کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵکه‌ ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان هه‌ر ئێستا!

Saturday, 24/01/2015, 12:00


که‌ی به‌هار

بانگێش نه‌کردنی کورد بۆ به‌ژداری کردن له‌ کۆنفرانسی دژه‌ داعیش له‌ له‌نده‌ن هۆی سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کوردستان ووڵاتێ سه‌ربه‌خۆ نیه‌. بێگومان ئه‌مه‌ ئازاری دڵی هه‌موو کوردێ دڵسۆز و نیشتیمان په‌روه‌ر ده‌دات چونکه‌ هه‌ست ده‌که‌ین که‌ له‌ ڕاستیدا مافمان لێ داگیر کراوه‌ به‌ تایبه‌ت کاتیك که‌ کورد و کوردستان له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ن و وه‌ك تاکه‌ هێز شه‌ری نه‌به‌زانه‌ ده‌که‌ن دژ به‌ ڤایرۆسانی داعیش. هه‌روه‌ها کورد ئه‌م شه‌ره‌ ده‌کات نه‌ك ته‌نها له‌ پێناوی پاراستن کوردستان به‌ڵکو له‌ پێناوی رزگارکردن هه‌موو جیهانی پێشکه‌وتوو و شارستانی له‌ تاریکستان و هه‌ڕه‌شه‌ی خه‌لافه‌تی ووێرانکاری داعیش که‌وابوو دووجار زیاتر هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ زۆر غه‌در و بێڕێزیمان لێ کراوه‌ که‌ ماوه‌مان پێنه‌دراوه‌ بۆ به‌ژداری کردن له‌م کۆنفرانسه‌ی له‌نده‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاتر وورد بینه‌وه‌ له‌م به‌سه‌رهاته‌ دڵته‌زێنه‌، و له‌ هۆی سه‌ره‌کی ڕووداوه‌که‌ بکۆڵینه‌وه‌، ده‌توانین زیره‌کانه‌ و بلێمه‌تانه‌ ئه‌م کاره‌ وه‌رگێڕینه‌ هه‌نگاوێکی زۆر به‌سوود، هه‌نگاوێکی مێژووی که‌ ڕزگارمان کات له‌ بێ ناسنامه‌یی و له‌ بێ ووڵاتی.
ئه‌گه‌ر هۆی سه‌ره‌کی بۆ ڕێنه‌دانمان له‌ به‌ژداری کردن کۆنفرانسه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ووڵاتێ سه‌ربه‌خۆ نین! با هه‌ر ئێستا ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان هه‌ڵ که‌ین به‌ڵێ هه‌ر ئێستا پێویسته‌ ئه‌م کاره‌ بکرێت. هه‌موو چاك ده‌زانین کورد و عاره‌بی عێراقی (شیعه‌ و سونه‌) هه‌رگیز و هه‌رگیز به‌یه‌که‌وه‌ ناتوانن به‌ ئاشتی بژێن له‌ عێراق. هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌زانین که‌ عێراق نه‌ما و پێویسته‌ ناوی لێبنێین عێراقی پێشوو.
جا پرسیار لێره‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا کاتی هاتوه‌ ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی به‌رزکه‌ینه‌وه‌؟
با پێشه‌کی باس له‌ زیان و زه‌ره‌ری ئه‌م هه‌نگاو مێژوییه‌ بکه‌ین که‌ له‌ باوباپیرانمانه‌وه‌ خه‌وی پێوه‌ ده‌ینین؛ به‌ دڵنیایه‌وه‌ عێراقی سونه‌ و شیعه‌ لێمان ڕازی نابێت و لێمان تووره‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر بانگی سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ین، ئه‌مه‌ گومانی تێدا نیه. وه‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ زۆر ئاسانه‌ - ئه‌مڕۆ عێراق زۆر بێ ‌هێز و لاوازه‌ و به‌هۆی کورده‌وه‌ نه‌بێت به‌ یه‌ك هه‌فته‌ داعیش ده‌گاته‌ به‌غداو به‌سراش واته‌ عێراق له‌م کاته‌دا هه‌زار توره‌ش بێت، ناتوانێت هیچ زیانمان پێبگه‌ێنێت. به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌توانین بیکه‌ین به‌شه‌رت له‌سه‌ریان و بڵێین ئه‌گه‌ر ده‌توانه‌وێت به‌رده‌وام بین له‌ هاوکاری کردنتان بۆ شه‌رکردن دژی داعیش ده‌بێت یه‌کسه‌ر دان به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بنێن. بۆ سوریا هیچ خه‌مان نیه‌ بێنه‌ گژمان چونکه‌ ئه‌و ووڵاته‌ وێرانه‌. ئه‌ی ئایا ئێران چی پێده‌کرێت؟ به‌ هیچ جۆرێك ئێران ناتوانێت په‌لامارمان دات چونکه‌ ئێران چاره‌ی له‌ ناو سیاسه‌تی جیهان زۆر گرژه‌ و ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ڵێك ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری ئه‌و ڕژێمه‌ ئیسلامیه‌ بدات و له‌ هه‌مان کاتدا ووڵاتانی سونی که‌نداوی عه‌ره‌بی ڕازی نابن به‌وه‌ی ئێران زیاتر هێزدار بێت. وه‌ له‌ سه‌رووی هه‌مووه‌وه‌ له‌ ئاوسترالیا وه‌ تاکو که‌نه‌دا هه‌موو ووڵاتانی پێشکه‌وتوو هیوای به‌رزیان به‌ کورد هه‌یه‌ بۆ شه‌رکردن دژێ داعیش، واته‌ هه‌رگیز ڕێگا ناده‌ن نه‌ به‌ ئێران و نه‌ به‌ لاینه‌ی تر که‌ له‌م کاته‌دا په‌لاماری باشوری کوردستان بدات. واته‌ ئێران به‌رانبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی کوردستان چۆكشکاوه‌. ئه‌مه‌ش به‌هه‌مان لێکوۆڵینه‌وه‌ زۆر ڕاسته‌ سه‌باره‌ت به‌ تورکیا که‌ ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی ووڵاتانی ئه‌روپی له‌ تورکیا گه‌لێ توڕه‌ن به‌هۆی پشتگیری کردنیان له‌ داعیش و به‌ هۆی دژایه‌تی کردنی ئیسرائیل. هه‌روه‌ها تورکیا په‌لاماری کورد نادات له‌ باشور چونکه‌ زۆر مه‌ترسی له‌ ته‌قینه‌وه‌ی ناوخۆی هه‌یه‌ له‌ باکور له‌ لایه‌ن کوردانی نه‌به‌زی باکوره‌وه‌.
ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو مێژودا کوردی هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ یه‌ك زیاتر ته‌بان و یه‌کگرتون، که‌ ئه‌مه‌ش بڕبڕه‌ی به‌هێزی کورده‌ و بناغه‌ی هه‌ڵکردن ئاڵای سه‌ربه‌خۆییه‌ بۆ کوردستان.
دوای شیکردنه‌وه‌یه‌کی کورت بۆمان ڕوون بوه‌وه‌ که‌ هیچ به‌ربه‌ست له‌ ڕێگامان نیه‌ که‌ کاریگه‌ر بێت، واته‌ ئێستا دوا پرسیار ئه‌مه‌یه‌: ئایا ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد داوای جیابونه‌وه‌ له‌ عێراق بکات و ئاڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵکات؟ له‌ هه‌موو مێژودا وه‌ك ئه‌مڕۆ کورد هاوڕێ و دۆستی نه‌بوه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان، و ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر پشتگیری بۆ په‌یدا ده‌بێت، و زۆربه‌ی ووڵاتان ئاماده‌ن پشتگیری بکه‌ن له‌ کوردستانی سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام له‌ سه‌رووێ هه‌مووه‌وه‌ ده‌بێت له‌ یادمان نه‌چێت که‌ ئه‌مڕۆ جیهانی پێشکه‌وتوو پشتگیری کورد چونکه‌ ته‌نها کورده‌ ڕێگره‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندن داعیش، واته‌ ئه‌گه‌ر جیهان به‌لایه‌وه‌ باشیش نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا و به‌ڕیتانیا به‌لایانه‌وه‌ باشیش نه‌بێت که‌ له‌م کاته‌دا کورد ئاڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵکات، به‌ ناچاری دان به‌ سه‌ربه‌خۆیی کورد دینن چونکه‌ زۆر زۆر زۆر پێویستیان به‌ کورده‌ بۆ وه‌ستان دژێ داعیش و هه‌رگیز و هه‌رگیز ناتوانن له‌م کاته‌دا دژی کورد بوه‌ستن له‌ داواکاری سه‌ربه‌خۆیی.
دوای ئه‌وه‌ی بۆمان ڕوون بوه‌وه‌ که‌ ئێستا باشترین هه‌ڵه‌ بۆ هه‌ڵکردن ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی، با ئه‌و لایه‌نه‌ش روون که‌ینه‌وه‌ - ئایا بۆ ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیی دوا نه‌خه‌ین؟ چونکه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ لاواز نین به‌رانبه‌ر بو ووڵاتانی دوروپشت، ئه‌مه‌ریکا، به‌ڕیتنیا و جیهان، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌وان لاوازن به‌رانبه‌ر به‌ ئێمه‌ و زۆر پێویستیان به‌ ئێمه‌ هه‌یه‌ - به‌ڵام ئه‌گه‌رئێستا بانگه‌وازی سه‌ربه‌خۆیی نه‌که‌ین و هه‌ڵگرین بۆ دواڕۆژ، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی مێژویی ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن و گه‌وره‌ ده‌که‌ین که‌ هه‌رده‌م پێوه‌ی بناڵینین، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ی عێراق به‌هێز ده‌بێت، ئه‌و کاته‌ی ئه‌مه‌ریکا و به‌ڕیتانیا و جیهان پێویستیان به‌ ئێمه‌ نامێنێت بۆ شه‌ڕی داعێش ئه‌وا هیچ گومانی تێدا نیه‌ که‌ دووباره‌ خیانه‌ت له‌ کورد ده‌کرێت و داوای سه‌ربه‌خۆیی پێشێل ده‌کرێت و جاریکی تر کورد ده‌بیت ئاواره‌ بێته‌وه‌ بۆ ناو چیاکان.
واته‌ به‌ڕێز سه‌رۆك حکومه‌تی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی، به‌ڕێزان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و گه‌لی کوردی نه‌مر هه‌ڵکه‌ ئاڵای سه‌ربه‌خۆی کوردستان هه‌ر ئێستا، چاوه‌ڕوان مه‌به‌ بۆ ئه‌م بانگه‌وازه‌ - چاوه‌ڕوان مه‌به‌ له‌ ووڵاتانی تر ئه‌م بانگه‌وازه‌ت بۆ بکه‌ن ئه‌وان نایکه‌ن، و دوای هه‌زاران شه‌هید و ماڵ ووێرانی و سه‌رگه‌ردانی، با باوه‌ڕمان به‌خۆ هه‌بێت، با ئه‌م مێژووه‌ بۆ خۆمان تۆمارکه‌ین، با خۆمان بۆ یه‌ك جار پاڵه‌وانی مه‌یدان بین و خۆمان - گه‌لی کورد - ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌ڵکه‌ین.
که‌ی به‌هار
به‌ڕیتانیا 21/01/2015‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە