کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال دا به‌شدار بوون ده‌بێ له‌ دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆو بێ لایه‌ندا دادگایی بکرێن!

Friday, 15/01/2010, 12:00


رێکخراوی ده‌ره‌وه راگه‌یاندنێك له‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانه‌وه‌- رێکخراوی ده‌ره‌وه:‌
له‌ 16/3/1988 دا شارۆچکه‌ی هه‌له‌بجه له‌ کوردستانی عێراق له‌لایه‌ن فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی سوپای عێراقه‌وه‌ به‌ چه‌کی کیمیایی په‌لاماردرا. له‌ رۆژه‌کانی کۆتایی هه‌مان مانگدا ناوچه‌کانی گه‌رمیان و قه‌ره‌داغ به‌رهێرشی ئه‌نفال که‌وتن و دواتریش زۆربه‌ی ناوچه‌ سنوریه‌کانی کوردستانی عێراقی له‌گه‌ڵ ئێراندا‌ گرته‌وه‌. ئه‌نفال هێرشێکی فراوانی سه‌ربازی رژێمی به‌عس بوو به‌ پشتیوانی چه‌کداره‌ کورده‌کانی سه‌ربه‌رژێم که‌ به‌ ئه‌فواج خه‌فیفه‌ ناسرابوون بۆسه‌ر خه‌ڵکی سیڤیلی دێهاته‌کان و دواتر ئاواره‌کردن و کوشتنیان و ناشتنیان له‌ گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵدا!
چه‌ند که‌سێك له‌ سه‌رکرده‌کانی رژێمی به‌عس له‌ناویاندا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید(ناسراو به‌ عه‌لی کیمیاوی) له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ له‌ دادگای عێراقیدا، که‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانکراوه‌، روبه‌روی دادگایی بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و ئه‌فسه‌رو فه‌رمانده‌ سه‌ربازییانه‌ی رژێم و سه‌رکرده‌کانی ئه‌فواج خه‌فیفه‌ که راسته‌وخۆ‌‌ به‌شدارییان له‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌دا کردوه هیچ تۆمه‌تێکیان روبه‌روو نه‌کراوه‌ته‌وه، بگره‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی تازه‌ی عێراق و حکومه‌تی کوردستانیشه‌وه‌ پله‌وپایه‌ی سیاسی و حکومییان دراوه‌تێ!
به‌مدواییانه‌ هه‌ندێ لایه‌نی دیکه‌ی ئه‌م کاره‌ساته‌ له‌لایه‌ن جلال تاڵه‌بانی سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و نه‌وشیروان مسته‌فا که‌سی دوه‌می بڕیاربه‌ده‌ستی یه‌کێتی نیشتمانی و سه‌رۆکی ئێستای "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان" ئاشکرا کراوه‌. جلال تاڵه‌بانی له‌راپۆرتی خۆیدا بۆ پلینۆمی چواره‌می حیزبه‌که‌ی که‌ له‌ رۆژه‌کانی 29-31/10/2009دا به‌ستراو له‌ (کوردستانی نوێ- بڵاوکراوه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی) رۆژی 25/12/2009 دا بڵاوکرایه‌وه‌ نه‌وشیروان به‌وه‌ تاوانبار ده‌کات که‌ ده‌وری هه‌بوه‌ له‌ رودانی کاره‌ساتی کیمیایی بارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌ 16/03/1988دا. تاله‌بانی ده‌ڵێ:
" ناوبراو(مه‌به‌ستی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌).. فه‌رمانى عه‌سكه‌رى دابوو به‌ فه‌رمانده‌و هه‌ڤالانى ده‌ڤه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ وه‌كو به‌شێك له‌ هاوكێشه‌ عه‌سكه‌رییه‌كانى جه‌نگى عێراق ئێران هه‌وڵى رزگاركردنى هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ن.... به‌وشێوه‌یه‌... پاساوى دایه‌ ده‌ست سه‌دام كه‌ سروشته‌ فاشیه‌كه‌ى به‌ رۆژى روناك، به‌بێ دوودڵیى له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا جێبه‌جێ بكات... به‌تایبه‌تى حكومه‌ت پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ى بۆ ناردبوین كه‌ هه‌ر په‌لامارێك له‌گه‌ل پاسداران بۆ سه‌ر هه‌ر شوێنێك، به‌ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى جوابى ده‌بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر شارى سلێمانیش بێت."
نه‌وشیروان مسته‌فاش له‌ وه‌ڵامه‌که‌یدا بۆ تاڵه‌بانی به‌ناوی (له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین) که‌ رۆژی 5/1/2010 له‌ سایتی (سبه‌ی که‌ سایتی گروپه‌که‌ی نه‌وشیروانه‌) بڵاوکرایه‌وه‌ ده‌ڵێ:
"له‌مانگی‌ ‏‏10 ی‌ 1986 دا له‌تاران، به‌ نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی له‌ لایه‌ن‌ تاڵه‌بانی‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئێران له‌ لایه‌ن‌ محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در (فه‌رمانده‌ی ئه‌وسای قه‌رارگای‌ ره‌مه‌زان) رێککه‌وتنێکی جه‌نگی و سیاسی و لۆجستی بۆ هاوکاری و هاوئاهه‌نگی هێزه‌کانی‌ هه‌ردولا دژی جه‌یشی عێراق له‌ هه‌مو بواره‌کان دا ‏ئیمزا كرا.‏..
دوای ئه‌م رێککه‌وتنه‌ زنجیره‌یه‌ک عه‌مه‌لیاتی عه‌سکه‌ری هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی و لایه‌نه‌کانی تر له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران به‌ ئاشکرا له‌ ژێر ناوه‌کانی "فه‌تح" و "نه‌سر" و "فه‌جر" ... ده‌ستی پێ کردو به‌دوی ئه‌ویش دا ده‌یان عه‌مه‌لیاتی تر ئه‌نجام درا، که‌یه‌کێکیان "داستانی رزگاری" بو له‌ ناوچه‌ی چوارتا نزیک باره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، که‌ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی خودی تاڵه‌بانی دا بو،... عه‌مه‌لیاتی‌ وا گه‌وره‌ كه‌ سه‌دان فه‌رمانده و ‌به‌رپرس‌و چه‌ندین لایه‌نی‌ سیاسی ‏كوردستانی‌‌و عێراقی (پارتی‌، سوشیالیست‌، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، فه‌یله‌قی‌ به‌در) ی تێدا به‌شدار بێت، ... نه‌ئه‌كرا ‏بێ ئاگاداری‌‌و ره‌زامه‌ندی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و به‌ تایبه‌تی‌ شه‌خسی‌ تاڵه‌بانی‌ ‏ئه‌نجام بدرێت."
به‌پێی ئه‌م راگه‌یاندنانه‌ی تاڵه‌بانی ونه‌وشیروان، بێجگه‌ له‌ یه‌کێتی نیشتمانی، که‌ ئه‌وکات تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان که‌سی یه‌که‌م و دوه‌می بڕیاربه‌ده‌ست بوون تێیدا، سه‌رکرده‌کانی پارتی و سۆشیالیست و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و فه‌یله‌قی به‌در که‌ هێزی چه‌کداری ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له‌ عێراق(جه‌ماعه‌تی حه‌کیم)ه‌، به‌شداربوون له‌ خوڵقاندنی ئه‌م کاره‌ساته‌ مرۆییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و دێهاته‌کانی گه‌رمیان و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان. ئه‌وه‌شمان له‌یادنه‌چێ که‌ عه‌مه‌لیاتی(فه‌جر) ئه‌و کرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌ پارتیزانیه‌ هاوبه‌شه‌ی هێزه‌کانی یه‌کێتی به‌ سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان و سوپای پاسداران بوو بۆسه‌ر نه‌وتی که‌رکوك له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1988دا.
به‌مجۆره‌ بێجگه‌ له‌سه‌رانی رژێمی به‌عس و ئه‌فسه‌ران و فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌کانی رژێم و مسته‌شاره‌کانی ئه‌فواج خه‌فیفه‌ که‌ راسته‌وخۆ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌و کاره‌ساته‌دا، که‌سانی وه‌کو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، محمدی حاجی محمود سکرتێری حیزبی سۆشیالیست- دیموکراتی کوردستان و به‌رپرسانی یه‌که‌می بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و فه‌یله‌قی به‌در یش به‌شیوه‌یه‌کی دیکه‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌ خوڵقاندنی ئه‌وکاره‌ساته‌دا،‌ له‌رێگای به‌شداریکردن له‌گه‌ڵ سوپای ئێران بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر سوپای عێراق له‌وناوچانه‌وه‌ که‌ دواتر رژێمی به‌عس به‌ چه‌کی کیمیاوی و به‌ کۆمه‌ڵکوژی له‌ عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفالدا دانیشتوانه‌که‌ی له‌ناوبردن!
پاش ئه‌م ئیعترافاته‌ی تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان ده‌بێ له‌ دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالی خه‌ڵکی کوردستاندا بێجگه‌ له‌سه‌رانی به‌عس و فه‌رمانده‌و ئه‌فسه‌ران و مسته‌شاره‌ کورده‌کانی سه‌ربه‌رژێم که‌ راسته‌وخۆ له‌و دوو کۆمه‌ڵکوژیه‌ی خه‌ڵکی سیڤیلدا به‌شداربوون، ده‌بێ سه‌رۆك و سکرتێر و به‌رپرسانی خاوه‌نبڕیاری هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نی نێوده‌وڵه‌تیدا لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێ، چونکه‌ دادگاکانی عێراق ناتوانن بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆبن و کاریگه‌ری سیاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێ. ئێمه‌ خوازیارین که‌ سه‌رجه‌م دۆسیه‌ی دادگایی تاوانبارانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال بدرێته‌ ده‌ست ئه‌و دادگا سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌.

رێکخراوی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
14/01/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە