کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەتی کۆڵیشن یان بنکە فراوان

Saturday, 05/10/2013, 12:00






بێگومان دوای گۆڕانی نەخشەی سیاسی بەشێکی بەرینی هەرێمی باشوری کوردستان و دەرکەوتنی هێزێکی نوێی کاریگەر لەم ناوچەیەدا و دواتر بوونی بەهێزی دووەمیش لە سەر ئاستی کوردستان ،وە بوونی ناکۆکییەکی قوڵ و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان ئەم هێزە نوێیەو نەیارەکانیدا ، ئاستەمە حکومەتی داهاتوو لەماوەیەکی کورتدا پێکبهێندرێت ! چونکە کوردستان لە ئێستادا لە ڕووی سیاسییەوە دابەشبووی سەر دوو جۆری ڕوئیاو دنیا بینی سیاسییە بۆ بەڕێوە بردنی کارگێڕیکردن لەم هەرێمەدا کە دنیا بینییەکیان گۆڕان تەبەنی دەکات و ئەوی دیکەیان پارتی ، هەڵبەتە ئەم دوو دنیا بینییەش تا ئەندازەیەکی زۆر دژ یەكو پێچەوانەی یەکترن، لەم نێوەندەشدا دنیابینی کەش بوونیان هەیە وەك دنیا بینی یەکێتی ، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم دنیا بینیەی یەکێتی بەجۆرێك لە جۆرەکان گرێدراوو وابەستەکراوی دنیا بینییەکەی پارتی یە ، بەو پێیەی هەردوکیان خوازیاری مانەوەی کوردستانن لە سای ئەم شێوازی کارگێڕیکردنە کلاسیکییەدا کە سەردەمی دەمێ ساڵە لە دنیای پێشکەوتوو و دیمۆکراسیدا بەسەر چووە ، بەڵام هێشتاش لە ناو هەناوی یەکێتیدا کەسانێك هەن و ماون کە دەیانەوێ یەکێتی خاوەنی بڕیارو دیدگاو دنیابینی و هەڵوێستی خۆی بێت ، ئەم کەسانەش دوای شکستی ٢١/٩/٢٠١٣ زیاتر هەوڵەکانیان بەو ئاراستەیەدایە کە یەکێتی بەرەو هێزە نوێیەکە ببەن و بە بەشداری پێکردنی ئیسلامییە سیاسییەکان حکومەتی کۆڵیشن پێکبهێنن و کوردستان ڕووەو دنیابینی گۆڕان ئاراستە بکەن کە دواجاریش بە بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردستان و دیمۆکراتیزە کردنی کۆمەڵەکەشمان دەشکێتەوە ، بەڵام مەترسی سەرەکی بەردەم ئەم بژارە(خەیارە) ململانێی پارتی و ترسی پەسەند نەکردنە ، هەتا جیا کردنەوەی کوردستانیش بۆ دوو زۆنی ئاشکراو دوو کارگێڕیکردن ئەگەرێکی کراوە دەبێت ، بۆیە ئەم بژارە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و دۆزەکەیدا نابێت و بگرە دەیان قۆناغیش دەمانهێنێتە دواوە، وە ئەگەر گۆڕان و پارتی بییانەوێ حکومەتی کۆڵیشن پێکبهێنن ، زۆر ئاستەم دەبێت ! بەهۆی جیاوازی دنیا بینییان ، چونکە پڕۆژەو پڕۆگرامی سیاسی و ستراتیژی ئەم دوو هێزە بە ئەندازەی فراوانی ئاسمان و ڕێسمان لەیەکتر دوورن ، چونکە گۆڕان و گەشەی گۆڕان، گرێدراوی بە پەڕلەمانیکردنی سیستمی سیاسی و بەدامەزراوەکردنی دەزگا نیشتیمانی و سەربازی و ئەولەهی و دیپلۆماسییەکانی کوردستان و شەفاف کردنی دەسڵات و ڕزگارکردنێتی لە ژێر ڕنۆکی حزب و هەروەها بە ناناوەندی کردنی شێوازی کارگێڕیدانێتی کە هەموو ئەم ئامانجانەی گۆڕان ، پێچەوانەکەی لە بەرژەوەندی پارتی و دنیابینی پارتیدایە، بۆیە هەڵکردنی ئەم دوو هێزە پێکەوە لە کابینەیەکی حکومەتدا شتێکی گاڵتەجاڕو بگرە مەحاڵە ، مەگەر بە دەسبەرداربوونی لایەکیان لە دنیابینی خۆیان بێتەدی ، کە بێگومان هەرگیز ڕێی تێ ناچێت ئەو لایەنە پارتی بێت ، چونکە ڕاستەوخۆ بەم هەنگاوەی دەگەڕێتەوە بۆ قەبارەو پێگەی ڕاستەقینەی خۆی کە ئەوەش لە حزبی یەکەم و ناوەندی بڕیاردانی کورد دووری دەخاتەوە ، چونکە ڕوونە لای هەموان پارتی و گەشەی پارتی وا بەستەی ئەم بارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی ئێستایە کە دامەزراوەو دەزگاکان نا نیشتیمانی و نا دامەزراوەیین ، وە ئەگەر ئەو لایەش گۆڕان بێت کە مل بۆ دنیا بینی پارتی دەدات ، ئەوە خۆ ئینتیحار کردنە! کە هەرگیز ئەمەش ڕوو نادات .



بەڵام ئەگەر پارتی و یەکێتی و حزبۆکەکان و کەمینەکان حکومەتیان پێکهێناو گۆڕانیان دەستبەدەر کرد لە دەسڵات لەو کاتەدا حکومەتێکی فاشلی لاواز پێکدێت کە دەسڵاتی لە زۆنی سەوزی جاران و نیلی ئێستادا سفر دەبێت ، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەموو پێشبینییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە گۆڕان ، پارێزگای سلێمانی و گەرمیانی وابەستەی مسۆگەر کردووە. لەو کاتەشدا گابەدەنگی پارتی و یەکێتی لەم زۆنە بەرینەدا ناڕوات و حکومەتێکی فاشلمان دەبێت.

وەئەگەر حکومەتی بنکەفراوان پێکبهێنرێت و هەموو لایەنەکان بەشداربن تیایدا ، دیسان هیچ لە بارودۆخی سیاسی کوردستان ناگۆڕێت ، بەڵکو لەو کاتەدا کوردستان بێبەشیش دەبێت لە ئۆپۆزسیۆنی پەڕلەمانی کە یەکێکە لە هەرە میکانیزمە کاراو بەهێزو کاریگەرەکانی فشار بۆ سەر دەسڵات و جڵەوکردنی .

بۆیە پێموایە هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم و دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کوردستان توشی بۆشاییەکی کارگێڕی و گرفتێکی قوڵی سیاسی دەکات کە دەرباز بوون لێی زەحمەتە.





بابان بریزی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە