئایا زۆرینەی ڕەها بەدەست دێنن و حکومەتی زۆرینە پێكدەهێنن ؟ یاخود زۆرینەیەکی ڕێژەیی بەدەستدەخەن و لە گەڵ پارتەکانی دیکەدا حکومەتی ئیئتیلافی پێکدەهێنن؟ یان نەخێر هەرچەندێك بهێنن ئەوان ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵنابژێرن و دەچنە دەسڵاتەوە ، کە هەر سێ ئەگەرەکەیان بە کراوەیی هێشتۆتەوە ، و ە لە سیاقی وتارەکانی بانگەشەکردندا ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوە کە هەرچەندێك کورسییان دەست بکەوێت ئەوان هەر بەشداری حکومەت دەکەن ، پرسیارەکە لێرەدایە خۆ ئەگەر بەشداری کردن لە حکومەتدا ئامانجی گۆڕانخوازان بوایە خۆ چەند جارێك و لە چەند کاتێکی جیا جیادا لە لایەن دەسڵاتەوە پێشنیاری بەشداری کردن لە حکومەتدا خراوەتە بەردەستی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی لە دوای کارەساتی ڕەشی حەڤەی شوباتەوە دەسڵات زۆر هەوڵی لە گەڵ گۆڕاندا بۆ بەشداری کردن لە حکومەتدا، لێرەشدا دوو ئامانجی هەبوو : یەکەم/ مەبەستی بوو خۆی ڕزگار بکات لە فشاری ئۆپۆزسیۆنێکی زیندوو . دووم/ لە هەموو لادان و گەندەڵی و کەموو کورتییەکدا گۆڕانیش هاوبەش بکات و دواتر لە کاتی گرژبوونی پەیوەنییەکاندا بە چاویا بداتەوەو بڵێ خۆ تەنها ئێمە لێپرسراو نین لەو کەمو کورتیانە بەڵکو هاوبەشی دیکەشمان هەبووەو هەریەکەمان بە گوێرەی پشکمان لە دەسڵاتدا بەشدارین لەو گەندەڵیانەدا وەك چۆن ئەم کارتەیان چەندین جار لە دژی پارتە ئیسلامییەکان بەکار هێناوە لە ڕابردوودا، بۆیە بەڕای من لە ئەگەری نە هێنانی
دەنگی پێویستدا نابێت گۆڕان چوونە دەسڵات هەڵبژێرێت چونکە لە نێو ماکینەیەکی گەندەڵی سیستماتیکدا ناتوانرێت و ناشێت بە وەرگرتن و بەڕێوە بردنی دوو سێ
وەزارەتی حکومەتەوە کۆتایی بە گەندەڵی بهێنرێت و ئەدای دەسڵات لە کوردستاندا بگۆڕدرێت لە کاتێکدا دەسڵات فشاری ئۆپۆزسیۆنیشی لە سەر نەماوە، وە ئەگەر گۆڕان زۆرینەی هێنا ، بەڵام هێندەی نەهێنا کە بتوانێت بە تەنیا کابینە پێکبهێنێت و پارتی و یەکێتی وەدەرنێ لە دەسڵات ، لەم دۆخەشدا بە ناچاری پێویستی بە بەشداری ئەوان دەبێت لە پێکهێنانی حکومەتی ئیئتیلافیدا ، کە هەموومان دەزانین حکومەتی ئیئتیلافی ئەو حکومەتە نییە کە حزبێك بتوانێت پڕۆژەکانی خۆی جێبەجێبکات و ئەو ڕێچکەیە بگرێت کە خۆی باوەڕی پێی هەیە لە حکومەتداریدا ، چونکە لە حکومەتی ئیئتیلافیدا سازان بناغەی بەڕێوەبردنی دەسڵات و حکومەتە ، مەرجیش نییە هەموو جار سازانی پارتەکان لە گەڵ ئامانجە نیشتیمانی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵکدا یەکانگیر بێت ، بە تایبەتی ئەو بەڵێنانەی کە گۆڕان بەلایەنگران و هەوادارانی داوەو دەدات کە کۆتایهێنانە بە سعودی کردنی دەسڵات و حوکمی بنەماڵەیی و جمهوریەتی وراپی ئەمە لە سای کابینەیەکی ئیئتیلافیدا بەدینایەت و خەونێکی شاعیرانە دەبێت؟ بە تایبەت ناکرێت و نا گونجێ بۆ گۆڕان لە حکومەتێکی ئیئتیلافیدا یەکێتی یاخود پارتی هەرکامێکیان بێت ناچار بکات و بییانهێنێتە ژێر باری ڕیفۆرمێکی سیاسی و کارگێڕی و ئابووری وەهاوە کە لە قازانجی گەل و زیانی خۆیاندا بێت ، چونکە ئەوان ماوەی ٢٣ ساڵە سکیان قاڵبی گرتووە بە پارووی چەورەوەو هزریان بە دەسڵاتی پادشایی و دەستیان بە قامچی و هێزەوە ڕاهاتووە، وەئەگەر مەبەستشیان لە گواستنەوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسڵات ئەوە بێ کە زۆرینەی ڕەها دێنن و بە تەنیا حکومەت پێکدەهێنن ، ئەوە لێرەدا هەولێرو هەولێرێکان دەبنە یەکلاکەرەوەی گرەوی ئەمجارەی هەر سێ هێزەکە ، چونکە پارتی باڵا دەستی بادینان و گۆڕانیش باڵا دەستی سلێمانییە ، لە گەرمیان و شارەزوورو پشدەرو بتوێنیش یەکێتی و گۆڕان ڕکابەری یەکترن ، ئەوەی ماوەتەوە هەولێرە ، هەولێر ڕەنگڕێژی دەسڵاتی ئایندەی کوردستان دەکات ، هەولێرێك کە حەسمی هێز ە لە هەرێمدا ، هێشتا دیار نییە هەولێرو هەولێرییەکان بڕیاریان کووە!
ئەگەر بڕیاریان دا دەنگ بە هەر هێزێك بدەن ئەو هێزە براوەی هەڵبژاردن دەبێت و هەر ئەویش ڕەنگڕێژی سیاسەت و بڕیاری کورد دەکات لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا، بۆیە هەر هێزێك ئەگەر بییەوێ جڵەوی دەسڵات بکات ئەبێ هەولێرییەکان ڕام بکات و بییانکات بە هۆگرو هەواداری خۆی ، ئەم ڕاستییەش دەمێ ساڵە حزبە کوردییەکان هەستییان پێکردووە بە تایبەتی پارتی و یەکێتی ، بۆیە ئەگەر گۆڕان بییەوێ دەسڵاتی چوار ساڵی ئایندە بە دەستەوە بگرێت دەبێت گرەنتی هەولێری کردبی (هەولێری وتەنی) دەنا بە تەنێ ناتانی عکومەت تشکیل کاتن ، ئەو دەمیش ئەگەر بەشدار بیتن لە عکومەت وەکی برادەران بەشدار دەبیتن کە ئۆپۆزسیۆن بوونی باشترە ! ؟ ماوەتەوە هەولێرو ٢١/٩ بۆ ئەوەی بزانین کێ دەیباتەوەو کێ دەیدۆڕێنێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست