کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیخورمه‌

Saturday, 01/01/2011, 12:00


گوتیان ئه‌وه‌ خێر بوو وا تاخیر بووی؟ گوتم وه‌للا به‌به‌رده‌می مزگه‌وتا ره‌ت بووم دیم مه‌ردم گه‌ل ئه‌چونه‌ ژوره‌وه‌و ئه‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه گوتم هه‌بێ و نه‌بێ ئه‌وه پرسه‌یه‌ بابچم فاتیحایه‌ک داده‌م.. خۆ هه‌مومان ده‌مرین.. ‌گوێم راگرت هه‌ریه‌که‌و قسه‌یه‌کی ده‌کرد له‌باره‌ی مردوه‌که‌وه‌ یه‌ک ده‌یگوت ئه‌و کیژه‌ هێشتا ته‌مه‌نی نه‌گه‌ییبوه‌ چوارده‌ ساڵ که‌چی ئه‌ونده‌ی پیرێژنێکی سه‌ر سپی دنیادیده‌ی ده‌زانی!!
ئه‌ویتریان: من دیبووم ئه‌وه‌نده‌ نازدار بوو ئه‌وه‌نده‌ نازدار بوو ره‌نگ نه‌بوو برای خۆی بیبینێ!! باڵای ئه‌وه‌نده‌ درێژ بوو ئه‌گه‌ر سی دار خورمات له‌سه‌ر یه‌ک دابنایه‌ هێشتا نه‌ده‌گه‌یشته‌ باڵای ئه‌و . هه‌رچوار قوڕنه‌ی دونیا گه‌ڕابوو که‌م ماڵ هه‌یه‌ سه‌ری پیا نه‌کردبێت له‌م کوردستانه‌ ..گفتو لفتی ئه‌وه‌نده‌ شیرین بوو سه‌ربه‌قوڕی ده‌هێنایه‌ پێکه‌نین.ئامۆژگاریه‌کانی بۆناڵێی لوقمانی حه‌کیم ئه‌و ده‌رسه‌ی وه‌ری نه‌گرتبوو ده‌چو لای ئه‌و ته‌واوی ده‌کرد!!
یه‌کێک له‌ولاتره‌وه‌: ئێ که‌واته‌ هه‌بێ ونه‌بێ په‌ندێکی ناوه‌ته‌وه‌ ئه‌و چه‌تیوه‌.؟
ئه‌ویتریان: کوڕه‌ بابه‌ په‌ندی چی من ده‌یناسم له‌شیری مه‌ڕیش پاکتر بو..
یه‌کێکی تر: ئه‌رێ ئه‌وه‌ دیسان به‌زمی پرێمسه‌که‌یه‌؟
نه‌خێر ئه‌ڵێن ده‌ستیان ناوه‌ته‌ بینه‌قاقای و کوشتویانه‌.
ئێ ئاخر ناڵێن بۆچی؟؟
نازانم ئه‌ڵێن ئه‌و زه‌عیفه‌یه‌ ته‌نگه‌ستووره‌کانی له‌خه‌وی شیرین له‌ گه‌رمه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانا به‌خه‌به‌ر هێناوه‌ بۆیه‌ ڕقیان لێی هه‌ڵساوه‌و کۆشتویانه‌.
له‌ولاتره‌وه‌:من شتێکی تریشم بیستوه‌ ده‌ڵێن ئه‌و کیژه‌ زۆری ده‌گوت چاکو خراپی ده‌گوت. ده‌یگوت من ده‌زانم ژماره‌ی ته‌واوی ئه‌و تانکه‌رانه‌ی نه‌وت به‌قاچاغ ئاودیو ده‌که‌ن چه‌نده‌.
ئه‌و پیاوه‌ی له‌رێزی خواره‌وه‌ دانیشبو گوتی ئای که‌ده‌ستو خه‌تێکی جوانی پێوه‌ بوو گوتیان ره‌سمی مه‌نسوله‌کانی دروستکردوه‌و هه‌ر ئه‌وانیش لێی به‌ڕق داچوون وگوتویانه‌ که‌ی سه‌رو فه‌ساڵی ئێمه‌ وا ناشیرینه‌؟! هه‌ر بۆیه‌ گومان ده‌کرێ ئه‌وان کوشتبێتیان..
مامۆستا گوتی :بابه‌ سه‌ڵه‌واتێکی لێده‌ن کێ ناڵێ کوشتنی ئه‌م زه‌عیفه‌یه‌ حیکمه‌تێکی تیا نیه‌؟؟
له‌ولاوه‌ حیکمه‌ته‌ فه‌ندی هه‌ڵی دایه‌ : ڕاست ده‌کا ...مامۆستا راست ده‌کا..من ده‌یناسم ماڵیان له‌ قاتی سه‌ره‌وه‌ی بینایه‌که‌ی ئێمه‌دابوو ئه‌و تیترواسکه‌ ئه‌وه‌نده‌ ىبیشه‌رم بوو به‌گژ دارو به‌ردا ده‌چوو شه‌و وڕۆژ خه‌ریکی سیخورمه‌ وه‌شاندن بوو له‌م وله‌و ..
حیکمه‌ته‌ فه‌ندی خۆی نزیک کرده‌وه‌ و ده‌می برده‌ بناگوێی مامۆستاو به‌چرپه‌ گوتی : مامۆستا ئه‌ها به‌بیرت دێ ساڵی (دۆلار بارینه‌که‌) ئێمه‌ش کوڕێکی گه‌نجمان بوو ناوی (ئاریا) بوو جوانه‌مه‌رگیان کرد ئه‌و کات تازه‌ باسی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و مه‌نده‌لیه‌ هایتبۆ گۆڕێ..کوڕه‌که‌ی ئێمه‌ش ئاوا ده‌م شڕ بوو تا جوانه‌مه‌رگیان کرد خه‌ڵک و خوا تازیه‌یه‌کی گه‌رمیان بۆدانا به‌ڵام به‌خوای مامۆستا من نه‌متوانی له پرسه‌که‌یا دانیشم چونکه‌ دۆلار ده‌باری!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە