کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی پاشکۆی پارتییە

Tuesday, 02/07/2013, 12:00






ئەگەر بارزانی لە کاتی گەڕانەوەیدا دو پڕۆژە یاساکەی پەڕلەمانی کوردستانی واژۆ نەکرد یەکێتی یەکان چی بە بنکەی جەماوەری خۆیان و هاوڵاتیانی کوردستان دەڵێن ؟ ئایا جارێکی کە سەرکردەکانی ئەو پارتە باسی چەسپاندنی سەرەتاکانی دیموکراسی و دەستاودەست کردنی دەسڵات دەکەنەوە ، ڕویان دێ باس لە پێشڕەوی و کرانەوەو ئەندام بونی خۆیان لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەك SI و چی و چی بکەنەوە، بە میللەت و هەوادارانیان دەبێژن چی ، دەڵێن ڕازی بوین بە بنبەست گەیاندنی دیموکراسی کوردستان و حوکمی بنەماڵەیی و خۆ بچوک کردنەوە بۆ پارتی و نیشاندانی برا بچوکی بۆیان بەڵام سەر کەوتوو نەبووین ، یاخود دەبێژن لە پێناو یەکڕیزی ماڵی کوردو کێشە ڕەواکەیدا ڕازی بووین بەم کارە ، یاخود دەڵێن پارتی هەڕەشەی جیاکردنەوەی سنورو وەدەرنانی لێکردوین لە زۆنی زەرد ، یاخود دەڵێن بۆ ئەوەی کوردستان لە بۆشایی دەستوریدا نەژی کە دەستوریشی نییە، یا خود دەڵێن ئەمە بڕیاری مامەو بە تەلەفۆن ئۆکەی دەر بڕیوە ، هەموو ئەم سیناریۆیانە ئەگەری هێنانە زمانیان دەبێت ، سەرکردەکانی ئێستای ئەم حزبە وا دەزانن گەلی کورد میللەتە نەخوێنەوارو بێئاگاکەی ساڵانی هەشتاکانە کە کۆلکە کادرێکی داماوی بێ سەوادی کەم ئەزموون لەباریدا هەبێت یاری بە ئاوەزی خەڵکانی سادەی لادێکان بکات و بیریان ڕام بکات ، بابە ئێستا هەزارەی سێیەمەو میللەت هۆشیارەو خەڵکی لە سەردەمی ماس میدیا دەژین و سۆشیال میدیا هەموو مێشکەکان و بیرەکان و ڕا جیاوازو یەکتر تەواو کارەکانی ئاوێزان و تێکەڵی یەکتر کردووە ، خەڵکی کاغەزی نە نوسراو دەخوێنێتەوە , دەزانن ئێوە کێن ئامانجتان چییە ، ئەوەی لە مێشکتاندایەو هێشتا نەتان هێناوەتە سەر زار هەستی پێدەکرێت ، دەزانرێت بۆچی و لە پێناو چیدا ڕازی بوون بە کۆدەتای یاسایی ٣٠ حوزەیران ، لە پێناو مانەوەی پلەو داهات ، یان لە پێناو سەقامگیری ڕەوشی ڕامیاری ؟ خۆ شتێکی زۆر بەدیهییە و هەموان دەزانن ئەم بڕیارەی پەڕلەمانتارە ڕۆبۆتەکانتان گۆمی مەنگی پڕ غەزەبی خەڵکی توڕەو یاخی و دڵسۆزی ئەم میللەتە دەشڵەقێنێت ، دایکی شەهیدانی یەکێتی کۆستبارترو برینی بریندارانی یەکێتی بە سۆتر و دڵی بێوەژنانی یەکێتی خەمبارتر دەکات ، ئێوە پشتتان کردە بنکەو پێگەی خۆتان و بەشداربوون لە کۆسپ خستنە سەر ڕێگەی شەمەندەفەری دیموکراسی ، جاری پێشوو توانیتان هەندێ ساویلکە بەوە موقنیع بکەن کە گوایە بۆیە دەنگتان بە ڕەشنوسی دەستورە کاڵ و کرچەکەی هەرێم دا کە کوردستان لە هەلو مەرجێکی نائاسایدا بوو ، ترازوی هێز هاوتا بوو ، نەدەکرا ! هەزارو یەك شتی تر ، بەڵام ئەدی ئەم جارە بۆ ، خۆ پارتی لە باشترین باردا ٣٥ دەنگی کۆ نەدەکردەوە ، ئێوە سەلمانتان کە توانای ڕێبەری و سەرکردایەتی پارتێکی وەك یەکێتیتان لە باردا نییە ، خۆ ئەگەر سەرۆکی پارتی دوای گەڕانەوەی واژۆی ئەو دو پڕۆژ ە یاسا هڵبڕسکاوە نەکات و بڵێت من ڕازی نیم بە درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەت ، ئەو کات ئێوە دەکەونە ناو مەوقیفێکی وا موحریجەوە کە ئەستەمە بتوانن دەربازی بکەن ، چونکە پارتی دیموکرات بە تیرێك دو چۆلەکەی کوشت : یەکێکیان
ئەوە یە کە بە دنیای نیشاندا سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی پاشکۆی پارتییە. دووەم ئەوەی کە پارتی ڕازی نابێت بە نایاسایی کاندیدەکەی ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم و بەڵکۆ لەڕێگای میللەتەوە ئەو شەرعێتەی دەوێت ، بەمەش هەوڵەکانی ئێوە بۆ هێشتنەوەی ئەو لە پۆستی سەرۆکایەتیدا کەڕەتی سفر دەکات و ئێوە دەکات بە موفلیسی سیاسەت و لە بەر دیدەی هەوادارانی یەکێتیشتان دەخات و دەتانخاتە نێو مەنگەنەی سیاسەتەوە . بۆیە بەڕاستی جێگەی بەزەین هەڤاڵانی پێشووم .

بابان بریزی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە