گرفتە ئابورییەکانی عێراق
Monday, 20/05/2013, 12:00
بە هۆی خراپ بەکار هێنانی ڕامیارییە ئابورییەکان لە عێراقدا، بە تایبەتی ڕامیاری دارایی و نەختینەیی و تێکەڵی ئەو دوڕامیاریەو زاڵکردنی یەکێکیان بەسەر ئەوی تریاندا ، کار کردن بەم ئاراستەیە بە درێژایی دەیان ساڵ ، عێراق بێبەش کراوە لە وەبەرهێنەری نەترس و جالاك ، وە وەبەرهێنەریان وا بەچە ترسێن کردووە ناوێرێت بە ئاستەم نە بێت نزیکی کایەی وەبەرهێنانی بەرهەمهێنەکی بێتەوە ، هەر ئەمەش هۆکاری پشت هەمو گرفت و قەیرانەکانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی عێراقییە .
من لێرەیا پشت بە خوا بە ئەندازەی ئەو تێگەشتنە کەمەی کە خودا پێی بەخشیوم لە مەڕ گرفتە ئابورییەکان و هۆکاری پشت سەرهەڵدانیان و میکانیزمی چارەسەرکردنیان ، بەو پێیەی چەند ساڵێکیشە فێرکاری پەروەردەیی ئابوریم ئەم وانە سەردەمییە لە گەڵ فێرخوازەکانما ئارگومێنت دەکەم و خۆشم پسپۆرییەکەم ئابورییە، پێم وایە دەتوانم تیشکێك بهاومە سەر ئەم کێشەیەو سەر ی مارەکە کورد وتەنی بدۆزمەوە.
بەو هیوایەم بخوێنرێتەوە چونکە بابەتێکی زۆر گرنگ و ژیانییە
سەرەتا لە رامیاری داراییەوە دەچمە ناو کرۆکی باسەکەمەوە ، سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی ڕیفۆرمی دارایی وەستاوەتە سەر سەر کەوتن و سەر نەکەوتنی دامەزراوە بەنکیەکان و بازاڕەکانی سەرمایە لە هەر وڵاتێکدا، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لەو ئەندازەی فراون بون و قوڵبونەوەی کە لە پرۆسەی ناوەندگیری دارایدا هەیە لە نێوان یەکەکانی سەرڕێژ(کەرتی خێزان) و یەکەکانی کورتهێنان (کەرتی کار) دا.
بە گوزارشتێکی تر وەستاوەتە سەر ئاستی سەرکەوتنی ڕژێمی بەنکی لە کۆکردنەوەی پاشەکەوتەکان بۆ پارەدارکردنی چالاکی بەرهەمهێنان و زیاد کردنی قەبارەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی لێهاتویی پرۆسەی دابینکردنی دەرامەت بۆ پرۆسەی پەرەپێدان.
بێگومان هەمو هەوڵێکیش مەبەستدارو بێ مەبەست بۆ خاو کردنەوەی ئەم پرۆسەیە کاریگەری ئابوری و کۆمەڵایەتی نەرێنی بەجێدەهێڵێت لە سەر دۆخی ئابوری وڵات.
واتە دەتوانین بڵێین ڕامیاری دارایی ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت لە ئاسانکردن و ئاڵۆزکردنی ئەم پرۆسەی ڕیفۆرمی دارایەدا.
ئامانجی ئەم وتارەشم ئەوەیە تیشکێك بخەمە سەر سروشتی ئەو پەیوەندیەی کە هەیە لە نێوان ئەو هۆکارانەی کە ڕامیاری دارایی عێراق بەکاریاندەهێنێت لە پارەدارکردنی ئەو کورتهێنانەی کە لە بودجەی گشتیدا هەیە، وە هەروەها مەبەستیشمە ئەدائی کەرتی بەنکی لە عێراقدا بخەمەڕو.
بۆیە لێرەیا ڕامیاری دارای عێراق شرۆڤە دەکەین لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠، ١٩٩٠-٢٠٠٣ بەم شێوەیەی خوارەوە:-
ڕامیاری دارایی لە عێراقدا لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠- ١٩٩٠
ئەم قۆناغە بەوە جیا دەکرێتەوە لە قۆناغەکانی پێش خۆیی و دوای خۆی ، کە ڕامیاری دارایی هەژمونێکی بەرچاوی هەبووە بەسەر ئەو بڕیارانەوە کە بەنکی ناوەندی دەری کردون لەو کاتەدا، کە ئەمەش ببو بە هۆی ئەوەی کە بەنکی ناوەندی عێراق هیچ کەسایەتییەکی واتایی و هیچ سەر بەخۆییەکی نەمێنێت ، وەك ئەوەی کە پێویستە هەر بانکێکی ناوەندی لە هەر وڵاتێکدا هەیبێت، بەهۆی ئەم نا سەربەخۆیی و پاشکۆیی و زەلیلیەی بەنکی ناوەندیشەوە لە بەرامبەر وەزارەتی دارایی عێراق و داڕێژەرانی ڕامیاری دارایدا لە عێراق، وەزارەتی دارایی پشتی بەستبو بەوامی نەختینەیی یاخود وامکردنی ڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندی عێراق، بۆ ئەمەش لەو کاتەدا میکانیزمی متمانەکردنی بەکارهێنراویش چاپ کردنی دراو بو (سکەلێدان) بۆ پارەدارکردنی ئەو کورتهێنانەی کە لە بودجەی گشتی ئەو کاتەدا هەبو، ئەم ڕامیارییەش ببو بە هۆی زیاد لە ئەندازە بەرزکردنەوەی تێکڕاکانی هەڵاوسان ، کە هۆکارەکەی دەگەڕایەوە بۆ بەردەوام بەرزبونەوەی تێکڕای پەرەسەندنی خستنەڕوی دراو ، لە دراوە ئاست بەرزەکان بە(بەهاکان) بە بەراورد لە گەڵ تێکڕای پەرەسەندنی سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆیی.
وە ئەم ئاراستەی زاڵ بون و فشارخستنە سەر بەنکی ناوەندی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە پەرەی سەند بە تایبەت دوای سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر عێراق لە ساڵی ١٩٩٠ ، هەتا ٢٠٠٣ بەردەوام بو.
لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٠- ٢٠٠٣ سیستمی نەختینەیی و دارایی عێراق بێسەرو بەرەیی و ناڕێک و پێکییەکی بەرچاوی پێوە دیار بو بە ڕادەیەك تێکڕاکانی هەڵاوسان گەشتە ئاستی هەڵاوسانی سەرکێش ، کە نەدەتوانرا کۆنترۆڵ بکرێت بە بەکارهێنانی میکانیزمە باوەکانی ڕامیاری نەختینەیی و دارایی، وە کاتێکیش ئەم هەلومەرجە نالەبارە پەرەی سەندو کەڵەکەی کرد،بۆ چارەسەرکردنی ڕامیاری دارایی عێراقی پەنای برد بۆ گرتنەبەری کەبحی دارایی یاخود سەپاندنی نرخی سو بە تێکڕای نەگۆڕ لە سەر وام و سپاردەکان، دور لە بەرچاو گرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە تێڕاکانی هەڵاوساندا هەبو لە ئابوری عێراقدا، بۆیە شتێکی سروشتییە لە دۆخێکی لە شێوەیەدا نرخی سوی ڕاستەقینە ببێت بە زیڕۆ (هیچ) ، بەم جۆرە ئەم ڕامیارییە بۆ بەهۆی سەرهەڵدانی دیاردەی هەلاتنی سپاردەکان لە بەنکەکان و دواجاریش بەکارهێنانیان لە کایەی نا بەرهەمهێناندا، ئەمەش بو هۆی ڕۆچونی ئابوری عێراق لە ناو گۆمی مەنگی وەستانی ئابوریدا.
وە لە دوای ٢٠٠٣ وە ڕامیاری دارایی عێراق بە جۆرێك ئاراستە کرا کە دەرچوواندنی یاسایەکی نوێ ی بۆ بەنکی ناوەندی بە دوادا هات کە سەربەخۆیی تەواوی بۆ گێڕایەوە لە بەڕێوە بردنی ڕامیاری نەختینەیدا، ئەو دەرئەنجامەشی لەم سەربەخۆییە کەوتەوە ئەوە بو بڕیاری دا بە وەستاندنی چاپکردنی دراوی نوێ بۆ پارەدارکردنی کورتهێنانی بودجەی گشتی ، ئەمەش حکومەتی ناچار کرد بۆ پڕ کردنەوەی کورتهێنانەکانی ساڵانەی بودجەکەی پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی شێوازی ئەڵتەرناتیڤ وەك پارەدارکردنی بودجە بە وام(قەرز) ، بۆ ئەمەش ئامرازی متمانەکردنی لە جۆری قەواڵەی بەکارهێنا، هەندێك جاریش دەساوێزەکانی گەنجینەی دەفرۆشتەوە بە بەنکە بازرگانییەکان، یا خود دەیفرۆشت لە بازاڕی کاغەزە داراییەکاندا، لە پێناوی دەستخستنی دراو بۆ تەمویل کردنی کورتهێنانی بودجەکانی ساڵانەی.
وە لە خەسڵەتە چاکەکانی ئەم ڕامیارییەش کە گیرایە بەر لە عێراقدا ئەوەیە کە نابێتە هۆی بەرز بونەوەی تێکڕای هەڵاوسان ، لە بەر ئەوەی نابێتە هۆی زیاد بونی تێکڕای پەرەسەندنی خستنەڕوی دراو ، بە تایبەتیش دراوە ئاست بەرزەکان، بەڵکو تەنها دەبێتە هۆی گواستنەوەی هێزی شت کڕین لە کۆمەڵگەوە بۆ حکومەت ، بەڵام ئەوەش هەیە بەردەوام پشت بەستن بە بەکارهێنانی ئەم شێوازەش، وەك ئەوەی کە ئێستا هەیە، ئەبێتە هۆی بەرز بونەوەی تێکڕای نرخی سوی ڕاستەقینە لە کەرتی بەنکیدا، بە تایبەتی دوای ئازاد بونی سیستمی بەنکی لە کار ڕاپەڕندنی کەبحی دارایی بە تایبەت تریش دوای ئەوەی کە بانکی ناوەندی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤ هەستا بە ڕاگەیاندنی تەعویمی سو لە سەر سپاردە و قەرزەکان،لە گەڵیشیدا دانی ئازادی بە بەنکە بازرگانییەکان لە دیاری کردنی نرخی سودا.
هەڵبەتە ڕونە ، ئەم پەنا بردنە بەردەوامەی حکومەت بە شێوەیەکی ڕولەزیادی بۆ پارەدارکردن بە قەرز ئەبێتە هۆی زیاد بونی فشار لە سەر وەبەرهێنانی تایبەت، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕۆشتنە دەرەوەی، چونکە ئەو ئاراستە گرتنە دەبێتە هۆی دیسانەوە بەرز بونەوەی نرخی سو و زیاد بونی تێچونی قەرز کردن ، ئەمەش لە کۆتایدا ئەبێتە هۆی لە دەستچونی بەنکی بازرگانی بۆ کەرتی تایبەت، چونکە چونە ژورەوەی حکومەت وەك رکابەری کەرتی تایبەت لە بەدەستهێنانی دەرامەتی به ردەستی بەنکە بازرگانیەکاندا ئەبێتە هۆی بەرز بونەوەی ئاستی خواستی هەموەکی لە سەر قەرز، ئەمەش ئەبێتە هۆی بەرز بونەوەی نرخی سوی ڕاستەقینە، لە کۆتایشدا ئەمانە هەمویان بە سەر یەکەوە ئەبنە هۆی کەم بونەوەی ئارەزوی کڕینی بەکاربەران لە سەر شمەك ، بە تایبەتیش شمەکە بە تەمەنەکان کە پێویستی بە قەرز کردنە لە بانك ، بە تایبەتیش ئە و شمەکانەی کە هەستیارن بە گۆڕانکارییەکانی نرخی سو وەك ئۆتۆمبێل و خانوبەرە، هەروەها دەبێتە هۆی بەرز بونەوەی تێچونی بواری ئەڵتەرناتیڤ بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ، ئەمەش کەرتی کار ناچار دەکات بە دواخستنی پێدانی خەرجی ئەو پڕۆژانە.
بەم شێوەیە بەرزبونەوەی نرخی سوی ڕاستەقینە کە هۆکارەکەی کورتهێنانی بودجەیە، فشار دەخاتە سەر پارە پێدانی تایبەت بە شێوەیەکی گشتیش پارە پێدانی وەبەرهێنان ، ئەمەش بە فەزڵی ئەو ڕۆڵەی کە پێشبینییەکانی هەڵاوسان دەیبینێت هاوزەمان لە گەڵ کورتهێنان لە بودجەدا،
ئەمەش پاڵدەنێت بە بەنکەکانەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سو لە سەر سپاردەی ناوەندیی ماوە درێژ ، وەك ئەوەی لەم دوایانەدا ڕویدا.
وە دەشتوانین شوێنەوارە کانی ئەم ڕامیارییە کەم بکەینەوە بە پەیڕەو کردنی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی مووشرات ی ڕامیاری دارایی داهاتو ، بە تایبەتی مووشرات ی خەرجی حکومی وتێکڕای قەرزی گشتی و تێکڕاکانی باج کە کاریگەری پۆزەتیڤیان هەیە لە سەر پێکهاتەی سپاردە لە ڕوی دواخستنی زەمەنییەوە، لە بەر ئەوەی ناڕونی و لێڵی ئەم(مووشرات)انە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر توانای کەرتی کار لە سەر قەرز کردن بۆ تەمویل کردنی وەبەرهێنانەکانی ،دوا جاریشبەر تەسك بونەوەی دەرەتانی بەردەم کەرتی بەنکی لەخستنە گەڕی دەرامەتە دارایەکانیدا، هەروەها بڕیارە وردو گرنگەکانی کەرتی کار پێویستی بە بونی سیستمێکی دارایی ڕون هەیە کە ئاستی باوەڕی وەبەرهێن بەرز بکاتەوە و قایلی بکات بە ئاراستە کردنی بەرەو ئەو بوارانەی کە ئەبنە هۆی زیاد بونی قەبارەی تواناکانی بەرهەمهێنان ، یاخود زیاد کردنی بواری وەگەڕخستن...
ئابوریناس/ بابان بریزی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست